له شێخ مهحموودهوه بۆ خیانەتکاران، مسعود بەرزانی و جەلال تاڵەبانی
Monday, 28/02/2011, 12:00
پێش ئەوەی بچمە سەر ناوەڕۆکی باسەکەوە بە پێویستی ئە زانم چەند شتێکی مێژوویی ڕوون بکەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەران بەرچاویان روونتر بێتەوە بۆ تێگەییشتن لە بابەتەکە وهەڵسەنگاندنی لە گەڵ رووداوەکانی ناو مێژووی کوردی هەردەم قوربانی دا
لەو رۆژەوە ئیمپراتۆری ماد، بە دەستی شاهەنشا داریووشی هەخامەنیشی یەوە رووخاوە، تا ئێستا ئەکاتە ٢٥٣٣ ساڵ، لەو سەردەمەوە تا ئێستا، میللەتی کورد مامەڵە بە چارەنووسی یەوە دەکرێت و بەکار دەبرێت و دەفرۆشرێت بە دەستی سەرۆک هۆزەکانی کوردەوە و رەنجی بە با دەدرێت. ئەگەر بڕوانینە مێژووی یەک و دوو سەدەی رابردووش ،دەبینین کە گەلی کورد بێزار بووە لەوانەی کە جڵەوی خەبات و بەربەرەکانی یەکانیان بە ناوی سەرۆک هۆزەکانەوە وەکو سەرکردەی میللەتی کورد، بە دەستەوە گرتووە،چونکە بەردەوام بە دەست ئەو سەرکردانەوە رەنج بە خەسار بوون و فرۆشراون بە تورک و عەرەب و برا فارسەکان. کاتێک تەماشای زۆرێک لە بەربەرەکانی و ڕاپەڕینەکانی کورد دەکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە میللەتی کورد، بە درێژایی مێژوو روویان کردووەتە بنە ماڵە ئایینی وبە ناو زاناکان کە پێیانگوتراوە سەییدی کورد (بە نەژاد عەرەب بەڵام شێخ وسەرکردەی کورد). میللەتی کورد وایان زانیوە بنە ماڵەی سەییدو شێخ، پیاوخواو ڕاستگۆو دادپەروەرن و باشترن لە بنە ماڵەو سەرۆک هۆزەکانی وەکو بەنی ئەردەڵان و بەدرخانی یەکان.
کەچی بەداخەوە ئەوانەش کە بەرگی دین و ئایین و سەییدی و زانایی یان لە بەر کردووە، دەرکەوتووە کە کورد فرۆش و بەرژەوەندیخواز بوون وەکو سەرۆک هۆزەکان. لە ماوەی چەند دەیەی رابردووش دا، رێکخراگەلێکی تر درووست بوون بە ناوی سازمان و حیزبی سیاسیی کوردیی ،کە بە داخەوە ئەوانەش لە لایەن بنەماڵەی سەرۆک هۆز و شێخ و مەلا و ئاغاکانەوە،دەستیان بە سەردا گیراوە وتاپۆ کراون و ،نەوە دوای نەوە فەرمانرەوایی یان دەکەن ، دیارە ئەوانە کە سەردەمی دەسەڵاتی فیودالیزم و سیستمەکەی نەماو بۆیان نەکرا لە ژێر ئەو ناوەدا درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان و چەوساندنەوەی خەڵک بدەن وەکو گورکی برسی هاتوون و پێستی مەڕیان لە بەر خۆیان کردووە تا ئەمجارەیان بە ناوی کوردایەتی و خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی یەوە کوردی چەوساوەو دڵساف هەڵخەڵەتێنن و بە کاریان بێنن بۆ گەییشتن بە مەرام وئامانجە چەپەڵەکانیان کە حوکمی بنەماڵەو سەرۆک هۆزە.
بە خۆشی یەوە لە ئاکامی شوڕشی گەورەی تەکنۆلۆجیاو هاتنە ئارای کۆمپیوتەرو ئینتێرنێت وپەرەسەندنی رایەڵکە کانی پێوەندی یەوە ،سەنگەرێکی ترسناک بۆ ئەو جۆرە سەرۆک هۆز و بە ناو سەرۆک حیزب و سەرکردانە پەیدا بووە هەڕەشە لە دەسەڵاتیان دەکات وبەرژەوەندی یەکانی تاقم وهۆز و بنەماڵەیانی خستووەتە مەترسی یەوە ورووی راستەقینەیانی بۆ چینی هۆشیار و خوێندەواری ئەم سەردەمە، دەرخستووە. ئێستا ئیتر خوێندەواری کورد بڕوای پێیان نەماوەو بە درۆو دروشمە بریقەدارەکانیان هەڵناخەڵەتێت وکڵاو ناچێتە سەریانەوە، ئێستا زۆربەی گەل هۆشیارە وداوای سەروەریی یاسا دەکەن و ئەڵێن ئێمە پارچە کاغەزێک کە پێی دەگوترێت یاسای بنەڕەتیی وڵاتconstitution زۆربە لامانەوە بە نرختر و پیرۆزترە تا باو باپیری سەرۆک هۆزو شێخ و سەییدی کوردی فێڵباز وساختەچی
خوێندەواری کورد داوای هەڵبژاردنی پاک و خاوێن و دوور لە فێڵ و ساختە ئەکا بۆ هەڵبژاردنەوەی فەرمانڕەواکانی کوردستان بە پێی یاسایەکی بنە ڕەتی کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە سەری رێک کەون و ئەڵێن هەرکاتێک رێبەر و نوێنەرەکانمان خزمەتیان نەکردین و پەیرەوی یان لەو یاسا هەڵبژێراوە نەکرد، وەکو پێڵاوی کۆن دەبێ فڕێ بدرێن وبخرێنە لاوە و کەسانی تر بۆ بەڕێوە بردنی گەل و وڵاتەکە هەڵببژێررێنەوە. بەڵێ کوردیش ئێستا لە سایەی سەری تەکنەلۆجیاو گەردەلوولی دیمۆکراسیخوازی یەوە هۆشیار بووەتەوە و نایەوێت لەوە زیاتر کڵاوی درۆ و دەلەسەی بە ناو رێبەر و سەرکردەکانی بچێتە سەر و دەیەوێ ئازاد وسەرفەراز بژی لە نیشتمانەکەی دا و لە خێر و بە رووبوومی وڵاتەکەی بێ بەش نەکرێت
ئێستاش دێمە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە کە وەک لە سەردێڕەکەدا هاتووە پەیامێکە لە له شێخ مهحموودهوه بۆ مەلا مەسعوود و شێخ جەلال
لەو ڕۆژەوە لە دونیا دەرچووم ویژدانم زۆر ئازارم ئەدات چونکە منیش لە ئێوەی خیانەتکار(مەسعوود و جەلال) خراپتر بووم بۆ میللەتەکەی خۆم(کورد). کاتی خۆی خاوەنی هیچ نەبووین، با پیرە گەورەم داوای گوندێکی کردلە فەرمانڕەوای بابان بۆ ئەوەی لە و رێگاوە بژێوی ژیانمان بە ڕێوە بەرین. پێش ئەوەی بنەماڵەکەم کە سەییدی بەرزنجەین ببین بە خزمەتکاری تورک ئەوە وەزعمان بوو، خوا نەیبڕێت لە دەورانی مندا بەناوی ئەوەی کە کوردستان ڕزگار ئەکەین بووین بە خاوەنی سولەیمانی و هەر لە دەربەندی بازیانەوە هەتا پێنجوێن تاپۆم کرد لە سەری خۆم، بە داخەوە بنەماڵەی حەمە پاشای جاف کە ئەوانیش وەکو ئێمە ببوونە خزمەتکاری تورک،ببوونە سپڵی لای ورگ بۆمان و نەیانهێشت شارەزووریش تاپۆ بکەین بۆ خۆمان
ئێستا ئێوە ئەی میراتگرەکانم، مەسعوود و جەلال، زۆر باش بۆتان ڕێککەوتووە. ئەو ڕۆژە گیانم لە وەزارەتی نەوت بوو لە هەولێر، سەیرم کرد کە کوردستان وا لە سەر دەریای نەوت وسامانێکی زۆری هەیە. کارێکی باشتان کردووە کە ئەمریکاو ئینگلیز و ئیتالیاو پاپاو فەرەنساو ئیسرائیل و ... تان کردووە بە هاو بەشی خۆتان، ئەوانتان لە گەڵ بێت بۆ خۆتان زەمانێک دەیخۆن ودەبنە زەنگینی ناوچەکە. ئەو پارە زۆرەی وا لە بەرهەمی ئەو نەوتە دەستتان کەوتووە هەروا کوردی نەفەس نزمی پێ بکڕن وهانیان بدەن تا کوردی ترتان بۆ بکوژێت و ئەو دەسەڵاتە تان لە دەست دەرنەچێت، بەداخەوە من پارەی زۆرم بەدەستەوە نەبوو تا بە کاری بهێنم و دوژمن و ناحەزەکانی خۆمی پێ لە ناو بەرم، هەرچەند پێم وایە ئەوەش ئیتر دادی ئێوە نادات و دنیای ئێوە وەکو دنیای جاران نەماوە.!
ئەمەوێ ئاگادارتان بکەم کە لە ناو کورد دا،کوردی وەکوو بنەماڵەی حەمە پاشای جاف زۆرە کە ئەوانیش وەکو خۆتان ببن بە خزمەتکاری تورک و عەرەب و برا فارسەکان و کار بکەن بۆ لە ناو بردنی دەسەڵات و سامانەکەتان
من زۆر هەڵەم کرد گوێم بە یاسا نەدا وپشتم لە خەڵکی رەش و رووتی کۆمەڵگا کرد، بۆیە خەڵک یارمەتی دوژمنەکەمیان داو خۆم ودەسەڵاتەکەمیان لە ناوبرد. هەروەها شتێکی تر کە بەردەوام شەو و ڕۆژ ئازاری ویژدانم ئەدات ئەوەیە کارێکم نەکرد بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیانی چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا و پەرە پێدانی گیانی تەبایی و برایی ، لەبەر ئەوە پێتان ئەڵێم بەسە خۆخۆری و شەڕە دەنوووک و ئیتر واز لە دوژمنکاری کورد بهێنن و هەوڵ بدەن یاسای بنە ڕەتی بۆ نیشتمانەکەتان دا بنێن وبانگەوازی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناو گەل رابگەیەنن ودەستی یارمەتی بۆ ئەوانە درێژ بکەن کە ئەیانەوێت خزمەتی کورد وکوردستان بکەن با جارێکی تر ئاوارە و دەر بەدەری وڵاتانی دنیا نەبنەوەوژێر دەست و زەلیل نەبنەوە
دونیا گۆڕاوە و بەدونیاکەی جاران نەماوە کە بە مەیلی خۆتان حوکم بکەن و هەرچی بڵێن باوەڕتان پێ بکرێت، هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بە ئاسانی وەک جاران مرۆڤی تر هەڵبخەڵەتێینێت وبە ناوی کوردایەتی و شۆڕشەوە خۆڵ بکاتە چاوی میللەتەوە لەمە زیاتر، بڕواننە دەورو بەری خۆتان و بیرێک هەم لە خۆتان و هەم لە خەڵکەکەشتان بکەنەوە، ئەگەر گوێ بۆ ئەم پەندانەم نەگرن دواڕۆژتان لە دواڕۆژی من وسەرکردەکانی دەور وبەرتان چاکتر نابێت کە وا گەردەلوولی خەڵک دەسەڵاتەکەیان لە چنگ دەردێنێت و یەکەیەکە خەریکە رایاندەماڵێت . دەورانی دوێنێ بە سەرچوو، ئەمڕۆ ئیتر دەورانی ئینتەرنێتە.
حەمە میروەیسی
نوسەری کتیبەی گەڕانەوی مادکان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست