لەیادى(112)ساڵەى ڕۆژنامەگەریدا,(ئیستێك)بۆدەسەڵات!
Sunday, 25/04/2010, 12:00
ئاشكرایە(112) ساڵ بەرلەئێستاو,لە(22ى نیسانى 1898) دا, لەوڵاتى میسر ڕۆژنامەى (كردستان) وەك یەكەمین چاپكراوى كوردى بڵاوكرایەوە بەسەرپەرشتى (مەدحەد بەدرخان),كەهاوكات دەروازەیەكى فراوانبوو بۆ ئاشنابونى كورد بە جیهانى ڕۆژنامەگەرى وهەروەها ناساندنى ئەدەبو كولتورو شوناسى كورد بەتایبەت بەجیهانى عەرەبى و پاشانیش فاكتەرێكى بەنرخبوو بۆ لەدایكبونى ڕۆژنامەكانى دیكەو بەتایبەتیش ڕۆژنامەى(ژین)كە بەسەلیقەو تواناى پیرەمێردى شاعیر بڵاوكرایەوە, دواتر درێژەى كێشا تائەم ساتەى بوارى ڕۆژنامەگەرى كوردى كەئاوێتەى دونیاى تەكنەلۆژیاى سەردەم بووە.
ئەگەر دواى (112) ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەویادەدا ,بەتەنها ئاوڕێك لەو فەزیحەو كارەنایاسایانەى كەبەتەنهالە(19)ساڵى ڕابردوودا لەلایەن حكومەتێكى خۆڕسكى كوردى خۆماڵیەوە ڕەخسێنراوە بەرامبەر بەخودى ڕۆژنامەنوسى كورد, لەدەرەنجامى چێكبونى دەسەڵاتێكى كوردى لەباشوورى كوردستان,(حكومەتى هەرێمى كوردستان),مرۆڤ شەرم دەكات باس لەكۆى ئەو قەیرانو سیستەمە نێگەتیڤە یەك لەدواى یەكانە بكات كەبەدرێژاى هەر(112)ساڵەكەى ڕابردوو لەلایەن نەیارانى كوردەوە ڕوبەڕوى بوارى ڕۆژنامەگەرى كوردى بونەتەوە!.
ئێمە لێرەدا باس لەوگەڕالاوژێو قسە بازاڕیانەى مێدیا(سەوزو زەرد)ەكانى سەردەمى شەڕى ناوخۆى هەردووحیزبى دەسەڵاتدارناكەین كەمەگەر بەس خۆیان بزانن ئەو ووشە ناشرینانەى كەلەبرى چەك بەپێنوسە قێزەونەكان بەرامبەر بەیەكدیو خانەوادەى یەكدیانەوە دەنان لەكام فەرهەنگە بۆگەنەیان دەردەهێنان؟, كە((ئەوێ ڕۆژێ شتێك نەمابۆوە بۆ ئیتیكو بەها ئەخلاقیەكانى ڕۆژنامەوانى لەم هەرێمەدا)),وەلێ ئەمڕۆش لەهەمان ئەو بەناوڕۆژنامە و هەروەهاپۆلێك لەگۆڤارو ڕادیۆو تەلەفزیۆنى ئاسمانى و لۆكاڵی دیكەوە بێشەرمانە یادى ڕۆژنامەگەرى كوردى دەكەنەوە!.
باس لەوشەڕەساردەى دواى شەڕى ناوخۆش ناكەین كەلەنێوان مێدیاكانى (پارتى ویەكێتیدا) سەرى هەڵداو تەنانەت تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت بەردەوامن بۆلەكەداركردنى كەسایەتیەكانى ناوخۆیان وەك ئەوبێڕێزیەى كەلەلایەن هەردوولاوە بەكابینەى حكومەتەكانى (نێچێرڤان بارزانى)و(د.بەرهەم ساڵح) دەكەن لەلایەن ئەومەخلوقەى دەسەڵاتەوە كەخۆیان ناوناوە ڕۆژنامەنووس ئەمە لەكاتێكدا كە ڕێكەوتنى ستراتیژى لەنێوان هەردوولاداهەیە!.
تەنانەت باس لەوبارگاویكردنەى بوارى ڕۆژنامەوانى كوردیش ناكەین بۆ بەحیزبیكردنى مێدیا, كەهەردوو حیزب لەشكرێك لە كەسانى بودەڵەو نەخۆشیان لەخۆیان كۆكردۆتەوە بەناوى ڕۆژنامەنوسەوە ,یان هەندێكجار وەك دەبینین تەنانەت بەناوى سەربەخۆشەوە ,بۆپەلاماردانى ڕۆژنامەنووسانو دەزگا ڕاگەیاندنە ئەهلى وسەر بەخۆكان و هەروەهاحیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانو گشت نەیارەكانى خۆیان, كەمانگانە بەسەدان ملیاردینارى بودجەى گشتى میللەتیان بۆدابین كراوە, وەك ئەوەى بەتەنها بودجەى تەلەفزیۆنێكى وەك (زاگرۆس T.V) بۆهەرمانگێك (900) ملیۆن دینارە!.
بەڵكو لێرەدا تەنها باس لەو تیرۆركردنو بێسەروشوێنكردنو فڕاندنو لێدانو چاوسوركردنەوانە دەكەین كەلە(19) ساڵى ڕابردوودا ڕوبەڕوى ڕۆژنامەنووسانى ئەم هەرێمە بۆتەوە.
ئەگەرچى كەمتر لەسێ ساڵە دووڕۆژنامەنووس لەلایەن دەسەڵاتى كوردیەوە تیرۆركراون و ڕۆژنامەنوسێكیش بێسەروشوێنە, وەلێ ئەگەر بڵێین (بەتەنها) بەهۆى تیرۆركردنى ڕۆژنامەنوسانەوە ,لەئێستادا هەرێمى كوردستان شیاونیە بۆكارى ڕۆژنامەوانى ,ئەمە بێ ئینسافیە لەووتندا, بەڵام پرسیارە گەورەكە لەدواى ئەم فاریزەوە دروست دەبێت ئەویش ئەو ڕاستیەحاشاهەڵنەگرەیە كەئەگەر پارتى ویەكێتى ترسی كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیان لەسەرنەبوایە ئەوا بێگومان دەیان تیرۆری دیكەى نموونەى سۆرانى مامەحەمە ڕوبەڕوى ڕۆژنامەنووسان دبۆوە وەك ناوى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى كەماوەیەك بەرلەئێستا لەلایەن چەند مێدیایەكەوە بڵاوكرایەوە, كەناویان خرابوە لیستى ڕەشەوە لەلایەن پارتى ویەكێتیەوە, كەئەشڵێین ترس لەكۆمەڵگاى نێودەوڵوتى بەو واتایەى كەقەد ڕۆژێك لەڕۆژان پارتى ویەكێتى تەنانەت خودى تاڵەبانى وبارزانیش چاوەڕێى ئەوكاردانەوە نێگەتیڤەنەبون بەتایبەت دواى تیرۆركردنى سۆرانى مامەحەمە كەلەلایەن ڕێكخراوە N.G.O نێودەوڵەتیەكانەوە ڕوبەڕویان بۆوە, واتە لێرەدا كێشەگەورەكە ئەوەیە هەركاتوزەمانێك بێت بەتایبەت ئەگەر لەهەڵبژاردنێكدا هەریەك لەم دووپارتە بەتەواوى ڕوبەڕوى شكست ببنەوە, ئەوا بەدڵنیایەوە نەك دەكەونە تیرۆرى جەسەدى ڕۆژنامەنوسان, وەلێ ئەم تیرۆرە كادیروئەندامانى ئۆپۆزسیۆنیش لێی بێبەش نابن!, زیندوترین نموونەش ماوەیەك پێش هەڵمەتى هەڵبژاردنەكانى (7/3/2010)یە,ئەمەش بەتەنیا لوبى كێشەكەنیە بەڵكو لێرەوە هێماى ئەوپرسیارە گەورە لەسەر هەمان ئەوعەقڵیەتو ئایدۆلۆژیاو باكگراوندەچەق بەستوەى بەرپرسانى ئەم دووپارتە دروست دەبێت ,كەهەمان هێماى ئەوپرسیارەیە لەسەردەمى شاخەوە لەسەریان دروست بووە!.
مەهزەلەیەكیتر ئەوەیە كە ئەم دەسەڵاتەى ئێمە دواى (19)ساڵ لە ئەزمونى حكومڕانیكردنى ڕۆژلەدواى ڕۆژ ناسكتر دەبێتەوە ,بەجۆرێك لەئێستادا ئەوەندە ناسك بۆتەوە بەقەد جولەكەیەك لەكامێراو ڕیكۆردەرى دەست ڕۆژنامەنووس دەترسێت!, بۆنەگبەتیش ڕۆژنامەنووس بۆ ڕایكردنى ئیشوكارەكانى ڕۆژانەى پێداویستیە سەرەكیەكەى (كامێراو ڕیكۆردەرە), هەرئەمەشە وایكردوە بەپێی داتایەكى سەنتەرى میترۆ بەتەنها لەماوەى دوومانگى ڕابردوودا نزیكەى(60) ڕووداوى پێشێلكارى بەرامبەر بەڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە, لەلێدانو سوكایەتیپێكردنو شكانى كامێراو سڕینەوەى وێنەى كامێراو دەنگى ڕیكۆردكراو, ئەمەجگەلەحیجزكردنى چەندین جۆر لەكەرەستەى كارى ڕۆژنامەوانى, ئەمەش پاداشتى ئەم دەسەڵاتەیە لەبرى ئیمتیازكردنى ڕۆژنامەنووسان لەیادى ڕۆژنامەگەرى كوردیدا فەلاقەوسوكایەتى پێكردن دیارى دەستیەتى!.
لەلایەكى دیكەوە ئەگەرپۆلیسێك یاخود ئاسایشێك لەحاڵەتێكدا لێی بدرێت, كەسی تۆمەتبار مەگەر خوابزانێت جگەلەو كارە نایاسایانەى بەرامبەرى دەكرێت ,لانیكەم غرامەى ماددى یان بەندكردنى چەندە؟, ئەى ئەگەر ڕۆژنامەنووسێك بەبەرچاوى خەڵكەوە لەكاتى جێبەجێكردنى كارى ڕۆژنامەوانیدا بەچەند پۆلیسێك یان ئاسایشێك بەشەقوبۆكس, بەقسەى ناشرین داركاریبكرێتو لەكەرامەتى بدرێت,وەك نموونەى هاوڕێ وهاوكارم ڕۆژنامەنووس (سۆران أحمد) كەلەكاتى ڕوماڵكردنى خۆپیشاندانەكەى خوێندكارانى بەردەم بەڕێوبەرایەتى پەروەردەى سلێمانیدا كەوتنە وێزەى وهەموو گیانیان شكاند ئایا سزاى ئەوپۆلیسانە چیە,قەرەبوكردنەوەى ڕۆژنامەنوسەكە چیە چگەلە داواى لێبوردنێك زیاتر؟!, باشە گشت ئەو ڕۆژنامەنووسانەى كەلەو خۆپیشاندانەدا و گشت خۆپیشاندانەكانى دیكە ڕوبەڕوى لێدانو سوكایەتى پێكردنو كامێرەشكاندن دەبنەوە جگەلە گەڕان بەدواى كۆكردنەوەى زانیارى و گرتنى وێنەى خۆپیشاندانەكان داواكارى دیكەیان چیە؟, تۆبڵێى بۆمبی لاڕێیان بۆئەفسەرو پۆلیسەكان دانابێت ئاوادەكەونە وێزەیان وەك بڵێی تیرۆرستێكیان بەردەست كەوتوە؟.
خاڵێكیتر لەو دەستودیاریانەى دەسەڵات بۆ ڕۆژنامەنووس فەراهەمى كردوە, ئەو هەڵمەتى تیرۆرە مادیەیە كە ماوەى نزیكەى دووساڵێكە گرتویانەتەبەر بەجۆرێك ئەوەندە چڕبۆتەوە كە لەسەر فەتحەو زەمەیەك پەناببرێتە بەردادگا بۆیەكلاكردنەوەى كێشەكە!, بەڵام تۆیەك بەرپرسم بۆ بێنە لەسەر ئەنجامدانى كارێكى نایاسای بەرامبەر بەڕۆژنامەنووس نەك دادگایكرابێت بەڵكو بۆ یەك لەحزە بەردەمى دادگاى نیشان درابێت؟!.
دواجار هەمووئەم پێشێكاریانەو دەیان فەزیحەى دیكەى دەسەڵاتى كوردى بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجام دراون وئەوەى كەلێرەشدا باسكراوە مشتێك لەخەروارێكى ئازارەكانى ڕۆژنامەنووسە لەم هەرێمەدا, بەڵام لەهەموئەمانەش ترسناكتر ئەوەیە كەلەیادى ڕۆژنامەگەرى كوردیدا مێدیاكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار لەلایەن كارەكتەرەكانى ئەومەخلوقەى كەبارگاوى كراون بەمارشو ئۆرگانو سومبلەكانى هەردوو حیزبى خاوەن دەسەڵات و بەشێكى زۆریان گشت ماهیەتەكانى ڕۆژنامەنووسیان لەدەستداوە, ئەم جۆرە كەسانەدێن باس لەمێژووى ڕۆژنامەگەرى كوردى دەكەن و ئەخلاقیاتو پیشەى ڕۆژنامەنوسى شرۆڤەدەكەن!, سەیركەن چى ماڵوێرانیەكە كەسێك هەموو كاروپیشەى بەدرێژاى شەڕى ناوخۆى خوێناوى سوكایەتیكردنو لەكەداركردنى بەرامبەربوبێت!,كەسێك هەڵگرى ناوى پیرۆزى ڕۆژنامەنووس بێتو لەڕێگەى دەزگایەكى ڕاگەیاندنەوە كەبەدەیان ملیۆن دینارى ئەم میللەتەى لەلایەن حیزبەوە بۆتەرخان بكرێت و كارى ئەم بەناو ڕۆژنامەنووسەش باسی سەرجێگاو خەوى هاوپیشەكانى خۆیبێت!, كەسێكى بێ ئیتیكو بێ مۆڕاڵ باسى ئیتیكو مۆڕاڵمان پێبفرۆشێت!,كەسانێك بەتەسكیەى حیزبى لەبەشى ڕاگەیاندنى زانكۆوپەیمانگاكانى ئەم هەرێمە وەرگیرابنو پەروەردەى دەستى حیزببن!.....لەمەزیاتر چاوەڕوانى چ جۆرە پێشكەوتنێكى بوارى ڕۆژنامەگەریبین لەم هەرێمە وێرانەدا؟!.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست