کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناعەدالەتى و لێكچوون لە سەردەمى بڕنەوى دارشووشەوە تا ئێستا

Monday, 29/06/2009, 12:00


راپۆرتى شیكارى:

هەڵدانەوەى بەشێك لە ناعەدالەتیەكانى رابردووى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى سیاسیى ئەمڕۆى كوردستان، لە ئاست كۆمەڵگا و شوێنكەوتەكانیان ئەركى سەرشانى ئێمەی رۆژنامەنووسانە كە هەر جارە و بە بەشێك لە نووسین بیخەینە بەر دیدى خوێنەران و میللەتەكەمان، چونكە ئەداى كاركردنى هەردوو حیزب لە هەریەك لە بوارەكانى سیاسیى و ئیدارى و..هتد بەرامبەر بە كۆمەڵگا باگراوندێكى مێژووى خۆى هەیە، كە دەتوانین بڵێین شێوە چەق بەستووییەكى پێوە دیارە لەچاو گۆڕانكاریەكانیاندا.

برنەوى دارشوشەى شۆرشى ئەیلول
بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان هەمیشە هاوكارى كردنى ووڵاتان بۆ شۆڕشى كورد لە پێناو پارێزگارى كردن لە مافە نەتەوەییەكانى و رزگاربوون لە دەسەڵاتى چەوسێنەران هاوكارى قۆناغەكانى شۆڕشى كوردییان بە (چەك) كردووە، تاكە رێگایەكیش بۆ گەیشتنى ئەو هاوكاریانە هەر لەسەردەمى شۆرشى ئەیلول و شۆرشى نوێوە تەنها ووڵاتى سوریا بووە، بۆ گەیشتنى ئەو هاوكاریانە ئەوەبوو یەكەم وەجبەى هاوكارى (چەك) لە لایەن ووڵاتانەوە لە ساڵى 1969 گەیشتوەتە سەركردایەتى شۆڕشى كورد.
هەموومان دەزانین كە شۆرشى ئەیلول بە بەشدارى تەواوى چین و توێژەكانى كۆمەڵ مەزنێتى خۆى لە گۆڕەپانى سیاسیدا نیشان دا، بەشداربوانى شۆڕش بە تایبەتى ئەوانەى كە دەبوونە پێشمەرگە بەشى هەرە زۆریان بە نان و ئاو و جل و بەرگى خۆیان بەشداریان لەو شۆڕشەدا دەكرد، كە لە كاتێكیشدا هاوكارى ووڵاتان كە دەهات بۆ شۆڕش بە تایبەت (بڕنەو)ى دارشووشە بوو، كە هەمیشە سەركردایەتى لە دابەشكردنى ئەو چەكانەدا جیاوازییەكى زۆرى تێدا دەكرد! بۆ سەلماندنى ئەم قسەیەش دەتواندرێت لە كۆنە پێشمەرگەكانى شۆڕشى ئەیلولى ئەو سەردەمە پرسیار بكرێت، كە كاتێك ئەو (بڕنەو)ە دار شووشانە كە بەسەر بنكە و بارەگا و هێز و بەتالیۆن و پێشمەرگەكان دابەش دەكرا، جۆرى دابەشكردنەكەش لە هێزیكەوە بۆهێزیكى تر و لە بەتالیۆنێكەوە بۆ بەتالیۆنێكى تر و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكى تر لە ناو تەواوى هێزى پێشمەرگەدا رەنگدانەوەى ناعەدالەتى بوو، بۆیە زۆر جار دەبیندرا پێشمەرگەى ئازا و چەلەنگى ئەو سەردەمە، یا (پەرەشووت، یا ئۆمێك، یا غەدارەیەكى ژەنگاوییان) بەشانەوە بوو، (بڕنەو)ە دار شووشەكانیش زۆرینەیان، یا دەدرا بە سەرۆك هۆزەكان، یاخود منداڵانى بەرپرس، یا ئەو پێشمەرگانەى كە لەئاست سەركردایەتیدا پاڵپشتێكیان هەبوو، بۆیە بوونى ناعەدالەتى ئەمڕۆ لە بوارى سیاسیى و ئیداریدا دەگەڕێتەوە بۆ عەقلى ئەوسا و بوونە كەلتورێكى حیزبى، كە هەر لە سەرەتاوە ئەم نا عەدالەتیانە سەركردایەتیەكانى شۆڕش لە حیزبەوە دەستیان پێكردووە.

مزەللى سیخۆى شۆڕشى نوێ
باسكردن لە نەبوونى (چەك) لە سەردەمى شۆڕشى نوێدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نائومێدى و سەر لێشێواوییەى كە لە ساڵى 1975 تووشى شۆڕشى كورد هاتوو لە فەرهەنگى سیاسیدا ناوزەدكرا بە ساڵى ئاشبەتاڵ! چونكە زۆرینەى چەكەكانى ئەو سەردەمەى شۆڕشى كورد، یان (ئێران) بردى، یان هێزى پێشمەرگە بۆ خۆیان دەیانتەقاندەوە! هەندێكیش لەگەڵ خۆیان تەسلیمى رژێمیان دەكردەوە! كەمێك لە بەرپرسەكانى ئەوكات هەندێك چەكیان لە ناو ئەشكەوتەكاندا شاردبۆوە، بۆیە هەڵسانەوەى شۆڕشى نوێ لەو سەردەمەدا، گەورەترین كارەسات نەبوونى چەكى جۆراوجۆربوو، تەنانەت لە كاتى مەفرەزە سەرەتاییەكاندا لە 10 پێشمەرگە 6یان چەكیان پێ بوو 4ەكەى تریان چاوەڕوانیان دەكرد لە چالاكیەكدا چەك بەدەست بێنن و بیكەنە شانیان، هەرچەندە گێڕانەوەى هاتنى (چەك) بۆ هاوكاریكردنى شۆڕشى نوێ لە رێگاى سوریاوە لەو سەردەمەدا پێویست بەباسكردنى ناكات، ئەویش لە پێناو هەڵدانەوەى برینەكاندا! بەڵام هەرچۆنێك بێت لە سەرەتای هەشتاكاندا وەجبەیەك (چەك) وەك هاوكارى ووڵاتى (لیبیا) وشەخسى (معەممەر قەززافى) گەیشتە دەست شۆڕشى نوێ، دابەشكردنى مزەللى سیخۆى لیبیى لە رووى دابەشكردنەوە بە سەر هەرێم و كەرتەكانى ئەو كاتەدا ناعەدالەتى تەواوى بەخۆیەوە بینى، چونكە هەموو هەرێم و كەرت و لقێك وەك یەك وەریان نەگرت، لەو سەردەمەشدا لەسەر روودانى ئەو ناعەدالەتیانە بزوتنەوەى سۆسیالیست لە یەكێتیى نیشتمانیى جیابۆوە، كە ئەو كاتەى بزوتنەوەى سۆسیالیست بارەگاكانى خۆى بردە ناوچەى (گۆڕە شێر)، یەك دوو ئەندامى سەركردایەتى یەكێتیى گوتوبویان: "جەماعەتى بزوتنەوە لەسەر شەش تەنەكە نەوت عاجزبوون و جیابونەتەوە!"، بەڵام لە راستیدا جیابونەوەى بزوتنەوە تەنها لە سەر خودى دابەشكردنى ناعەدالەتى چەكەكان نەبوو، بەڵكو لەسەر تەواوى ناعەدالەتى ئەو كاتى سەركردایەتى یەكێتیى لە رووى میزانیە و چەك و ئازوقە وچۆنیەتى دابەشكردنەكەى بوو، زۆرجاریش ئەو چەكانە كە دەهاتن نەدەخرانە مەشجەبى شۆڕش، بەڵكو خانوێك لە تەنیشت ماڵى (زاهیر حەمكوڵ) هەبوو كە تێیدا دادەنران! تەنها (مام ساڵح) كە كۆنە پێشمەرگەیەكى دێرین و بەرپرسى پێشمەرگەكانى ناوەندى بزوتنەوە بوو، تەنها ئەو دەچوو بۆ ماڵى (زاهیرى حەمكوڵ) بۆ هێنانى (مزەللی و دەمانچەى 14خۆر)ى ئەوكاتە، چونكە زاهیرى حەمكوڵ چەخماخ سازى تایبەتى سەركردایەتى ئەوكاتە بوو.

نەفى كردن و نان بڕین لەسەر بیر و راى جیاواز
لە ئێستادا نان بڕین لەسەر بیر و راى جیاواز، مێژووییەكى دێرینى هەیە و ئەم هەنگاوە لە ناوعەقڵى سەركردایەتى كوردا كارێكى نوێ نیە، بەڵكو باكگراوندێكى ناسۆرى لە ناو مێژوویى كۆمەڵگاى كوردییدا هەیە. لە سایەى دەسەڵاتى سیاسیى ئەمڕۆى هەردوو حیزبى باڵا دەستەوە لەسەر بیر و راى جیاواز كەسى شۆڕشگێڕ و فەرمانبەر لەسەر كارەكانیان دوور دەخرێنەوە، بەڵام وەك گووتمان رەنگدانەوەى ئەم سیاسەتە لە سەرەتاوە دەگەرێتەوە بۆ ساڵى 1970، كە ئەو كات (عەلى عبدالله) جێگرى سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستانى ئێستا، كە ئەوكات پارێزگارى شارى سلێمانى بوو، ئەویش رۆژانە بە پێى راپۆرتە حیزبیەكانى رێكخراو و ناوچەكانى ناو شارى سلێمانى ئەو سەردەمە، هەڵدەستا بە (نەفى)كردنى هەوادارانى باڵى مەكتەبى سیاسیى، كە لەو سەردەمەشدا لە ناو كۆمەڵگادا هەردوولا بە (مەلایى) و (جەلالى) ناوزەد دەكران، واتا (عەلى عبدالله) هەڵدەستا بە (نەفى)كردنى كەسە چالاكەكانى ئەو سەردەمەى (جەلالی)ەكان، جا ئەو كەسانە كاسبكار بونایە، یاخود فەرمانبەر جیاوازى نەبوو! گرنگ ئەوەبوو كە (نەفى) قەزا و ناحیەكانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى وەك رانیە، قەلادزێ، دەربەندیخان، هەڵەبجە دەكردن!

حاكمەكانى پارتى و باڵى مەكتەبى سیاسى و
دەزگا كۆمەڵایەتیەكانى سەردەمى دواى راپەرین
دەبێ نەوەى نوێى ئەمڕۆ ئاگادارى هەموو جوڵانەوەكانى دەسەڵاتى سیاسیى شارەزا بێت، كە هەموو ئەم دامودەزگایانەى ئەمڕۆى دەسەڵاتى سیاسیى هەردوو حیزبى باڵادەست تەواوكەر و پیادەكردنى عەقڵە كۆنەكانى هەردوولایە لە پێناو پاوانكردنى بوارەكانى ژیانى كۆمەڵگا، ئەمەش بۆ مانەوەى سەروەریەتى دەسەڵاتى خۆیان! ئەگەر بڕوانینە مێژووى سیاسیى هەردوو لا لە ساڵانى 1970، دەبینین لە ناو هێزەسیاسیەكانیاندا كەسانێك هەبوون بۆ كارى دادوەرى، هەندێكیان خوێندەوارى وەك پێویستیان نەبوو! یاخود خوێندەواریان هەبوو بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە كارى دادوەرییان نەدەزانى، كەچى بكوژ و ببڕ هەر لەبن دەسەڵاتى ئەوجۆرە كەسانەبوون، كە پێیان دەگوترا (حاكمى شۆڕش)! نموونەى ئەو جۆرە حاكمانەى سەردەمى هەردوو دەسەڵاتى سیاسیى ئەمڕۆ زۆر بوون!
لە دواى راپەڕینیشەوە لە لایەن هەردوو دەسەڵاتى سیاسییەوە دەزگاى (كۆمەڵایەتى) داندرا، كە دانانى ئەم دەزگایانەش خۆى لە خۆیدا پاوانكردنى دەسەڵاتى سیاسیى بوو بەسەر سەروەریەتى یاسادا، بەڵام ناتوانین بڵێین لەم سەردەمەدا دەزگا كۆمەڵایەتیەكانى هەردوولا كەسانى یاسایی تێدا نەبووە، بە پێچەوانەوە كەسى یاساییان تێدابوو، بەڵام ئەو كەسە یاساییانە چۆن بوون و كێ بوون؟! بۆیە لە دواى راپەڕینەوە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار لە هەوڵێكى بێوچاندا بوون، كە كادیرە حیزبیەكانیان بە نمرەیەكى كەمەوە لە رێگەى (قبول خاێ) بنێرنە كۆلێژەكانى یاساوە، كە ئەمەش دیسانەوە جۆرێك بوو لەو هەنگاوانەى حیزب و كارەكانیان لە دام و دەزگاكاندا بۆ بە یاسایی كردنى ئیش، بۆ كار پێكردنیان زۆرینەى ئەو كادیرانەى كە سەر بەو دوو حیزبە بوون بە شێوازى نایاسایى بەرەو ئەو كۆلێژە یاساییانە بۆ خوێندن چوون، كە هیچیان نمرەكانیان لە ئاستى ئەوەدا نەبوو بچنە ئەو كۆلێژانەوە، كاتێكیش چوون بەهۆى كارى حیزبایەتیەوە دەوامى تەواوییان نەدەكرد، لە ساڵى تەواو بوونى خوێندنیشدا بە چەندین تەلەفۆن لە رێگاى حیزبەوە شەهادەى دەرچوونیان پێدەدرا!
ناعەدالەتى ئیدارەى ئۆردوگاكان لە شۆڕشى (ئەیلول) دا
دواى پاشگەزبوونەوەى رژێمى بەعس لە بەیاننامەى11 ئازارى ساڵى 1970 بڕیاردانى سەركردایەتى ئەوساى شۆڕش لە پێناو بەدەست هێنانى مافەنەتەوەییەكان بۆ خەباتى چەكدارى، زۆرینەى گەلى كورد جگە لە هێزى پێشمەرگە، لە شار و شارۆچكەكانیشدا خەڵكێكى زۆر رازى نەبوون بە دانیشتن لە بن دەسەڵاتى رژێم، بۆیە زۆرینە ماڵى خۆى بەجێ دەهێشت و بەرە و پیرى شۆڕشەكە دەچوون، لەو كاتەشدا بە پێى هاوپەیمانیەتى شۆڕشى كورد لەگەڵ ئەمریكا و بوونى دەسەڵاتى (شاى ئێران) لە ناوچەكە، وەك ئەندامێكى پارێزگارى بەرژەوەندیەكانى (ئەمریكا) لە ناوچەكە دەرگاى هاوكارى و پشتیوانى بۆ شۆڕشى كورد لەسەر سنورەكان كردەووە، ئەو خەڵكەش كە دواى شۆڕش كەوتبوون روویان لە ئێران كردبوو، لە ئۆردوگاكاندا جێنشین دەكران، وەك ئۆردوگاكانى: (كانى سپى، سەراب گەرم، سەرابلە، زێوێ، كامێران، رەبەت،سەرپێڵى زەهاو، نەڵیوان، ئەنزڵ، بابك، بەهرام).
تەشكیلەى ئیدارى ئۆردوگاكانیش بەم شێوەیە بوو: هەموو ئۆردوگایەك چەند كەرتێكى هەبوو، هەركەرتەش بریتى بوو لە 100 ماڵ، ئەو سەد ماڵەش بۆ دابەشكردنى هاوكارى و پێداویستیەكانى رۆژانەى هاوڵاتیان بەرپرسێكى بۆ دانرابوو، كە لەلایەن (مانگى سوورى ئێران)ى سەردەمى (شا)وە جێ بەجێ دەكران، دانیشتوانى ئەم ئۆردوگایانەش رۆژانە چاوەڕوانى هاوكاریەكان بوون، زۆجاریش هاووڵاتیانى دانیشتووى ئۆردوگاكانیش لە نیوەڕۆوە تاكو سەعات (1)ى شەو بۆ وەرگرتنى چەند (بەتانیەك و شەمسەدینێك) رادەوەستان، بەڵام بەرپرسەكانى شۆڕش و لێپرسراوى مەركەزى ئۆردوگاكان هەمووى لە شارەكانى ئێران خانوویان بۆ گیرابوو! خانەوادەكانیشیان بە شێوازێكى زۆر خۆش ژیانیان دەگوزەران! خوێندنى منداڵە هەژارەكانى ناو ئۆردوگاش یان لەبەر هەتاو، یان لە ناو خێوەتەكاندا دەیانخوێند! منداڵانى بەرپرسیش لە شارەكانى ئێراندا بە رەسمى لەقوتابخانە دەیانخویند!

فرۆشگاى شۆڕشى ئەیلول و سۆپەر ماركێتەكانى ئێستا
كورد وەك میللەتانى جیهان وتەى تایبەتمەندى خۆى هەیە، لە یەكێك لە وتەكاندا دەڵێ: "پارەى سپى بۆ رۆژى رەش"، بەڵام بە مەرجێك ئەم پارەیە لەسەر پێستى كۆمەڵگا كۆنەكرابێتەوەو بۆ ژیانى چەند كەسانێكى تایبەت بەكارنەهێنرێت، ئەگەر وابێت دەبێت بڵێین پارەى سپى بۆ رۆژى گەندەڵى! چونكە مێژووى شۆڕشى هەموو گەلانى جیهان دەریخستووە كە هەر كاتێك شۆڕشێك لە ناو میللەتێكى چەوەساوەدا سەرهەڵبدا، ئەوا لەلایەن ووڵاتانى ئازادیخوازەوەهاوكارى ماددى و پێداویستیەكانى شۆڕش دەكرێت، بەپێى ئەم هەڵوێستانەى كە بەرامبەر هەموو شۆڕشێكى ئازادیخواز دەكرێت، شۆڕشى كوردیش بێبەش نەبووە لەو جۆرە هاوكاریە ماددیە و پێداویستیانەى شۆڕش، بەڵام تا ئێستا هیچ كەسێك واتا مێژوونووس و رۆژنامەنووسە بیانیەكانیش لە نووسینەوەى رووداوە سیاسییەكانى كوردا نەیانتوانیوە داهاتى شۆڕشەكان ئاشكرا بكەن! بە كورتى دەمانەوێت باس لە شێوازى ئەو هەڵسوكەوتانە بكەین كە بەرپرسان و رابەرانى شۆڕشەكانى كورد هەمیشە ئەو داهاتانەیان بە نهێنى هێشتۆتەوە، بۆیە كەس تاكو ئێستا نازانێت سەرفیات و داهات چەندە و چى لێدێـت! فرۆشگاكانى ئەو سەردەمەى ناو ئۆردوگاكانى شۆڕش بەشێك بوو لە داهاتى شۆڕش، ئەو فرۆشگایانە لە لایەن بەرپرسانى شۆڕشەوە سەرپەرشتى دەكرا، كردنەوەى ئەم فرۆشگایانە لەوەدا بوو كە دانیشتوانى ئۆردوگاكان ئەوانەى كە نەیاندەتوانى وەك پێویست بچنە ناو شارەكان، ئیدى ئەو هاووڵاتیانە كەلوپەل و پێداویستى رۆژانەیان لەو فرۆشگایە دەكڕى، ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەبوو كە خەرجى رۆژانەى هاووڵاتیانى ناو ئۆردوگا بەقازانج بۆ ئۆردوگاكان بگەڕێتەوە!
هەڵگیرسانى 4 ساڵ شەڕى ناوخۆى هەردوو دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیى بە تەواوى دەریخست كە تەنها لەسەر داهات و دەسەڵاتە، كە تاكو ئێستاش هیچ تاكێكى ئەم كۆمەڵگایە نەیزانیوە داهاتەكانى (ابراهیم خلیل، باشماخ، پەروێز بەگ، حاجى ئۆمەران) چەندە و چۆن سەرف كراوە و لەپێناو چیدا سەرف كرا؟! دواى ئاشتبونەوەى هەردوولا، كردنەوەى سۆپەرماركێتى (مازى) دهۆك و (نیوستى) هەولێر و (زاگرۆس) و (زارا) لە سلێمانى و كۆمپانیا زەبەلاحەكانى مۆبایل و كۆمپانیاى بیبسى و بازرگانى هێنانى جۆرەها گۆشتى حەیوان و پەلەوەر، كە لەبن دەسەڵاتى داهاتى پارتى و یەكێتیى دا بوو! كە هەمان عەقڵى سەردەمى كۆنى فرۆشگاى ئۆردوگاكانە و تەنها لە پێناو بەرژەوەندى ئابوورى یەكێتیى و پارتیدایە بۆ گەیشتن بە ترۆپكى سەرمایەدارى لە پێناو مانەوەى دەسەڵاتى سیاسیى خۆیان، نەك حۆشگوزەرانى كۆمەڵگا!

پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان
هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار هەمیشە سەرى زمان و بنى زمانى راگەیاندنەكانیان باسكردنە لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزایەكانى ئەمڕۆى شارەكان، بەڵام هەقە لێرەدا ئێمەش بە دەسەڵات بڵێین لە ساڵى 1992وە تاكو ساڵى 2003، چ پڕۆژەیەكى خزمەتگوزارى وەها بۆ هاووڵاتیان كراوە، كە دیار و بەرچاو بێت؟! بە مەرجێك ئەو پڕۆژەیە لە سەرداهاتى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار ئەنجام درابێت؟! 18 ساڵە ئەم میللەتە لە سایەى بێ كارەباییدا دەناڵێنێت ئێوە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون لە بەرژەوەندیە ئابووریەكانى حیزبتان ببورن و كارەبا بۆ هاووڵاتیان بەدەست بهێنن! كە لە كاتێكدا لە ساڵى 1998 لەسەر بڕیارى 986 نوێنەری (UN) بە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى راگەیاندبوو بۆ دابینكردنى كارەباى هاووڵاتیات لە كوردستاندا، بەڵام هەردوو حیزب هەریەكەیان دەیویست بوون و پێگەى دامەزراندنى ئەو كارەبایە لە بن دەسەڵاتى ئێدارى خۆیدا بێت! بۆیە بە هیچ شێوەیەك هیچ لایەكیان تەنازولیان نەدەكرد بۆ یەكتر، بۆیە بە ناچارى نوێنەرى (UN) لە بوونى ئەو پڕۆژەیە پەشیمان بووە و ئێستاش بوونى ئەو بڕە كارەبایەى، كە دەدرێتە هاووڵاتیان بە لایەنى هەرەكەمى كرێى مانگانەى كارەبا كە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێ (30.000) هەزار دینارە! ئەو ئازوقەیەى كە (18) ساڵە هاووڵاتیانى هەرێمى كوردستان لەسەر بڕیارى (986) كە بڕیارى نەوت بە خۆراك بوو، دەدرا بە هاووڵاتیان لەم ئازوقەیەى هاووڵاتیانیش بەردەوام هەردوو حیزب لیژنەیەكیان هەبوو، كە هەمیشە ئازوقەیان بۆ بارەگاكانى خۆیان دابین دەكرد! بۆیە هەریەك لەم دوو دەسەڵاتە هەر لەسەرەتاى ئازادبوونى كوردستان و تەشكیل بوونى پەڕلەمان و حكومەت لەسەر داهات و بەرژەوەندیە ئابووریەكانى گەل دەژین، هیچ كات ئامادەنین ئابووریە حیزبیەكانى خۆیان كە ساڵانە كەڵەكەى دەكەن و لە بانكەكانى ئەوروپا دایاندەنێن، بۆ خۆشگوزەرانى كۆمەڵگا خەرج بكەن، چونكە ئەم پڕۆژانەى كە ئێستاش دەكرێت، سەرەتا ئەمریكا بڕى یەك ملیار دۆلارى بێ لە بەشى %17ى داوە بە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار بۆ ئاوەدانكردنەوەى كوردستان.

كۆمپانیا و بانكى ئەهلى
شتێكى شاراوە نیە ئەگەر بڵێین لە توانا و كێشى هیچ سەرمایەدارێكى ئەمڕۆى كوردستاندا نییە، كە بە تەنها بتوانێت جۆرەها ئۆتۆمبێلى مۆدێل بەرز و ئامێرە خزمەتگوزاریەكانى وەك شۆڤل و گرێدەر و حەفارەو...هتد بهێنێتە كوردستان بۆ فرۆشتن، ئەگەر ئەم كۆمپانیایانە داهاتى حیزب نەبووبێت گەورەترین پشكى سەرەكى ئەم كۆمپانیایانە، پێویستە لێرەدا پرسیار بكرێت، كە ئەم هەموو داهاتە كە لە كۆمپانیاكانى كوردستاندا و بە تایبەت لە دواى رووخانى رژێمى عێراقەوە وجودى هەیە، لە كوێوە هات؟! ئەگەر ئەم داهاتانە هەمووى كۆكراوەى سەردەمى بنكە گومرگیەكان نەبوبێت؟!
ئەمە جگە لەم كۆمپانیایانە ئێستاكە بوونى بانكى ئەهلیش وەك كۆمپانیاكان جێگاى گومانى هاووڵاتیانى كوردستانن، چونكە بوونى هیچ بانكێك بەبێ داهاتێكى عیملاق ناتوانێ (رێید)ى خۆى دابین لە ئاست بانكە نێو دەوڵتیەكاندا بكات! ئەگەر ئەم بانكانە داهاتى حیزب، یاخود داهاتى سیاسەتەمدارەكانى ئەمڕۆ بەشدارییان تێدا نەكردبێت؟!

ناعەدالەتى حكومەت
هەركاتێك دەزگا راگەیاندنەكانى حیزب لەپاڵ بڵاوبوونەوەى هەواڵە تەشریفیەكانیاندا، گەر بۆیان بكرێت زوو زوو باس لە خۆشگوزەرانى كۆمەڵگا دەكەن، كە لە سایەى دەسەڵاتى حكومەتەوە هاتۆتە دى! جا با بزانین ئەوخۆشگوزەرانیەى ئەمڕۆ كە لە سایەى حكومەتەوە بۆ فەرمانبەران بە بێ جیاوازى چین؟! لە دواى رووخانى رژێمى عێراقەوە هەقە كە حكومەتى هەرێم بە داتا نیشانمانبدات ئەو بەرزە پلانەى كە لە سەرەتاى شاڵاوى بەرزكردنەوەى بەرزە پلە كە داى بە كادیرە حیزبیەكانى خۆى، تا دوایین پلەى (مدیر اقدەم و خەبیر) كێى تر تێیدا سوودمەند بوون؟! ئایا سێ جار و چوار جار وەرگرتنى زەوى روكن لە هەولێر و تەنانەت دەسیشتان گەیاندە شۆراوى كەركوك بۆ دابەشكردنى زەوى بەسەر كادیرە حیزبیەكاندا! ئایا فەرمانبەرى بێلایەن تێیدا سوودمەند بوو؟! ئەو رێكلامانەى كە شەوان لە كەناڵە تیڤیەكانتانەوە باس لە شوققەى نیشتەجێبوون دەكرێت! داتان بە كێ و كێ تێیدا دەحەسێتەوە؟!

ژیانى خانەوادەى میللەت و ژیانى خانەوادەى بەرپرسان
هەموومان دەزانین كە كەموكوڕى خزمەتگوزاریەكانى مرۆڤ لە كوردستاندا بە چ ئاقارێكى نا تەندروستدا گوزەر دەكات، كە لە كاتێكیشدا لە زۆرینەى گوند و ناحیەكاندا كەمى قوتابخانە خەریكە دەبێتە هۆكارى بڵاو بوونەوەى نەخوێندەوارى، یاخود بوونى كەمى خزمەتگوزارى لە قوتابخانەكانى گوند و ناحیەكاندا كێشەى سەرەكى ئەمڕۆى پەروەردەیە لە كوردستاندا، ئەمە جگە لە نەبوونى دایەنگا و باخچەى ساوایانى حكومى لە شار و شارۆچكەكاندا بۆتە جێى هەڵوەستە كردن، كە لە پاڵ ئەم هەموو نەبوونیە لە ژیانى خانەوادەكانى میللەت، كەچى خانەوادەى بەرپرسان منداڵەكانى خۆیان لە دایەنگاى بیانیدا پەروەردە دەكەن، كە ساڵانە 4000 چوار هەزار دۆلار بۆ هەر منداڵێك تێچوویەتى، منداڵەكانیشیان لە خوێندنگا بیانیەكاندا و بە تایبەت لە ئامادەییە ئەمریكیەكان دەخوێنن، كە بۆ هەر خوێندكارێك ساڵانە 10000 دە هەزار دۆلارە.
پرسیارەكە لێرەدایە كە نزیكەى 50 ساڵە بەرپرسانى كورد بەم شێوازە نا عەدالەتییە لەگەڵ كۆمەڵگادا دەجوڵێنەوە، ئەم داهاتانە لە كوێ دێنن و بۆ خۆشگوزەرانى خانەوادەكانیان سەرف دەكەن؟!

تێبینى: ئەم بابەتە لە گۆڤارى شەقام بڵاوبووەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە