هۆكاری بێشکۆیی زۆرێك لەدادوەران ویاساناسانی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
Friday, 08/06/2012, 12:00
رق وتۆڵهی سیاسی و پاكبوونەوەی كەسێتی خەریكە ببێتە ئەو میتۆدەی لە زۆرێك لەو لێكۆڵینەوانەی لە عێراقدا بەدەست لێكۆڵەر عێراقییەكان خۆیان دژ بەهاونیشتمانەكانیان بەڕێوە چوون و ئەنجام دران،بەدرێژای چەندان دەیە هۆكارەكانی گەندەڵی و بەرتیل و رقی سیاسی و پەلاماری دەزگا دیكتاتۆرییەكان هاوكار و تەرخان بوون بۆ دیاردەی ئەشكەنجەدان و بەزۆر قسە وەرگرتن لە تۆمەتباران، ئەمەش بووە هۆی نازڕاندنی دادی عێراقی، بەتایبەت لە ماوەی ململانێ سیاسیە شێتانەكاندا.
ئالێرەدا بەمافی خۆمانی دەزانین بەڕاشكاوانە قسەیەك بكەین بەدووری نازانم پیاوانی یاسا وداد لە عێراقدا پێی وەڕس ببن.
دەڵێن وێڕای بوونی چەندان مافپەروەر و دادوەر و یاساناسی بەجەرگی عێراقی، لەوانەی بەرهەڵستی جەور و ستەم و بەرگرییان لەدادپەروەری كرد و دژ بە سەرپێچی و پێ درێژی بەسەر یاسا و سیستمەكاندا وەستانەوە، كەچی وێڕای بەردەوامیی دیكتاتۆرییە سەربازیە زۆردارەكان و سەرەڕای سنوربڕینی دزێوی یاساكان و مافی مرۆڤ لە عێراقدا و بەردەوامیی دادگە عورفیەسەربازیەكان و بڕیاری ستەمكارییەكانی بۆ چەندان دەیە، یاساناسان لە عێراقدا كارێكی دیاریكراوی مەزنیان ئەنجام نەداوە، وەكو یاخیبوون، یا ڕاپەڕین، یان مانگرتن بۆ دژ وەستانەوەی دەسەڵاتداران لەبەردەوامییاندا لە دەستدرێژیكردنە سەر مافەكانی گەلی عێراق و ئازادیەكانی، وێڕای ڕێزمان بۆ گشت مافپەروەرێك یاخۆ یاسا ناسێكی عێراقی خرابێتە زیندانەوە، یاجیا كرابێتەوە، یان گواسترابێتەوە، یاخۆ بەڕهەڵستێك وەكو ئەوەی ئیمامی ئەعزەم ئەبوو حەنیفەی نەعمان(700ز-767ز) كە بەرەنگاریی خەلیفەی زۆردار ئەبو جەعفر مەنسوور بووەوە و وێڕای پێداگرتنی مەنسوور، ڕەتی كردەوە لە سەردەمی ئەودا ببێتە وەزیری داد و سوور بوو لەسەر هەڵوێستی خۆی ، قایل نەبوو ببێتە وەزیر لە رۆژگاری فەرمانڕەوایی زۆردارێك(وەكو گتبووی)، ئەوە بوو مەنسوور لە سۆنگەی ئەمەوە فڕێی دایە زیندانەوە، ئینجاش ئەو چۆكی دانەدا و تا مرد لە زیندانی مەنسووردا مایەوە، گەورەترین شەهید بوو لە مێژووی ئیسلامدا لە پێناوی دۆزێكی دیاریكراودا،كە ناوی سەربەخۆیی دادگە یە.
وەكو ئاشكرایە كوردستانی باشوریش بەهۆی داگیركاری رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە بووەتە بەشێك لەو كەلتورە كە كەسایتی تاكی عێراقی هەیەتی، لەناو ئەو كەسایەتیانەشدا زۆرێك لەچینی مافپەروەران و دادوەرانی كوردستانیش لە ژێر ئەو كەلتورە ناشرینەدا توانەتەوە و بونەتە داردەستی زۆرێك لە سیاسیەنەفام و گەوجەكانی كۆمەڵگای حیزبی كوردی، ئەوەش هۆكارێكە كە زۆرێك لە دادوەران و یاساناسان بێشكوترین توێژی كومەڵگای كوردین، هەر ئەوەش وایكردوە لە ماوەی 21 ساڵی حوكمڕانی لەلایەن دوو هێزی ستەمكاری جەنگاوەری بەناو شۆڕشگێڕی وەكو یەكێتی و پارتییەوەكوردستانی باشور بەڕێوە دەبرێت، ئەم دوو هێزە ستەمكارە ئەوەی لەدەستیان بێت كردوویانە، هەر لە دەست درێژی سێكسی وئەشكەنجەدان و زیندانیكردنی نەیارە سیاسیەكانیان، دزینی سەروەت وسامانی گشتی و داگیركردنی زەوی و زاری هاونیشتمانیان،تیرۆركردنی نەیارانی سیاسی و چالاكانی مەدەنی و رۆژنامەنووسانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبە،كۆیلەكردنی كۆمەڵگا لە رێگای بەخشینەوەی پۆست و پلە و پایە و پارەی دزراوی گەلەوە، متمانەدان بەوهەموو ستەمكاریەی ئەیكەن لە رێگای دەرچوونی یاسای كۆنەپەرستانەی خێڵەكیانەوە و هتد.... بوە. بەڵام بەداخەوە جگە لە چەند یاساناس و دادوەرێكی زۆر كەمەوە نەبێت كە لە ژێر لێوەوە ورتەیەكیان لەدەم هاتووەتە دەرەوە، یان چەند یاسا ناسێك كە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن دەنگیان هەڵبڕێوە لە ناو ئەو هەموو بێدەنگییەی یاساناسان و دادوەراندا. ئەوانی دی كە زۆرینەی زۆرن وەكو مردووی قەبرستانیان لێ هاتووە ئەوەندە بێدەنگن.
جێگای شەرمەزاریە كەسێك ناوی لە خۆی نابێت یاسا ناس و دادوەر كەچی نەیشتوانیبێت لە ماوەی 21 ساڵی زوڵم و زۆرداری ستەمكارانی یەكێتی و پارتی و هەردوو بنەماڵە تەنها یەك تاوانباری بەرپرسی حزبی و حكومییان راپێچی دادگا نەكردوە و بەسزای تاوانەكەی نەگەیاندوە. ئەوە پەڵەیەكی ڕەشە بەنێوچاوانی ئەو هەموو یاسا ناس و دادوەرەی كە بێدەنگیان هەڵبژرادوە و بوونەتە بەشێك لەپلانی سیاسیەكانی ئەو دوو حیزبە كە بۆ نەیارە سیاسیەكانی خۆیان دایان رشتووە و دای دەڕێژن، پێم وایە ئێستا ئەوانیش بەشێكن لە هەموو تاوانەی دەسەڵاتدارە سیاسیەكان ئەنجامیانداوە بەرانبەر بە هاونیشتمانیانی كوردستان و ناویاشیان دەچێتە ناو مێژووی رەشی ئەو دادوەرانەی كە لەمێژووی عێراقدا بەم جۆرەی ئەمان رەفتاریان كردووە و دەسەڵاتی ستەمكارە سیاسیەكانیان پاراستووە و بە نەحەق نیارە سیاسیەكانیان بۆ كردوون بە تاوانبار و تاوانبارەكانیشیان بێتاوان دەركردووە و بە ئازادی خۆیان دەسوڕێنەوە.دیارە بۆ ئەم قسانەش سەدان بەڵگەمان لە بەردەستدایە كە ئێوە جگە لە كوتەكی دەسەڵات بۆ سەر ئازادیخوازان هیچیترنین.بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە درێژدادڕی لەم بابەتەدا، بۆیە نەم ویست چەند نمونەیەك بهێنینەوە.
بۆ دەبێت سێ دەیە پێش ئێستا لە عێراقدا دادوەرێكی وەكو (ئەبوو حەنیفەی نەعمان)بەرەنگاری زاڵمێكی وەكو (خەلیفەی زۆردار ئەبو جەعفر مەنسوور) ببێتەوە و ئامادە نبێت ببێتە وەزیر لە سەردەمی حوكمی زاڵمانەی ئەو زاڵمەدا، كەچی هێشتا لە كوردستاندا و لە سەردەمی تەكنەلۆجیا و كرانەوە بەڕوی دەرەوەدا زۆرێك لە دادوەران و یاساناسان ئامادە نین شكۆبوون بۆ خۆیان بگەڕێننەوە و خۆیان رزگار بكەن لەو تەوقەی كراوەتە ملیانەوە لە لایەن هەردوو حیزبی بنەماڵەوە، ئەمە ئەوپەڕی بێ شكۆی زۆریك لە دادوەرەكان و یاسا ناسانی كوردستانە كە حیزب و حكومەت بوونەتە مۆتەكە بەسەر نەتەوە و نیشتمانەوە و هەرچی بێڕێزی نەبێت بە كۆمەڵگایان كردوە.بەڵام بەبڕوای من هێشتا كات ماوە كە یاسا ناسان و دادوەرانی كوردستان لە دەوری یەك كۆببنەوە و بڕیارێكی جەریئانە بدەن و مانگرتن رابگەینن، تا ئەو كاتەی تاوانبارانی حیزب و حكومەت راپێچی پێش دادگا دەكرێن كۆڵ لە مانگرتن نەدەن، ئەگەر ئەو كارە بكەن دڵنیابن هەموو كەسێكی ئازادیخواز و ماف پەروەر پشتگیرتان ئەبێت و دەسەڵاتیش نەك ناتوانێت هیچتان لێبكات بەڵكو ئەبێت چۆكیش دابدات لە بەرانبەر ئیرادەی یەكگرتووی ئێوەدا گەر بتانەوێت شكۆی و سەربەخۆی بۆ خۆتانو داد بگەڕێننەوە و مێژوویەكی جوان بۆ خۆتان تۆمار بكەن و خۆتان رزگار بكەن لەوكەلتوورەی بێدەنگیە كەبە میراتی لەداگیركەرانەوە بۆ ئێوە و هاونیشتمانیەكانمان ماوەتەوە.
تیبینی: سود لە سەرچاوەی كتێبی" كەسێتی تاكی عێراقی سێ خەسڵەتی نەرێنیی مەترسیدار، ناكۆكی، دەسەڵاتخوازی، خوێنڕێژ،" كە لە نوسینی(باقر یاسین) و لەوەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل)ە و لە لاپەڕە ٧٠-٧١ وەرگیراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست