لەنێوان مستەفای حەسەن گەورەو رۆشار-دا، بۆ روودەكەینە كوردستانپۆست؟
Wednesday, 17/03/2010, 12:00
من هیچ یەك لەكاك مستەفای حەسەن گەورەو كاك رۆشار ناناسم، بەڵام نووسینی هەردووكیانم لەكوردستانپۆسدا خوێندووەتەوە، خوێندنەوە بۆ نووسینی ئەو دوو برادەرە خوێندنەوەیەك نییە بۆ نووسینی نووسەرەكانیان هێندەی خوێندنەوەیە بۆ كوردستانپۆست خۆی، بۆیە لەگەلأ رێزم بۆ كاك مستەفا خەڵك ئازادە پەنا دەباتە بەر هەر كەناڵێكی راگەیاندن، گرنگ ئەوەیە تا چەند قەناعەت بەستراتیجی راگەیاندنی ئەو كەناڵە دەكەیت كە بۆی دەنوسیت، بۆیە هەر نوسەرێك یان میدیاكارێك كە پەنا بۆ كوردستانپۆست دەبات هەر لەخۆوە نییە، كەسیش ناتوانێت هیچ كەسێك ملكەچی سیاسەتی میدیایەك بكات كە نەگاتە قەناعەت، من چوار ساڵ لەمەوبەر قەناعەتی تەواوم بەو ناسنامەیەی كوردستانپۆست نەبوو، كە دەڵێت رەخنە بەزمانی چەكوش، بەڵام ئێستا نەك قەناعەت بەڵكو ئەگەر بۆم بكرێت رۆژانە چەكوشێك دەگرم بەدەستمەوە هەر رۆژەی تەلار و بارگا و بارگا و ماڵی مەسئولێكی ئەم كوردستانەی پێدەڕوخێنم كەواتە نەك تەنیا بەوشە بەزمانی چەكوش بێت بەڵكو بۆم بكرێت لەرووی فیزیكییەوە ئەو كردارە دەكەم، ئەمە ئەو قۆناغەیە كە میللەتی ئێمە بۆی دەخوازێت، بۆیە نوسین لەكوردستانپۆستدا پەیوەندی بەوەوە نییە تا چەند رەخنە لەبزووتنەوەی گۆڕان دەگیرێت یان نا خۆ بزوتنەوەی گۆڕان نەشبووەو كوردستانپۆست هەمان پێگەو خوێنەری خۆی هەبووە، ئەو بیركردنەوەیە هەڵەیە وا هەستكەم گەر من نەبم ژیان نابێت، چونكە دوور نییە رۆژێك بزووتنەوەی گۆڕانیش پشت بكاتە گەلەكەیی و جەماوەری كوردستان ئەوا بەر ئەو چەكوشە بكەوێت و توندتریش بێت لەسەری، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ كاك رۆشار دڵی گەرد گرتبێتی لەبەر لێك تێنەگەیشتنێك وازی لەكوردستانپۆست هێنابێت ئەوا بەدڵنیایی هەرزوو ئەو قەناعەتە دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر لەباوەڕەوە بێت ئەوا نەدڵدانەوەی دەوێت و نە كەسیش لەوانەی بۆ كوردستانپۆست دەنووسن، بەوانەشەوە كە نامەی بۆ دەنێرن قەرزیان لای كوردستانپۆستە، بەڵكو ئەوانەی بۆی دەنووسن قەرزاری كوردستانپۆستن.
هەمیشە لەگەڵ سیاسەتی بەهەند وەرگرتنی را و پێگەی خەڵكدام و نابێت هیچ كەسێك بەنادیدە تەماشا بكەین، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبیرخۆمان نەبەینەوە هەموو كەناڵێكی میدیایی ستراتیژ و ئامانجی خۆی هەیە، من لەخۆمەوە دەست پێدەكەم نابێت ئەگەر لە10نووسیندا نووسینێكم بڵاونەكرایەوە ئەوا خیش بكەم ئیتر هەموو ئەوانەی لەكوردستانپۆست كاردەكەن كارو رەنجیان بێبەهاكەم و بەئیحتیكار و دەستبەسەراگرتنی كەناڵەكەیان لەقەڵەم بدەم، پێویستە بەم روانینەوە چاومان لەكوردستانپۆست یان هەر كەناڵێكی تر بێت.
خاڵێكی تر كە زۆر سەرنجم رادەكێشێت، ئەو بەیت و باڵۆرەیەیە كە میدیا و قەڵەمفرۆشەكانی یەكێتی بەتایبەتی دەیڵێنەوە كە گوایە قادری حاجی عەلی لەپشت ئەو سایتەوەیەوە گوایە ئەو رۆشار ناوە قادری حاجی عەلییەو ئەوا ساغیش بووەوە كەوانییە، سەیرم لەزوڕناژەنەكانی حزب دێت كە زوو زوو ئەم بەیت و بالۆرە لێدەدەنەوە، بێئەوەی بیر بكەنەوە كە هێزێكی مەعنەوی گەورەی خەڵك لەپشت كوردستانپۆستەوەیە، كەناڵەكانی حزب پارە دەدەن بەجاش قەڵەمەكانیان بۆیان بنوسن، نووسەرانی كوردستانپۆست نەك پارە وەرناگرن بەڵكو ناردنی ئینتەرنێتی و مەسرەفی دیكە لەسەرخۆیانە و حەزدەكەم دڵنیایان كەمەوە ئەگەر سیستمێكی بانكی هەبوایە لەكوردستاندا سەركەوتوو بوایە و پەیوەندی بەئەوروپاوە هەبوایە و ترسی لەسەر نەبوایە حیسابێكی بانكیان بۆ كوردستانپۆست لەرقی یەكێتی و پارتی دەكردەوە، لەبەرئەوە نابێت نووسەران و خوێنەرانی كوردستانپۆست مێشكی خۆیان بەجۆرە قسانەوە سەرقاڵ كەن، لەلایەكی دیكەوە قسەكردن لەگۆڕان و بزووتنەوەی گۆڕان و كەسایەتییەكانی ناوی نە بڤەیە نە كەعبە كەچ دەبێت، ئەمە بزووتنەوەیە لەسەدان لایەنگرو دۆست و هەڵسوڕاوی هەیە، چاكی تێدایەو خراپیشی تێدایە، گرنگ ئەوە بەرەخنە بتوانرێت چاكەكان چاكتر بكرێن و خراپەكانیش چاك بكرێن، قەناعەتم بەوەش هەیە لەبەرئەوەی گۆڕان پارەی هەڵنەڕشتووە قۆناغ بەقۆناغ باشتر دەبێت، چونكە ململانێكان شەریفانە دەبن نەك وەك ئەوانەی نێو یەكێتی و پارتی كە هەمووی لەپێناو خۆ دەوڵەمەندكردندا ملی یەكتر دەشكێنن.
هیوادارم نە مستەفای حەسەن گەورە و نە رۆشار دڵی گەردی لێم گرتبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست