هەمو برینەكان تەنها بەلە لەسێدارەدانى تاوانباران ساڕێژنابن ...!
Thursday, 04/02/2010, 12:00
دواجار دوژمنە سەرسەختەكەى هەڵەبجە و گەلى كورد و گەلانى عێراق (عەلى كیمیاوى) بە سزاى عادیلانەى دونیایى خۆى گەشت ، چونكە ئەوسزایە تۆڵەیەكى سادە و كورت و ئاسان بو لە چاو ئەو تاوانە گەورانەى كەئەو تاوانبارە ئەنجامى دابوون ، مەرگى ئەو یەكسانە بە مەرگى یەك تاكە كەس كەئەو دەستى هەبوبێت لە كوشتنیدا ، ئەى ئەو هەزاران قوربانیانەى تر كەئەو راستە و خۆ یان ناراستەوخۆ دەستى هەبوبێت لە كوشتنیاندا ئەوان داواى مافى خۆیان لە كێ بكەن ، ئەگەر سزاكەى تەنها هەر ئەوەندە بێت ...؟ وەك هەمولاش دەزانن ئەو تاوانبارە لە لایەن دادگاى تاوانەكانى عێراقەوە سێ سزاى لە سێدارەدانى ترى بۆ دەرچووە ، بەڵام هەرچۆنێك بێت جێبەجێ كردنى ئەو سزایە خۆشى بەخشى بە دانیشتوانى شارى هەڵەبجە و كوردستان و گەلانى زەرەر مەندى دەستى رژێمى پێشو ، بەڵام بەراستى جێبەجێ كردنى ئەوجۆرە سزایانە ناتوانێت ساڕێژى هەمو برینەكانى خەڵكى هەڵەبجە و پاش ماوەى ئەنفال وقوربانیەكانى ترى كوردستان بكات ، بۆ زانینى گرفت و ئازار و ئەندێشە وداواكارى و كەموكوڕیەكانى خەڵكى لەسەر حكومەت و بەرپرسان و حیزبەكان پێویستە گوێ بۆ خەڵكى بگرن و بەدەم خواستەكانیانەوەبن .
رژێمى پێشو بەهەرشێوەیەك بۆى لوابێت دژایەتى گەلى كوردى كردووە ، بەهەمو شێوەیەك ویستویەتى تاكى كوردى ژێردەستە و چاولەبەر و بێدەرەتان بكات ، واتە زۆركارى لەسەر داڕمانى ناخى تاكى كوردى كردووە ، بۆ ئەمەش هیچ رێگەیەك نەمابو پەناى بۆ نەبردبێت ، ئەمە رەوشتى رژێمى تۆلیتارى پێشوى بەغدا بو .
گەلۆ ئەى لەپاش روخانى رژێم دەسەڵاتى كوردى تا چەند كاریكرد بۆ بنیات نانەوەى تاكى كورد ى ، تاچەند بەیەكسانى كارى بۆ ئاوەدانكردنەوەى شوێنە زیان لێكەوتوەكانى كوردستان كردووە ، ئەى ئایا تاچەند خەڵكى لە دەسەڵات و ئەداى كارى حكومەت رازیین ، ئاخر ئەو خوێن ساردى ودەربەس نەهاتنەى دەسەڵاتى كوردییە بە جۆرێكى تر كارى لەسەر داڕمانى تاكى كوردى كردووە ، خەڵكى ئاوەدانكردنەوە دەبینن بەڵام بەیەكسانى نا، پێشكەوتن دیارە بڵام بێ پلان ، دەسەڵاتى كوردى داهاتى زۆرە بەڵام خەڵكى لە دابەشكردندا یەكسانى نابینن ، خەڵكى دەسەڵات بەبێ منەت و كەمتەرخەم وخوێن سارد دێتە بەرچاویان ، بەهەدەردانى سامانى وڵات مۆنۆپۆلكردنى كەرتى بازاڕ و بازرگانى دەبینن ، بەئاشكرا كارنەكردن بۆ ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان و وێرانتركردنى كەرتى كشتوكاڵ دیارە ، خەڵكى رۆژانە تاپۆكردنى شار و زەویە بازرگانیەكان دەبینن ، توێژى لاوان دەبینن كەدەسەڵات كار بۆ بە گەڕخستنى توانا و لێهاتوى ئەوان ناكات ، ئەمانەو دەیان ناتەواویى نادادى و نارۆشنى ئاكارى دەسەڵاتى خۆماڵین ، ئەوانەن كە خەڵكیان بێزار وتوڕە و دورەپەرێز و بێمتمانە كردووە .
كەواتە لەسەر دەسەڵاتى كوردى پێویستە بە جددى كار بۆ ئاشتبونەوەى خۆى و خەڵكى بكات ، كار بۆ بنیات نانەوەى ناخى روخاوى تاكى كوردى بكات ، بەیەكچاو سەیرى هەمو رۆڵەكانى گەلەكەى بكات بە جیاوازى بیر و بۆچون و ئینتیمایانەوە ، كار بۆ ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان و شوێنە دورەدەستەكان بكات ، خزمەتى زیاتر بەشارو شارۆچكەكان بكات ، ئەوە ئەو شتانەن كەدەتوانن كار لەسەر بونیات نانەوە و ئاشتبونەوە وگەشبینى وخوێن گەرمى تاكى كوردى بكەن ، ئەگەر نا تاكە زەرەرمەند ئەو كەسە دەبێت كە پێویستى بە دەنگى ئەو خەڵكە تورەو بێزار و بێمتمانەیە دەبێت ...!
بەم شێوەیە دەتوانیین ساڕێژى برینەكانى پێشو بكەین .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست