ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرە ئازادیخوازەكان مردوو پەرستن
Sunday, 09/05/2010, 12:00
(باكم چییەئەگەر تاجێكم لە سەر نییە، خۆ پێنووسێكی پاك و پیرۆزم بە دەستەوەیە لە هیچ دەسەڵاتێك ناترسێت)
ڤۆڵتێر
تاكو نەكوژرێیت لەم وڵاتەدا كەس باوەڕت پێ ناكات، سەردەشت عوسمان لە دوو ڕۆژ پێش كوشتنەكەیەوە ڕفێندرابوو، سەیرە كاتێك سەردەشت زیندووە كەس هەڵوێستێكی نەبوو؟ بۆئەوەی بە زیندووی بگەڕێتەوە نێو باوشی ماڵكەی، كاتێك سەردەشت شەهید دەكرێت ئەوسا ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی ئازد بە شان و باڵی تەرمەكەیدا هەڵ دەدەن. ئەمە درێژەی ئەو كەلتورە سەقتەییە كە بەدرێژایی مێژوو كۆمەڵگەی كوردی پاش مردنی مرۆڤێك ئوجار دەیكەنە پاڵەوان و فرمیسكی تیمساحی بۆ دەڕێژن، مرۆڤ تاكو زیندووە ڕێزی لێ ناگیرێت و كەس بە هانیاوە ناچێت.
من كە خۆم یەكێكم لە ژێر چنگی گرۆپە مەرگ چێنەكانی یەكێتی نیشتمانی ڕزگارم بوو، ئەوەتا ئەوانەی كە ویستیان تیرۆرم بكەن زۆر بێ شەرمانە دادگا ئازادی كردوەو بۆ خۆی دەسوڕێتەوە، لەم ماوەیەدا زۆر شتم بۆ ئاشكرابوو، یەكێك لەوانە بێ هەڵوێستی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد كە هیچ هەڵوێستێكی جدیان نەبوو. تەنها چەند هاوڕێیەكی ڕۆژنامەنووسی ئازاد كە بە پەنجەی دەست دەژمێرێن هەڵوێستیان هەبوو.
بە درێژی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو بنەماڵەكەم هەزاران خەڵكی لە پێناوی ئازادیدا بوونەتە قوربانی و شەهید ، نەك بۆ ئەوەی كە دوو دیكتاتۆری كوردی درووست بێت و خوێن مژەكانی دووێنێی سەردەمی بەعس و چەند وەحشیگەرێكی دووێنێی شاخ بێن حكومان بكەن و تیرۆرمان بكەن.
لەم ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كە لە سایتی كوردستانپۆست دەنووسم دژی ئەم دەسەڵاتە، تەنها لە بەر ئەوەیە كە گەلەكەم بە ئازادی بژێت و حكومەتی موئەسەساتی درووست بێت و ئەم باندە مافیایانەی یەكێتی و پارتی نەمێنن لە دەسەڵات و دیواری ترس بشكێنین، كە بوونەتە مۆتەكە بەسەر زۆری كۆمەڵگەی كوردییەوە. بەڵام لە دوای ڕزگاربوونم لە تیرۆر كردنم زۆر بێزاربووم لە ڕۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ئازادی باشوری كوردستان، كە ئەمانیش بازرگانی بە خوێنی ئێمەوە دەكەن، چۆن بازرگانیان كرد بە گۆڕی شەهید شۆرانی مامە حەمەوە و خەڵاتێكی بێ مانیان دابە كۆمەڵێك مافییای دەسەڵات، زۆریش دڵنیام سەردەشت عوسمانیش دەبێتە كارتێكی بانكی بەدەست كۆمەڵێك خەڵكی ترەوە بازرگانی پێەوە دەكەن.
من كاتی خۆی لە سایتی كوردستانپۆست بێمنەتی خۆم ڕاگەیاند كە دەسەڵات بێن نیو بوتڵ خوێنم تێدایە بیڕێژن، بەڵام ئیستا لە خۆم دەپرسم ئایە ڕشتنی خوێنی ئیمەیەل دەبێتە داری ئازادی و خەڵك لە بەر سێبەرەكەی دحەسێتەوە؟ یان دەسەڵاتێكی تر بەرهەم دێنێ بۆ سەركووتكردنی خەڵكی كوردستان؟.
ئەم ماوەیە بۆم دەركەوت كە مرۆڤ لەم وڵاتەی ئێمەدا هیچ ڕێزێكی نییە، لە كاتی هەوڵی تیرۆركردنەكەم كەناڵی knn بە هیچ شێوەیەك هەواڵەكەی باس نەكرد بە ئێستاشەوە، ئاخر چۆن دڵم خۆش بێت كەناڵێكی ئۆپۆزسوێن بەو شێوەیە كار دەكات بە میزاجی شەخسی، تەنانەت كاتێك بە كارمەندێكی ئەو كەناڵەم وت ئەرێ بۆچی بڵاوتان نەكردەوە وتی ئێمە شتی جوێندان بڵاو ناكەینەوە!!! لە دانەیەكی ترم پرسی ئەویش وتی لەبەر ئەوە بڵاومان نەكردووەتەوە، چونكە ڕێكەوتن هەیە لە بەین گۆڕان یەكێتی ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو نەكەینەوە!! ئەمە كەناڵی ئۆپۆزسوێنە وادەڵێت ئتر چۆن بێین گلەی لە قۆنەرە هەڵگرەكانی یەكێتی و پارتی بگرین. كەناڵی ڕۆژ تڤی و نەورۆز تیڤی چەندین جار لەسەر حەسابی خۆم ئیشم بۆ كردن و هەواڵم بۆ ناردن، جگە لەوەش چەندین جار خۆپیشاندان وئیمزام كۆكردووەتەوە دژی داخستنی ڕۆژ تیڤی و هاتنی سوپای تورك بۆ ناو خاكی كوردستان و داخستنی دە تەپە، كەچی ئەم دوو كەناڵە نقەیان لێوە نەهات و بە هیچ شێوەیەك باسیان نەكرد!! بەڕاستی ئەم هەموو كەناڵە باس لە ئازادی دەكەن، كەچی بۆ ئەو ڕوداوەی من بێ دەنگ بوون؟ زۆرم لە دڵ دایە بەرامبەر بە ئەو كەسانەی لاف و گەزافی ئازادی خوازی لێدەدەن، كەچی لە ئەسڵدا بەس ئازادی خواز نین.
هەرگیز سڵ لە مردنێك ناكەمەوە كە دەزانم هەر دەبێت بمرم، بەڵام ئەوەی ئازارم دەدات درۆو دەلەسەی قەڵەم بەدەستانی بەناو ئازادی خوازە، سەدان جار وەتوومە و ئەیڵێم. هەرگیز گلەی لە سندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی سەر بە یەكێتی و پارتی ناكەم، لەبەر ئەوەی ئیشی ئەوانە پارە پەیداكردن و پیاهەڵدانی سەرانی بێ سەری حیزبەكانیانە.
تكایە بەسە كەس فرمێسكی تیمساحی با نەڕێژێت بۆ شەهید سۆران مامە حەمە و سەردەست عوسمان، لە ئێستاوە وەسێت بێت ئەگەر كوژرام تكایە باكەس باسم نەكات و فرمێسكی درۆینە بڕێژێت. چونكە بۆم دەركەوت ئێوە مردوو پەرستن، نەك مرۆڤ دۆست.
ڕەنگە ئێستا هەندیەك خەڵكی كاڵ فام كە ناوێرن ناوی مەسعود و جەلال بێنن هەبێت، بڵێن: ئەم كابراش ئیەوێت خۆی بێنێتە ناو باسانەوە، نەخێر نامەوێت هەرگیز خەڵكی مردوو پەرست ناوم بهێنن و باسم بكەن، چونكە ئەم ماوەیە باشترین تاقیكردنەوە بوو بۆ من. باش بوو لە لێواری مەرگ گەڕامەوە، ئەم هەموو مردوو پەرستەم بۆ تاقی بویەوە كە چ جۆر ئازادی خوازێكن. ئەوەش باش ئاشكرابوو كە ناو هێنانی سۆرانی مامە حەمە تەنها بازرگانیكرنەوە بەس.
قسەی من لەسەر ئەوەیە كە دەبێت پێش مردنی ڕۆژنامەنووسان هەڵوێستی جدی هەبێت، نەك پاش شەهیدبوون.
لە كۆتایدا هەزاران دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی قەڵەمی ئازادی سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان شەهیدانی تری ڕێگای ئازادی و یەكسانی. بە هیوام ڕۆژێك دابێت تیرۆرستە مەرگ چێنەكانی یەكێتی و پارتی و سەرۆكەكانیان بە سەزای ڕەوای خۆیان بگەن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست