کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داعش دوای ٣ ساڵ

Wednesday, 10/09/2014, 12:00






ئەمڕۆ سەرۆك ئۆباما پەیامێك پێشکەش بە ئەمریکا بەگشتی و جیهان بەتایبەتی ئەکا کەوا پیلانی ئەمریکا سەبارەت بە چۆنێتی بەگژدا چونەوەی ووڵاتەکەی دژ بە داعش بڵاو ئەکاتەوە . پوختەی ئەم پەیامە ئەوەیە کەوا پێوستە لەماوەی ٣ ساڵدا بەتەواوی چەتەکانی داعش نەمێنێ و بنەبڕ پێبکرێن.

لەدوای ڕووداوەکەی یانزەی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠١١ جێگری ئەوسای سەرۆك بۆش(دیك چینی) هەمان پەیامی دا کە پێوستە ئەمریکا بۆ ماوەی ٦٠ ساڵ جەنگ دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بکا. ئەو پێی وابوو کەوا ئەم جەنگە ماوەیەکی دوور و درێژ ئەکێشێ و پێوستە ووڵاتەکەی لەتەك هاوپەیمانەکانی شەڕی مان و نەمان بکەن و ڕەگ و ڕیشەی تیرۆریستان هەڵبکێشن.

کاتێك ئەمریکا هێزەکانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ کۆتایی بە بوونی سەربازی لە عێراق هێنا و پاشەکشەی بەسوپاکەی کرد، ئێدی لەو ڕۆژەوە بۆشاییەك دروست بوو کەوا گەلێ ئاسان بوو بۆ هەر هێزێك پڕی بکاتەوە. هێزەکانی سوننەی عەرەب لە کۆنە بەعسیەکان و سوپای عێراقی هەڵوەشاوەو ململانێی نێوان سوننەکان خۆیان و بەرژەوەندی سیاسیەکانی عێراق و ئەو گەندەڵیە زەبەلاحەی لەو ووڵاتەدا دروست بوو، ببوە باشترین و گونجاترین کەش و ئاوو هەوا بۆ دروست بوونی هێزێکی تیرۆریستی وەك داعش کە گەلێ بەئاسانی توانی و گەلێ بەخێرایی پێگەی سیاسی و سەربازی خۆی دابکوتێ.

ئەو دەلاقە گەورەیەی نێوان هەریەك لە عەرەبی سوننەو شیعە لەگەڵ ئەجیندای هەریەك لە تورکیا،سعودیە و ووڵاتانی کەنداو دژ بە بەرەی شیعەو بەرژەوەندیەکانی ئێران هەیە، هەرگیز نابنە فاکتەرێك بۆ تەواو لەناوبردنی داعش-. ئەوڕۆ ئەم چەتانە بونەتە خاوەن پێگەی سیاسی،سەربازی و بەشێك لە جوگرافیای ناوچەیەکی فراوانیان لەژێر چنگدایە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەرئەکەوێ کەوا ئەمریکا ناتوانێ بەتەواوی ئەم هێزە لەناو ببات. ڕەنگە بتوانێ هەندێ لە کاریگەریان کەم بکاتەوە ، لێ ناتوانێ ڕیشەکێشیان بکا.

لەم پەیامەی ئەمڕۆدا ئۆباما داوا لە گشت جیهان ئەکا کەوا یەکبگرن و پشت بکەنە تیرۆریستان و پێکەوە شەڕی تیرۆریستان بکەن. داوا لە ووڵاتە سوننەکان ئەکا کە تاکو پێکەوە سەرچاوەی دارایی و مرۆیی بۆ داعشەکان نەکەن،لێ لەڕاستیدا هەریەك لەتورکیا و ووڵاتانی کەنداو دەست لەو یارمەتیە هەڵناگرن کە داویانەتە داعش .



ئۆباما ئەیەوێ بە داعش بڵێ کەوا مۆڵەتی ٣ ساڵت ئەدەینێ تا خۆت لە عێراق بکشێنیتەوەو ڕوو بکەیتەوە سووریا و لەوێ خۆت ڕێکبخەیتەوە، وەیان لانی کەم ناوو تایتڵێکی تر لەخۆ بنێی.هەروەك چۆن لە ئەفگانستان ئەلقاعیدە چەندین لق و پۆپی لەخۆی کردەوە تا ئەو کاتەی هەنووکە کەس ناوی نابات، بۆ نمونە ڕێکخراوی تیرۆریستی حەقانیەکان لە ئەفگانستان و حوسیەکان لە یەمەن و ئەلشەباب لە ئەفریقاو بەرەی نوسرە لە سوریاو کاتیبەکانی دەوڵەوتی عێراق و دواتر داعش، ئاوهاش داوا لە داعش ئەکرێ کەوا لەماوەی ئەم ٣ ساڵەدا لەشوێنێکی تر و ناوێکی تر بۆ خۆی هەڵببژێرێ تا شەڕی لایەنێکی تر و هێزێکی تری پێبکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە