چوونه‌سه‌ر مانگ، ئامانجی پارته ئیسلامییه‌كانه وه‌ڵامێك بۆ سه‌ركرده‌ی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان
Saturday, 16/04/2011, 12:00
ده‌یانوت یه‌كێك له گه‌رمه‌ی موناقهشهدابوو، ئارگومێنتی گه‌وره گه‌وره‌ی ده‌هێناو ده‌برد، قسه‌ی قه‌ڵه‌و و قه‌به‌ی ده‌كرد، له‌ناكاوێكدا پێشكه‌شكاره‌كه، پرسیارێكی بچووكی له میوانه‌كه‌ی كرد: سیاسه‌ت چییه؟ جه‌نابی میوان قهڵاقوپی كرد‌و چیتری نه‌وت ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت گوتی: ئێمه پێناسه‌ی بابهتهكان ناكه‌ین به‌ڵكو قسه له‌سه‌ر بابهتهكان ده‌كه‌ین، بۆیه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت ناتوانم بده‌مه‌وه.
وشه فڕێدان، خستنه‌ڕووی وشه‌ی باق و بریقی وه‌كو: دیموكراسی، ئازادی، دژه گه‌نده‌ڵی، هه‌ڵبژاردن، دادپه‌روه‌ری.........هتد، به‌بێ تێگه‌یشتن له مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌یان، یه‌كێكه له‌و دیارده زۆر سه‌یرو نه‌شیاوانه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌و ڕۆژهه‌ڵاتیدا بوونیان هه‌یه. بێگومان قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام له‌م وتاره كورته‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر هه‌ندێ قسه‌ی ناواقعی و ناسیاسییانه‌ی هه‌ندێك له به‌ناو سه‌ركرده سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار بدوێم.
یه‌كه‌م، ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌گوترێت: ئامانجی پارته ئیسلامییه‌كان ته‌نها چوونه ده‌سه‌ڵاته. دووه‌م، ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌گوترێت: داخوازی خۆپیشانده‌ران مه‌رامی سیاسی‌یان له‌پشته‌وه‌یه.
پارتی سیاسی چیه؟ بۆچی بوونی هه‌یه؟ چی ده‌بێت بكات و ئامانجی چی بێت؟ ئه‌و پرسیارانه پرسیاری زۆر ساده‌و سه‌ره‌تایین بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێت ئهلف و بێی سیاسی فێر ببێت، بۆیه ئه‌گه‌ر شۆفێری ته‌كسییه‌ك یاخود فه‌ڕاشی قوتابخانه‌یه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه نه‌زانێت تاڕادده‌یه‌كی زۆر شتێكی ئاساییه. ئه‌گه‌ر پاسه‌وانی باره‌گایه‌كی لق و مه‌ڵبه‌ندێك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه نه‌زانێت ئه‌مه‌ش ئاساییه. ئه‌گه‌ر پرسگه‌ی ئه‌و مه‌ڵبه‌ند و لقانه وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌زانن پێده‌چێت ئاسایی بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی ساده‌ی حیزبه‌كان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه نه‌زانن ئه‌مه تاڕادده‌یه‌ك شتێكی نه‌گونجاوه. ئه‌گه‌ر كارگێڕ‌و كه‌سێكی دیاری ناو مه‌ڵبه‌ند و لقێك وه‌ڵامی پرسیاره‌كان نه‌زانن ئه‌وه شتێكی نه‌گونجاوه و جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه. ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتێكی سیاسی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه نه‌زانێت، ئه‌مه دیاره نازانێ چی ئه‌كات و بۆچی كارئه‌كات، ئیتر ئه‌وكاته ئه‌و مرۆڤه ته‌نها ناو ناونیشانێكی له‌سه‌ره نه‌ك ئه‌وه‌ی كادیرێكی پارتێكی سیاسی ڕاسته‌قینه بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتێكی سیاسی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی له‌لا نه‌بێت، ئه‌وه ده‌بێت بچێت له‌مه‌كته‌بی سیاسه‌ت و قوتابخانه‌یه‌كی سیاسی هه‌ندێ بخوێنێته‌وه‌و فیكر بكاته‌وه ئینجا خۆی ناوبنێت به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتێكی سیاسی. له‌لاتان عه‌جایب نه‌بێت له‌م شه‌وانه‌یا یه‌كێك له به‌رپرسه‌كانی ئه‌م پارته سیاسیانه‌ی ئه‌م هه‌رێمه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی له‌لا نه‌بوو، پۆستی ئه‌و برا به‌ڕێزه له هه‌موو ئه‌و پۆستانه باڵاتربوو كه له‌پێشوودا خستمنه‌ڕوو.
ئه‌و ده‌یوت: ئامانجی حیزبه ئیسلامییه‌كان چوونه سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵاته!
لێره‌وه له‌م چه‌ند وشه‌یه‌وه ده‌كرێت هه‌ڵسه‌نگاندێكی ورد بۆ ئاستی ڕۆشنبیری سیاسی ئه‌و به‌ناو سیاسییه بكرێت. ئه‌و به‌رپرسه با له‌كۆنگره‌دا ده‌نگی زۆر به‌ده‌ست بهێنێت، با زۆرباش پیاوی به‌عسی كوشتبێ، با له شه‌ڕی ناوخۆدا كه‌سێكی پاڵه‌وان بووبێت، با كۆمپانیای زه‌به‌لاح و ده‌سه‌ڵاتی زۆری هه‌بێت، ئه‌مانه دادی ئه‌وه نادات كه له سیاسه‌ت ده‌زانێت یاخود نازانێت. سیاسه‌ت له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕی شاخ و له‌ڕێگای كۆمپانیای حیزبیی و كۆبوونه‌وه‌ی داخراوه‌وه فێری نابیت، ئه‌مانه پێده‌چێت هه‌ندێكیان ڕێگای سیاسه‌ت كردن و مامه‌ڵه و چالاكی بن، به‌ڵام سه‌ره‌تاو بنه‌ڕه‌ت و بنه‌ماكان نین.
ئه‌و به‌ڕێزه ئه‌وه نازانێت، یاخود خۆی نابه‌ڵه‌د ده‌كات له‌وه‌ی كه حیزب (پارتی سیاسی) گردبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك هاوڵاتییه بۆ به‌دی هێنانی ئامانجێك و كاركردن له‌ناو كۆمه‌ڵگادا. سیاسه‌ت كردنیش چالاكی جۆراوجۆ له‌خۆی ده‌گرێت و له‌ڕێگه‌یه‌وه ئه‌جێندای حیزب له‌كۆمه‌ڵگادا به‌رپا ده‌كرێت. له‌دواجاردا سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پڕۆسه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت و حیزبه‌كه ده‌توانێت به‌پێی كاریگه‌ری و پێگه‌ی خۆی ڕۆڵ ببینێت و ته‌نانه‌ت بگاته ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و زۆرینه و ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست. بۆیه ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست له كاری سیاسی و حیزبی‌دا هیچ عه‌یب و شوره‌ییه‌كی تێدا نیه، به‌ڵكو دواهه‌مین مه‌نزڵی سه‌ركه‌وتنی پارتی سیاسی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته.
ئه‌و به‌ڕێزه‌و هاوشێوه‌كانی ده‌كرێت چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر بۆ قسه‌كانیان بكرێت: ئه‌مانه له شاخه‌وه هاتوون، له شاخ پاڵه‌وانن و ده‌بن و ده‌توانن له‌ئاینده‌شدا ببن، به‌ڵام زمانی شار تێناگه‌ن. بۆیه هه‌ر كێبڕكێیه‌كی سیاسی به دوژمندارێتی و هه‌ڕه‌شه‌و په‌لامار سه‌یرده‌كه‌ن، بۆیه به ترس و هه‌ڕه‌شه‌وه باس له هاتنه‌سه‌ر حوكمی ئه‌وانی تر ده‌كه‌ن. ئه‌وانه عه‌قڵیه‌تی تاكگه‌رایی ته‌واو به‌سه‌ریاندا زاڵه و هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌ویتر و ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه لهسهركهوتنیش به هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌و جهمسهرگیرییهی خۆیان ته‌ماشا ده‌كه‌ن.
ڕه‌خنه‌گرتن له‌وه‌ی حیزبێكی ئیسلامیی ده‌یه‌وێت بگات به‌ده‌سه‌ڵات، ڕه‌خنه‌یه‌كه وه‌كو نوكته‌یه‌كی سیاسی وایه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بگونجێت ده‌توانین بڵێین نهفامییهكی سیاسیشه. بۆیه شوره‌ییه به ڕه‌خنه‌و ته‌نزه‌وه باس له‌هه‌وڵی پارتێكی سیاسی بكرێت بۆ هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ئه‌م ڕه‌خنه‌و ته‌نزه ته‌نها له‌بیری دیكتاتۆره‌كان و تۆتالیتاره‌كانه‌وه جێگه‌ی ده‌بێته‌وه، نه‌ك ئه‌وانه‌ی خۆیان به دیموكراسی ده‌زانن.
ده‌گوترێت ئیسلامییه‌كان به‌ر له‌هاتنه ده‌سه‌ڵاتیان نمونه‌یه‌كن و دوای هاتنه‌سه‌ر حوكمیان نمونه‌یه‌كی تر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دووباره یه‌كێك بووه‌و ده‌بێت له پاساوه سواوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداره دیكتاتۆره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه كه هه‌میشه به‌گوێی ڕۆژئاوادا ده‌یانچرپاند و به‌گوێی میلله‌ته‌كه‌یاندا ده‌یان نه‌ڕاند: ئه‌و ئیسلامییانه بێنه سه‌رحوكم نمونه‌یه‌كی ترسناكی حوكمی ئیسلامیی ده‌هێننه كایه‌وه. ئه‌مریكا نه‌یكرده نامه‌ردی، دوای به‌خێوكردنی تاڵیبان نمونه‌یه‌كی واقیعیشی دابه‌ده‌سته‌وه، لهولایشهوهو له هه‌رێمی كوردستاندا شتێكی وه‌كو ئه‌نساڕولئیسلام په‌یابوو. به‌رله‌وه‌ی شتێك له‌باره‌ی ئه‌و دوو نمونه‌یه‌و پاساوهكهوه ڕوون بكه‌مه‌وه، نیهتپاكیم بۆ خوێنه‌ر دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه من ناچمه سه‌نگه‌ری به‌رگری كردن له تاڵیبان و هاوشێوه‌كانی، به‌ڵام دروست بوونی تاڵیبان و ئه‌نساڕولئیسلام هه‌ردوو پهرچهكرداربوون: تاڵیبان به‌رامبه‌ر ڕووسیا ده‌جه‌نگا و ئه‌مریكاش خۆی چه‌ندان ته‌كنیكی سه‌ربازی فێركردن و تێڕو پڕ‌و پڕچه‌كی كردن تا ئه‌وه‌نده‌ی كاری پێكردن و دواییش ته‌واو خۆی لێ بێبه‌ری كردن، به‌ڵكو هێرشیشی كردنه‌سه‌ر. بۆیه وه‌رگرتنی تاڵیبان وه‌كو نمونه ئه‌وه‌نده‌ی به زیانی پڕۆسه‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی ئهمریكاو ههڵهكانییهتی له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده بابه‌تێك نیه وه‌كو ڕه‌خنه به‌رامبه‌ر هێزه ئیسلامییه‌كان به‌كاربهێنرێت. ئه‌گینا له‌چه‌ندین وڵاتی تریشدا ئیسلامیی و هێزی ئیسلامیی بوونیان هه‌یه به‌ڵام هاوشێوه‌ی تاڵیبان دروست نه‌بوونه‌وه، ته‌نها له كوردستان نه‌بێت. له كوردستانیشدا یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی دروست بوونی ئه‌م هێزه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و چه‌پاندن و هێرشكردنه سه‌ر ئیسلامییه‌كان دێت له‌و ناوچه‌یه‌داو وه‌كو په‌رچه‌كردارێك له‌دواییدا هێزێكی توندڕۆ دروست بوون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌نساڕ نمونه‌یه‌كی ناجۆر بوو له مێژوویی ئیسلامیی كوردیدا‌و شتێك نه‌بوو له‌پێشوودا وێنه‌و ڕیشه‌ی هه‌بێت، بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می ڕۆژگارو كاتێكی كورتخایه‌ن بوون ئه‌وه‌نده به‌رهه‌مێكی واقیعی و ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌وتی سیاسی ئیسلامیی و ڕه‌وتی ئیسلامیی نه‌بوون و نین.
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه خۆیان به سیاسی و سیاسهتمهدارو سه‌ركرده‌ی سیاسی پارته عه‌لمانییه‌كان ده‌زانن، پێده‌چێت بۆچوونه‌كه‌یان دروست بێت، چونكه حیزبی ئیسلامیی، پارتێكی سیاسی ئیسلامیی ئه‌گه‌ر وه‌كو هه‌ندێ حیزب: ئیش و كاری وه‌كو كۆمپانیایه‌ك نه‌بێت، دونیایه‌ك چهكدارو ئه‌سڵه‌حه‌ی نه‌بێت، به‌ناوی حكومه‌ت و خه‌ڵكه‌وه قسه نه‌كات، و چالاكی له‌و شێوه‌یه‌یه‌ی نه‌بێت، ئیتر ئه‌وه لای ئه‌وان حیزب نیه‌و ئامانجی خۆی نه‌پێكاوه! واهه‌ست ده‌كه‌م ئیسلامییه‌كان و حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵه له دیموكراسیه‌ت و كاری حیزبی سیاسی تێگه‌یشتوون، حیزبی سیاسی ئیشی چوونه سه‌ر حوكم نیه به‌ڵكو ئیشی چوونه‌سه‌ر مانگه. بۆیه ده‌بێت حیزبه ئیسلامییه‌كانیش له‌ئه‌مڕۆوه چیتر باسی سیاسه‌ت و كێبڕكێی سیاسی نه‌كه‌ن و ئینجا باسی چوونه‌سه‌ر مانگ و دانانی كۆمپانیای حیزبی و خۆپڕچه‌ك كردن و دروست كردنی یه‌ك جه‌بهه له بن دیوار بكه‌ن.
واهه‌ست ده‌كه‌م هه‌مان قسه‌ی ئه‌و به‌ناو سیاسیانه‌ی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كان، زۆر نزیك بێت له‌و تۆمه‌ته‌ی بهئیسلامییهكانهوه ده‌لكێنرێت، بۆیه ئه‌و دوو بابه‌ته‌م تێكه‌ڵكێش كرد.
ئه‌وان ده‌ڵێن: ئامانج و ئه‌جێندای سیاسی له‌پشت خۆپیشاندانهكانهوهیه. وه‌كو بڵێی خۆپیشاندان چالاكییه‌كی زانستی و ماراسۆنێكی وه‌رزشی و كه‌شوهه‌وایه‌كی هونه‌ری بۆ خۆپیشانده‌ران بخوڵقێنێت. نه‌زانم ئه‌و به‌ناو سه‌ركرده سیاسییانه‌ی ئێمه له‌كوێ كۆرس و وانه‌ی سیاسه‌تیان خوێندووه؟َ!
له‌هه‌ر وڵاتێكدا شه‌قام جووڵا مانای وایه سیاسه‌ت كردن لهچالاكیدایه، مانای وایه سیاسه‌ت تێكه‌ڵ به ژیانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان بووه‌و خۆیان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه له په‌رله‌مان و له حكومه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئامانجه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وا له‌كاتێكدا ده‌ڕژێنه‌سه‌ر شه‌قام ئه‌وه ئامانجه‌كانیان و داخوازییه‌كانیان فۆرمه‌ڵه ده‌بێت بۆ شێوازێكی ڕاسته‌وخۆ. له‌كاتێكدا هاوڵاتی له‌سه‌ر شه‌قامه و به زمانی خۆی داخوازییه‌كانی به‌رز ده‌كاته‌وه، ئه‌مه جۆرێكه له سیاسه‌ت كردن و ته‌نانه‌ت ئه‌مجۆره له سیاسه‌ت كردن مانای ئه‌وه‌یه ئه‌وان متمانه‌یان به سیاسه‌تی سیاسه‌تمه‌داران نه‌ماوه‌و ئیتر ده‌یانه‌وێت خۆیان ته‌عبیر لهوهبكهن كه ده‌یانه‌وێت به‌ده‌ستی بهێنن.
ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كان بزانن سیاسه‌ت بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن شه‌قام بێده‌نگ بكه‌ن، وه ده‌توانن شه‌قامیش بهه‌ژێنن. له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا ده‌بێت وه‌كو شتێكی ئاسایی سه‌یربكرێت و نه‌ك ڕه‌خنه له‌وه بگیرێت كه شه‌قام ئامانجی سیاسی و ئه‌جێندای سیاسی له‌پشته‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر كه‌سێك زمانی كوردی باش نه‌زانێت، یاخود هاوڵاتییه‌كی زۆر ئاسایی بێت، ئه‌وه شتێكی ئاساییه به‌ڵام كه‌سێك كه خۆی به سیاسه‌تمه‌دار ده‌زانێت ڕه‌خنه له جوڵانه‌وه‌ی شه‌قام ده‌گرێت، ئه‌وه یان: دیكتاتۆره، یان ناسیاسییه. جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه سیاسی ترسی له‌بوونی ئه‌جێندای سیاسی پشت خۆپیشاندانه‌كان هه‌بێت! بوونی ئه‌جێندای سیاسی له‌پشت خۆپیشاندانه‌وه نه‌ك هه‌ر ئاساییه به‌ڵكو ته‌نها چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له خۆپیشاندانه‌كان ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له زه‌مه‌نێكدا كه داوای چاكسازی ده‌كرێت، ئیتر چاكسازی له‌دواجاردا داخوازی و ئه‌جێندایه‌كی سیاسییه نه‌ك ئه‌جێندایه‌كی هونه‌ری یاخود وه‌رزشی!
له وڵاتێكداین سه‌ركرده‌كانمان ئیشی كۆمپانیا و بزنسمانه‌كان ده‌كه‌ن، بۆیه سیاسه‌تیان له‌بیرچۆته‌وه‌و، سیاسییهكانیشمان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن، بۆیه ده‌نگه سیاسییه‌كان كه‌وتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان.
*نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته:
خوێندكاری سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست