ئەم هەڵبژاردنە یەكێتى ئەپوكێتەوە
Thursday, 27/02/2014, 12:00
یەكێێتى لەشكستەوە بۆ شكستێكى تر، لە سەرگەردانی و ماڵ وێرانیەك رزگارى نابێت،خۆى دەخاتە ناو گێژاوو، لیتاوێكى تر.هەتا بمێنێتەوە وتەمەنى درێژ بێت زیاتر بەرەو نغرۆبون و تیاچون و شەرمەزارى مل دەنێت.
ئەمەش نەك بەتەنیا باڵێك ،یان كەس وگروپێك لێى بەرپرس بن،بەڵكو تەواوى بەناو مەكتەب سیاسى وسەركردایەتیە زەلیلەكەى لەسەرلەبەرى ئەو نەهامەتیانە بەرپرسن. لەسەرێكەوە پێم خۆشە كە یەكێتى دووچارى قەیران و سەرگەردانى و لێكترازان وجۆرەها دەرد بۆتەوە،چونكە سەرلەبەرى ئەو شكستانە بەهۆى هەڵەو كەموكوڕى وفرەكوێخایى نەفامى خۆیانەوە بووە، چەندین كەسى وەكو مەلا و خولە وپیرە و جەعفەر و جۆرەها بودەڵەى تر یەكێتیان بەرەو ئەو چارەنووسە برد و، ئێستاش ئەوە باجەكەیەتى دەدەن و بەرهەمەكەى دەچننەوە. لەسەرێكیشەوە پێم ناخۆشە،كە بەرى رەنج وخوێن و عارەقى سەدانى وەك ئارام وجەعفەر وعەلى عەسكەرى و دكتۆر خالید و.... هەزاران شەهیدى تر بكرێتە قوربانى پیرێژنێكى نەفام و ساویلكە.
من وەكو خۆم لەپاش شكستى هەڵبژاردنى ئەمجارەو بێ سەروبەرى یەكێتى و قەیران و نەهامەتیەكانى وەها شیمانەم دەكرد،كە یەكێتى پەند و عیبرەتى لەو دۆڕاندنە چاوەڕوان كراوە وەرگرتوە، لەمەولا بەخۆیدا دەچێتەوە ،هەر لەئۆرگانەكانى ناوخۆوە تا دەگاتە بەرنامە وپەیرەو تاكتیك وستراتیژ و جەماوەر، گۆڕانكارى ریشەیى دەكات. بەڵام دیارە و روونە، لەبەر ئەوەى سەركردایەتى و بنكرایەتى یەكێتى بۆتە بووكەلەَیەك ،بەدەست سێ چوار كەسەوە، هەروەها ویست وئیرادە و سەربەخۆى خۆیان دۆڕاندوە،هێندەى بەگوێى نەیاران و كەسانى دەرەوەى حزب دەكەن. چارەكى ئەوە گوێ لەخەڵك ناگرن، تەواو لەمیللەت و جەماوەر دابڕاون،یەك شتى واقیعى لەسەر ئەوە، جاران كاتێك بەرپرسێكى یەكێتى دەچووە پرسە و بۆنەیەكەوە، ئەوەپەڕى رێزى لێدەنراو لەریزى پێشەوە بەوپەڕى ئیحترام وگەورەییەوە پێشوازى دەكرا، بەڵام ئێستا،ئەوە بۆخۆشیان چاك دەزانن ،كەلەپێش چاوى خەڵك چۆن قێزەون وناقۆڵا بوون، ئەگەر لەسەر زەویش دانیشن دەربەست نایەن.تەنانەت لەبەر رێوەرسم و داب و نەریتەكە نەبێت،هەر بەخێرهاتنیشیان ناكەن.
بەهەرحاڵ هەموو دەزانین كە یەكێتى بەچەشنى حزبى شیوعى و حزبەكانى تر بەرە ولاوازى و پوكانەوە دەچێت، رەنگیشە نەگاتە پایزى تەمەنى جەڵدە یان شێرپەنجەكەى زوتر بگات و هەناسەى لەبەر ببڕێت. جا من وەكو خۆم ،لەبەر خاترى ئەوەى كە ساڵانێك رەنج و كۆششم بۆداون، حەزناكەم یەكێتیش بەدەردى سەركردەكەیان بچێت و ببێتە مەتەڵێكى شاراوەو كەس بۆى هەڵنەیەت و نەزانێت چارەنووسى چى دەبێت.بەتایبەت بۆ ئەم وەخت و كاتە،كەلەهەركات زیاتر یەكێتى پێویستى بە رێكخستنەوە بەخۆداچونەوە و سارێژ كردنى برینەكانیەتى ،ئەوەش روونە كە بە رێنمایى و سەرنج وتێبینى و رەخنەو پێشنازەكان دێتە بەر،بەڵام مەعلومە كە یەكێتى هەر لەئەزەلەوە ئەو لایەنەى فەرامۆشكردوە، ئەوەى حسابى بۆنەكات گوێ پێ نەدات ئەو بوارەیە.
من وەكو خۆم باوەڕو قەناعەتى تەواوم هەیە كەئەم هەڵبژاردنەى كە لەپێشمانە ،دەبێتە دوا هەڵبژاردن وئەخیر چانسى یەكێتى، سەنگ وقەبارەى وەها گچكە دەبێتەوە كە سەد خۆزگە بەحزبە بچوك و رێكخراوەكانى دیكە بخوازێت.لەبەر ئەوەى بۆهەڵبژاردنى ئەمجارە هەستاوە كۆمەڵێك كەس و ناوى كاندیدكردووە،كە نەك هیچ لەهاوكێشەكە ناگۆڕن و كاریگەریان لەسەر ئەنجامەكانى هەڵبژاردن نابێت، بەڵكو زیاتر وزۆرتر بەرەو هەڵدێر و چاڵى نەعلەتى دەبات، نەك هیچ رۆڵیكیان نابێت لە سەرخستنى میللەت و تیماركردنى برینەكانى یەكێتى و بەجێهێنانى گفت و بەڵێنیان، بگرە زیاتر و زۆرت خەڵك ومیللەت لەخۆیان زویر و تووڕە دەكەن، ئاخر بەڕێزان بۆ ئەم زروف و رۆژگارە ،زیاتر پێویستمان بە كەسانى ئابورى زان و یاسا ناس و ژمێریار ئەكادیمى وسیاسى و خاوەن پلان وپڕۆژە هەیە،یان كەسانى وەرزشى و هونەرى و كۆمیدى و چى و چى؟! لەوەش خۆشتر كەسى واى تێدایە كە سوێنتان لەسەرم نى یە خاو و خێزانەكەى خۆشى خۆشیان ناوێت و لالووتن لێى،كەچى یەكێتى بەهەمو عەقڵ هۆشیەكیەوە وا مەزندە ئەكات كە بە وەرزش و مۆسیقا دەتوانێت بێتەوە تایم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست