خوێندنەوەیەك بۆ رەهەندە شاراوەكانی پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل
Sunday, 10/07/2011, 12:00
توركیا لە ئالیانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا...
خوێندنەوەیەك بۆ رەهەندە شاراوەكانی پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل
پێشەكی
توركیا لەبەر هۆكارەكانی جیاوازی پێكهاتەی دەسەڵات و پێگەی بەهێزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، خوازیارە رۆڵی زیاتری هەبێ لەهاوكێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتی ئەكتیڤی توركیا لەناوچەكەدا هاوكاتە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان لەساڵی 2002 و كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی توركیادا دروستبووە لەئاراستەی بەرژەوەندییە گشتییەكانی توركیای نوێدا،
ئەو سەركەوتنەی پارتی دادو گەشەپێدان هاوكاتە لەگەڵ سەركەوتنی خەونی گەورەی ئەردۆغان، ئەویش گەڕانەوە بۆ باوەشی ئیسلام و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی پەیوەندی و هاوپەیمانی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبیەكانی ناوچەكە، وای كردووە كە رۆژ بە رۆژ لایەنگری زیاتر پەیدا بكا لەناو كۆمەڵگای موسڵمانی توركیادا، هەرچەندە كۆماری توركیا لەسەر بنەماكانی ئایدۆلۆژیای سیكۆلاری ئەتاتورك دامەزراوە، بەڵام "ئەوە دەسەڵاتێكی عەلمانی وای كردووە كە كۆمەڵگای موسڵمانی توركیا لەو ساڵانەی دواییدا زیاتر گەشە بكا"، بوونی پارتێكی ئیسلامی لەژێر دەمامكی ئایدۆلۆژیای عوسمانی نوێ و زیندووكردنەوەی میراتی ئیمپراتۆریای عوسمانی لەناوچەكەدا بۆ لایەنەكانی تری ناو گۆرەپانی سیاسی توركیا بەتایبەتی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) و پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) شتێكی زۆر چاوەڕوان نەكراو بوو.
پێویستی ئایدۆلۆژی و جیئۆ ستراتیژیكی بۆتە یەكێك لەخواستە سەرەكیەكانی توركیا بۆ ئەوەی بە هێزی زیاترەوە لەهاوكێشە سیاسیەكانی ناوچەكەدا دەركەوێ، بەشێكی زۆر لەچاودێرانی ناوخۆیی توركیا هەموو گۆڕانكارییە ستراتیژییەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەبەستنەوە بە تێزە نوێیەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا (داود ئۆغلوو) كە وەك ئەندازیاری سەرەكی داڕشتنی پلانە نوێیەكانی توركیایە، داود ئۆغلوو لەكتێبی (قووڵایی ستراتیژی نوێ توركیا) لەناوچەكەدا بە وردی شرۆڤەی سیاسەت و ستراتیژی توركیا تا ساڵی 2023 دەكات و ئاماژەشی بەوە كردووە، كە توركیا تا ساڵی 2023 كە دەبێتە ساڵوەگەری (100) ساڵەی كۆماری توركیا، ببێتە یەكێك لە 10 وڵاتی پێشكەوتووی جیهان لەهەموو بوارەكانەوە، بەتایبەتی لەپەیوەندییەكانی دەرەوەی لەتەك ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی، كە هەر ئەویش بۆتە پاڵنەری سەرەكی بۆ ئەوەی توركیا لەناوچەكەدا بەشێوەیەكی زۆر جیدی كار بكات. داود ئۆغلو لەكتێبەكەی خۆیدا زۆر بەوردی باس لەسیاسەتی یەكێتی ئەوروپا دەكات و دەڵێ یەكێتی ئەوروپا بێ ئەندامێتی توركیا وەك ئەكتەرێكی پیر وایەو زوو گۆشەگیر دەبێ، تەنیا توركیا دەتوانی ببێتە پردی پەیوەندی رۆژئاوا و رۆژهەڵات، یەكێتی ئەوروپا بێ ئەندامبوونی توركیا وەك دوورگەیەكی سارد وایە، چون رێگەكانی ناردنی وزەی نەوت و غاز لەتوركیا دەرباز دەبێ.
توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل:
گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی و روخانی ئەو سیستەمانەی كە خۆیان لەپرۆسەی دیموكراتیزەكردنی دەسەڵات بەدوورگرتوە، یا بە هەر شێوەیەك بوونەتە لەمپەری ئەساسی لەپێش پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و سەقامگیركردنی دیموكراسی ئەمریكایی (دیموكراسی بەپەلە)، ئێستا لەژێر هەڵوەشانەوەدان و هیچ ئەلتەرناتیڤی تریان نییە جگە لەوەی كە خۆیان بێنە ناو پرۆسەی دیموكراسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.
توركیا یەكێك لەو وڵاتانەیە كە بەردەوام خۆی وەك بەشێك لەئەوروپا پێناسە كردووە، تا قۆناغی هاتنە سەردەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان توركیا بەردەوام لەڕێگەی چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا دا بوو، بە هەموو شێوەیەك كاری دەكرد بۆ چوونە ناو یەكێتی ئەوروپاوە، بەڵام مژاری بێ چارەسەری پرسی كورد، رەوشی كورد لەڕووی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و مافە بنەڕەتییەكانی گەلی كورد كێشەی سەرەكی توركیایە بۆ چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا، بەهاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان (ئاكەپە) گۆڕانكاریی لەمەسەلەی چارەسەكردنی پرسی كوردیش بەردەوام لەرۆژەڤی ناوخۆی توركیا و حكومەتی توركیا دابووە، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا زۆرترین هەوڵدان و پرۆژە بڕیار هەبووە بۆ چارەسەری پرسی كورد و تا ئێستاش هەنگاوەكان بۆ چارەسەری بەردەوامە، بەڵام هاوكات گۆڕانكارییەكی بەرچاو هەیە لەمەسەلەی پەیوەندی توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی لەناوچەكەدا بەگشتی، بەشێوەیەك كە لەدەرەوەی توركیا لەلایەن پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانەوە لەخەونی چوونە ناو یەكێتی ئەوروپاوە بۆ خەونی گەڕانەوە بۆ باوەشی ئیسلام وڵاتانی عەرەبی پێناسەی بۆ دەكرێ.
ئەویش هەموو لەسەر گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتەكانی توركیایە لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدان و بنكۆڵكردنی كۆڵەكەكانی كۆماری عەلمانی ئەتاتوركە، نموونەی هەرە بەرچاویش دەتوانین باس لەتێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و توركیا بكەین، ئەویش بەرهەمی سیاسەتی پارتی دەسەڵاتداری ئێستایە كە لەدوو جەمسەری جیاوازدا دەسوڕێتەوە، لەلایەك لە هەوڵی چوونە ناو هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپا دایەو لەلایەكی تر دەبێتە ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و دۆسیەی فەڵەستین و سووریا. هەرچەندە وڵاتانی عەرەبی هیچ باوەڕیان بەتوركیا نییە لەمەسەلەی ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و دۆسییەی فەلەستیندا و توركیایەش بەردەوام لەماوەی ئەو ساڵانەدا هەوڵدەدا خۆی بخاتە ناو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەوە.
گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا:
توركیا یەكەم دەوڵەتی موسڵمانە كە لەساڵی (1949) دانی بە ئیسرائیلدا ناوە، بەڵام ئەو وڵاتە بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب ئەو پێوەندییانەی بەنهێنی هێشتەوە، بەتایبەتی (3) "لەبواری ئابووریدا كە لەمیانەی سەردانی (سلێمان دمیرێل) یەكەم سەرۆكی توركیا بۆ ئیسرائیل رێككەوتنامەی بازرگانیی ئازاد لەساڵی (1995) لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ئیمزا كرا"(3). لەكۆتایی ساڵی 2003 سەرەتای دەركەوتنی قەیرانی سیاسی و لەپاشاندا ئابووریی نێوان توركیا و ئیسرائیل بوو، رەجەب تەیب ئەردۆگان داوای لێبوردنی كرد لەپێشوازیكردنی شارون، لەئاداری 2004شدا بەر لەتیرۆری (شێخ ئەحمەد یاسین)، ئەردۆغان ئیسرائیلی تاوانبار كرد، هەروەها ئەردۆغان كارەكانی ئیسرائیلی لەخێوەتگەی رەفەح بەتیرۆری دەوڵەت ناو دەبرد، بەڵام سیماكانی قەیرانی راستەقینەی نێوان هەردوو وڵات بەئاشكرا لە (30ی كانوونی دووەمی ساڵی 2008) سەری هەڵدا كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمونتەدای ئابووریی داڤوس لەسویسرا كشایەوە.
بارگرژییە سیاسییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل كە لەدەرئەنجامی هێرشكردنە سەر كەشتی گەلی "ئازادی" هاتە ئاراوە، رەنگدانەوەی هەبووە بۆ سەر پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لەكۆتاكانی ساڵی 2009دا پێوەندییەكانی نێوان سوپای توركیا و ئیسرائیل رووی لەلاوازی كرد و ئاستی كڕینی چەك لەلایەن توركیاوە لەئیسرائیل بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی،(4)، لەو ساڵدا قەبارەی بازرگانیی نێوان توركیا و ئیسرائیل گەیشتە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، بەمەش بەراورد بەساڵی 2008دا بەڕێژەی 28% كەمی كردووە، (بەپێی داتا و زانیارییەكانی پەیمانگەی هەناردەكانی ئیسرائیل)،"هەناردەكانی ئەو وڵاتە بۆ توركیا گەیشتووەتە یەك ملیار و (100) ملیۆن دۆلار و هاوردەكانی توركیا لەئیسرائیلەوە یەك ملیار و (400) ملیۆن دۆلاری تۆمار كردووە، بۆیە پسپۆرانی بواری ئابووری پێیانوایە لەدوای هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر كەشتییەكان لەبەرەبەیانی 31/5/2010دا پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەو 2 وڵاتە و متمانەی وەبەرهێنان لەناو هەردوو وڵات بەیەكتری بەرەو لاوازی چووە،(4)".
ئەمە لەكاتێكدایە لەچەندین لایەنەوە پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی ئەو 2 وڵاتە پێكەوە دەبەستێتەوە، بۆیە حكومەتی ئیسرائیل مەترسییەكانی خۆی نەشاردووەتەوە لەبارەی لەدەستدانی هاوبەشێكی ئابووریی گرنگ كە پێیوایە ئەگەر پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان وڵاتەكەی و توركیا بە تەواوەتی تێك بچێ ئەوا بزاوتی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ساڵانە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێ، لەوبارەیشەوە (شەێر گابروس) سەرۆكی یەكێتیی پیشەسازانی ئیسرائیل نیگەرانیی خۆی دەربری لەمەڕ تێكچوونی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان وڵاتەكەی و توركیا كە هاوبەشێكی بازرگانیی گرنگیی ئیسرائیلە.
ئیسرائیل و توركیای دوای هەڵبژاردنەكان:
توركیا هەوڵ دەدات رۆڵێكی بەهێزی هەبێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش لەپابەندنەبوونی بەدەردەكەوێ بەسزا نێودەوڵەتییەكان كە بەسەر ئێران سەپێنرا و بەهۆی دەستبەردارنەبوونی لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی، ئەمەش نیگەرانی لای ئەمەریكا دروست كردووە كە چاودێران پێیانوایە ئەمەریكا لەم رەفتارەی توركیا بێدەنگ نابێت، ئەمە لەكاتێكدایە توركیا بەدوای داڕشتنەوەیەكی نوێدا دەگەڕێت لەپێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بۆ ئەمەش پشت دەبەستێ بە دوو هۆكاری سەرەكی:
1- ئیسرائیل لەقۆناخەكانی رابردوودا سوودی وەرگرتووە لەپێوەندییە هەرێمایەتییەكانی كە كاریگەرییان هەبوو بەسەر وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی تری وەك ئێران، توركیا و ئەسیوبیا، لەئێستادا خۆی لەبەردەم قەیرانێكدا بەدی دەكات، چونكە ئێران لەدوای شۆڕشی گەلان لەساڵی (1979)لەدژایەتیدایە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەسیوبیایش جەنگ لەگەڵ برسێتی دەكات، بەڵام توركیا لەلایەك بەدوای رۆڵێكدا دەگەڕێت كە تێیدا بتوانێ كێبەركێی ئیسرائیل بكات لەسەر ناوچەكە، لەلایەكی ترەوە ئەنقەرە بەگومانەوە دەڕوانێتە سیاسەتی ئیسرائیل لەبارەی پشتگیریكردنی كەمە نەتەوەیییەكان لەناوچەكەدا.
2- یەكێك لەهۆكارەكانی بەردەوامبوونی ئەو گرژییەی نێوان ئیسرائیل و توركیا لەئێستادا دەتوانین ببەستینەوە بە مەسەلەی دۆسییەی فەڵەستین و كێشەی خاكی فەڵەستین كە تا ئێستاش نەگەیشتۆتە قۆناغی چارەسەی كۆتایی، هەرچەندە لەتازەترین هەوڵدانەكانی ئەمریكا بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە گەڕانەوە بۆ سنوری (67)بوو، كە ئەویش لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بەتووندی رەتكرایەوە، چونكە ئەگەر بەپیێ ئەو رێككەوتنە بێ ئەوە ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیل دەبێ بە دوو بەش و قودس دەبێتە دوو قودس، بەڵام لەلایەكی تر رێككەوتنی چاوەڕواننەكراوی نێوان حەماس و فەتح لەپایتەختی میسر و بەشداری رێكخراوی توندڕەوی حەماس لەپرۆسەی دانووستانەكانی نێوان لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیلی بۆ چارەسەری دۆسییەی فەڵەستین تا ئێستا بەردەوامە و رێكخراوی حەماس كە لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە بە رێكخراوێكی "تیرۆریستی" دەناسرێ، خوازیاری ئەوەیە كە بەشێوەیەكی سیاسی بێتە ناو مەیدانی دانوستانەكانەوەو كۆتایی بەپرۆسەی توندوتیژی بێنی، توركیاش بەردەوام هەوڵیداوە كە حەماس بێتە ناو مەیدانی گفتوگۆكانەوە و پێویستە حەماس بەشێوەیەكی فەرمی دان بەئیسرائیلدا بنێ و دەوڵەتی ئیسرائیل قەبووڵ بكات، بەڵام هاوكات ئیسرائیل بە درێژایی هاوپەیمانی خۆی لەتەك دەوڵەتی توركیادا چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد كە توركیا بتوانی رۆژێك حەماسیش بێنێتە ناو پرۆسەی سیاسی و داوای لێبكات كە بەشێوەیەكی فەرمی دان بە كیانی ئیسرائیلدا بنێ.
جووەكانی توركیا و هەڵبژاردنەكانی ئەم جارە:
لەپرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئەم جارەی توركیا، جووەكانی توركیا دەنگیان نەدا بە ئەردۆغان، سەرۆكی روحی جووەكانی توركیا (حاخام یتسحاق حاڵیبیا) پێشتر رایگەیاندبوو كە جووەكانی توركیا بەشداری هەڵبژاردن ناكەن.
كەمینەی جووەكان لەتوركیا تا ساڵی (1980) نزیكەی (30.000) كەس بوون لەتوركیا، (1)"بەپێی ئاماری فەرمی (دەزگای لێكۆڵینەوەی شالۆم بۆ ئاشتی)" كە ناوەندی جوویەكانی توركیایە بۆ كاری رۆشنبیری و كولتوری و لێكۆڵینەوە، دیارە تا كۆتاییەكانی ساڵی 2000 ئەو ژمارەیە زۆر گۆڕانی بەسەرداهاتوەو ئێستا نزیكەی 15000 كەس لەجووەكان كە بە جوولەكەی دۆنمە ناودەبردرێن لەو وڵاتەدا ماونەتەوەو كاریگەری بەرچاویان لەهەموو بوارەكانی ژیان لەم وڵاتەدا هەبوو، بەڵام لەدوای تێكچوونی پەیوەندی ئیسرائیل و توركیا جووەكان لەتوركیا هەڵوێستی توندیان هەبوو لەدژی پارتی دادوگەشەپێدان و پشتگیری پارتی كۆماری گەڵ جەهەپە)یان دەكرد.(1)، ئەوان گەیشتوونە ئەو باوەڕەی كە تا ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بێ هیچ ئاسۆیەك بەدی ناكەن لەداهاتوی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكارا و تەلئەبیبدا، بۆیە لەهەڵبژاردنی ئەم جارە پشتگیری (كەماڵ قلیچدار ئۆغلوو)یان كرد كە ركابەری توندی ئەردۆغان بوو، هەروەها یەكێك لەو كەسانەیە كە بەهەموو شێوەیەكی پشتگیری لەهاوپەیمانی ئیسرائیل دەكات.
ئەو پرسیارەی بەردەوام لەلای یەهوودیەكانی توركیا دووبارە دەبێتەوە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا، چونكە ئەوان بەردەوام پشتگیری ئەو پارت و كەسایەتیانە دەكەن كە خوازیاری پتەوكردنی پەیوەندییەكانی توركیا بن لەگەڵ ئیسرائیل، دیارە هەژموونی پارتی دادوگەشەپێدان لەم ساڵانەی دواییدا زیاترەو لایەنگری ئەو پارتەش روو لەزیادبوونە، بەڵام هیچ كات نەیتوانیوە كە متمانەی جوویەكانی توركیا بەدەستبخات. هەرچەندە جوویەكان لەتوركیا بەدرێژایی مێژوو هەوڵیانداوە خۆیان بەدوور بگرن لەشەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی توركیا، بەڵام بەردەوام لۆبی جوویەكان لەو وڵاتەدا كاریگەریان هەبووە بەسەر ناوەندی بڕیارە سیاسیەكانی توركیادا.
(حاخام یتسحاق حالیبیا) كە سەرۆكی روحی هەموو یەهوودییەكانی توركیایە، هاوكات دۆستی زۆر نزیكی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیاشە، لەڕابردوو پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و (یتسحاق حالیبیا) زۆر بەهێز بووە، زۆر جاری باسی رۆڵ و كاریگەری و بەشداری یەهوودیەكان لەحكومەتی توركیادا دەكات، بەڵام ئەویش ناشارێتەوە كە لەپشت ئەردۆغانەوە كەسانی رادیكاڵ و توندڕەوی تورك خۆیان حەشار داوەو ئەردۆغان ئەنتی جوولەكە و ئیسرائیل نییە. لەهەر دوو حاڵەتدا ئەردۆغان و پارتەكەی بەردەوام سیاسەتی دوو لایەنانەیان هەبووە لەبەرامبەر جوویەكانی ئاكنجی توركیا و ئیسرائیل، ئەردۆغان بەردەوام داكۆكی لەهاوڵاتیانی جوو كردووە لە توركیا، بەڵام زۆرینەی جوویەكانی ئاكنجی توركیا لەسەر ئەو خاڵە كۆكن، كە گرژی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل كاریگەری نابی لەسەر ئەوان، چۆن ئەردۆغان هاوكات كە خۆی دژە ئیسرائیلی نیشاندەدات پەیوەندی بەهێزیشی هەیە لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل.
كرانەوەی دەرگای گفتوگۆ لە نێوان توركیا و ئیسرائیل:
رەوشی نائارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و روخانی بەشێك لەسیستەمە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەی رێگە خۆش دەكات بۆ تەواوبوونی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی ئەمریكا كە بەدیموكراتیزەكردنی ناوچەكە و دروستبوونی مۆدیلی حوكمڕانی هاوشێوەیەی عێراق لەداهاتوودا چاوەڕوانی ئەو دەسەڵاتانە دەكات كە لەو ماوەیەدا تووشی رووخان بوونەتەوە، توركیای هاوپەیمانی ستراتیژی ئیسرائیل تا بەر لەهاتنە سەر دەسەڵاتی (پارتی داودگەشەپێدان) زۆر بە وردی چاودێری ئەو پێشهاتانە دەكات و هەوڵدەدات كە بە هەر شێوەیەك بێ رۆڵی خۆی بەرجەستە بكات لەناو پرۆسەی سیاسی نوێی ناوچەكەدا، مەسەلەی توركیا و ئیسرائیل یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی ناوچەكەیە، بەتایبەتی لەدوای كۆنفرانسی داڤۆس و رەخنە توندەكانی ئەردۆغان كە بەرەو رووی سەرۆككۆماری ئیسرائیل شیمۆن پێرێز كرایەوە و ئیسرائیلی تاوانبار كرد بەكوشتنی خەڵكی غەزە، ئەو هەڵوێستەش تەنیا گرنگی لەوە دابوو كە لەلایەن توركیای هاوپەیمانی بەرەو رووی ئیسرائیل كرایەوە، بەڵام بەشێكی زۆر لەچاودێر و توێژەرانی ئیسرائیل لەسەر مەسەلەی تێكچوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی ئیسرائیل و توركیا، ئیسرائیل بەتاوانبار دەزانن، هەڵەی تەكتیكی هێزەكانی ئیسرائیل لەهێرشكردنە سەر كاروانی ئاشتی و سووڕانەوەی 180 دەرەجەی توركیا لەمەسەلەی پەیوەندی دروستكردن بەوڵاتانی عەرەبیەوە بەرهەمی ئەو نزیكبوونەی ئیسرائیل دەزانن.
بەڵام لەسەر مەسەلەی توركیا دوای ئەو رووداوانە كۆمەڵێك بۆچوونی جیاواز هەیە، بەشێك لەپسپۆڕانی بواری توركیاناسی پێیانوایە كە ستراتیژی نوێی توركیا لەگەڕانەوە بۆ باوەشی وڵاتانی ئیسلامی عەرەبی زیاتر وەك كارتێكی گوشار وایە بۆ كردنەوەی دەرگا داخراوەكانی یەكێتی ئەوروپا كە توركیا ساڵانێكی زۆرە چاوەڕوانی دەكات و لەمەسەلەی پەیوەندی ئیسرائیلیش توركیا ناخوازێ كە پەیوەندییەكانی بەو شێوەی ئێستا بمێنێتەوەو لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن لەتوركیا و سەركەوتنی پارتی دادوگەشەپێدان بەشێوەی جیاواز بەرپرسانی توركیا و ئیسرائیل ماوەیەكە دەستیان بەگفتوگۆی نهێنی كردووە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن و پێوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە.
(3)"بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل "بەرپرسانی ئەمەریكا"ش پشتگیری لەم هەوڵە دەكەن، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی بەقۆناغێكی پێشبینینەكراودا دەرباز دەبێت و مەسەلەی تێكچوونی دەسەڵاتی سووریا یەكێك لەپاڵنەرە سەرەكییەكانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل و توركیا.
"بەرپرسێكی باڵای حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاند بەرپرسانی توركیا و ئیسرائیل دانوستانی نهێنی راستەوخۆیان ئەنجام داوە بۆ چارەكردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی لەنێوانیاندا دروست بووە و بەرپرسانی ئەمەریكایش پشتگیرییان لێ دەكەن".
(2)"ڕۆژنامەی هائارتز"ی ئیسڕائیل ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە قۆناغی نوێ دانوستانەكان لەنێوان بەرپرسێكی باڵای حكومەتی ئیسرائیل بەنوێنەرایەتیی سەرۆكوەزیران (بنیامین نەتەنیاهۆ) و بریكاری وەزیری دەرەوەی توركیا (فەرەیدوون سینیرلیۆگ) بەڕێوە چووە، هاوكات سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل "بنیامین نەتانیاهۆ" بەشێوەیەكی فەرمی پیرۆزبایی لە"رەجەب تەیب ئەردۆغان" كرد بۆ بۆنەی سەركەوتنی دووبارەی لەهەڵبژاردنەكانداو ئاماژەی بەویش كردووە كە ئیسڕائیل دەست لەكاروباری ناوخۆی توركیا وەرنادات و نایەوێت پێوەندییەكانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا زیاتر تێك بچێت.(2)"، هەروەها خوازیاری ئەویش بووە كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب توندوتۆڵتر بێت و خوازیاریش بووە ئەم سەركەوتنەی داد و گەشەپێدان ببێتەهۆی بوژانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەگیانێكی دۆستانە".
كورد لە نێوان سۆزی ئیسرائیل و هاوپەیمانی توركیادا:
لەسێگۆشەی دروستبوونی هێز لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كورد دەبێ ببێتە خاوەنی هێز و كیانی سەربەخۆ بۆ ئەوەی بتوانی لەهاوكێشە سیاسیەكانی ناوچەكەدا قورسایی زیاتری هەبێ، بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر پێداگریان كردووە لەمەسەلەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، رەنگە هەر ئەویش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە تێكچوونی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناەڕاست فرسەتێكی تر بۆ كورد دروست دەبێ، كە بتوانن لە موعادەلەی نوێدا ببنە خاوەنی كیانی سەربەخۆی خۆیان لەگەڵ ئەو نەتەوە بێ دەوڵەتانەی تری ناوچەكە.
"ئەڤرایم سنێ" جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەتازەترین چاوپێكەوتنی لەتەك گۆڤاری ئیسرائیل-كورد" ئاماژەی بەوە كردوە كە لەسەرەتای ساڵی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو كاتێك ئیسرائیل دەستی كرد بەیارمەتیدانی گەلی كورد لە كاتی"بارزانی باوك" تا نسكۆی شۆڕشەكەی و دوای هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش ئەو هاریكاریە بەبڕوای من تا ئێستەش هەر بەردەوامە".
چونكە هەردوو گەل دوژمنیان زۆرترە لەدۆست لەناوچەكەدا، كوردستان هەمیشە بە ئیسرائیلی دووهەم لەناوچەكەدا تاوانبار كراوە، بۆیە هەردەم لەپیلانن بەهەر بیانویەك بێ كورد لەناو ببەن، نەتەوەی كورد لە هەموو كەس نزیكترە لەیەهوودیەكان لەناوچەكەدا، هەر دوو گەل لەچاو گەلانی تر وەك كەمینەیەك واین لەچاو ژمارەی دانیشتووانی عەرەب و فارس و توركدا. كورد لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێكی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییی خۆی، ئیسرائیلیش بەهەموو شێوەیەك پشتگیری دەكات. كورد و یەهودییەكان یەك چارەنووسیان هەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە نەتەوەكانی تر لەناوچەكە دەیانەوێ لەناویان ببەن، بەڵام هەردوو نەتەوە ئیرادەیان زۆر لەوان بەهێزترە، بەتایبەتی نەتەوەی كورد كە ئارەزووی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیان هەیە.
بەڵام حكوومەتی توركیا و راگەیاندنی ئەو وڵاتە بەردەوام ئاماژە دەدەن بەمەترسیی بوونی پێوەندییەكی نهێنی لەنێوان ئیسرائیل و حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئیسرائیل وێڕای بایەخدانی بە سامانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان "كە خاوەنی زیاتر لە 45 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە و 6 بۆ 8 ملیار مەتر سێجا لەگازی سروشتی"، هەوڵدەدات بۆ دابینكردن و پتەوكردنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی سود لەنەوت و غازی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، چ لەرێگەی "پڕۆژەی هێڵی نابوكۆوە" بێت یاخۆ دامەزاندنی هێڵێكی نوێ كە نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە بۆ بەندەرەكانی ئیسرائیل یا بەستنەوەی هێڵی نەوتی عێراق بەبەندەری حەیفا بۆ هەموو جیهان كە لەكەركووكەوە دەست پێ دەكات بە (h1،h2،h3) كە مەبەست هێڵی (حەیفایە) كە كاتی خۆی هەبوو بۆ ئەوروپا و ئۆقیانوسی ئەتڵەسی. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دەبێتە گەشەپێدانی ئابووریی كوردستان، داهاتێكی بەرچاویش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەكات كە توركیا پێیوایە ئەمە مەترسییە بۆ سەر وڵاتەكەی، چونكە بوژانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی كوردستان یارمەتیدەری سەرەكی دەبێ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەوتی لەكوردستان.
ئەویش لایەنێكی تری ئەو كێشەیە دەبێ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا و توركیا بە هەموو شێوەیەك هەوڵیداوە كە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە رۆڵی ئابووری خۆی زیاتر بكات لەكوردستان و لەبەغدا بەشێوەیەك كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان زۆرترین ژمارەی كۆمپانیا و زانكۆ و دەزگای رۆشنبیری توركی چالاكیان هەیە.
تێبینی: بۆ ئەو لێكۆڵینەوەیە سوود لەم ژێدەرانە وەرگیراوە:
1. دەزگای لێكۆلینەوەی شاڵۆم بۆ ئاشتی-تایبەتە بە جووەكانی توركیا.
2. رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیل
3. ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل
4. دەزگای ئیسرائیل-كورد و گۆڤاری ئیسرائیل-كورد
مەولوود ئافەند- سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-كورد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست