کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنى بەهێزبونەوەى پارتى

Wednesday, 10/07/2013, 12:00







"سیاسەت بەمیسالیات ناكریت".ئەمە ئەو دێڕە بوو لەئەمریكا، كە دواى دووەمین جەنگى جیهانى وەك كاردانەوەیەك، بۆ میسالیەكان بووە بنەماى دروست بونى قوتابخانەى واقعییەت،دواجاریش هەموو جیهانى خستە سەر سكەى واقعى بوون لەسیاسەتدا (Political Realism).بەم پێ یە پوختەى هەڵس و كەوت و مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتدا،بوو بەهۆى دەركەوتنى چەمكەكانى وەك : (دەوڵەت ، بەرژەوەندیی، هێز ،ئەقڵانیەت ،فەوزاى دەولى ،ئاسایش و مانەوە). سەرەتا لەئاستى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و بەریەككەوتنى یەكەكانەوە ئەمانە دەركەوتن و، مەڵبەندەكانى توێژینەوەیەیان پێوە سەرقاڵكرد،دواتر سەرى كێشا بۆ هەموو بوارەكانى سیاسەت.لێرەوە پێوەر بۆ هەڵسانگاندن بووبە ئەوەى (كێ بەهێزەو كێ لاوازە ؟؟)..بۆئەوەى بەهێزبیت دەبێت كلیك لەسەر چەند خاڵێك بكەیت،بۆئەوەشی بزانیت كێ بەهێزە،بەهەمان شێوە و چەند پێوەرێك دانراوە،لەوانە:

یەكەم: ئاستى تێگەیشتنى سیاسیی لەمەركەزیی بڕیار،كێ بڕیاڕ دروست دەكاو كێ بڕیار دەردەكا .؟. (من یێنع قرار،ومن یتخژ قرار). بێگومان بەهاوكاریی كەسانى ژیرو توێژەرى لێهاتوو.

دووەم: ئابوریی و ئاستى ماددیی.

سێهەم: پەیوەندییە دەرەكیەكان و بارى دیبلۆماسیی.

چوارەم: پەیوەندییە گشتى و جەماوەرییەكان،واتە دۆزینەوەى ئەوكەناڵانەى كەقسەى لەگەڵ خەڵك پێدەكەن و ئاڕاستەیان دەكەن.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم چوار خاڵەدا،هێزێك هەڵدەسەنگێنین كە بۆمانەوەى خۆى،ئەگەر پێویستى كرد،دوور نییە سبەى تا هاوڵاتیان لەخەو هەڵدەستن هێزەكانى بەشار ئەسەد بگەیەنێتە كوردستان،باسی پارتى دەكەین،ئەو حزبەى هەمیشە مەركەزیەت تیایدا باڵا دەست بوەو،لەدواى ڕاپەڕینى (1991) ەوە،بەپشت بەستن بە پەتى دیبلۆماسیی و ئابوریی كوردستان خۆى هێشتۆتەوە،منەتى بەخەڵك و زۆرجار كادرەكانى خۆشی نەماوە.كاتێك لەساڵى (1996) هێزەكانى یەكێتى تەنها تەپۆڵكەیەكیان بەدەست پارتیەوە هێشتبووەوە،لەسەجادەى هامڵتۆن و مەسیف و قاسمەڕەش و كەپكى حەمەد ئاغا،شایی و زەماوەندییان دەكرد،لەماوەى تەنها (4) كاتژمێردا بەیارمەتى سوپاى عێراق گسكى لەنەیارە كوردەكەى كە (یەكیتى یە) داو،لەو كاتەوە بەبەرنامە خۆى بەهێز ئەكاو،سنورى پێدرێژكردنى بەرامبەرەكانى تەسك ئەكاتەوە.

یەكەم: چۆن بڕیار لاى پارتى دەردەچێت و كێ دەرى دەكا ؟.
كە دەچیت بۆ مەسیف،یان سەرى ڕەش،كۆمەڵێك ڤیەللا دەبینیت،ئەمانە هەموو موستەشارى ئەوروپی و ئەمریكین،بنەوبارگەى نوێنەرو جەنەراڵە ماوە تەواو بوەكانى خۆرئاوان لەعێراق،پشكى كۆمپانیا یان پارەى خەیاڵى و كەبابی گەرمیان لەو یەكانەدا پێ ئەدرێت،كتێبخانەو هێڵى چاودێریی و ئینتەرنێتى تەواویان لەبەردەستە،تەنها لەبەرامبەر دروستكردنى سیناریۆ و وەڵامى كاغەزەكانى ڕاوێژپێكردن و یارمەتى دان لەدروستكردنى بڕیاردا،دواتر ئەم پرسانە بەفلتەرى دەزگا ئەمنیەكانى پارتى دا،دەچنە سەرى ڕەش،لەوێش تەتەڵە دەكرێت،ئنجا دەچێتە مەكتەبی سیاسی،بێئەوەى پێیان بوترێت "ئێمە شتێكى وامان كردووە،تەنها پرسێك و هیچى تر"..ئەوانەى لە سەركردایەتى و مەكتەبی سیاسی پارتیدان،زۆرجار تەنها ڕۆڵى نوسەر یان ڕۆبۆتێك دەبینن.
دووەم: ئابوریی و ئاستى ماددیی پارتى.
پارەى پارتى،لاى (3) كەسە،سەرۆكى پارتى،جێگرەكەى،سەرۆكى ئاژانسی پاراستن كە دەكاتە كوڕى سەرۆك.دەكرێت،ئێمە پارتى وادابنەین كە دەوڵەمەندترین هێزى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە،بەم بەڵگانەى لاى خوارەوە:
ئەلف : بەپێی بەڵگەیەكى سایتى ویكلیكس،بە بەروارى (23) ى حوزەیرانى (2003) باس لەوە ئەكات كە بۆڵ بریمەر (یەك ملیارو چوار سەد ملیۆن دۆلار) ى بە (3) كۆپتەرى باریی لەبەغداوە ناردووە بۆ هەرێم،(798) حەوت سەدو نەوەت و هەشت ملیۆن دۆلارى ئەو پارەیە بەر پارتى كەوتووە،(602) شەش سەدو دوو ملیۆن دۆلاریش دراوە بەیەكێتى،بێ ئەوەى ئەم پارانە یەك دۆلارى چییە بۆ خزمەتى گشتى بەكار بهێنرێت.
با ْ : بەپێی ئەو قسەیەى كە بەرێوەبەرى پێشوى ئاسایشى ئیبراهیم خەلیل (سەید ئەكرەم) دوو ساڵە لەسەرى بەندكراوە،بێ دادگایی،ماوەى (20) ساڵە هەموو ڕۆژێك داهاتى ئەم گومركە یەك ملیۆن دۆلارەو ناچێتە سەر خەزێنەى حكومەت،پارەكەى بۆ نێچیرڤان بارزانى یە.
جیم : بودجەى حزب لەحكومەت،ئەگەرچى لەكابینەى شەش وتیان كەمكراوەتەوە،بەڵام تائێستاش پارتى و یەكێتى مانگانە (35) ملیۆن دۆلار دەبەن.
دال : پاڵێوگەكانى نەوت،لەدەرەوەى یاساى نەوت و غاز،واتە بەنایاسایی (66) پاڵێوگەى نەوت هەیە لەكوردستان، دەبێت كێ لەناو پارتى جورئەتى ئەمەى هەبێت،جگە لەمەركەزیی بڕیار.
واو : چوار ملیار دۆلاری شیرینى نەوتەكە (كۆمیسیۆن).
نون : یەكێكى تر لەفێڵەكانى دەوڵەمەندبونى پارتى،لەشەڕى ناوخۆوە، ئەوەیە بە (3) مانگ،مووچەى مانگێك لەپێشمەرگەكانى ئەخوات،ئەگەرچى هەموو ساڵیًََك ئەمە ناكات،بەڵام ناو بەناو ئەم دەستە لەمووچەى خانەنشینیش ئەوە شێنێت.

سێهەم : پەیوەندییە دەرەكى و دیبلۆماسیەكانى پارتى.
لەوە دەچێت،پارتى وەرچەرخانێك بكات،لەم پەیوەندییانەدا، بەدرێژایی ماوەى ڕابردووى جگەلەوەى ئێران دەستى لێ شۆردبو،پارتى دەستى بە خەتى نابۆكۆ و توركیاو قەتەرو ئیسرائیلەوە گرتبوو، وروژاندنى نهێنیەكانى ئەم مەسەلەیەش لەلایەن "عادل موراد" ەوە، گڕى لەپارتى و هێزە ئیقلیمیەكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش بەردابوو،هەمیشە پارتى زۆر زیرەكانە ئیدارەى پەیوەندییەكانى خۆى داوە،قازانجى باشیشی لێكردووە.ئێستا پارتى،لەم بوارەدا خەریكى دوو شتى زۆر گەورەیە،ئەگەر بۆى بچێتەسەر،ئەوا بەیەكجاریی ئۆپۆزسیۆن و یەكێتیش دەخاتە دەرەوەى یارییەكەو تەواو بێمنەت ئەبێت لێیان .
یەكەم: دروستكردنى پەیوەندیی و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ ئێران،بەو مەرجەى قەناعەت بەتوركیا و ئەمریكا بكات،بەمەش لەگەڵ مالكى و حكومەتى مەركەزیی یەكدەگرن و،هەروەك دەڵێن " پێویستى یان بەیەكترە ".دووەمین: ڕێككەوتننامەى ستراتیژیی لەگەڵ پەكەكە... وە پەكەكە ئیجبارە بەوەى ڕێز لەپارتى بگرێت، چونكە بەدرێژایی ماوەى ڕابردوو سنورەكانى پارتى دەرچە(مەخرەجى) ئەوان بووە، واتە پارتى لەخوارەوە (لەمەرزى مونزرییەوە) دێتەوە،لەسەریشەوە لەگەڵ توركیاو قۆناغى ئاشتى، لەبەغداش لەگەڵ مالكى.

چوارەم : پەیوەندییە نێوخۆیی و جەماوەرییەكانى پارتى.
لەم بازنەیەدا،زۆرجار ئەسپى پارتى لەغاردان دەكەوێت،تا ئەو ئاستەى تەنهاى دەكات لەناو كۆمەڵگەدا.بەلاًَم لەتەنگانەترین حاڵەتدا،پارتى حزبە بچوكەكان بۆخۆى ڕائەكێشێ، بە كۆمەڵ و یەكگرتووشەوە،لەگەرمەى ئیرحەلدا زۆرێك لەوانەى وەك میرابۆ هاوارئەكەن،پارتى لینكى لەگەڵ دروست كردوون، (3) كەناڵى فەزایی هەیە،میدیاى نوسراوى قۆرخكردووە، كۆڵێك خەڵكى لەبودجەى گشتى لێ خانەنشین كردوون، وە كەناڵێكى ئاسمانیش لەئایندە لەسلێمانى ئەكاتەوە،دوور نییە ئەندامێكى بنەماڵەش بە فەرمى نەیاتە سلێمانى.

یەكێتى و ئۆپۆزسیۆن كارتەكانیان چین ..؟.
ڕێككەوتنى یەكێتى لەگەڵ پارتى، تەنها لەئاستى ماڵى تاڵەبانى و خودى بارزانیدایە، ئەم ڕێككەوتنە ڕەنگە خودى كۆسرەت رەسوڵ و نەوشیروان مستەفاو تەنانەت مناڵەكانى شێخ جەنگیش لێی نیگەرانن و بێ ئاگاییەكیشیان هەیە.یەكێتى لەخۆى وابێت "پشتى گۆڕان بۆ پارتى ئەشكێنى،بەوەى زانییان گۆڕان لەم سەر زەوییە یەك كارت و قسەى هەیە،ئەویش گەڕانەوەى دەستورو سەرۆكە بۆپەرلەمان"..لەناكاوێكدا وتیان :دەستور گەڕایەوەو ماوەكەش درێدەكرێتەوە،بۆ سەرۆكى هەرێم..بەلاًَم پارتى زیرەكانە یەكێتى بەكارهێناو،گۆڕانیشى بێ كارت و قسەكرد،ئیشەكەش جێبەجێ ناكا.پارتى ڕاپرسی ئەكا، ئینجا دەستور دەباتە پەرلەمان،تا ئەمە بكات،یەك ساڵ دەخایەنێت،ئەوسا تۆپەكە ئەدڕێنێت و دەیخاتەوە ساحەى ئۆپۆزسیۆن. فەرموو یارى بكەن.!!.
ئەگەر یەكێتى،مەخرەجێكى مابێت، ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆڕاى گشتى و دەنگە ناڕازییەكانى خۆى،ئەگەر گۆڕانیش شتێكى بەدەستەوە مابێت جگە لەم هاتو هەرایە،یان ئیمزا كۆئەكاتەوە،یان خەڵك ئەخاتە سەر شەقام،لەگەڵ ئەوەى دەبێت لەو وەهمە دەربچن ئێستا شەقام بەتەنها ئۆپۆزسیۆن ئاڕاستەى دەكا،بەڵكو شەقام خەڵكى ترى لێیە.
ئەمە پوختەیەك بوو،لەشیكارى سیاسیی بەهێزبونەوەى پارتى،دەكرێت ئەو كەسانە بیخوێننەوە،كەلایانوایە بەقسەى ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەڵسەنگاندن دەكرێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە