کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ دادگایی بارزانی بکات؟

Wednesday, 29/09/2010, 12:00


بۆ گەلەکەم
لە کویادا دەتانگرێنم
لەویادا ڕاتاندەژێنم
لەکویادا زوڵمیان لێکردن
لەویادا هەڵمەتیان بۆبەرن
فێربون و گۆشکراون
کرنوش بۆ هیچ زاڵمێک نەبەن ..

سەرانی نێو حکومەتە نمونەییەکەی کوردستان زمانی زۆر دەدەن لە سەروەری (یاسا ، دیموکراسی ، مافی مرۆڤ . ئازادی تاک) بۆئەوەی ئەم دروشمانە ببنە واقع ، پێویستە ئۆردنەرو فایلەکانی کێسی شەڕی براکوژی و دادگای بەناو شۆڕش و بڕیارە تاکەکەسیەکانی نێو بزاڤی کوردی هەڵبدەینەوە.

پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پونتی سەرەتا لەوێوە دەست پێ بکەین ، ئەوکاتانەی بڕیاردرا چەمکی ئانارشی وەک وەڵامی بنەڕەتی بۆ ڕا ئازادەکان بەکاربهێنرێت.

ئەو کاتانەی بیری ترێدیشن بووە دروشم و هەمو ڕوانگەکانی لەسەر دانرا ..

لەو دەرگاوە وەرنەژورێ کە تاوانبار و بێتاوانی کورد ، بەبڕیاری شۆڕشگێرانە حوکمی کوشتنیان بەسەردا درا .

لەوێوە دەست پێبکەین کاتێک لەلوتکەی دەسەڵاتەوە بەبڕیاریارێکی نهێنی سەدان کەسایەتی سیاسی و ناسیاسی کۆتاییان بەژیانیان هێنرا ، نەزانرا بۆ ؟ لەبەرچی ؟ لەبن چەتری

شۆڕش و کوردایەتیدا لەشیان سارد کرایەوەو ناویان لێنرا خائین ..

پێویستە لەو دەروازەوە بێینە ژورێ کەبەبڕیارێک! زیاتر لە چل ساڵ شەڕی براکوژی هەڵگرسێنراو بەببورەیەک کۆتایی هات..

بۆگەنی جنێوەکانی سەرانی کورد و بەناو قەڵەمە حیزبییەکان لەشەڕی ناوخۆدا تا ئێستا بێزارمان دەکات و بۆنی دێت ، دەخوازن لەسەر پیتێکی ڕەخنەیی ، سیاسەتی تۆرانییەکان بهێننە گۆڕێ و نوسەرانی ئازادی پێ بخەنە سەرچۆک. ئەم ڕەوشەیەی کە بنیادیان نا ، دوو تێڕوانە ..

یەکەم / زۆرتان بۆهات ، داهاتوشتان لاڕونە .

دوهەم / سیاسەتێک پیادە دەکەن کەتۆرانییەکان نەیان توانی دەنگی گەلێکی پێ کپ بکەن.

دروشمی دیموکراسی و ئازادی ڕوانگەی سەرەکی دەروازەی داخوازییەکانی کورد بوو ، ئەم چەکمە بە ڕەگوڕیشاڵی داخوازییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلەکەمان دەزانرا. لەپاش ڕاپەڕین ڕوی ئەم چەمکە بەدەستی پارتی و یەکێتی ناشرین کرا. دروشەمەکان دوو ڕویان هەبو ، دەسەڵات بۆ پتەوکردنی پێگە زمانی لێدەداو لەجێبەجێ کردنیدا بەشەڕی ناوخۆ و زمانی جەنگ ناشرینی دەکرد .

گەلێک میژویەکی خوێناوی لەپێناو ئازادیدا هەبێت ، چۆن دەتوانرێت بەئاسانی لەدەستی بدات . ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ لە ململانێی چۆکداداندایە ، مۆرکی گەلێکی مێژو خوێناوییە ، پارتی وا بەئاسانی ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات . بەربەرەکانی لەپێناو وەدەست هێنان و پارێزگاری کردن لێی ، هی هێزێک یان گروپێک نییە ، بەڵکو چارەنوسی گەلێکە ... پارتی لەشەڕگەی چارەنوسی گەلێک بردنەوەی مسۆگەر نییە ، بەزین و دۆڕاندن چاوەڕوانێتی ، بۆیە هانا بۆ پاشەڕۆی چەمکی ئازادی دەبات ،

لەڕێی دادگاوە چەمکی ئازادی داتاشراو بەگژ چەمکی ئازادی ڕەسەندا دەکات .

لەکۆتایی سەدەی ڕابردو دەوڵەتی تورکیا هەرەسی هێنا لەبەردەم تاقیکردنەوە شەڕەنگێزەکەیدا ، بۆیە پەنای بۆ ئازادی داتاشراو برد ، دەیان نوسەرو ڕۆشنبیر و کەسایەتی سیاسی ڕاپێچی زیندان کرد ، لەجیاتی ئەوەی دەم سکوتیان بکات ، لەگۆشەی زیندانەکاوە بەدەیان خوێندنگایان بنیاد نا .. سەدام و دەسەڵاتە تۆتیالیتارەکانی عێراق هاوشێوەی پارتی کۆمەڵێک کایەیان بۆ سەرکوتکردنی ئازادی خستە گەر ، سەرکەوتو نەبون و خۆیان لەسەردانا ..

ژیان بەئازادییەوە جوانە ، بەبیرکردنەوەو جودایی ڕاکانەوە ژیانە ، گەلێک بۆ ئازادی هەوڵ بدات ، بەهەناسەی ئازادی دەژی و خۆی دەناسێتەوە ، خۆناسینەوە مانای بون و سەرپێکەوتنە . پارتی لەوگۆشەیەوە خەونی دێتەدی کەبەبڕیارێک سەرکوتکردنی گشتی ڕابگەیەنێت .. مێژویەکی دۆڕاو و پڕ درۆ بەدیدەکرێت لە هەگبەی بیرو ڕەفتاری پارتیدا ، تائەم ساتە نوزەی وشە داتاشراوەکان و دێڕە ڕیزکراوەکانی دەمی سەرکردەکانی لەگەڵ میدیا شەرمەزارییەکەی ماوە . هەمو مێژویان پڕە لە وشەی دیموکراسی و بەرگری لەماڤی گەلان ، لەجێبەجێکردنیدا پێچەوانەی دەکەن . ڕاشکاوانە درۆمان بۆ دەکەن و دەخوازن فریومان بدەن. فریودان جۆری هەیە زەمن و کلتور دەیگۆڕێت ، فێڵی پارتی و هەنگاوەکانی بۆ ئەم سەردەم و گەشەکلتورەی کورد ئاسنی سارد کوتینە . دەکرێت پارتی بەتێڕوانێک چوار دەور ببینێت ، لەزاخۆوە تا خانەقین گەشەو بیرەجیاوازەکان بخوێنێتەوە ، لەهەر ناوچەیەک هەڵوێستەیەک بکات خۆی تیا تاقیبکاتەوە ، دروشم و حەجم و توانای خۆی بناسێت ، تێدەگات ڕەفتار و هەڵوێست و بەرنامەی تا چەند دەگونجێت ، تێدەگات بیری کۆن و ڕەفتاری داڕزاو بۆ گەلێکی

نوێخواز ، پارتی دەکاتە داپیرەیەکی پشت کۆماوی نیوە زیندو ، گەلیش لە هەرزەکاریدایە پەڕەی سپی دەخوێنێتەوە ، لەگەڵیدا هەڵناکات ....

بە مێژوی هەمو دەسەڵاتەکانی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، یاسا لە ململانێو بگرەو بەردەدا بووە ، لەچینی سەرەوە وەک تۆپێک لەمەیدانیداو بۆ چینی خوارەوە وەک چەکوشی سەرکوتکردن . لەم شێوە ڕەوشەدا سەرکردە قودسییەتی تایبەتی خۆی دەبێت و لێپرسینەوە لێی بڤەیە . لەنێو ئەم دەسەڵاتانەدا دیموکراسییەت كایەیەکی گونجاوی خۆویست بووە ، شێوەی بەکارهێنانەکەی وەک ئەوەی چۆنیان ویستوەو وەچۆن بەبەرژەوەندیان گونجاوە بەکاریان هێناوە ، لەجەوهەردا بونیان هێشتووە .

لای ئەمانە ڕووەژاکاوەکەی دیموکراسییەت بەدەردیان دەخوات ، نەک ڕووە ڕاستەقینەکەی . هیچ جیاوازییەک نابینرێت لە نێوان ئەنجومەن و پەڕلەمانەکانی عێراقی کۆن و سوریاو ئێران لەگەڵ پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ، جگە لەناو و شوێن ، هەمویان هاوجۆرن ئەوەی سەرۆک وتی ، تەنها دەتوانن بڵێن ئەرێ ... بۆ ئەوەی بەتەواوی دڵنیابین لەوەی جیاوازیان نییە و هاوجۆرن ، چەند پرسیارێکی سەرەتایی لەخۆمان دەکەین.

تائێستا پەڕلەمانی کوردستان نەرێییان بە ڕووی بارزانی و تاڵەبانیدا داوە .

لەسەر دزینی نەوت چەند جار قسەیان لەسەر ڕۆحیانەتی پارتی و یەکێتی کردووە ، کەسەرۆکەکانیانن ..

چەند جار لەسەر تاوانەکانی رابردو قسەیان کردووەو چەند فایلی کۆنیان هەڵداوەتەوە ..

چەند لە سیاسەتی دەرەوەو ناوەوە بەئاگان .

تائێستا سەرۆکیان تاوانبارکردووە لەسەر نەمانی هەزاران ملوێن دۆلاری گشتی ..

ئیتر چ جیاوازیەک دەبینرێت لە نێوان پەڕلەمانەکەی بەعس و ئەم پەڕلەمانەی پارتی و یەکێتی .

کاتێک پەڕلەمانێک مەکانەت و سەروەری لەدەست دا ، کاتێک یاسا بۆسەرەوە بڤەو بۆ خوارەوە شۆفڵ ، کاتێک یاسا لەئاست بارزانی دا کرنوش بەرێت و پێگەگەی پیرۆزبکات .. کێ دەتوانێت بانگی بارزانی بکات بۆ بەردەم دادگا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە