کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاپەڕین دەسەڵاتى سەددامى ڕاماڵى بەڵام سەدامیزم و بەعسیزمى پەرەپێدا

Wednesday, 11/03/2015, 12:00


بەندە لێرەدا نامەوێ پێناسەى شۆڕش و ڕاپەڕین بکەم، بەڵام ڕون و ئاشکراشە، ئەگەر هەڵ و مەرجێکى بابەتى لەبار بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین لە ئارادانەبا، (واتە چەوساندنەوە و ناعەدالەتى نەگەیشتبایە چلە پۆپە) شۆڕش و ڕاپەڕین بەرپانەدەکرا، کاتێ کە بەرپاش کرا، هیچ کەس بەبێ مەبەست و ئامانج بەشدارى لە شۆڕش و ڕاپەڕین نەکرد...
زۆربەى گەل بەئامانجى هێنانە گۆڕێى ئاڵ و گۆڕێکى پۆزەتیڤانە لە واقیعەکەدا بەشدارى لە شۆڕش و ڕاپەڕین کرد و گیانبازى کرد لەپێناوى کۆمەڵێک گۆڕانکارى پۆزەتیڤانە لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە ژیان و مرۆڤایەتیدا..
بێگومان ئەگەر وانەبێ شۆڕش و ڕاپەڕینەکە بێ ناوەڕۆک و واتا دەردەچن و ڕۆژ بە ڕۆژ گلەیى و گازاندەى خەڵک ڕوو لە زیادى دەبێ و لە ئەنجامى کۆتاییشدا هەر دەبێ شۆڕش و ڕاپەڕین بەردەوامى هەبێ تاکو ئامانجەکانى خۆى دەهێنێتە دى..
دیارە ئەوەش مافێکى ڕەواى کۆمەڵانى خەڵکە، بۆ ئەوەى بەرى خەبات و گیانبازیەکانى خۆیان بدورنەوە، چونکە نابێ شۆڕش و ڕاپەڕین تەنها گۆڕانکارى لە دەسەڵات بگرێتەوە و چەند کەسانێ بگۆڕێن بە چەند کەسانێکى دیکە (واتە نابێ تەنها دەم و چاوەکان بگۆڕێن)، بەڵکو دەبێ گۆڕانەکان ئەوەندە سەرتاپاگیر و هەمەلایەن بن هەموو شت و دیاردە کۆنە نێگەتیڤەکان بگرێتەوە و بیانگۆڕێ بە شت و دیاردەى پێشکەوتووتر و باڵاتر و خزمەتگوزارتر.. ئەگەر وانەبێ شۆڕش و ڕاپەڕینمان بۆ چییە؟!
ڕاپەڕین دەسەڵاتى سەددام و حزبى بەعسى لە کوردستان ڕاماڵى، بەڵام سەددامیزم و بەعسیزمى نەک هەر هەڵنەتەکاند، بەڵکو پەرەشى پێدا، حزبى بەعس تاکەحزبى شمولى و دکتاتۆرى هەموو عێراق بوو، دواى ڕاماڵینى لەجیاتى هەنگاونان بۆ گۆڕانکارى (سیاسى و ئابورى و کۆمەلایەتى و فەرهەنگى..)، بۆ ئەوەى ئاڵ و گۆڕەکە بە زەقى ببینرێ و هەستى پێبکرێت.. شەڕەپەڕۆ و حزبایەتى تەسکتر لەهى حزبى بەعس پەرەى پێدرا تاکو جۆرەها شەڕى ناوخۆى لێکەوتەوە، سەرەتا دەسەڵات و پارەیان لەنێوان خۆیاندا بەشکرد، پاشان لەسەر دەسەڵات و پارە شەڕیان خوڵقاند، باش بوو چەکى کۆمەڵکوژ و کیمیاوى و غازە مەترسیدارەکانیان بەدەستەوە نەبوو ئەگینا کۆمەڵیان بەرەو قڕکردن دەبرد...
لەجیاتى هەنگاونان بەرەو یەکێتى، نیشتمانیان بەش بەش کرد، کارگە گەورەکانى موڵکى گشتیان تاپۆى سەرخۆیانکرد، بەشێکى زۆرى زەوى کشتوکاڵیان سیم و بۆخۆ پاوانکرد.. دزى و گەندەڵیان بەدیاردە و ئاسایى کرد.. تۆوى ڕقیان لەنێو کۆمەڵدا وەشاند، شەڕەکانیان شۆڕکردەوە ناو زاراوە و وشەى فەرهەنگەکانیش: ئافرەت یان ژن؟ قوتابى یان خوێنکار؟ یەکێتى یان کۆمەڵە؟ کۆمیتە یان ناوچە؟ لق یان مەڵبەند؟... تاکو گەیاندیانە ئەوەى هەندێک تاکەکانى ناو یەک خێزانیش یەکتریان کوشت!!!!، کەس نەوێرا بەدڵى خۆى کراسێک لەبەربکات!!، تەسبێحەک بەدەستەوە بگرێت!!!، چونکە لەسەر ڕەنگى پۆشاک و کورتى و درێژى تەسبێح و ڕەنگەکانیان..، سەدان خەڵک ئەگەر نەکوژرابن بەهیڵاک براون...
بینیمان بەرپرسەکان بەرامبەر ڕەش و ڕوتى میللەتەکەى خۆیان بوونە ئاغایەکى بێ ویزدانى ئەوتۆ هەرکەسێک پێى بگوتبان بەرى چاوت کڵى پێوەیە یان لەپشت چاوت دوو برۆیە گوللەیان لە زمانى دا..، کەچى بۆ پۆلیسێکى بێگانە کڕنۆشیان بۆیان برد و وەکو خادیم و خوڵامى بێگانە خۆیان نواند..
ئەم ساڵ 24 ساڵ بەسەر یادى ڕاپەڕیندا تێدەپەڕێت، کەچى حکومەتەکانمان تاکو ئێستا هەلوەستەیەکیان نەکردووە و ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن ئایا گۆڕانکارى پێویستیان شایستە بە قوربانیەکانى گەلەکەمان هێنایتە گۆڕێ؟! ئایا نان و ئازادى بۆ هەموان فەراهەم کراوە؟! تا چەند عەدالەتى کۆمەڵایەتیان جێبەجێ کردووە؟! چەند توانراوە برینەکان ساڕێژ بکەن؟! کۆمەڵ چەند بەرە و پێش بردراوە؟! چەند لە ئامانجەکانیان هێنراوەتە دى؟!...، پێویستە دەیان پرسیارى تر لە هەموو بوارەکانى ژیان لە خۆیان بکەن...
هەتا کار لە کار نەترازاوە، نابێ بەرپرسەکان لە دۆڵێک بن و باقى جەماوەر و گەلیش لە دۆڵێکى تر و نابێ جیاوازییەکان وەک ئاسمان و ڕێسمان بن!!، مەترسى داعش نەبووایە خەڵکى بەشمەینەت هەتاکو ئێستا لەوەزیادتر درێژەى ئەو وەزعەى پێقبوڵنەدەکرا، حکومەت ئێستا لەبەردەم دوو بژاردە دایە یان چاکسازى یان ڕەو.
دیارە ڕق و قینى گەلیش ئەوەندە بە هێز و کاریگەرە هیچ دەسەڵاتێ خۆى لە بەر نەگرتووە و خۆشى ناگرێ، ئومێدەوارین ڕەنجمان بە خەسار نەدرێ و هەموو هیواو ئاواتەکانى شەهیدان و گەلەکەمان بێتە دى و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بە بەها و پڕ لە دەسکەوت و پێشکەوتنى هەمەلایەن.. بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە