هه‌ولێر؛ پرۆژه‌ی ئه‌و شوقانه‌ی بۆ كرێنشینان بڕیاڕبو جێبه‌جێ بكرێت، به ئیمزای جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت فرۆشراوه
Tuesday, 20/09/2011, 12:00
دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2003 وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێبونی حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌ی دروستكردنی 2 هه‌زار و 4 شوقه‌ی نیشته‌جێبونی له كۆمپانیای چڤیكله‌ر وه‌رگرته‌وه كه له‌وكاته‌دا له 57%ی كاره‌كانی 960ی شوقه‌ی پرۆژه‌كه‌ی ته‌واوكردبو، به ئیمزای جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت پرۆژه‌كه فرۆشراوه به كۆمپانیای راد.
ماوه‌كیشه ده‌نگۆی فرۆشتنی ئه‌و شوقانه ناڕه‌زاییه‌كی زۆری لای كرێنشینانی هه‌ولێر لێكه‌وتوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تادا ئه‌و شوقانه به‌ناوی ئه‌وانه‌وه دروستكراوه.
له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، محه‌مه‌د نه‌ورۆزی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای راد رایگه‌یاند: دوای چه‌ندین دانیشتن و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم، بڕیاردرا ئه‌و زه‌ویه كه روبه‌ره‌كه‌ی بریتیه له 258 دۆنم زه‌ویه، بفرۆشرێت به ئێمه به‌بڕی 27 ملیۆن و 196هه‌زار و 734دۆلاری ئه‌مریكی.
وتیشی: ئێمه زه‌وییه‌كه‌مان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كڕیه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی 500 شوقه له‌ناویدا بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان دروستبكرێت و بێ به‌رامبه‌ر پێیان بدرێت.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پێشوتر بڕیاردرابو ئه‌و شوقانه ته‌واو بكرێت و بدرێت به خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و كرێنشین، محه‌مه‌د نه‌ورۆزی وتی: ئێمه كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌تین، ده‌توانن له حكومه‌ت بپرسن چۆن بڕیاری وایداوه‌و دواتریش پرۆژه‌كه‌ی فرۆشتوه.
ناوبراو ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، كه ئه‌وان به‌پێی یاسا و به‌پێی گرێبه‌ستی فه‌رمی زه‌ویه‌كه‌یان له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كڕیوه‌و " ئازاد به‌رواری، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان" ئیمزای له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه كردوه.
شاری فلۆریا سیتی، له‌سه‌ر روبه‌ری 258 دۆنم زه‌وی دروستده‌كرێت، كه 5226 شوقه و 48 خان‌و و 22 ڤێلا له خۆ ده‌گرێت.
نرحی شوقه‌و خانوه‌كانیشى له 140 هه‌زار دۆلاره‌وه تا 220 هه‌زار دۆلاره‌و گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ش بریتیه له 1ملیار‌و 50 ملیۆن دۆلار و وابڕیاره له ماوه‌ی 3 ساڵ و 6 مانگدا سه‌رجه‌م كاره‌كانی ته‌واو ببێت.
جێی ئاماژه‌یه فرۆشتنی ئه‌و شوقانه كه بڕیاربوه بۆ كرێنشینان دروستبكرێت، له‌كاتێكدایه كه به‌پێی ئاماره نافه‌رمیه‌كان، نزیكه‌ی (30) هه‌زار كرێنشین له شاری هه‌ولێردا هه‌یه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست