کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌به‌ستی لاوه‌ند نه‌وزاد له‌ نووسینه‌كه‌ی به‌ناونیشانی چوارپشیله‌

Saturday, 02/04/2011, 12:00


دوای خوێندنه‌وه‌ی نووسینێكی لاوه‌ند نه‌وزاد ویستم ده‌ستخۆشی لێبكه‌م كه‌ ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ ببینم له‌ نووسینه‌كه‌یدا وا ڕاستگۆ بێت وبێ ترس باسی پشیله‌كانی كوردستان بكات هه‌رچه‌نده‌ به‌ مه‌زه‌نده‌ی عه‌قڵی من ژماره‌یان له‌ جوار زیاتره‌و ئه‌مڕۆ به‌چكه‌ پشیله‌ی له‌ خۆیان برسی وچاوچنۆكتر تریان لێ بووه‌.
جا ئه‌گه‌ر به‌ وردی له‌ نووسینه‌كه‌ی ووردببینه‌وه‌ ده‌بینین زۆر جوان داهاتی میلله‌تی به‌ مه‌ڕیكی كه‌وڵكراو شوبهاندووه‌و وه‌كو خۆی ده‌ڵیت ده‌یان من ده‌ڵیم سه‌دان پشیله‌ی برسی دانی لێ تیژكردۆته‌وه‌‌ به‌ڵام هه‌ر وه‌كو چۆن سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی و پارتی هه‌موو مه‌سئووله‌ چاوبرسییه‌كانی خۆیان ده‌مكوت كردووه‌و ناهیلن به‌ ڕاسته‌وخۆیی بكه‌ونه‌ گیانی ئه‌و داهاته‌ وله‌ئیتیفاقی ستراتیجیدا ته‌نها دوو خیزان وله‌و دووخیزانه‌شدا چوار كه‌س كه‌ دیاره‌ كاكه‌ لاوه‌ند مه‌به‌ستی له‌ مامه‌ وكاكه‌و به‌رهه‌م ونێچیره‌ ده‌كه‌ن به‌ده‌م ڕاستی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی داهاتی میلله‌ت هه‌یه‌ به‌ عه‌داله‌تی به‌سه‌ر دانتیژه‌كانی حیزبه‌كانی خۆیاندا به‌ش به‌ش بكه‌ن به‌ڵام وه‌كو هه‌موو به‌ڕاستیش بینیمان ئه‌م چواره‌ وه‌كو كاكه‌ لاوه‌ند بۆی باس كردووین هه‌موو گۆشته‌كه‌ بۆ خۆیان ده‌خۆن وبه‌شی كه‌سی تری لێناده‌ن بۆیه‌ پشیله‌كان له‌و حیواره‌ جوانه‌دا كه‌ كاكه‌ لاوه‌ند ده‌ریهیناوه‌ كاك مه‌سعود باس له‌ وه‌ ده‌كات ئه‌و خۆی نییه‌ به‌ته‌نهاو نوێنه‌ری هه‌زار پیاوی عه‌شیره‌ته‌كه‌یه‌تی و بۆیه‌ مامه‌ پێی ده‌ڵێ ده‌زانم تۆ گه‌نده‌ڵی و به‌شه‌كانی ئه‌وان ناده‌ی كه‌ له‌ حیواری پشیله‌ی دووه‌مدا هاتووه‌ .
تا ئێره‌ی حیواره‌كه‌ بۆ من زۆر ئاسان بوو تیبگه‌م به‌ڵام له‌ حیواری پسیله‌ی سێیه‌م و چواره‌مدا نه‌مزانی كامیان نێچیره‌و كامیان به‌رهه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حیواره‌كه‌ بۆ هه‌ردوكیان ده‌گونجاو هه‌ردوكیان گرنگ تێربوونی خۆیانه‌و به‌س به‌ڵئم خۆزگه‌ كاكه‌ لاوه‌ند پێی ده‌وتین پشیله‌ی سێیه‌م كامیانه‌ چواره‌م خۆمان ده‌مانزانی.
به‌ڕێزان له‌ كوردستان پۆست ده‌زانم كاته‌كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ و كاتی ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ نیه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به گونجاوتان بینی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ ئه‌وا بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ و من مه‌منوون. ‌
له‌ خواره‌وه‌ نووسینه‌كه‌ی لاوه‌ندیشم بۆ كۆپی كردوون ئه‌گه‌ر كاتتان هه‌بوو بیخویننه‌وه‌
چوار پشیله‌ ... لاوه‌ند نه‌وزاد

لاوه‌ند نه‌وزاد 2011-03-31 10:52:26
به‌رخێکی سه‌ربڕاو و که‌وڵکراو، له‌حه‌وشه‌ی ماڵێکدا جێ ھێڵرا بوو، دیار نه‌بوو ھۆکه‌ی چییه‌، له‌وه‌ ده‌چوو ماڵه‌که‌ کاره‌ساتێکیان لێ قه‌ومابێت و گۆشته‌که‌ی له‌بیر بردبنه‌وه‌، ده‌یان پشیله‌ له‌و ماڵه‌ کۆبووبوونه‌وه‌و له‌سه‌ر دابه‌شکردنی گۆشته‌که‌ شه‌ڕیان بوو، میاو میاوی پشیله‌کان، منداڵانی ھه‌موو گه‌ڕه‌که‌که‌ی ترساندبوو..
له‌ھه‌ر گه‌ڕه‌کێکه‌وه‌ ده‌یان پشیله‌ی برسی و لاواز، به‌ڵام ئاماده‌ بۆ شه‌ڕی مان و نه‌مان ھاتبوون، بۆنی گۆشته‌که‌ شێتی کردبوون، چونکه‌ ئه‌و پشیلانه‌ ده‌مێک بوو ئێسقانیشیان نه‌بینیبوو، نه‌ک گۆشت.
پشیله‌ برسییه‌کان ده‌یانزانی گۆشته‌که‌ زۆره‌و به‌ئیسراحه‌ت به‌شی ھه‌موویان ئه‌کات، به‌ڵام سیقه‌یان به‌وه‌زعه‌که‌ نه‌بوو، بۆیه‌ له‌وه‌ تۆقیبوون به‌شه‌که‌یان بخورێت و به‌ده‌ست به‌تاڵی و سکی خاڵی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ھه‌واری خاڵی... ئه‌وان ده‌یانزانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌وه‌ ئاسانتر نییه‌ پشیله‌یه‌کی ددان تیژو ده‌ست رۆیشتوو مافی یه‌کێکی داماو بخوات، ئه‌وان ده‌یانزانی چاره‌نووسی نیشتمانی پشیله‌کان به‌ھۆی ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ که‌وتۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت بڕوایان به‌و پشیلانه‌ش نه‌مابوو که‌ به‌حساب تاسه‌ر ئێسقان به‌رگریی له‌مافی چه‌وساوه‌کان ده‌که‌ن، چونکه‌ ئه‌وانیش ھه‌مووجارێک گۆشته‌که‌یان ئه‌خواردو ئێسقانه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌گرت، ئینجا به‌پشیله‌ داماوه‌کانیان ئه‌وت: تا سه‌ر ئه‌م ئێسقانه‌ به‌رگری له‌مافه‌کانتان ئه‌که‌ین!
له‌پڕ چوار پێنج پشیله‌ بووه‌ شه‌ڕیان، یه‌کێکیان به‌ڕاکردن چووه‌ ژێر سه‌یاره‌یه‌که‌وه‌و خۆی شارده‌وه‌، شانی بریندار ببوو، منداڵی خاوه‌ن سه‌یاره‌که‌ له‌ترسا قیژه‌یه‌کی لێداو ده‌ستی کرد به‌گریان. یه‌کێک له‌پشیله‌کان له‌و کاته‌دا ھاواری کرد، ئاخر گۆشت خواردن له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌داله‌ت وا نابێت، خۆ نابێ ئێمه‌ش وه‌کو پشیله‌ خراپه‌کان بکه‌ین، ئێ دیاریشه‌ دان و ستان له‌نێوان سه‌د پشیله‌ی برسیدا ئاسان نییه‌، بۆیه‌ ئه‌بێ ھه‌ر گه‌ڕه‌کێک نوێنه‌رێک ھه‌ڵبژێرێت تابه‌رگری له‌به‌شی پشیله‌کانی گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆی بکات، ئیتر ئه‌م ھه‌ڵڵایه‌ بۆچی؟
پشیله‌کانی تر سه‌ری ره‌زامه‌ندییان بۆ له‌قاند، بۆیه‌ دوای مشتومڕێکی زۆر، ھه‌ر گه‌ڕه‌کێک پشیله‌یه‌کی دڵسۆزی کرده‌ نوێنه‌ری خۆی تا به‌شه‌ گۆشتی گه‌ڕه‌که‌که‌ وه‌رگرێت.
دوای دیارکردنی نوێنه‌ره‌ دڵسۆزه‌کان، پشیله‌ برسییه‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆیان و له‌چاوه‌ڕوانی ژه‌مێکی چه‌ورو تێروپڕدا، ھه‌ندێکیان لێی خه‌وتن و ھه‌ندیکیشیان ده‌ستیان کرد به‌گۆرانی وتن، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا بوو که‌ چوار پشیله‌ دڵسۆزه‌که‌ ده‌ستیان کردبوو به‌ وتووێژ:
-پشیله‌ی یه‌که‌م دوای میاوێکی به‌ھێز وتی: من به‌ته‌نھا نیم و نوێنه‌ری پشیله‌کانی گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆمانم ، ئه‌بێ به‌شی ھه‌موویان ببه‌م.. به‌شی ئه‌وان ئه‌مانه‌ته‌ له‌ئه‌ستۆی من.. میاو.
-پشیله‌ی دووه‌م وتی: میااااووو، ھه‌رچه‌نده‌ ئه‌زانم تۆ پشیله‌یه‌کی گه‌نده‌ڵی و به‌شه‌که‌یان ناده‌یتێ، به‌ڵام ئه‌بێ من زیاتر ببه‌م، چونکه‌ ژماره‌ی پشیله‌کانی گه‌ڕه‌کی ئێمه‌ زۆر زیاتره‌.
-پشیله‌ی سێیه‌م وتی: میاو میاوووو، من که‌س ناناسم، من ته‌نھا پشیله‌ خاوه‌ن مافه‌ ره‌واکانی خۆم ئه‌ناسم، کاکه‌ گوناحن و پێویستیان به‌گۆشته‌، ئاخر پیشله‌ن ئه‌وانه‌ خۆ چۆله‌که‌ نین تا به‌دانه‌وێڵه‌ بژین، به‌شه‌که‌یانم به‌ته‌واوی نه‌ده‌نێ، ئه‌یترشێنم.. میییییییاوووو.
-پشیله‌ی چواره‌م، له‌وانی دیکه‌ موسه‌قه‌ف تر دیار بوو، به‌فیزێکه‌وه‌ ھاته‌ پێشه‌وه‌و وتی: ئحم ئحم میاو، براده‌ران ھه‌ڤاڵان ھاوڕێیان برایان، ئێمه‌ ھه‌موومان پشیله‌ین و ھه‌موومان گۆشت خۆرین، ئێ خۆ ئه‌و موناقه‌شه‌یه‌ له‌به‌یانییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و ئێستاش وانیوه‌ڕۆیه‌، برسیمانه‌، وه‌رن باجارێ خۆمان شتێک بخۆین، که‌ لێ بووینه‌وه‌ کێشه‌مان نابێت، گۆشته‌که‌ خۆی به‌شی ١٠٠ پشیله‌ ده‌کات... ئحم ئحم میاو.
سێ پشیله‌که‌ی تر به‌م قسانه‌ ھێور بوونه‌وه‌و دانیشتن، ورده‌ ورده‌ ده‌ستیان کرد به‌گۆشت خواردن، ناوه‌ ناوه‌ سوعبه‌تیشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئه‌کردو یادگاریی خۆشیان ئه‌گێڕایه‌وه‌، که‌ چۆن کاتی خۆی له‌دژی سه‌گه‌ داگیرکه‌ره‌کاندا خه‌باتیان کردووه‌و ئه‌م ئازادییه‌یان بۆ پشیله‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانیان دروست کردووه‌... یه‌کێکیان وتی:
ھه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ھه‌موومان پشیله‌ین، به‌ڵام پێتان ناخۆش نه‌بێت که‌ بڵێم خه‌ڵک ناھه‌قی نییه‌ که‌ ده‌ڵێ پشیله‌ سپڵه‌یه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر سپڵه‌ نه‌بن، چۆن ئه‌و ھه‌موو خه‌باته‌ی ئێمه‌ نادیده‌ ئه‌گرن، ئێمه‌ بووین ئه‌و ئازادییه‌مان به‌دی ھێنا!
ده‌می ھه‌ر چواریان پڕ بوو له‌گۆشت، به‌ڵام به‌یه‌ک ده‌نگ ئه‌یانوت:
میو میو میو میاااااااو
می می می میییییییاو
ماماماما میاو ماوووو
ئه‌م به‌زمه‌ تا نیوه‌ی شه‌و به‌رده‌وام بوو، به‌چوار پشیله‌ گۆشتی ١٠٠ پشیله‌ برسییه‌که‌یان خوارد، بۆیه‌ ھه‌موویان ئاوسا بوون و به‌شه‌له‌ شه‌ل و ده‌ستی به‌تاڵ چوونه‌وه‌ گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆیان. له‌ھه‌ر گه‌ڕه‌کێکیشدا ٢٠ تا ٢٥ پشیله‌ی برسی چاوه‌ڕوان بوون، به‌ڵام که‌ له‌پشیله‌کانی نوێنه‌ریان پرسی: کوا گۆشته‌که‌؟
ھه‌موویان یه‌ک وه‌ڵامیان دایه‌وه‌:
خاوه‌ن ماڵ ھاته‌وه‌و ئێمه‌ش رامانکرد.. خه‌ریک بوو به‌ھۆی به‌شه‌ گۆشتی ئێوه‌وه‌، تیابچین.. ھه‌ی بێ عه‌قڵینه‌!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە