کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


کوبانێ (کوردگراد) دەبێت بکەوێت

Saturday, 11/10/2014, 12:00

2313 بینراوە


بە سادە و ساکاری سیاسەتمەدارانی کوردی ڕۆژئاوا و باکوور نەبێت، سیاسەتمەدارێک نادۆزیتەوە کە لەگەڵ کەوتنی کوبانیدا نەبێت. ماوەی مانگێکە سەربڕەکانی داعش لە سێ قۆڵەوە و بە هەموو چەک و جبەخانەیەکی سەربازییەوە بەردەوامن لە هەوڵی داگیرکردنی ئەو شارە قارەمانەدا، بەڵام کەسێکت گوێ لێنابێت کە لێدوانێک بدات بۆنی ئەوەی لێنەیەت کە چاوەڕوانی کەوتنی کوبانێ نەکات. ئەوەتا هەر لە سەرۆکە ڕەش پێستەکەوە تا سەرۆکەکانی ئەوروپا ، لێپرسراوی ناتۆ و تەنانەت سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستانیش وا قسە دەکەن کە ناتوانن هاوکاری بکەن یاخود وا باس دەکەن کە گورزی ئاسمانی بەس نییە بۆ ڕێگری لە داگیرکردنی ئەو شارە.
سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک لە چاوەڕوانییەکی بێ ئۆقرەدان تا خەونی داگیرکردنی کوبانێیان بێتە دی. ئەوەتا ئەو دوو سیاسەتمەدارەی تورک بە ڕادەیەک کاریان کردۆتە سەر سیاسەتمەدارنی ئەڵمانیا بە تایبەتی و ئەوروپا و تەنەنات ئەمریکاش بە گفشتی، بەو پێێەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدایە، کە دەستەوستان بەرانبەر بەو کوشت و بڕییەی چاوەڕیی خەڵکی کوبانێ دەکات، بووەستن.
سیاسەتی ئەمریکا و ئەوروپا تەواو دوو فاقە، ئەوەتا لە ئێراقدا تەنها بۆردومانی ئاسمانی دەکەن و بە ئاشکرا ووتوویانە و دەیڵێن کە هێزی ووشکانی و پیادە نانێرن، کەچی لە کوبانێ چونکە بیانوویان هەیە، دەبێژن کە تەنها گورزی ئاسمانی بەس نییە بۆ ڕێگری لە داگیرکردنی کوبانێ لە لایەن سەربڕەکانی داعشەوە.
ئەوەشی کە پەیوەندی بە سیاسەتی هەرێمی کوردستانەوە، یان باشتر بڵێین بە سیاسەتی حیزبەکانی هەرێمەوە هەیە، چونکە لە هەرێم حیزب بڕیاردەرە نەک حکومەت و سەرۆکەیاتی هەرێم، خۆی لە چوارچیوەی بەیاننامەی شەرمن و بێ کردداردا و خۆی لە موزایەدەی سیاسیدا دەبینێتەوە.
/ سەرۆکایەتی هه رێم کە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە یان باشتر بڵێن هێزی پاسەوانانی هەرێمە (بەپێی دەستوری ئێراق کە هەمیشە بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن) تەنها ئەوانە دووبارە دەکەنەوە کە ناتوانن هاوکاری بکەن لەبەر هۆکاری جوگرافی.
لێرەدا دەکرێت بپرسین، ئەگەر جوگرافیای کوبانێ ئێستا وایە کە نەتوانن هاوکاری ڕاستەوخۆ بگەیەنن، ئەوا دەکرا کارتی ئابووری (هەڵپەساردنی کڕینی بەرهەمە تورکییەکان) لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک بەکاربهێنن یاخود لە ڕووی سەربازییەوە هێزی پێشمەرگەتان بناردایە بۆ ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان تا ئەو جێێەی واتە تا ئەو قۆڵەی کە بەدەست سەربڕەکانی داعشەوەیە، ئەوسا لەوێوە بە تۆپ و ڕاکێت مۆڵگە و چەک و جبەخانەی داعشیان بکووتایە و هاوکات بەرەیەکی شەڕی تازەیان بۆ دەکردنەوە کە لانی کەم هێرشی قۆڵێکیان لاواز دەکرد، ئەگەر نەیانوەستاندایە.
لەڕووی دیپلۆماتییەوە دەبوایە سەرۆکایەتی هەرێم، چاوەڕوانی ئەوە نەبوایە کە ئاخۆ کام وەزیری دەرەوە تەلەفۆنی بۆ دەکات تا قسە لەسەر کوبانێ بکەن، بەڵکە دەبوایە سەرۆکی هەرێم دەستبەجێ گەشتێکی ئەوروپی و ئەمریکی دەست پێبکردایە بەمەبەسەتی دابین کردنی هاوکاری سەربازی و مرۆیی. لە دنیای سیاسەتدا کەی کێشەیەک بەرۆک دەگرێت، ئەوسا ئیتر سیاسەتمەداری ئەو ووڵاتە جا ئایا سەرۆک بێت یان وەزیری دەرەوە دەست دەکات بە پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردان.
لێرەدا پرسیار ئەمەیە، ئەگەر جوگرافیای کوبانێ رێگربووە لە گەیاندنی هاوکاری، ئەی کەواتە ڕێگر چی بووە لەبەردەم سازنەدانی گەشتی ئەوروپی، بەتایبەتی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا و ووڵاتانی ئەوروپا؟ لێرەدا تەنها خەم ساردی ، ڕەچاوکردنی ویست و خواستی دەوڵەتی تورک و لێکدانەوەی سیاسی حیزبی هۆکاربوون بۆ سازنەدانی ئەوە سەردانانە.
لێرەوە گلەییەک ئاراستەی خودی کاک نەوشیروانیش دەکەم، کە بەڕێزیشی بە هەمان شێوە بێدەنگی هەڵبژاردووە. کەی ئێراق بکەوێتە ئەزمەوە پێویستیان بە تەنازولی کوردی هەرێم هەبێت، ئەوسا ئیتر گردەکە دەبێتە قیبلە و دەستە دەستە هەر لە سیاسەتمەدرانانی ئێراقەوە تا دەگاتە وەزیری ئەمریکا و دەوڵەتانی تر سەردانی بەڕێزی دەکەن، لە میدیاکاندا دە شانازییەوە باس دەکرێن. لێرەدا گلەییەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوە بۆ کوبانی ماوەی یوک مانگە لەو ئەزمە مرۆییەدایە، بەڵام بەڕێز کاک نەوشیروان مەکۆکەی جێنەهێشت. دەکرا بەڕێزیشی دەستی بە سەردانی ئەمریکا، ئەوروپا بکردایە، تەنانەت دەیتوانی لە پەرلەمانی یەکیتی ئەووپا ووتەیەکی پێشکەش بکردایە و بە فەرمی داوای هاوکاری سەربازی ئەوروپی و ناتۆ بکردایە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ بەڕێزی ئەو کارەی نەکرد؟ ئەوا ئەوە جێ دەهێڵین بۆ خۆی.
ڕاستییەک هەیە دەبێت لای هەموان ئاشکرا بێت، کە کەوتنی کوبانێ کارەساتی مرۆیی و شکستی نەتەوەیی بۆ کورد لێدەکەوێتەوە، کە یەک بەیەک سیاسەت مەدارانی هەرێم لەپیش هەموویانەوە و یەک بەیەکی سیاسەتمەدارانی زلهێزەکان و دەوڵەتانی تری ئەوروپی و جیهان لێی بەرپرسیارن و گوناهەکەی و لێپرسراوییەکەی لە ئەستۆی یەک بەیەکیاندایە، چونکە یەک بەیەکیان تەنها تەماشاکەرن و چاوەڕێی کەوتنی کوبانێ دەکەن.
بە کەوتنی کوبانێ براوەی یەکەم و کۆتا دەوڵەتی تورکە.
- دەرکەوتنی ڕٶڵی دەوڵەتی تورک و دابڕینی باکور و خۆرئاوا لەیەک، هەر لە درووست کردنی دیوار و ناوچەی دژە فڕین و بڵاوە پێکردنی هێزی سەربازی و دەست تێوەردانی سەربازی، تەنانەت چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە سوپای تورک تانها بچێتە ناو سێ کانتۆنەکەوە، بەواتایەکی دی تەنها ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە . / دوای کەوتنی کوبانی نۆرەی دوو کانتۆنەکەی تر دێت.
- کانتۆنەکان دەبنە ڕابردوو و جارێکی تر درووست کردنەوەیان دەبێتە مەحاڵ.
- تواندنەوەی ئۆپۆزسیۆمی کورد لە سوریا لەناو ئۆپۆزیسۆنی سوریادا،تاڕۆڵی نەمێنێت و باس ببێت بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا،هەروەکو چۆن لە ئێراقدا تەنها ئەوە وێردی سەری زمانە. دیارە سەقەت سیاسەت کردنی هەرێمە کە یەکپارچەیی ئێراقی پاراستووە، کە ئاکام هەر بەسەر خۆیدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە..
- کەوتنی کوبانێ مانای چۆڵکردنی کانتۆنێکە لە دانیشتوانەکەی کە کوردن ، هاوکات مانای تا دوا فیشەک خەباتکردنی شەڕڤانانە، واتە کاتێک کوبانێ دەکەوێت، ئەوسا ئەوەی کە دەستی تفەنگی گرتووە و ئامادەی ڕۆح بەخشین بووە، گیانی بەخشیوە ، بەواتایەکی تر دەوڵەتی تورک هەموو ئەوانەی کە ساڵەهای ساڵە یەپەگە و یەپەژە پەروەردەی کردوون بۆ قوربانیدان لەژیاندا نامێنن و ئەوسا تا جارێکی تر ئەو ڕۆحە، لای خەڵکانی تر درووست دەکرێتەوە زۆر ئاستەم دەبێت.
- کەوتنی کوبانێ، مانای نەمانی شەڕڤانانە لە ناو شارەکەدا، ئەوسا مانای تەختبوونی ڕێگایە تا سەربڕەکانی داعش بەرەو ئەو سنوورە بڕۆن کە سوپای دەوڵەتی تورک دایخستووە، بەواتایەکی تر کارەساتێکی مرۆیی وا پڕ تەراجیدیای لێدەکەوێتەوە، کە زمان لە گۆ بخات چونکە ئەو خەڵکە مەدەنییە لەو سەر سنوورەن و گیریان خواردووە. لایەک سوپای تورک ناهێڵێ بچنە ئەو دیو سنوور و لایەک سەربڕەکانی داعشیش لە پشتەوە دێن. لێرەدا گومانێکم هەیە لەو بڕیارەی کە ناهێڵن چیتر ڕاگەیاندی داعش پروپاگەندەکانی لەسەر ڕووپەلی چەند ماڵپەڕێک بلاو بکاتەوە. بەوەی تەنها بۆ ئەوەبێت، کە ئیتر ئەوروپا و ئەمریکا خۆیان لە و بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی مێژووییە بدزنەوە کە چاوەڕێی ڕوودانی دەکەن.

سیاسەتمەدارانی جیهان چاووڕێن کوبانی بکەوێت، خەمساردییەکایان لەسەرەتاوە لەوەدا بوو، کە لەو باوەڕەدا نەبوون کە شەرڤانانی کون لە جەرگا نەبوو، ئەوەندە بەرگرییەکی سەرسەختانە بکەن، تا کەس نەتوانێت چاوی لێ بنووقێنێت.
لەسەرتاوە میدیای ئەوروپی و ئەمەریکی باسیان لە کوبانێ نەکرد، چونکە لە لێکدانەوەیاندا وابوو کە بە خێرایی وەک شارەکانی موسڵ ،و تکریت و شار و شارۆچکەکان و لادێکان زۆر بەخێرایی دەکەوێتە دەست داعش. دیارە لەو لێکدانەوەیاندا هەڵە دەرچوون، بەوەی قارەمانێتی ئەو شەڕڤانانە جێگەی بۆ خۆ لێدزینەوە نەهێشتەوە، بۆیە ئیتر ناچار بوون باسی بکەن، بەڵام هەمیشە لێدوانێک دەدەن کە بە ئاشکرا بۆنی ئەوەی لێدێت کە دەبێت کوبانێ بکەوێت و نایانەوێت هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بدەن و هانگاوی یەکلاکەرەوە بنێن.
ئومیدەوارم کوبانێ نەکەوێت و ببێتە (کوردگراد) لە مێژووی بەرەنگار بوونەوەدا، بەڵام جێێ داخە سیاسەتەکان وا دەنوێنن کە دەبێت بکەوێت. بیانوو هێنانەوەی ئەمریکا و ئەوروپا بە ئاماژە کردن بۆ کوردی چاک و کوردی خراپ، کە کام کورد دەبێت یاەرمەتی سەربازی بدرێت و کام کورد دەبێت بێبەش بکرێت و تەماشای لەناوبردنی بکرێت، چیتر نییە لە بیانوویەکی هێند بێمان و سیاسەتێکی دوو فاقی وا کە منداڵێکیش لێی تێبگات. کەوتنی کوبانێ ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت، کە لە سیاسەتدا شتێک نییە ناوی مۆراڵ بێت و سیاسەتمەدار لە دوا دڵۆپی بەها مرۆییەکان دا دەچۆڕێت.
سەری بەرز بۆ هەموو ئەوانەی کە بە گیانی پاکیان بەرگریان لە کوبانێ کرد ودەکەن تا کاتی کەوتنی، چونکە بوونە قوربانی سیاسەتی بی مۆڕاڵ. بریا هەر لەسەرتاوە ئەو شارەیان چٶل بکردایە و ئەو سەدان سەدان شەڕڤانە کون لە جەرگا نەبووانە نەبوونایەتە قوربانی و هەر بمانایە بۆ بەرگری کردن لە شەرەفی کوردان.

تێبینی:
کوردگراد لەسەر ریتمی ستالینگراد

ڕزگار بەرزنجی


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)