کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ڕۆژنامەى هاوڵاتى مەرگى خۆى ڕادەگەیەنێت

Wednesday, 23/05/2012, 12:00


كەمال ڕەئووف، ڕۆژنامەى هاووڵاتى دەکات بەمیدیاى سێبەرى یەكیتى
ڕۆژنامەى هاووڵاتى ئەگەر بە گشتى لێت بڕوانیبایە هەتا 17ى شوبات ڕۆژنامەیەك بوو لەبەرەى خەڵكدا وەستابوو، ئەگەرچى بێكەموكورتى نەبوو، هەروەها لەهەموو ساتەكانى تەمەنیشیدا بەدەر نەبوو لە بوونى كەسانى سەر بە پاراستنى پارتى و دەزگاى زانیارى سەر بەیەكیتى، كە كاریان بۆ بەلادارێبردنى ئەم رۆژنامەیە دەكرد، هەروەها بەبەردەوامى یەكیتى و پارتى كاریان بۆ كڕینى ڕۆژنامەنووسانى ئەم ڕۆژنامە ئەهلیە كردووە. جگە لەوەش لەدواى دەست بەكار بوونى كەمال ڕەئووف وەك سەرنووسەر ئەم جارە دەسەڵاتى یەكیتى و پارتى ئەو هەلەیان قوستەوە لەسەرەوە دەستیان پێكرد و سەرنووسەرەكەیان كڕى، چونكە باش ئەوە ئاگاداربوون، كە كەمال رەئووف كەسێكى ئیمتیازییە و بە مادە و پارە هەڵدەخەڵەتێت بۆیە لە چەند بۆنەیەکدا و بۆ چەند جارێك دیدارى بۆ ڕێكخراوە، کە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى یەكیتى و پارتى بەیەک بگات، تا سەرنجام تاڵەبانى و نێچیر بەرزانى توانیان كەمال و هاووڵاتى دەستەمۆ بكەن و لەبەرەى میدیاى ئەهلى دایبڕن و بیكەن بە میدیاى سیبەى خۆیان.

1- ڕۆژى شەممە سعات 9 عیماد ئەحمەد و چەند كەسێكى سەر بەمەكتەبى ڕێكخستنى یەكێتى دیارترینیان سلێمان عەبدوڵڵا یونس سەردانى بارەگاى رۆژنامەى هاوڵاتیان كرد لە شارى سلێمانى و ئەم سەردانە لەلایەن سایتى هاوڵاتی و ڕۆژنامەكە و دەزگاكانى ڕاگەیاندنى یەكێتى بڵاونەكرایەوە، چونكە بۆ ڕێكەوتن بووە لەسەر ئەوەى یارمەتیی هاوڵاتى بدەن، کە لەژێر سەرپەرشتى یەكێتى و سلێمان عەبدوڵاى مەكتەبى ڕێكخستنى یەكێتى بكرێتە ڕۆژانە، هێشتا هەردوولا بە تەواوی لەسەر ئەوە رێک نەکەوتوون و بڕیاڕی تەواویش نەدراوە، بەڵام ئاماژەکان بەرەو ئەو ئاشاتەیە گوزەر دەکات، کە هاوڵاتی بەمە رازیبێت، واتە هاوڵاتى لە نادیاردا ئیتر لە میدیایەكى ئەهلیەوە دەبێتە سێبەرى میدیای دەسەڵات و دیدارەكەش تا سەعات 11:15 خولەكى خایاندووە. عیماد ئەحمەد لەو كۆبونەوەیەدا باسی ڕێكخستنى پەیوەندییەكانى نێوان هاوڵاتى و مەكتەبى ڕێكخستنى یەكێتى كردووە، كە چۆن ئەو پەیوەندییانە بەرەو گەشەسەندن و قۆناغى زۆرباش ببەن. لەكۆبونەوەكەدا عیماد ئەحمەد كە هاوڕێ لەگەڵ "سلێمان عەبدوڵا یونس" سەردانى هاوڵاتى كردبوو لەگەڵ كەمال ڕەئوف و چەند بەرپرسێکی هاوڵاتى لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە هاوڵاتى بكرێتە ڕۆژانە.

2- دوێنێ سێ شەممە 22/5/2012 كەمال ڕەئوف و و تارق فاتیح و توانا مدیر ئیدارى و هەروەها مدیرى فنى هاوڵاتى سەردانى نێچیرڤان بارزانییان كردووە، ئەمەش بەهیچ جۆرێك نە لە هاوڵاتى نە لە هیچ دەزگایەكى دیكە باس نەكرا.

3- هەروەها ڕۆژى 22- 4 كەمال ڕەئوف سەردانى مەسعود بارزانى كردووە و لەگەڵى كۆبۆتەوە.

4- پێش چاوپێكەوتنەكەش كەمال ڕەئوف چەند جارێك سەردانى تاڵەبانى كردووە، ئەمەش هەمووى بۆ ئەوەیە لەسەر حسابى میدیاى ئەهلى پارە بۆ هاولاتى كۆبكاتەوە و سازش بكات، تا هاولاتى ببێتە ڕۆژانە، بەگوێرەى وتەى كارمەندانى هاوڵاتى لەسەرجەم ئەو سەردانانەدا كەمال ڕەئوف داواى پشتگیریى مادیى لەو بەرپرسانە كردووە.

ئەوەى سەرەوە كۆمەڵێك زانیارى گرنگن لەبارەى كەمال ڕەئووفى سەرنوسەرى هاوڵاتى و دەزگاى هاوڵاتى ئیستا،  ئیتر لیرە بەدواوە دەبێت كۆتا پەیام بگەیەنرێتە ئەو دەستە بازرگانەى نیو میدیاى ئەهلى.

تێبینى: بۆ ڕاستى ئەم قسانە كە دەوترێت هاوڵاتى مەكتەبى ڕێكخستنى یەكێتى سەرپەرشتى دەكات ئەوەیە عیماد ئەحمەد وەك مەكتەبى ریكخستن چووە هەروەها خودى سلێمان عەبدوڵاش، كە ئەندامى ئەو مەكتەبە و نوێنەرى یەكێتیە و گۆشەى بەردەوامى هەیە لە هاوڵاتى لەنزیكەوە سەرپەرشتى هاولاتى دەكات.

ڕۆژنامەى هاووڵاتى لەبەردەم مەترسیدایە و لیرەوە من وەکو رۆژنامەنووسێک داوا لە سەرجەم نووسەر و ڕۆژنامەنووسان دەكەم، ئەگەر بڕیار و رێکەوتنەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەسەر ئەم کارە هەڵویست وەربگرن، ڕێگە نەدەن ڕۆژنامەى هاووڵاتى تەسلیم بە یەكێتى بكرێت و بەو حیزبە بفرۆشرێت، خۆ ئەگەر ڕۆژنامەنووسانى ناو ئەو دەزگایە هەڵوێست وەرنەگرن و واز نەهێنن ئەوا لێرە بەدواوە هەركەسێك لەو دەزگایە كار بكات وەك ڕۆژنامەنووسێكى سێبەر لێى بڕوانرێت و حسابى بۆ بکرێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە