کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرتنی دەسەڵات : لە دروشمەوە تا ستراتیژی سیاسی

Tuesday, 17/09/2013, 12:00



سەبارەت بە بانگشەکانی ئۆپۆزیسێۆن بۆ گرتنی دەسەڵات

لەگەڵ دەسپێکردنی بانگشەی هەڵبژاردنەکان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش، چ ئیسلامی یەکان و چ گۆڕان، لە پاڵ ناساندنی کاندیدەکانیان و خستنەڕووی بەرنامەو دروشمەکانیان هاوکات پرسی گرتنی دەسەڵاتیان کردۆتە تەوەرەیەکی سەرەکی بانگشەکانیان. لەم بارەیەوە سەرانی ئۆپۆزیسیۆن چ بەجیاو چ پێکەوە لێدوانی جۆراوجۆریان داوەو بازاڕی بانگشەی هەڵبژاردنەکەیان زیاتر لە دەسەڵات گەرم ڕاگرتوەو مۆری دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازادیان هەر لە ئێستاوە داوە لە هەڵبژاردنێک کە لە سایەی دەسەڵاتی دوو حزبی میلیشایی بەڕێوە دەچێت.
دیارە وەک مەبدەێکی سەرەکی ئەوە ڕۆشنە کە هەر حزبێکی سیاسی کە دادەمەزرێت مەبەستی سەرەکی گرتنی دەسەڵاتی سیاسی یە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و بەرنامەیی یەکانی.بەڵام تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بەم حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامی یانەی کوردستانەوە کە وەک ئۆپۆزیسیۆنی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری میلیشایی پارتی و یەکێتی وە نەبێت نەزانن کە ڕادەستکردنی دەسەڵات نەک هەر کارێکی ئاستەم بێت بەڵکو لە سایەی ئەم بارودۆخەدا هەرگیز مەیسەر نەبێت.
بۆیە پێموا وایە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگانەدا بەرزکردنەوەی دروشمی گرتنی دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، بە تایبەتی گۆڕان، تەنها وەک دروشمێک وابێت بۆ گەرم کردنی بانگشەکەیان و دەنگو کورسی زیاتر بەدەست هێنان وەک لەوەی بە ڕاستی ئامانجی و ستراتیژی سیاسی و عەمەلیان بێت. جا گەر بە کورتی بمانەوێ ئاماژە بەو ڕێگری و ئاستەنگانە بکەین کە لەبەردەم ئۆپۆزیسیۆندایە لە گرتنی دەسەڵات دەکرێت ئەم خاڵانە وەک ڕێگری سەرەکی هەژمار بکەین:
یەکەم: ئەوەیە کە هەمو لایەک باش دەزانێت پارتی و یەکێتی لە سالی ١٩٩١ وە بە هێزی چەک و بێ هیچ دەنگدان و پرۆسەیەکی هەڵبژاردن و بە یارمەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتی خۆیان سەپاندوە لە بارودۆخێکی زۆر تایبەتی جهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی پڕ ئاڵوگۆڕدا. وە دوای زیاتر لە ساڵێک بۆ شەرعیەت دان بە دەسەڵاتە چەکداری یەکەیان پەنایان بردە بەر هەڵبژاردن و لە ئایاری ١٩٩٢ دا یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا. دوای ڕێککەوتن لەسەر پەنجا بە پەنجا کە تەنها دوو ساڵی خایاند شەرو کوشتار هەڵگیرسا لە نێوانیان و هەزاران کوژراو بریندار و ئاوارە بونی خەڵکی لێکەوتەوە. سەرئەنجام پارتی توانی لە ٣١ ی ئابدا یەکێتی لە زۆربەی ناوچەکان بە تایبەتی شاری هەولێر دەرپەرێنی و مل کەچی کات بۆ دەسەڵاتی خۆی و زۆرترین ناوچە بکاتە ژێر دەسەڵاتی میلیشای خۆیەوە تا سەرەنجام ڕێکەوتنی ستراتیژیان مۆرکرد.
جێگاو ڕێگایەک کە پارتی بە دەستیهێنا وای کرد کە پارتی لە هەر سێ دەزگاکەی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمدا هێزی یەکەمە و هەر بۆیەش وا بە ئاسانی هیج لایەنێکی سیاسی ناتوانێ ئەم دەسەڵاتەی لە بن دەست دەرکا.
دووەم:پارتی و یەکیێی تا ئێستاش هەر یەکەیان هێزی میلیشایی و دەزگای سەرکوتی جاسوسی و تۆقینەر و ڕفێنەری جۆراوجۆری خۆیان هەیە لە پیشمەرگەو پۆلیس و سوپاو ئاسایش و پاراستن و زیرەڤانی و زانیاری و دژە تیرۆر.. هەرچەندە ڕۆشنە کە کە هەر ٣ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش خاوەنی ئەم دامودەزگا گومانلێکراوانەن، گەرچی هەندێکیان نهێنین.
بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم دامودەزگایانەی کە سەر بەو دوو حزبە دەسەڵاتدارانەن هەرگیز
ئۆتۆریتەی ئۆپۆزیسیۆن لە سبەی ڕۆژی گرتنی دەسەڵات قەبول ناکەن. ئەو هەمو جار و جەنجاڵە و شین شەپۆڕەی کە گۆڕان دەیکات بۆ یەکخستن و بە نیشتیمانی کردنی ئەو دامودەزگا میلیشایی و جاسوسی و میدیاییە هەموی بۆ زیاتر کۆکردنەوەی خەڵکی یە لە دەوری خۆی. ئاخر هێزی میلیشایی پیشمەرگەی پارتی و یەکێتی و ئاساییش و پاراستن و زانیاری یەکەیان کە کوڕ و برازاکانی بارزانی و تاڵەبانی سەرۆکیانن و بە بیرو کەلتوری عەشایەری و بنەماڵەیی ئەوان گۆش کراون چۆن ئاوا بە ئاسانی دەسەڵات دەدەن بە ئۆپۆزیسیۆن و قەبوڵی دەسەڵاتەکەیان دەکەن؟
سێهەم: ڕێگری و ئاستەنگێکی تری بەردەم ئۆپۆزیسیۆن لە گرتنی دەسەڵات لە خودی خۆیاندایە وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی نەگونجاو و بێسەروبەرەی وا کە خاڵە جیاوازی یە فکری و سیاسی و کەلتوری یەکانیان زۆر زۆرترە لە خاڵە هاوبەشەکانیان.
ئەوەی کە ئەم ٣ لایەنەی کۆ کردۆتەوە کە وەک چێشتی مجێور وان تەنها دژایەتی ڕواڵەتیانە بە دیاردەی گەندەڵی و دزی هەردو حزبی دەسەڵاتدار.
خۆ ئەگەر بەراوردی خاڵە هاوبەشەکانی گۆڕان لەگەڵ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بکەین ئەوە دەبینین خاڵی هاوبەشیان زۆرترە وەک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی. بۆیە ئەم جیاوازی یە زۆرانەی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسۆن خۆیان وا دەکات کە گرتنی دەسەڵات زۆر ئاستەم بێت.
گەر گۆڕان بشتوانێ حکومەت لەگەڵ تاقمە ئیسلامیەکاندا پێکبهێنێت ئەوە تەمەنی ناگاتە ئەو دوو ساڵ پێکەوە بونەی پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ تەنانەت شەقو شڕ تر دەبێت لەم دەسەڵاتە هاوبەشەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی .دیارە دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵی تری رێگری بکریت کە بەش بە حاڵی خۆیان ڕۆڵیان هەیە لە ئاستەمی گرتنی دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە وەک بێ متمانەیی لایەنە ئیسلامی یەکان بە گۆڕان و کۆبونەوەی ژیر بە ژێریان لەگەڵ سەرانی یەکێتی. بە تایبەتی مۆرکردنی ڕێکەوتنی دەباشانی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان بە دور لە دەنگو ڕای سەرانی تری هەردولایان. گەرچی نەمانی تاڵەبانی لە مەیدانی سیاسی لە زۆر ڕووەوە نەگتیڤ بووە بۆ زیاتر نزیک بونەوە لە گۆران بەڵام هاوکات لە لایەکی تریشەوە بە ڕاگەیاندنی مەرگی تاڵەبانی یەکێتی وەک ئاردی ناو درکی لێ دێت و نەوشیروان و گۆڕان لەگەڵ چەند بەشی یەکێتی، ڕەنگە لەگەڵ هەمو یەکێتی، ببنەوە بە جەستەکەی جاران جا لە ژێر هەر ناوێکی تردا بیت. دیارە ئەمەش بۆ خۆی کاریگەری سەلبی هەیە لەسەر ستراتیژی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزیسۆن بە تایبەتی لەمەسەلەی دەسەڵاتدا.بۆیە کاتێک لەم ڕوانگانەوە سەرنجی بانگشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و گۆڕان دەکەیت بۆ گرتنی دەسەڵات تەنها لە ئاستی دروشمی بریقەداردا دەمێنیتەوە و ناچێتە بواری پرۆژەی ستراتیژی سیاسی عەمەلی یەوە.
ناوه‌ڕاستی ئەیلولی ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە