کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئاپا پیلانى فەرەج حەیدەرى بۆ قەدەغەكردنى لیستى هیوا سەردەگرێت؟

Wednesday, 10/06/2009, 12:00


بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى هەرێمى كوردستانى ئایندەدا،كۆمەڵێك كەسى نەتەوەیى دیموكرات لیستێكی هەڵبژاردنیان بە ناوى لیستى هیوا پێكهێنا و داواكاریان بۆ كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بەرزكردەوە و بە بریارى ژمارە 589 كۆمسیۆن رەزامەندى لە سەر داواكەیان نیشاندا و لیستى هیوا وەك لیستێكى بەشدارى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمان ناوی تۆمار كرا. رۆژى 31-5- 2009 بەرپرسى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى هەرێمى كوردستان نوێنەرى لیستى هیواى ئاگاداركردەوە كە كۆمسیۆن رێگە نادات لیستى هیوا بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكات،لەبەر ئەوەى وەزارەتى ئاسایشى نەتەوەیى عراق داوایەكى بە كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكان پێشكەش كردووە كە لیستى هیوا لیستى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان (پ چ د ك)یە،ئەو حزبەش روویەكى پارتى كرێكارانى كوردستان (پ ك ك) یە،پارتى كرێكارانى كوردستانیش لە عراقدا قەدەغەی لەسەرە.كۆمسیۆن بە بریارى (ر.ق 10 استسنائی ژمارە 35 رۆژى 28-5-2009)رێگە نادات لیستى هیوا بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان بكات،هەر لە هەمان كاتدا بەرپرسى كۆمسیۆن نوێنەرى لیستى هیوا ئاگادار دەكاتەوە كەلیستى هیوا دەتوانێت لە دادگاى پێداچونەوەى هەرێم تانە لە بریارەكەى كۆمسیۆن بدات و هەوڵى هەڵوەشالنەوەى بریارەكەى كۆمسیۆن بدات.
لە بەرامبەر ئەو بریارەى كۆمسسیۆنى بالاى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستاندا كە رێگە نادات لیستى هیوا بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكات،رۆشنبیران و پێكهاتە جیاكانى كۆمەڵگاى كوردستان و لایەنە مەدەنى وسیاسیەكانى هەرێمى كوردستان بێجگە لە پارتى و یەكێتى،نارەزایى خۆیان بەرامبەر بەو بریارە نیشاندا،رۆژى 1-6-2009 لیستى هیوا لە دادگاى پێداچوونەوەى هەولێر سكالاى دژى بریارەكەى كۆمسیۆن تۆمار كرد و چاوەروانى وەڵامى دادگا دەكات،لەو رۆژەوە چەندان وتار و لێدوانى رۆژنمەوانى لە دژى بریارەكە بلاوكراوەتەوە،رۆژى 7-6-2009 كاندیدەكانى لیستى هیوا و نوێنەرانى هەندێك لە حزب و رێكخراوى مەدەنى چوونە بەردەرگاى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و یاداشتێكیان خوێندەوە و كۆنفرانسێكى رۆژنامەوانیان سازكرد و دواتر یاداشتەكەیان دایە دەستى فەرج حەیدەرى بەرپرسى كۆمسیۆنى بالاى هەڵبژاردنەكانى عراق كە ئێستە سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكانى هەرێم دەكات.
بە برواى ئەندامانى لیستى هیوا و ئەو كەس و لایەنانەى نارەزاییان لەسەر بریارەكە نیشانداوە، لیستى هیوا لە رووى یاسایەوە هیچ كەم و كوریەكى نەبووە، بریارى قەدەغەكردنى لیستى هیوا لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى هەرێمدا،بریارێكى نارەوا و نایاساییە، دژى پێوانەكانى دیموكراتیە و پێشێلكردنى مافى مرۆڤە،ئەو بریارە بریارێكى سیاسیە وئامانجى ئەوەیە لە هەرێمى كوردستاندا سیستەمى دیموكراتى و حوكمى یاسا پێشنەكەوێت.بە گوێرەى مادەى 99 بەندى چوارەمى دەستورى عراق دەربارەى دەستە سەربەخۆكان،كۆمسیۆنى بالاى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەكان دەستەیەكى سەربەخۆیە و لە ژێر چاودێرى ئەنجومەنى نوێنەراندایە،بەو شێوەیە نابێت كۆمسیۆنى بالاى هەڵبژاردن بكەوێتە ژێر كاریگەرى بریارى سیاى و لە سەر داوى حكومەت لیستێك لە هەڵبژاردن بێەشبكات،بەم شێوەیە كۆمسیۆن سەربەخۆیى خۆى لە كیس داوە و دەستورى عراقى پێشێلكردووە.بریارە سیاسیەكە لە حكومەتى ناوەندى عراقەوە دراوە،بە گوێرەى دەستورى عراق حكومەتى ناوەندى بۆى نیە دەستبخاتە ناو بابەتێكى وەك هەڵبژاردن كە تایبەتە بە هەرێمى كوردستان حكومەتى ناوەندى مافى هەیە لە بوارى ئابورى و پەیوەندى دەروە و خۆپارستنى هەرێمدا لە بریار و كاردا لەگەڵ حكومەتى هەرێمدا بەشدارى بكات،بۆیە لەو لایەنەشەوە حكومەتى ناوەندى دەستدرێژى كردۆتە سەر مافەكانى خەڵكى هەرێمى كوردستان و دەبوایە كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانى كوردستان ملى بە داواكەى حكومەتى ناوەندى نەدایە و رەدى بكردایەتەوە،رازیبوونى كۆمسیۆنى بالاى هەڵبژاردنەكانى كوردستان بەو بریارەى حكومەتى ناوەندى عراق،ئەوەش نیشانئەدات كە برایەكە تەنها بریارى حكومەتى ناوەندى نیە،بریارى حكومەتى هەرێمى كوردستانیشە،ئەگینا نەدەبوو كۆمسیۆنى هەڵبژاردنى هەرێم لە سەر داواى حكومەتى ناوەندى بریارى بێبەشكردنى لیستى هیوا بدات.
لە بریارەكەى كۆمیسیۆندا هاتووە لیستى هیوا سەر بە (پ چ د ك) ئەو حزبەش سەر بە (پ ك ك) یە،بۆیە نابێت لیستى هیوا بەشدارى هەڵبژاردن بكات،ئەم بریارە سیاسیەى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن لە كاتێكدایە كە ولاتانى عراق و توركیا و ئەمریكا و حكومەتى هەرێم داوا لە پ ك ك دەكەن چەك دابنێت و بەشدارى پرۆسەى سیاسى ببێت،بەلام بریارەكەى كۆمسیۆن دژى لیستى هیوا كە پێیانوایە سەربە (پ ك ك)ن، رێگە لە بەشدارى سیاسى ئەندامان و لایەنگرانى پ ك ك دەگرێت، كەوابوو بریارەكەى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن دژى بانگەشە سیاسیەكانى حكومەتى هەرێم و حكومەتى عراق و حكومەتى توركیا و ئەمریكایە و ئاستەنگى بۆ سیاسیبوونى پ ك ك دروستدەكات.
چەقى خەبات و تێكۆشانى پ ك ك باكورى كوردستانە،رێكخراوە سیاسی و مەدەنیە كوردیەكانى باكورى كوردستان زیاتر لە پ چ دك و لیستى هیوا گرێدراوى (پ ك ك) ن، كەچى حكومەتى توركیا چالاكى سیاسى و بەشداریكردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى توركیاو شارەوانیەكانى توركیا لە پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى(د ت پ) قەدەغە ناكات،چاودێرانى سیاسى دەپرسن ئەگەر لە سەر داواى توركیا و بۆ رازیكردنى دەوڵەتى توركیا لیستى هیوا قەدەغە دەكرێت،ئەى بۆچى دەوڵەتى توركیا قەدەغە لە سەر (د ت پ) دانانێت؟ قابیلە پ چ د ك و لیستى هیوا لە دەتەپە پەكەكەییتر بن؟لێرەدا مرۆڤ گومان دەكات كە قەدەغەكردنى لیستى هیوا لەسەر داواى توركیا بێت،یان توركیا پێى جوان نیە ئەو كارە نادیموكراتى و نایاسیە ناشیرینانە بكات بەڵام ئەو كارانە بە پیاوەكانى خۆى ئەنجام ئەدات .
لاینێكى ترى گرفتى قەدەغەكردنى لیستى هیوا هەڵوێستى گوماناوى و حزبیانە وسیاسیانەى سەرۆكى كۆمسیۆنى بالاى هەڵبژاردنەكانى عراقە،گواستنەوەى سەرۆكى كۆمسیۆنى بالاى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستان بۆ بەغدا و هاتنى فەرەج حەیدەرى سەرۆكى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانى عراق بۆ سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستان بە بێ هیچ بریارێكى رەسمى،نیشانى ئەدات پیلانێك بۆ قەدەغەكردنى لیستى هیوا بە دەستى فەرەج حەیدەرى دارێژراوە و ئەبێت خۆشى ئەو پیلانە جێبەجێبكات،لەبەر ئەوەى فەرەج حەیدەرى كەسێكى حزبیە و هێندەى پەیرەوى سیاسەتى حزبەكەى دەكات نیو هێندە پەیرەوى یاسا ناكات، ئەگیان حكمەت پیە عەلى قادرى سەرۆكى كۆمسیۆنى هەڵبژاردنى هەرێم دەچێتە بەغدا و سەرۆكى كۆمسیۆنى هەڵبژاردنى عراق دێتە هەولێر؟ دیارە عەلى قادر نەیتوانیوە وەك فەرەج حەیدەرى بۆ قەدەغەكرنى لیستى هیوا كار بكات،لەو رۆژەوە فەرج حەیدەرى بۆتە بەرپرسى هەڵبژاردنەكانى هەرێم سەبارەت بە لیستى هیوا بەم شێوەیە هەڵوێستى وەرگرتووە ولێدوانى داوە:
رۆژى 4-6-2009 لە رادیۆى نەوا وتویەتى كەوا ئەندامانى لیستى هیوا هەمویان پەكەكەن،رۆژى 7-6-2009 كاتێك لە كۆمسیۆنى بالا سەردانمان كرد بە خۆمى وت ئێوە لە سایتەكەتاندا نوسیوتانە كە پارتى چارەسەرى بە لیستى هیوا بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم دەكات،ئەمەى وەك تاوانێك رووبەرومان كردەوە،رۆژى 7-6-2009 لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێرى سایتى یەكگرتووى ئیسلامیدا فەرەج حەیدەرى دەڵێت لیستى هیوا مۆڵەتى نیە،ئەمە لە كاتێكدایە كۆمسیۆنى بالا بە ژمارەى 589 مۆڵەتى بە لیستى هیوا داوە،رۆژى 8-6-209 لە ژمارە 549 رۆژنامەى هەولێردا دەڵێت :لیستى هیوا رووەكەى دیكەى پەكەكەیە.ئەو لیدوانانەى فەرەج حەیدەرى هەر هەمویان تاوانباركردنى لیستى هیوایە،تاوانباركردنى لیستى هەڵبژاردن كار و پیشەى سەرۆكى كۆمسیۆنى بالاى سەربەخۆى هەڵبژاردن نیە،ئەوە كار و پیشەى داواكارى گشتى ولاتێكە لە سەر لایەنێك كە ئەو لایەنە مەترسى لە سەر ئاسایشى نەتەوەیى ولاتەكەى دروستكردبێت،لیستى هیوا هیچ مەترسیەكى لە سەر ئاسایشى نەتەوەیى هەێمى كوردستان و عراق درووستنەكردووە،ئەگەر لیستى هیوا سەر بە پەكەكەش بێت ئەو كات لیستى هیوا مەترسى لە سەر ئاسایشى نەتەوەیى توركیا درووستدەكات و دەبێت داوكارى گشتى دەوڵەتى توركیا بەو شێوەیە لیستى هیوا تاوانبار بكات،بەڵام وا دیارە فەرەج حەیدەرى ئەرگى خۆى وەك سەرۆكى دەستەیەكى سەربەخۆ وازلێهێناوە و ئەركە حزبى و سیاسیەكانى حزبەكەى جێبەجێدەكات و لە باتى داواكارى كشتى دەوڵەتى توركیا لیستى هیوا تاونبار دەكات.
  9-6-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە