پارتى و پلانى دابەشكردنی كوردستان ...
Tuesday, 29/03/2011, 12:00
پارتى هەموو شتێك دەكات ، تا ئەو بارودۆخى ناڕەزایەتییەى كە لە سلێمانى هاتۆتە ئارا ،هەولێر نەتەنێتەوە ...بۆ ئەمەش تا ئێستا زۆر ڕێگاى گرتۆتە بەر، هەرلە داخستنى زانكۆى سەلاحەدین و بەكارهێنانى زەبروزەنگ و هەڕەشەكردن لە خەلك و داخستنى بازگەكان بە ڕوى خەلكى سلێمانى و پێنەدانى مۆلەتى خۆپیشاندان بە هاولاتییان و...هتد.هەر چەندە هەموو ئەو ڕێگایانە پێشێلكردنێكى بێ چەندوچونى مافەكانى هاولاتییانن ،كە هیچ پارت و هێزێك بۆى نییە پێشێلیان بكات ،بەلام لە هەموو ئەو ڕێگایانە خراپتر ئەوەیە لە ئیستادا پارتى لە ڕێگاى ڕاگەیاندنەكانیەوە سەرقالى تاقیكردنەوەو گرتنەبەرى ڕێگایەكى زۆر مەترسیدارترو قێزەونترن ،كە بە هیچ شێوەیەك نابێ كەسمان لێى بێدەنگ بین ، ئەویش دروست كردنى ڕق و هەلایساندنى شەڕێكى كلتورییە لە نێوان شارى هەولێرو سلێمانى ، ئەم پلانەش بە هۆى ختووكەدانى هەست ونەستى لاوانى هەولێر جێبەجێدەكات . بەوەى گوایا خەلكى سلێمانى گالتەیان پێدەكەن وبە ترسنۆك ناویان دەبەن ،بەلام خۆشبەختانە ئەم گوتارەى پارتى ، كە بەرامبەر خەلكى سلێمانى بەرهەمى هێناوە ،ڕاست نییە ولە گەل واقیعدا كۆك نییەو دەستكردى پارتییە ،واتا ئەو ڕێگایەى پارتى گرتویەتیە بەر هەم دیماگۆجییەتەو هەمیش موزایەدەیەكى بێمانایە بەسەر خەلكى هەولێرەوە .پارتى دەیەوێت بلێ كەس لەمن دلسۆزتر نییە بۆ هەولێر، ئەمەش هەولێكى بێسودە چونكە ئێمە بیرمان نەچوە و بیرمان ناچێ كە پارتى چۆن چۆنى هاتەوە بۆ هەولێر!!! پارتى دەیەوێ جیاوازییە كلتورییەكانى نێوان هەولێرو سلێمانى (كەجیاوازى ئاسایین و لەنێوان هەموو شارەكاندا بونیان هەیە)زەق بكاتەوەو وەك شتێكى نا ئاسایی نیشانیان بداو بیانكاتە بناغەى لە یەكتر دابڕینى یەكجارەكى ئەم دووشارە .پارتى دەیەوێ بلێ جیاوازى زۆر لەنێوان هەولێرو سلێمانى هەیەو دلى خۆى بەوە خۆش كردوە ،كە مادام بە پێچەوانەى سلێمانى خەلك لە هەولێرنەهاتۆتە سەر شەقام ، واتا هەولێر كێشەى نییە ،وەك ئەوەى ئێمە پارتى نەناسین و نەزان كە ئەوەى لەهەولێر رودەدات بە دەردى مەریوان وریا دەلێت:(بێدەنگى نییە ،بەلكو بێدەنگ كردنە) یان وەك ئەوەى ئێمە نەزانین كە گەندەلى پرسێكى گشتییەو پارتى ناتوانێ بیشارێتەوە ، چونكە خۆى داینەمۆو بگرە بەرپرسى یەكەمى ئەو گەندەلیەیە كە لە كوردستاندا هەیە!!هەولێرو سلێمانى گەر لە هەموو شتێكدا لە یەكتر جیاواز بن ئەوا لەوەدا هاوبەشن كە گەندەلى داغانى كردوون وبرستىی لێبڕیون !!!.جا لە هەمووى نا لۆژیكیترو ناعەقلانیتر ئەوەیە ماوەیەكە پارتى لە ڕێگاى ڕۆشنبیرە دەربارەكانییەوە ئەوە بە گوێى خەلكى كوردستاندا دەدەن ،كە كێشەكانى پارێزگاى سلێمانى كێشەى تەنها خەلكى سلێمانى خۆیانەو دەبێ خۆیان چارەسەرى بكەن!! ئەم جیاكردنەوەیەى نێوان كێشەى ئێمەو كێشەى ئەوان لەلایەن پارتییەوە ، هیچ نیە، جگە لە دابڕینى خەلكى كوردستان لە خەمو كێشەى یەكتر وەك هەنگاوى یەكەم ،تا لە هەنگاوى دووەمدا ئاسانتر بتوانن كوردستان دابەش بكەن .ئەمەش خۆشخەیالییە ، چونكە دەبێ پارتى ئەو حەقیقەتە باش لەبەر چاو بگرێ و بزانێت كاتێك سلێمانى كێشەى هەیە ئەمە بەلاى گەنجانەوە واتاى ئەوەیە كە هەولێر كێشەى هەیە ،واتا دهۆك كێشەى هەیە ,ئیتر پارتى ئەمەى پێخۆشە یان نا؟ئەمە مەسەلەیەكیترە و بایەخێكى ئەوتۆى نییە !!خۆ تەنانەت گەر هەولێر هیچ كێشەیەكى نەبێت وەك دەلێن دنیا شامى شەریف بێت(كە وا نییە !!) ئەوا ئێمەى گەنجانى هەولێر كێشەى گەنجانى سلێمانى بە كێشەى خۆمان دەزانین .خەموو خۆشى ئێمەى هەولێرى بە توندى بە خەموخۆشى خوشك وبرایانمان لە دهۆك وسلێمانى وتەنانەت مهابات و قامشلى و دیاربەكرەوە بەستراوە!!نە پارتى و نە هیچ هێزێكى تەقلیدى دیكەى هاوشێوەى پارتىش ناتوانن لە هاوبەشیكردنى شین وشایی یەكترمان بكەن !باشە بۆ نمونە ئیستا كە كێشەیەكى نەتەوەییمان لە كەركوك هەیە ؟ئایا دەكرێ بلێین ئەوە كێشەى كەركوكییەكانەو با خۆیان چارەسەرى بكەن و پەیوەندى بە دهۆك وسلێمانییەوە نییە؟خودایا ئەمە چ لۆژیكێكەوە ؟چۆن دەكرێ شارەكان لە یەكترى داببڕین؟بەعس و هەموو ڕژێمە یەك لە دووایەكەكانى عیڕاق نەیانتوانى وەها ئەجێندایەك جێبەجێ بكەن و ئەو هاوسۆزییەى، كە لە نێوان هاولاتییانى شارەكانى كوردستاندا هەیە . نەهێلن ولەناوى ببەن .تەنانەت پارتى ویەكێتى لە شەرى نەگریسى ناوخۆدا هەرچەندە توانیان كوردستان لە ڕوى جوگرافییەوە دابەش بكەن ،بەلام هێشتا نەیانتوانى خەلكى هەولێرو سلێمانى بكەنە دوژمنى یەكتر!كەچى تازە بەتازە پارتى دەیەوێ یەكلایەنانە بە ڕێگاو میكانیزمى دیكە ئەم كارە بكات وادەزانێت ئێمە هەستى پێناكەین !! دواى شەڕى ناوخۆ كارى حیزبەكان دەبوایە ئەوە بێت ئاسەوارى ئەم دابەشكارییە بسڕنەوە ،نەك تۆخترى بكەنەوە . جگە لەمەش پارتى لەڕێگاى ڕۆشنبیرەكانییەوە دەیەوێ وا لە خەلكى بگەیەنێ كە داواكارى خەلكى سلێمانى هەمووى داواكارى خزمەتگوزارین،ئێێ لە دیدى پارتیشدا لەهەولێر خزمەتگوزارى هەیە كەواتا پێویست نییە ونابێ خەلك ناڕەزایى دەرببڕێ!!! پارتى دەیەوێ بلێ من مادام شەقامى پان وپۆڕم دروست كردووە ئێوە بێدەنگ بن و نقەتان لێوە نەیەت.ئیترئەمەیە لۆژیكى پارتى .بەپارەى خۆمان وبەهەزار شەڕەشەق وگەندەلى جادەیەكمان بۆ دروست دەكات ،ئینجاش دەیەوێ ستایشى بكەین وڕۆژانە بەچاوماندا دەداتەوە !! بەلام پارتى بێئاگایە یان رَاستتر بلێم دەیەوێ خۆى بێئاگا بكات لەوەى، كە داواكارى خەلكى هەمووى داواى خزمەتگوزارى نین،بەلكو كێشە بنەڕەتییەكانى خەلك پرسى نەبونى ئازادى وقۆرخكردنى دەسەلاتن ،كە لەمەدا پارتى ڕیكۆردى شكاندووە .ئەمڕۆ بێت یان سبەى دەبێ پارتى لە كەلى شەیتان بێتە خوارەوە ودان بەوە دابنێت كە خزمەتگوزارى ئەلتەرناتیڤى ئازادى نییە !!!ئەگەر وابوایە نەدەبوو لە مێرو سوریا خەلك نا ڕازى بووایە ،چونكە شەقامەكانى قاهیرەو قامشلى لە شەقامەكانى هەولێر گەورەترن!!! ڕاستە لە هەولێر بەرزە پردو ئەپارتمان و هەندێ پارك هەیە ولە سلێمانى بەو شێوەیە نییە،بەلام لەبەرامبەردا لە سلێمانى بۆشاییەك بۆ ئازادى هەیە ،قسەكردن هەیە ، خۆپیشاندان هەیە ،هەموو ڕۆژنامە ئازادەكان لە سلێمانى دەردەچن .لە هەولێرى جوان فەزاى حیزبى قائید هەیە ،بەلام لە سلێمانى ئۆپۆزسیۆن ودەسەلات پێكەوە هەن !!حەیف هەولێرى جوان لە ژێرحوكمى پارتى یەكڕەنگەو،بەلام خۆشبەختانە سلێمانى فرەڕەنگە ..لەڕاستیدا ئەمانەن جیاوازییە بنچینەییەكانى نێوان هەولێرو سلێمانى ،نەك ئەوەى پارتى باسى دەكات.لەكۆتایدا ئەوەندە ماوە بلیم ئەوەى پارتى دەستى داوەتێ هەرچەندە بۆى ناچێتە سەر، بەلام زۆر مەترسیدارە و ڕێك پلانى دابەشكردنى كوردستانە وهیچیتر !! من هیچ جیاوازییەك نابینم لەنێوان ئەو دابەشكاریەى كە لە دوواى شەرى چالدێران وجەنگى جیهانى یەكەمەوە بەسەر كورد سەپێنرا لەگەل ئەوەى ئێستا پارتى دەیكات ،بۆیە دەبێ بە وشیارییەوە مامەلەى لە تەكدا بكەین وبێترس ڕوبەڕوى ببینەوە ئەمەش بەر لە هەر شتێك ئەركێكى نەتەوەییە...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست