کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فریا که‌ون باشترین نه‌وتمان لایه‌ به‌ هه‌رزان و به‌تاڵان

Monday, 16/11/2009, 12:00


هاوڵاتیی كۆمه‌ڵێك نهێنی‌ تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی‌ پشكه‌كانی‌ نه‌وت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رده‌كه‌ون كه‌ گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كادا كڕیویانه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تا ئێستا ئه‌و زانیاریه‌یان شاردووه‌ته‌وه‌. تازه‌ترین زانیاریش بازرگانێكردنی‌ جه‌ی‌ گارنه‌ری‌ حاكمی‌ سه‌ربازی‌ پێشووی‌ عێراق‌و ئاشكرابوونی‌ پشكه‌كه‌ی‌ پیته‌ر گالبرێسه‌، سه‌ره‌ڕای‌ كاره‌ بازرگانییه‌كانی‌ زاڵمای‌ خه‌ڵیلزادی‌ باڵوێزی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر.

رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمزی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌جه‌ی گارنه‌ر یه‌كه‌مین حاكمی ئه‌مه‌ریكی له‌عێراق پێش پۆل بریمه‌ر‌و، زاڵمای خه‌لیلزادی باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا، له‌عێراق‌و كوردستاندا خه‌ریكی بازرگانین. له‌تازه‌ترین زانیاریشدا سه‌باره‌ت به‌ بازرگانییه‌كه‌ی‌ گالبرێس، رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمزی‌ ئه‌مه‌ریكا، بڵاویكرده‌وه‌ پیته‌ر گالبرێسی ته‌مه‌ن 58 ساڵ كه‌ راوێژكاری‌ كورده‌كان بووه‌، به‌هۆی‌ ئه‌م نزیكایه‌تییه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ بڕی 100 ملیۆن دۆلار ده‌ستكه‌وتی‌ له‌نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌بێت.

خه‌لیلزاد باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكابووه‌ له‌عێراقدا‌و په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ عێراقی‌و كورده‌كاندا هه‌یه‌، له‌ راپۆرتی رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ خه‌لیلزاد كۆمپانیایه‌كی دامه‌زراندووه‌ به‌ناوی خۆیه‌وه‌‌و له‌هه‌ردوو شاری به‌غدا‌و هه‌ولێر نووسینگه‌ی كردووه‌ته‌وه‌، بۆ پێشكه‌شكردنی راوێژ به‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت كاری بازرگانیی له‌عێراقدا بكه‌ن.

ئیداره‌ی كۆمپانیاكه‌ی خه‌لیلزاد رازینه‌بوون دیدار له‌گه‌ڵ په‌یامنێری رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمزدا بكه‌ن، به‌ڵام وته‌بێژێك به‌ناوی كۆمپانیاكه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی دوو نو‌وسینگه‌ كردووه‌ته‌وه‌‌و زاڵماش ئه‌مساڵ چه‌ندین سه‌ردانی بۆ عێراق ئه‌نجامداوه‌.

ده‌رباره‌ی جه‌ی گارنه‌ریش، رۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی ناوبراو یه‌كه‌م حاكمی ئه‌مه‌ریكی بووه‌ له‌عێراقدا كه‌ دواتر گۆڕدرا بۆ پۆڵ بریمه‌ر، ئێستا پۆستێكی باڵای هه‌یه‌ له‌كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكییدا كه‌ دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر پشكی 37%ی له‌نه‌وتی بلۆكی‌ قه‌ره‌داغ كڕیوه‌، ئێستاش وه‌ك راوێژكار له‌كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی كه‌نه‌دی كارده‌كات.

كارین لیساكرز، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای ریڤینیۆ ۆچ، له‌نیویۆرك له‌و باره‌وه‌ گومانی خۆی له‌پاڵنه‌ری كاركردنه‌كانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ ده‌ربڕیوه‌‌و ده‌ڵێت ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییانه‌ی كه‌ روویانكردووه‌ته‌ ئه‌نجامدانی كاری بازرگانی له‌و ناوچانه‌دا كه‌ هه‌ژموونی سیاسیی زۆریان تێیدا هه‌یه‌، گومانی جه‌ماوه‌ر ده‌وروژێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چالاكییه‌كانیان دروستیش بن.

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا رۆژنامه‌ی‌ فاینێنشاڵ تایمزی‌ به‌ریتانی‌ بڵاویكرده‌وه‌ پیته‌ر گالبرێس كه‌ داكۆكیكاری حوكمی‌ ئۆتۆنۆمی بووه‌ بۆ كورده‌كان‌و ماوه‌یه‌ك راوێژكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌، پێگه‌ی‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ سامان‌و بازرگانیكردن له‌كه‌رتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

ئه‌و دیبلۆماتكاره‌ی‌ پێشووی‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا راوێژكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌، تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاڕاسته‌كرابوو كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابووری‌و بازرگانیدا ده‌گه‌ڕێت.

ناوبراو كه‌ پێشتر باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا بووه‌ له‌ كرواتیا له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا دانی‌ به‌بازرگانیكردن به‌نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناوه‌، ئه‌وه‌شی وتووه‌ كه‌ بازرگانییه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئیشوكاره‌كانیدا وه‌كو راوێژكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، دژ به‌یه‌ك نه‌بوون.

گالبرێس به‌فاینێشاڵ تایمزی‌ وتووه‌ كۆمپانیاكه‌م هه‌ستاوه‌ به‌په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كۆمپاینای‌ DNOی‌ نه‌رویجیدا، به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ ورده‌كاریی‌و شێوازی‌ بازرگانییه‌كه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرا بكات.

ئاشكرابوونی‌ بازرگانییه‌كه‌ی‌ گالبرێس پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ ده‌ركه‌وت حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پشكێكی‌ له‌ كۆمپانیای‌ DNOی‌ نه‌رویجی‌ بۆ كۆمانیای‌ گه‌نه‌ل ئینێرژی‌ كڕیووه‌، وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان دواتر دانی‌ به‌ كڕینی‌ ئه‌م پشكه‌دا نا.
ئاشتی‌ هه‌ورامی وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێشتر به‌ هاوڵاتی‌ راگه‌یاندبوو ئه‌و كاره‌ی‌ پیته‌ر به‌ بێ ئاگاداریی‌ ئێمه‌ كراوه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆمپانیای‌ دی ئێن ئۆوه‌، به‌ڵام كاتێك ئێمه‌ ئه‌وه‌مان زانی‌ ناڕه‌زایه‌تیمان نیشاندا.

به‌ڵام رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز له‌تازه‌ترین به‌دواداچوونه‌كه‌ی‌ خۆیدا بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ تا ئێستاش پیته‌ر گالبرێس به‌ لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ پشكی‌ له‌ یه‌كێك له‌ چاڵه‌ نه‌وتییه‌كان هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناچه‌ی‌ دهۆكه‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی نووسیووه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ی‌ پیته‌ر گالبرێس پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ توانی‌ له‌ رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیای‌ DNOی‌ نه‌رویجیداو نزیكایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا، توانیویه‌تی بڕی‌ 100 ملیۆن دۆلار قازانج بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە