دكتۆر بەرهەم دەبوایە ئەو دەست لەكاركێشانەوەت لە سەرۆكایەتى حوكمەت با
Thursday, 21/04/2011, 12:00
ئەو نامەیەى دەست لەكاركێشانەوەى د. بەرهەم تاڕادەیەكى زۆر كێشەكانى یەكێتى دەستنیشان كردوە هەرچەندە دەستى نەخستۆتە سەر برینە سەرەكیەكەى یەكێتى كە ئەویش خودى مام جەلالە. ئەو پیاوە بەڕاستى پێویستى بە وازهێنانێكى موشەرەفە لە سەرۆكایەتى عێراق ویەكێتیش پێكەوە. لەسەر ئاستى عێراق ئەوە هەرچەندە بابەتى باسەكەمان نییە بەڵام وجودى ئەو لەو شوێنە زۆر بە گرانى لەسەر كورد كەوتوە وبیرۆكەیەكى زۆر شێواو ودزێویشی لەسەر كورد داوەتە خەڵكانى تر بەتایبەتى عەرەب، خەمەكە لەوەدایە زۆربەى ئەو بیرۆكە نێگەتیڤانە لاى عەرەب وغەیری عەرەبیش لەسەر كورد هەر هەبوە كەچى ئەمڕۆ مام جەلال بە ڕەفتارەكانى زۆریان دەسەلمێنێت... ئەگەر بڕ وچەندایەتى ئەو هەموو نوكتەیەى عەرەبەكانمان گوێ لێبێت لەسەر مام جەلال ئەو كاتە دەزانین ئەوانە چۆن لەكورد دەڕوانن وئەویش (مام جەلال) چۆن ئەو تێڕوانینانەیان بۆ دوپات وتەكید دەكاتەوە، پێشتر زۆر بەدرێژى باسی ئەو وردەكاریانەمان كردوە وبەپێویستى نازانم دوبارەی كەینەوە، ئەوە بەنسبەت عێراق بەڵام دەربارەى یەكێتى وسیاسەتى یەكێتى لەسەر ئاستى كوردستان ئەو گەندەڵیە گەورەیەى كە بینەقاقاى یەكێتى گرتوە یەكێكە لە گەندەڵیە هەرە ئاوساوەكەى گۆڕەپانى كوردى، ئەو ڕێكەوتنە ستراتیژیە نهێنیەى لەگەڵ پارتیدا لە پێناو دابەشكردنى دەسەڵات وعەرز وئاسمان كوتەكێكى هەرە گەورەترى ئەو زەبرانە بوو كە مام جەلال لە یەكێتى دا تا گەیاندیە ئەو ئاستەى كە ئێستا تێیدایە، بۆتە شوێن كەوتویەكى چاوبەستى سیاسەتەكانى پارتى. ئەو دوو حزبە واتە یەكێتى وپارتى خاوەنى مۆدیلێكى نوێی حزبایەتى بوون لە رۆژهەڵاتدا ئەویش لە جیاتى حزبی قائیدى تەنها مۆدیلی جوتە حزبی قائیدیان داهێنا واتە جووتە حزبی سەركردە، ئەوەش چونكە ئەو دوو حزبە لە بنچینەدا دەڵێی پەیمانێكى نەنوسراویان لە نێواندایە لەدژى جەماوەر (كە نە لەشەڕ ونە لە ئاشتى ڕەچاوى بەرژەوەندى خەڵك نەكەن) كە شەڕیان بوو هەر گیان وماڵی ئەو خەڵكەیان بە هەدەردەدا، لەوەتى ئاشتیشیان كردوە هەر سەروەت وسامانى ئەو خەڵكە بێ حەسیب وڕەقیب لووشدەدەن.
نامەكەى دكتۆر بەرهەمم خوێندەوە دەربارەى دەستە لەكاركێشانەوەكەى لە سەركردایەتى یەكێتى وابزانم دەستى خستۆتە سەر زۆربەى برینەكان تەنها برینە هەرە گەورەكە نەبێت كە لەوەوە برین وزامەكانى ترى یەكێتى سەرچاوە دەگرن ئەویش وجودى كەسایەتى مام جەلالە لەسەر لوتكەى هەرەمى یەكێتیدا. ئینجا بەر لەوەش دەبوایە دەست لەكار كێشانەوەكەى د. بەرهەم دەبوایە لە سەرۆكایەتى وەزیران بوایە نەك لە یەكێتى چونكە كێشە كەڤنارەكانى حوكمەتەكەى دكتۆر بەرهەم بە بۆمبەست گەیشتوە وشەخسی د. بەرهەم وەك ئەو پەندەى لێهاتوە كە دەڵێن (نەخواردى لە سمێلان مەیی) ئەو پیاوە كە گومان لە توانایی عەقلیەتى سیاسی ناكرێت ویەكێكە لە چاكترین سیاسەتمەدارى كورد لەو سەردەمە بە شەهادەى حەسەن عەلەوى بەڵام بەداخەوە ئەویش كەوتە بەر بەرداشى ماكینەى پڕ لە جەهل وخورافاتى دەسەڵاتى كوردى وتوانی ئەو پیاوە بلیمەتەش بچوك كاتەوە بۆ ئەو ئاستە نزمەى كە دەسەڵات تێیدا سیاسەتبازى دەكات. دكتۆر بەرهەم دەكرا چاكترین سیاسەتمەدار وسەركەوتوترینیانى لێدەرچوبا ئەگەر هاتوو لە ژینگەیەكى تەندروستر ئەرك وفەرمانەكانى خۆی ڕاپەڕاندبا نەك بە سیاسەتى دواكەوتوانەى هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ئەو پیاوە باڵ بەست بكرێت وئینجا تێهەڵدرێتە ناو دەریاى نائارام وپڕ لێشاوى سیاسەتى كوردى وداواشى لێبكرێت ڕزگاریشى بێت وسەرفراز بێت! خۆزگە ئەو پیاوە واتە دكتۆر بەرهەم لەشوێنێكى تر یان لە هەلومەرجێكى تر ئەو كارەى پێ سپێردرابا نەوەك لەو زەمەنە خۆڵەمێشییەى كە جووتە حزبی قائید بچوكترین ئیعتیبار دانانێن بۆ بەرپرسیارەتى مێژووییان وبۆ ناسكى هەلومەرجى كورد وقەوارەى كوردى. بۆیە دەمەوێت بە دكتۆر بەرهەمى بەڕێز بڵێم كەتازوە نەلەبەر كورد ونەلەبەر مێژوو بەڵكو بەر لەهەموو شتێك لەبەر كەسایەتى خۆت ودواڕۆژی سیاسی خۆت تازوە هیچی تر لە سەرۆكایەتى ئەو كابینەیە مەمێنەوە چونكە ئەو كابینەیە هەموو كەشتیەكەى خستۆتە مەترسیەوە وسوكانەكەشیان داوەتە دەستى تۆ بەڵام چەند دەیخولێنیتەوە بەلاى ڕاست وچەپ هیچ لە ڕێڕەوى كەشتییەكە ناگۆڕێت، چونكە كەشتییەكە لە بنچینەدا بەدەستى كەسانى تر كۆنترۆڵ كراوە كە یەكێكیان ئەو مام جەلالەى باوكى ڕۆحى خۆتە ولە پێناو بەرژەوەندى تەسكى كەسایەتى خۆی قوربانى بە سەدان كاپیتانى وەك تۆ دەدات. هیوادارم لەپەنابردنت بۆ مام جەلال بۆ چارەسەركردنى كێشە زەبەلاحەكانى یەكێتى توشى نەخۆشی دەروونى ستۆكهۆڵم سیندرۆم Stockholm syndrome نەبوبیت، پوختەى ئەو نەخۆشیە دەروونیە بریتییە لەو حالەتە نەفسی ودەروونیەى كە تێیدا كەسی نەخۆش هاوسۆزى وهاوكارى دەكات لەگەڵ دوژمنى یان لەگەڵ ئەو كەسەى كە خراپەكارى بەرامبەر كردوە !! با هەنگاوى یەكەمت دەست لەكار كێشانەوە بێت لە سەرۆكایەتى وەزیران ئینجا تۆ وكەسانى وەك تۆ پێویستە چاكسازى هەقیقی بكەن لەناو یەكێتى ولەسەروى هەموشیانەوە لادانى مام جەلال بێت چونكە بەڕاستى بۆتە كۆسپی بەردەمى كورد ویەكێتى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست