ئایا دامەزراندنی ئەنجومەن لە شەنگاڵ چارەسەرە، یان هێزێکی میللی سەرتاسەری؟
Thursday, 22/01/2015, 12:00
2647 بینراوە
پەکەکە و لقەکانی لە کوردستان هیزێکی کوردیی رێکخراوەییی و خاوەن هێزی چەکدارن.لە ئاستی نیودەوڵەتی، ناوچەکە، کوردستان و هەرێم بەهێزێکی کوردی نیشتمانی و نەتەوەیی ناسراون.سەرەڕای بوونی سەرنج بێگومان لەم قۆناغەدا بوونی هێزێکی لەو جۆرە زەرورەتێکی مێژووییە بۆ نەتەوەیی کورد.
سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی باشووریش بەشداربووی حکومەتێکی بنکە فرەوانن لە هەرێمدا، هەموو کاتێک لەو مەیدانەدا نارەحەتیان پێوە دیاربووە بەرامبەر بە بوونی هێزێکی لەوجۆرە.یەکەم: ئەو سەڕۆکانە هەموو کاتێک هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە مەسەلە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان بە بەراوردکردن لەگەڵ هەڵوێستەکانی پەکەکە لاواز بووە، لە ئەنجامدا سەرکردەکانی ئەو پارتە سیاسییانەی لە باشوور، تووشی شەرمەزاریی و ئیحراجی کردووە بۆ نموونە بەرگری نەکردنییان لە هەرێم و لە دانیشتوانی ناوچەکانی شەنگاڵ لە هێرشەکانی داعش، ئەمە کاردانەوەی هەبوو لەسەر پێگەی جەماوەری ئەو هێزە چ لە نێو خەڵکی کوردستان و ناوچەکە، گۆرینی دیدی زلهێزەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرامبەریان.بێگومان ئەو فاکتەرانە بوونەتە هۆی زیاتر نیگەرانکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوەندەی مەترسیی لەو هێزە دەبینن بۆ لەقاندنی کورسیەکانیان و دەستەڵاتیان، ئەو مەترسیە بەو شێوەیە لە بوونی هێزێکی وەکو داعش لە کوردستان بەدی ناکەن.ئەمانە هۆکاری ئەوەن سەرۆکی ئەو پارتانە لە بڕوبیانوو بگەرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو هێزە.ئەزمونی جۆری مامەڵەکردنی هەرێم لە دوای راپەڕینی بەهاری١٩٩١وە لەگەڵ ئەو پارتە هەموو ئەو راستیانە دەسەلمێنن.ئیمرۆش هەڕەشەکردنی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم و پەرلەمانەکەی دژ بە پەکەکە بەهۆی ئەوی کە لە رۆژی ١٤/١/٢٠١٥ ئەنجومەنی یەزیدییەکانی شەنگاڵ دامەزراوە هەڵوێستێکی نامۆ نییە.
کوردستان بە هەرێم و شانگاڵ و پارچەکانی تری کوردستان ڕزگار نەکراوە، بریتییە لە یەک وڵاتی ژێر دەست، ئەگەر بەدەر لەو وێنەیە تەماشای کوردستان بکرێت هەڵەیەکی ئێجگارمەزن دەکرێت، ئەمە گرنگترین هۆکارە کە هەرێم مافی ئەوەی نییە یاساو دەستوری عیراقی عەرەبی بکات بە چەکی دەستی بۆ هەڕەشە کردن لە هەر هێزێکی کوردی کە چاوەروانی ئەوەی لێدەکرێت لە ئایندەدا دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی بەدەست بهێنێت، هەروها شەنگاڵ لەلایەن هێزێکی کوردی نیشتمانی کۆنترۆڵ بکرێت باشترە لەوەی لەلایەن سوپایی عیراق یان هەر هێزێکی بیانی تر.گومان لەوەدا نییە دانیشتوانی شەنگاڵیش مافی خۆیانە بیر لە ئامرازێک بکەنەوە کە نەبێتە هۆی دووبارە بوونەوەی ئەو کارەساتانەی لە مێژووی کۆن و نوێیدا بەسەریان هاتووە، هەروها مافی خۆیانە متمانەیان لەق بووبێت بە دەستەڵاتدارانی هەرێم، بەڵام دروستکردنی ئەنجومەنی بچووک بچووک لە هەر یەک شار و شارۆچکەی کوردستان لە خزمەت یەکریزی و دۆزی ڕەوای میللەتەکەماندا نییە، دەبێتە گەشە پێدانی رۆحی ناوچەگەریی و شارچێتی، بۆ نمونە ئەگەر من خەڵکی گوێر نەبم ئەو روحەم تییادا دروست نەبێت بەرگریی لە گوێر بکەم، یان ئەگەر خەڵکی شەنگاڵ نەبم بەهەمان شێوە.
داعش وەکو هێزێکی یەکگرتووی خاوەن یەک سەرکردایەتی بڕیار، سەرچاوەی ئابووری و سەربازی بەرامبەر بە میللەتی کورد لە جەنگدایە لە سەرتان سەری کوردستان.کورد ئەگەر بیەوێت لەو جەنگەدا سەرکەوتو بێت پێویست دەکات وەکو دوژمنەکەی خۆی رێک بخات.ئەزمون سەلماندویەتی کە حکومەتی بنکە فرەوان خاوەن دەسەڵاتێکی فشەڵ و بێتوانایە، لە شەڕدا بەرامبەر بە داعش توانای بەرەنگار بوونەوەی نییە.لە دەرئەنجامدا چارەسەری ڕاست ئەوەیە هەوڵبدرێت هێزێکی میللی بەرگریی سەرتا سەری لە کوردستان دروست بکرێت لە ژێر یەک ئاڵا بەبێ گوێدانە دەسەڵاتدارنی هەرێم، هەوڵ بدرێت بە رۆحی بەرەنگاری بوونەوە و دیفاعکردن لە نیشتمان و خاك و میللەت، ئەو هێزە لەلایەن ئەو پارت و کەسایەتیانە ئارستە و سەرپەرشتی بکرێت کە خەڵکانی دڵسۆزنن و خاوەن پرنسیپی بەرز و رۆحی نیشتمانیی و نەتەوەیین.