دۆسییەى كەركوك (1)- ئەوانەى ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن، ئاژاوەچی نین!!
Monday, 16/08/2010, 12:00
بە ئاڵۆزبوونی رەوشی كەركوك لە خەراپەوە بۆ خەراپتر، ماوەیەكە جەماوەری شاری كەركوك، زۆر بەتایبەتیش خەڵكی گەڕەكەكانی شۆڕیجەو رەحیماوەو فەیلەق و چەند شوێنێكی دیكەی شارو قەزای چەمچەماڵ و شارۆچكەی پردێ، لە ئەنجامی بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسان بۆ دابینكردنی مافە سەرەتاییەكانى وەكو كارەباو ئاوو...تاد. خەڵكی ئەو گەڕەكانە پەنایان بردە بەر خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین.
بەداخەوە خۆپیشاندانەكان جۆرە شپرزەیی و بێ بەرنامەیی و پەرشوبڵاویی پێوەدیارەو هەندێجاریش بەهاتنەناوەوەی هەندێ كەس دۆخی خۆپیشاندانەكان كەشێكی نائاسایی و نایاسایی وەردەگرێت و بەرگێكی ناشرینی گێرەشێوێنی بەبەر ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی خەڵكدا دەكات، كە ئەمەیان پێویستە بۆ لەمەودوا رێگەی لێبگیرێت و ئەو لیژنانەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكەن، لێنەگەڕین جڵەوی ناڕەزاییەتییەكانیان لەدەست بچێت و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان مۆركێكی ناحەزانەی پێوەدیار بێت و پاساو بداتە دەستی دەسەڵات، بەوەی كە ئەوانەی ناڕەزایی دەردەبڕن و خۆپیشاندان دەكەن، گوایە تێكدەرو ئاژاوەچی و دەستی دەرەكین!!
ئەوانەی لەم چەند رۆژەی رابردوو لە كەركوكدا رژانە سەرشەقامەكان و راشكاوانە داوای سەرەتاییترین مافە خزمەتگوزارییەكانیان كرد كە ئەویش كەمی كارەباو ئاوە، خیانەت و تاوانێكی گەورەیە ئەوانە بە ئاژاوەچی و تێكدەرو دەستی دەرەكی و كۆمەڵێك تۆمەتی دیكە تاوانبار بكرێن، چونكە ئەو بارودۆخەی كە هەر لەدوای نەمانی بەعسەوە شاری كەركوك و شوێنەكانی دیكەی پێدا تێدەپەڕیت، بارودۆخێكە هەرگیز بەرگەی دواخستن و چارەسەر نەكردن ناگرێت، كورد وتەنی: (جام پڕ بوو لێی دەڕژێت).
هۆكاری سەرەكی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییانەش، گەندەڵی و كەمتەرخەمی و بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی شارە بۆ دابینكردنی كەموكووڕی و پێداویستییە سەرەتاییەكانی خەڵك. ئێستا لە كەركوكدا پرسیاری كەموكووڕی و كەمتەرخەی بەرپرسانی شار لە هەر تاكێكی كەركوكی بكەیت، نەك تەنها كورد، بەڵكو سەرجەم نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكەی شارەكە، زۆر راشكاوانە دەنگ هەڵدەبڕێت و باسی گەندەڵی و مشەخۆری و پاشاگەردانی دۆخی شارو بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی شار دەكات.
لێرەدا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت، ئەویش ئەوەیە: بۆچى تەنها كوردەكانی كەركوك ناڕەزایی دەردەبڕن و پێكهاتەو نەتەوەكانی دیكە تێكەڵی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە نابن؟، ئایا ئەوانیش هەمان كێشەیان نییە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، رەوتی رووداوەكان و بەهەڵواسراوەیی پرسی كەركوك كە لە ئێستادا زیاتر خۆی لە جێبەجێكردنی مادەی 140 دەبینێتەوە، كوردانی كەركوكی، بەتایبەتیش ئەو ئاوارانەى بە گەڕانەوەیان بۆ شارەكە، جارێكیتر خۆیان ئاوارە كردەوە، بەو ئومێدەی لە كەشێكی ئارام و ژیانێكی ئاسوودەدا بژین، هەرهەموو ئەمانە ئەو خەڵكەی تووشی نائارامییەكی دەروونی و دڵەڕاوكێیەكی بەردەوام كردووە و هیچ ئاسۆیەكی روونیش بۆ رزگاربوون لەو دۆخە ترسناكە بەدیناكرێت.
ئەمە لایەكی رەوشەكەیە، لایەكەی دیكە: كەمتەرخەمی و خۆدەوڵەمەندكردنی زۆربەى هەرەزۆرى بەرپرسانی شارو دوورەپەڕێزی و بێئاگاییان لە باروگوزەرانی خەڵكی شار، چونكە هەر بەرپرسەو ئەگەر هێڵی كارەبای فوولی نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە (موەلیدە)یەكی گەورەی كارەبا لەبەردەمی ماڵەكەی، یان لەناو پارچە زەوییە چۆڵەكەی تەنیشتی ماڵەكەیدا هەیەو هەر كە كارەبا بڕا، ئیدی ئەو بێ كارەبا نییەو گڕەگڕی دەنگی موەلیدەكەش لەولاوە بوەستێ، جا ئەم دیمەنانەو چەندان دیمەنی گەندەڵی دیكەی زۆربەی بەرپرسانی شار وایان لە خەڵكی كردووە برژێنە سەرشەقامەكان و داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان بكەن.
لێ ئەو مافەش بە كەس نادرێت، هەرزەكارانە پەلاماری پەرژینی باخچەو تابلۆی پرۆژەو وێنەو پەیكەری شەهیدان بدات و رق و تووڕەیی خۆیانیان پێ بەتاڵ بكەنەوە. دیاردەی تایە سووتاندن و هاتنەكایەی رەوشێك كە لە ئاژاوە بچێ، بەدڵنیاییەوە وەكو پێشتر ئاماژەم پێیدا، لە لاوازی و كەم ئەزموونی ئەو لیژنانەوەیە كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكەن.
جارێكی دیكەش جێگەی داخە دەسەڵات بەچاوی تێكدان و گێرەشێوێنیی لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵك بڕوانێت و لە خوێندنەوەی خۆپیشاندانەكاندا درك بە رەوایەتیی ناوەڕۆكی ناڕەزاییەتییەكان نەكات و قامكی تۆمەت و ئاژاوەگێڕی بۆ خەڵكی ناڕازیی رابدێرێت، یان پەلاماری رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران بدات و كامیراو پێداویستییەكانی دیكەى كارەكەیان وردوخاش و زەوت بكات.
بۆیە پێویستەو دەبێ بەرپرسان و دەسەڵاتی شار وردترو دوور لە خۆبەستنەوە بە كورسیی دەسەڵاتەكانیانەوە لەو ناڕەزایەتییانەى جەماوەر بڕوانن و بەدەنگیانەوەش بچن و قەتوقەتیش بەچاوی گێرەشێوێنی لێیان نەڕوانرێت، چونكە داواكانیان رەوایەو مافیش هەر دەسەنرێت، ئەگەرنا دیكتاتۆرێكی وەكو سەدام دوای زیاتر لە 35 ساڵی حوكمڕانی، وەكو شێرەبەفرینە توایەوەو كرایە پەندی مێژوو و فڕێدرایە قێزەونترین زبڵدانی مێژووەوە.
كەركوك و دەوروبەری پێویستی بە بەرپرسانی دڵسۆزو خەمخۆرو بوێرە، بێدەنگی و خۆدوورەپەرێزگرتن و خۆبەستنەوە بە كورسی دەسەڵاتەوە سەری كورسی و خاوەن كورسییەكانیش دەخوات.
16/8/2010
كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست