"ساقی نامە "
Tuesday, 02/07/2013, 12:00
2025 بینراوە
ساقیا گوێ هەڵخە بۆم تا پێت بڵێم
خەڵکی کوێمو خەڵکی کوێمو خەڵکی کوێم
پێت بڵێم کوێیە وڵاتو نیشتە جێم
بۆ قەڵاچۆ پێ کراوو دوورە ڕێم
دەرکراوی راونراوی بێ هەواڵ
زامی لەش زێدەو شکاوە هەر دوو باڵ
داوی دارو کۆتو بەندم رۆژو شەو
وا لەمل ژەهرە لە لای من خورد وخەو
" بۆیە مەیخانەت دەبێ دەربەست کرێ
بێ لە من کەس نابێ مەی لێ هەڵقوڕێ "
بێنە بۆم پەیمانە زوو پەیمانە نا
جامی چوکەو کەم بەرێ سوکانە نا
کوانێ دەفرە تا لە باوەشمی گرم
با سەری تێکەم لە بۆ سەر هەڵگرم
جەستە خەستەی تێک شکاوی وەرهەمێ
دوور خراوی دەردە داری ماتەمێ
پێی بڵێ بێ نا ژەنو نا لێ بدا
تێی بتوڕێنێ لە جێی بانگ و سەڵا
"بێنە بۆم پەیمانە زوو پەیمانە نا
جامی چوکەو کەم بەرێ سوکانە نا
چوار تەنیشتم ئاگری سپڵەی نەیار
بەش بەشی داگیرکەری بێ شەرمی هار
بێ رەزان شۆفارو دێوی سەر زەوین
بێ بەقا وێرانگەرو متمانە نین
ساقی سازی دڵ لە کوێ ببیسمەوە
زێدە دوورم وا هەیە بیبینمەوە
ئەو وڵاتەی وا منی پەروەردە کرد
چۆن بە جێما لێم لە من بو دەردە کورد
"بۆیە مەیخانەت دەبێ دەر بەست کرێ
بێ لە من کەس نابێ مەی لێ هەڵقوڕێ "
بۆ دەبێ لانی لە مێژی شێرە کوڕ
بێتە لانی مفتە خۆری مل هوڕ
چۆن دەبێ دۆڵو چیای کوێستانی من
لێی بخوێنێ کوندە بوو بۆ حاڵی من
تێکە مەی پەی پەی لە بۆ زامی لەشم
بەڵکو ئەهوەن بێ گڕوتینی لەشم
من کە سووتاوی وڵاتو نیشتە جێم
شێتو شەیدای کوردەواریم تا بە پێم
"بێنە بۆم پەیمانە زوو پەیمانە نا
جامی چوکەو کەم بەرێ سوکانە نا "
ئەو گەلەی هەستی لە پەستی جاڕزە
خواستو ویستی بۆ ژیان بەرزە فڕە
بۆیە سێ دارەو تەنافی بۆ چەقا
چون سەری نوێ بۆ گەلم بۆتە تەما
ساقی کوا ژەنگاوی دڵ شۆرێتەوە
مەی بتوانی بیسرێو پا بێتەوە
پاشی مردن لە و دنیش دادی منە
وێژو گوفتی چوار چرا وێردی منە
"بۆیە مەیخانەت دەبێ دەربەست کرێ
بێ لە من کەس نابێ مەی لێ هەڵقوڕێ .
جەعفەر / کەریمی
یواسکولا / فەنلاند
٢٨ / ٤/ ٢٠٠٠