كوردستانپۆست تیرۆرکردنی دوو کهسایهتیی ناوداری زاخۆ ئاشكرا دەكات
Thursday, 29/09/2011, 12:00
پەیامنێری4 كوردستانپۆست_هەولێر
پەیامنێرێکی دیکهی کوردستانپۆست لە رێى سەرچاوە تایبەت و باوەڕ پێكراوەكانیەوە چهند کارێکی تیرۆریسانه له زاخۆ ئاشکرادهکات که به شێوهی راپۆرتێک بۆمانی ناردووه. لەم راپۆرتەدا پەیامنێرمان لە شارى هەولێر خۆى گەیاندە سنووری زاخۆ و لە زارى چەند كەسێكى ئاگادار، ئهم زانیارییانهی وهرگرت و بۆ یەكەمین جاریش ئاشكرا كران.
كوشتنى محەمەد سمو سندى ساڵى 1996 بۆ 1997 قۆناغێكى دژوار بەسەر گەلى كورددا تێپەڕى، هۆكارەكەشى بۆ شەڕى ناوخۆى نێوان دوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى بوو، كەسێكى ئاگادار لە شارۆچكەى زاخۆ، لەمەڕ كوشتنى محەمەد سمو سندى بۆ کوردستانپۆست ئاشكراى كرد، كە ناوبراو كەسایەتییەكى دیارى ناو سندیەكان بووە و لایەنگرى یەكێتى نیشتیمانى بووە، ئەوەش تەنها وەك لایەنگر، نەك چەكدار، هاوكات حسابیشى بۆ بنەماڵەى بارزانى و بەرپرسەكانى ئاسایش و پاراستنى پارتى لەو سنوورە نەكردووە، وەك سەرچاوەكە باسى كرد، چەندین جار لە لایەن دەزگاى پاراستنەوە بانگكراوە و پێى راگەیاندراوە ببێتە پارتى و ئەوان فەوجێك، یان لیوایەكى دەدەنێ، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە ئەوە بكات، تا كار دەگاتە ئەوەى خودى مەسعود بارزانى دەنێرێتە دواى، بەڵام دیسان محەمەد سمو سندى ئەوە رەت دەكاتەوە، هەربۆیە دەزگاى پاراستن بە فەرمانى خودى مەسعود بارزانى، ئاشتى كۆچەر بەرپرسى ئەوكاتى ئاسایشى زاخۆ محەمەد سندى دەسگیر دەكات و لە ژێر ئەشنكەنجەیەكى زۆر و توندا تیرۆری دەكەن، وەك سەرچاوەكە باسى كرد، تەرمەكەیان وەرگرتوەتەوە دەست و قاچى محەمەد سمو سندى شكێندراوە و گیانى هەمووى شین بوەتەوە.
كوشتنى سادق عومەر سەرچاوەیەكى تر كە هاوتەمەنى سەرچاوەى یەكەممانە و خۆى لە ناو ئەو رووداوانە ژیاوە، تایبەت بۆ کوردستانپۆست چۆنیەتى تیرۆركردنى سادق عومەرى ئاشكرا كرد، كە ناوبراو خەڵكى داركارى عەجەمە لە زاخۆ، هەمان سەرچاوە ئەوەشى وت كە سادق عومەریش یەكێكى تر بووە لەو كەسانەى كە هەرگیز نهیویستووه سهر بۆ بنەماڵەى بارزانى و پارتى شۆڕ بکات، خاوەن كەسایەتیەكى دیار و بەرچاو بووە لە سنورەكەدا، بنەماڵەى بارزانیش بەو هەیبەت و ناوداریەى سادق عومەر خۆشحاڵ نابن، سەرچاوەكە ئەوەشى باسكرد كە بنەماڵەى بارزانى لە رێى فازل میرانیەوە ئاگاداریان كردوەتەوە تاوەكو سادق ببێتە پارتى و هێزێكى بۆ تەشكیل بكەن، بەڵام ناوبراو ئەوە رەت دەكاتەوە، هەربۆیە لە ساڵى 1993 بە فەرمانى فازل میرانى و بە ئاشكرا هێزێكى ناردە سەر رێگە و سادقیان تیرۆر كرد، سەرچاوە ئاگادارەكەى کوردستانپۆست ئەوەشى وت دواتر بنەماڵەى بارزانى لە كاتى بەرپابوونى شەڕی ناوخۆ و لە ترسى ئەوەى كەسوكاری سادق بڕۆنە ناو یەكێتى، چوون سوڵحیان لەگەڵ كردن و لە بەرامبەردا كەس و كارەكەیان دامەزراندووە و پارەیەكى زۆریش لەو سەردەمەدا دراوەتە بنەماڵەى سادق.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست