کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌ئاسمانم ده‌ڵێم

Saturday, 30/11/2013, 12:00




1

سوێند ده‌خۆم...
هه‌ر هه‌موو جیهان
له‌چاوى تۆ ده‌بێنم
هه‌موو ئێواره‌یه‌ك
له‌باخه‌كانى وجودیه‌تم
لێوم به‌ شه‌ونمى گوڵه‌كان
ته‌ڕ ده‌كه‌م و
گۆرانیه‌ك بۆ هاتنه‌وه‌ى
پاساریه‌كان ده‌چڕم
چۆن زه‌مه‌نێكه‌
لێره‌ ده‌رناكه‌ون و
بیرى هاتنه‌وه‌یان ده‌كه‌م
تاریكى را ده‌خه‌م
مانگ ناخه‌وێ
ئه‌ستێره‌كان
سه‌ما ده‌كه‌ن
با ده‌تۆرێ
هه‌ور ده‌گرى
تۆ بۆ ده‌رناكه‌وى
له‌حزورت ته‌فسیرى شه‌پۆله‌كانى ناخم بكه‌م
تۆ بۆ ده‌رناكه‌وى
له‌باوه‌شت ته‌فسیرى عیشقت بۆ بكه‌م
تۆ بۆ ده‌رناكه‌وى
ده‌ریا تێنووى ماچێك و
ژوانێك ده‌كات
ده‌ترسم دڵم به‌ر به‌ردێكى ره‌ق بكه‌وێ
نه‌ وه‌ك هه‌ر خۆم شه‌پۆله‌كانى عیشقیشم
تێك بشكێ!.
2
ئه‌گه‌ر تۆ...
به‌ڵێنى هاتن ده‌ده‌ى
به‌ئاسمانم ده‌ڵێم:
تاریكى له‌باڵاى شه‌و نه‌كات
مانگ و ئه‌ستێره‌
شه‌رمه‌زار نه‌كات
ئاخر ده‌زانى...
كه‌ تۆ دێى
تاریكى را ده‌كات
مانگ و ئه‌ستێره‌ ون ده‌بن
ئاخر ده‌زانى...
كه‌ تۆ دێى
ده‌ریا چۆن باوه‌شت پێدا ده‌كات
نا تۆ نایێى
خۆم ده‌زانم
شه‌پۆله‌كانى ناخم
لێوى كه‌ناره‌كان ته‌ڕ نه‌كات
ماسیه‌كان
بۆ هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌خنكێن
تۆ نایێى
چۆن ژیانم
له‌نێو له‌پى تۆ ده‌ست پێده‌كا!.
3
دایكم یه‌ك پرسیارى هه‌بوو بۆ ژیان
دواى دۆزینه‌وه‌ى باوكم
ئه‌و پرسیاره‌ى نه‌ما
ته‌نها ده‌یزانى دڵى ئارام لێده‌دات و
به‌هارى ته‌مه‌نى هه‌تا ئه‌به‌د
سه‌وز ده‌بێت
ئێستا هه‌مان پرسیارم هه‌یه‌
به‌ڵام نازانم
كه‌ى ژیان وه‌ڵامم ده‌داته‌وه‌
نازانم ئاخۆ بۆ هه‌تایه‌
وه‌ك دایكم ده‌بم
یاخود بۆ هه‌تایه‌
به‌چاوه‌ڕوانى
به‌هارى دڵ ده‌مێنمه‌وه‌
ده‌زانم...
كه‌ تۆ ون بى
به‌هارى ته‌مه‌نم
هیچ كات سه‌وز نابێ و
هیچ گوڵێ نابێنم
له‌باخى ته‌مه‌نم سه‌وز بێ!.
4
باوكم
زۆر خه‌ونى مناڵى
بۆ گێرامه‌وه‌
هیچ خه‌ونێكى باوكم
له‌خه‌ونى من ناچێ
ئه‌و خۆشبه‌ختى دۆزییه‌وه‌
له‌دڵى دایكم
من له‌م جیهانه‌
خه‌ونێكى بچوك و
تۆیه‌كى مه‌زنم هه‌یه‌
نازانم چۆن جیهان
له‌مه‌زنى تۆ بدۆزمه‌وه‌
ئێستا تۆم هه‌ى
بۆ مانه‌وه‌م
نازانم كه‌ى تۆ منت ده‌بێ
بۆ هاتنه‌ دى خه‌ونه‌كانى من!.
5
به‌بێ تۆ...
هیچ شتێك روو نادات
ئه‌و دڵه‌ى من
چه‌ند له‌به‌سته‌له‌ك ده‌چێ
كه‌س ناتوانێ
له‌تۆ زیاتر
تێیدا بژى و ئارام بگرێ
ئیتر خۆم ده‌زانم
چۆن بیرت ده‌كه‌م و
چاوه‌ڕوانی تۆ
له‌باڵام ده‌چۆڕێ
گه‌ر ده‌ركه‌وى
خۆت ده‌توانى
به‌سته‌له‌كى ئه‌و دڵه‌م
به‌ وشه‌یه‌ك بتوێنیه‌وه‌و
جیهانێك به‌خۆشه‌ویستى
بونیات بنێین!.
6
ئێستا ده‌بێنم
تۆ ئه‌و كه‌سه‌ى
كه‌ من ده‌مه‌وێ
له‌گه‌ڵما بى
خۆشه‌ویستمى، ژیانمى، رۆشنایى
هه‌ردوو دنیامى
وه‌ره‌ رۆحم رۆشه‌ن كه‌وه‌
به‌تیشكى چاوه‌كانت
وه‌ره‌ ژیانم سه‌وز كه‌وه‌
به‌گرتنى ده‌سته‌كانم
وه‌ره‌ تێنوێتیم بشكێنه‌
به‌و ورده‌ ماچانه‌ى
كه‌ له‌ماسیه‌كانى ناخم نه‌بێ
له‌هیچ شتێ ناچێ!.
7
ده‌بێ بزانى...
من شازاده‌ كیلۆپاترا نیم
له‌باوه‌شى هه‌موو كه‌سێ بخه‌وم
هه‌موو جیهان سه‌رسام بكه‌م
به‌جوانیه‌كه‌م
به‌ره‌و
ته‌نیایى خۆم ده‌ڕۆم
رێگاكان ونم ناكه‌ن
هه‌ر به‌ره‌و
ئه‌و ژوانه‌م ده‌بنه‌وه‌
كه‌ چاوه‌ڕوانى تۆى تێدا ده‌كه‌م و
بۆم ده‌رناكه‌وى!.
8
ئه‌وانه‌ى دێن و
له‌سه‌ر عیشق بۆم ده‌دوێن
له‌تۆ ناچن
زمانیان به‌خشنده‌و
جه‌سته‌یه‌كى برسی
له‌چاوانم ده‌ڕوانن
له‌دڕنده‌یه‌كى برسى ده‌چن
ئاى بیرت ده‌كه‌م
وشه‌ى شیرین و
ناخى میهره‌بانت
وه‌ك په‌ڕه‌ى گوڵ جوان و
وه‌ك ئاو نه‌رمن
ئیتر بیرى تۆ نه‌بێ
بیرى هیچ كه‌سێ ناكه‌م
با بدوێن
نه‌ده‌یبیستم و نه‌ گوێ ده‌گرم
به‌راست تۆ كه‌ى دێیته‌وه‌؟!.
9
كه‌ نایه‌یته‌وه‌...
نازانم قژم هه‌ڵده‌مه‌وه‌
یاخود
چاوه‌ڕوانى په‌نجه‌كانى تۆ بكه‌م
له‌ده‌ریاى قژى ره‌شم
شه‌پۆل به‌ ته‌له‌كانى قژم بدات
كه‌ نایه‌یته‌وه‌
نازانم كام جل بپۆشم
ره‌ش وه‌ك شه‌و
یاخود
سپى وه‌ك به‌فر
نا هیچیان ناپۆشم
ره‌ش بۆنى مه‌رگى لێده‌كه‌م و
سپى بۆنى بوكێنى
تۆ وه‌ره‌ ببه‌ كه‌شتیوانى ده‌ریا
ناخم پڕ كه‌ له‌بۆنى عه‌ترت
به‌هاتنى تۆ...
ماسیه‌كان چ سه‌مایه‌ك ده‌كه‌ن
مانگ چۆن خۆى ده‌شوات!.
10
كه‌ گوڵه‌كان ده‌گرم به‌ده‌ستمه‌وه‌
پانتۆله‌ سپیه‌ په‌شمه‌یه‌كه‌م
له‌به‌ر ده‌كه‌م و
به‌نێو تاریكى هه‌نگاو ده‌نێم
به‌سه‌ر لێوى شه‌پۆله‌كان
پیاسه‌ ده‌كه‌م
بیستومه‌ په‌رى ده‌ریاكان
گۆرانى ده‌چڕن
چه‌ند خۆش ده‌بێ
تۆ لێره‌ بى
نۆته‌كانى خۆشه‌ویستیم بژه‌نى
چه‌ند ئارام ده‌بم
له‌سه‌ر كه‌شتى عیشق
به‌گۆرانى بمخه‌وێنى
لێمگه‌ڕێ...
گه‌ر لێره‌ش نه‌بى ئاسوده‌م
كه‌ پێم ده‌ڵێى: خۆشم ده‌وێى!.
11
له‌هه‌موو شتێ خۆش ده‌بم
دوورى، رۆیشتن، ئاوابوون، ته‌نیایى، چاوه‌ڕوانى، غه‌ریبى، ..........
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى مرۆڤ تێكده‌شكێنن
ته‌نها تۆ هى من به‌!.



کەنەدا/ئەلبێرتا

ده‌ریا ره‌واندزى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە