پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ کوردانى رۆژئاوا
Saturday, 18/01/2014, 12:00
1775 بینراوە
هەرچەندە کوردانى رۆژئاوا لە نێوان خۆیاندا بێ کێشەو گرفت نین ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بە بەراورد لەگەڵ پێکهاتەکانى ترى سوریا رێکخراوترین پێکهاتەن لەم وڵاتەدا ، ئەمە جگە لە ئامانجە سیاسى و دیموکراسیەکانى کورد کە هەم کۆکە لەگەڵ هەڵوێستى نیودەوڵەتى و هەمیش لە زۆربەى پێکهاتەکانى تر جیایان دەکاتەوە. ئۆپۆزسیۆنى سوریا تا ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکى پەرش و بڵاو و ناکۆکە لە نێوان خۆیدا ، زۆربەى لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا ئیسلامى توندرەو تیرۆرستەکانى سەر بە رێکخراوى قاعیدەن کە مەترسیەکى گەورەن لەسەر ئایندەى دیموکراسى سوریا و لەسەر ئامانجە دیموکراسیەکانى دونیاى دەرەوە (ئەمریکا و ئەوروپا) کە بۆ ئایندەى سوریایان دەوێ، ئەمە جگە لەوەى ئەو ئۆپۆزسیۆنە ماوەیەکە لە نێوان خۆیاندا خەریکى شەریکى خوێناوین دژ بە یەکتر کە بەم شەرەیان زەرەر و زیانێکى گیانى و ماددى و مەعنەوى و گەورەیان لە گەل و شۆرشى سوریا و لە هەوڵەکانى رووخانى رژێمى (بەشار الاسد) داوە ، لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنى سوریادا هێزە کوردیەکانى رۆژئاوا هێزى عەلمانین و ئامانجى سیاسى و دیموکراسیەکانیان لەگەڵ ئامانجى دونیاى دەرەوە بۆ ئایندەى وڵاتى سوریا یەک دەگرێتەوە ، هەروەک کورد لە رۆژئاواى کوردستان ، بە تایبەتیش ئەنجومەنى گەلى رۆژئاوا (پ.ى.د) لە شەرێکى گراندایە دژ بە هێزە توندرەو تیرۆرستیەکان لە سەروشیانەوە (داعش) و بەرەى نوسرە و دەوڵەتى ئیسلامى لە شام ، ئەو هێزانە ئەگەر هەمووشیان بەشێک نەبن لە رێکخراوى قاعیدە ، بەڵام بەشێکن لە هێزە توندرە و تیرۆرستیەکانى ناوچەکە کە مەترسیەکى گەورەن لەسەر ئایندەى دیموکراسى سوریا و لەسەر ئاشتى و ئاسایشى ناوچەکە و جیهان ، بۆیە کورد وەک پێکهاتەیەکى سەرەکى لە سوریا و هێزە سیاسیەکانى وەک هێزى دیموکراسى و عەلمانى و ئامانجەکانى وەک ئامانجى دیموکراسى بۆ ئایندەى سوریا ، دواجاریش شەرى لەگەڵ هێزەکانى سەر بە رێکخراوى قاعیدە و هێزە تیرۆرستیەکانى تر ، ئەمانە هەموو لە دونیاى دەرەوە ، بە تایبەتیش لە ئەمریکا و ئەوروپا و هێزە دیموکراتخوازەکانى دونیا و ناوچەکە دەخوازێ کە بەو پەرى توانایان پشتیوانى لە کورد و هێزە سیاسیەکانى بکەن و وەک هاوپەیمانیەکى دیموکراسى بۆ ئایندەى سوریا چاوى لێبکەن. ئەو شەرەى کە ساڵێکە کوردى رۆژئاوا لە رێگەى ئەنجومەنى رۆژئاوا (پ.ى.د) دژ بە داعش و بەرەى نوسرە و هێزە توندرەوەکانى تر دەیکات کە تا ئێستا ناوچەیەکى فراوانى لەو هێزانە پاک کردۆتەوە و زیاتر لە (3000) کەسى لەو تیرۆرستانە کوشتوە ، تا ئێستا شەرى وا لە شوێنى تر دژى تیرۆر نەکراوە. تەنانەت حکومەتەکەى مالیکى تا ئێستا نیوەى ، بگرە چواریەکى ئەنجومەنى نیشتمانى رۆژئاواى کوردستان (پ.ى.د) لە ئەنبار و فەلوجە شەرى (داعش)ى نەکردووە ، کەچى وەک دەبینین لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپا و ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەنانەت هەندێ وڵاتى ناوچەکەش لە رووى سیاسى و چەک و مەعنەویەوە ئەو هەموو پالپشتیەک دەکرێ ، کەچى کوردى رۆژئاوا لە شەرى دژ بە (داعش) و تیرۆردا نەک هەر پشتیوانى ناکرێت ، بەڵکو تا ئێستا بە بیانوى جۆراوجۆر لەلایەن ئەمریکا و کەمەڵگاى نێودەوڵەتیەوە دژایەتى دەکرێ و تەنانەت لە بریاردان لەسەر ئایندەى سوریا پەراوێز دەخرێ ، جێگەى داخە دەستێوەردانى هەرێمى کوردستان لە کاروبارى نێوخۆى رۆژئاواى کوردستان و دژایەتى و ناو وناتۆرە دروستکردن لەسەر (پ.ى.د) و شەرەکانى دژ بە داعش و هێزە توندرەوەکانى تر ، دواتر دژایەتیکردنى ئیدارەى خۆجێیى رۆژئاواى کوردستان وێنەى کوردى لەم پارچەیەى کوردستان ناشرین کردوە و پشتیوانى ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتیەکانى لێ دورخستۆتەوە ، هەروەک دژایەتى کردنى حکومەتى تورکیا بۆ کوردى رۆژئاوا و ئەنجومەنى گەلى رۆژئاواى کوردستان و (پ.ى.د) نەک هەر پشتیوانى ئەمریکا و دونیاى دەرەوەى لەو پارچەیەى کوردستان دورخستۆتەوە ، بەڵکو هەڵوێستێکى نەرێنى لەلایەن ئەمریکا و دونیاى دەرەوەى لە بەرامبەردا دروستکردووە.
کاتى ئەوە هاتوە ئەمریکا و ئەوروپا و هێزە نێودەوڵەتیەکان کورد لە رۆژئاواى کوردستان کە پێکهاتەیەکى سەرەکیە لە سوریا وەک هاوپەیمانێکى خۆیان لە سوریا و ناوچەکە سەیر بکەن و لە شەرى دژ بە داعش هاوکاریان بکەن و وەک پێکهاتەیەکى سەربەخۆش بەشدارى کۆنفرانسى (جنێف2)ى پێ بکەن و ئۆپۆزسیۆنى سوریاش هانبدەن کە مافە سیاسى و دیموکراسى و نەتەوەییەکانى کورد لە سوریا وەک پێکهاتەیەکى سەرەکى ئەم وڵاتە بە فەرمى بناسێ.
هەروەک کاتى ئەوەش هاتووە کە هەرێمى کوردستان لە جیاتى دەستێوەردان بە قازانجى لایەنێک کە ئەو هەڵوێستەى کێشەیەکى گەورەى لە رۆژئاواى کوردستان دروستکردوە ، بەیەک چاو سەیرى هەموو هێزەکانى خۆرئاواى کوردستان بکات و بەرژەوەندى و ئایندەى ئەو پارچە گرنگ و ستراتیژیەى کوردستان بخاتە سەرووى هەموو بەرژەوەندیەکانى ترەوە.