کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیاوه‌کانی ده‌زگای زانیاریی له‌ پشت دیارده‌ی دزین و نه‌مانی پاره‌ی حکومه‌ته‌وه‌ن

Monday, 28/12/2009, 12:00


ماوه‌یه‌که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی، دیارده‌ی دزین و ڕاو و ڕووت له‌ ناو ده‌زگا حکومیی و ئه‌هلیه‌کاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، له‌ پڕ پاره‌یه‌کی زۆر ده‌دزرێت و ون ده‌کرێت، به‌ڵام پێشوه‌خت، دێن و چه‌ند که‌سێکی قوڕبه‌سه‌ر و بگده‌سه‌ڵاتی تێوه‌ده‌گلێنن، به‌تایبه‌تیی ژنان ده‌هێننه‌ ناو کێشه‌که‌وه‌، یان که‌سانێکی ت تاوانبار ده‌که‌ن که‌ نه‌یاری خۆیانن. ئه‌وا ده‌بینین ڕۆژانه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌کاندا به‌شێک له‌وانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ ڕوو، بڵاوده‌کرێنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ تازه‌ به‌رچاو ده‌که‌وێت و میدیاکان پێی ئاشنا ده‌بن، به‌ڵام دیارده‌ی پاره‌نه‌مان ته‌مه‌نه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سێ چوار ساڵ له‌مه‌وپێش و ئێمه‌ له‌ کاتی خۆیدا به‌رده‌وام توانیومانه‌ له‌و جۆره‌ پلاناه‌ پوچه‌ڵ بکه‌ینه‌وه‌ و ڕاستییه‌کانیش ئاشکرابکه‌ین و چه‌ندین به‌ڵگه‌ش له‌ لامان پارێزراون.
 کوردستانپۆستیش به‌ باشی ده‌زانی سێ حاڵه‌تی دیکه‌تان بۆ بڵاوبکاته‌وه‌، که‌ له‌ هیچ شوێنێک دیکه‌دا بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌  یه‌کێک له‌و هه‌واڵانه‌ شوێنێکی تر به‌ شیوه‌کی تر بڵاوی کرۆته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێشتر پێمان گه‌یشتبوو، به‌ڵام به‌دواداچوونمان له‌ سه‌ر ده‌کرد.
 (1)
پێش هه‌ڵبژادنه‌کانی په‌ڕله‌مانی کوردستان 25 / 7 له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی سلێمانی 3 ئافره‌ت 3 ژن 3 خانم به‌م ناوانه‌ : شنۆخان هێرۆخان په‌خشان خان. که‌ یه‌کێکیان به‌ڕێوه‌به‌ری بانقی فڕۆکه‌خانه‌که‌یه‌ و یه‌کێکی تر یاریده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌وی تریان ژمێریاره‌، هه‌رسێکیان ڕاپێچی زیندان ده‌کرێن به‌ تومه‌تی دیار نه‌مانی بڕێ پاره‌ی زۆر، یه‌کێک له‌و خانمانه‌ به‌ تاوانی نه‌مانی 50 ده‌فته‌ر، یه‌کێکی تریشیان به‌ تاوانی دیارنه‌مانی 18 ده‌فته‌ر و ژمێریاره‌که‌ش به‌ تاوانی هاوبه‌شیی و هاریکاری ئه‌و دووانه‌.
کوردستانپۆست پاش ماوه‌یه‌کی زۆر به‌دواچوون و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی وورد به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و په‌یوه‌ندیگرتنه‌وه‌ له‌ پێناو ده‌رخستنی ڕاستی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، بۆی ده‌رکه‌وت ئه‌و سێ ئافره‌ته‌ بێتاوانن ‌و ئه‌مه‌ش کارێکی پلان داڕێژراوه‌ له‌لایه‌ن که‌سانی تایبه‌ت به‌ فڕۆکه‌خانه‌که‌، به‌ڵام که‌سایه‌تییه‌کان شاراوه‌ن و دیاره‌ ده‌زگایه‌کی زۆر به‌هێز له‌ پشت ئه‌و کاره‌وه‌یه‌، ئه‌وانه‌یش که‌ به‌و کاره‌ هه‌ڵساون به‌ ئاگاداریی ده‌زگای زانیاریی کراوه‌، پاش لێکۆڵینه‌وه‌ و ووردبونه‌یه‌کی زۆر بۆشمان ده‌رکه‌وت که‌ دوای گرتنی ئه‌و ژنانه‌‌، سه‌رجه‌م فایل و سجله‌کانیش ده‌ستکاریی کراون و ژماره‌ و ڕۆژ و سه‌رفکردنی پاره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی پرۆفیشۆنێلیانه‌ به‌ ئیسراحه‌ت کاری له‌ سه‌ر کراوه‌، واته‌ هه‌موو ڕاستیی نووسراوه‌کان شێوێنراون. هه‌ر خودی ئه‌م ده‌ستکاریکردنی فایل و سجلانه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بێتاوانن وئه‌نجام دانی ئه‌م کاره‌ له‌ شوێنی دیاری کراوی تره‌وه‌ و له‌لایه‌ن که‌سی شاراوه‌ی تره‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و به‌ڵام ئه‌م ژنه‌ بێده‌سه‌ڵاتانه‌یان تێوه‌گلاندوه‌.
کوردستانپۆست به‌دواداچوونی ته‌واویی له‌ سه‌ر که‌سایه‌تی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش کرد، پرسیارێکی زۆر ده‌رباره‌یان کرا، له‌ چه‌ندین که‌سی جیا جیا قسه‌مان کرد، که‌سێک په‌نجه‌یه‌کی گۆمانی بۆ ئه‌و سێ خانمه‌ درێژ نه‌کرد، سه‌رجه‌م هه‌موو ده‌یان ووت ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێک باوه‌ڕ نه‌که‌ین ئه‌و ئافره‌تانه‌ ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام دابێت. له‌ کۆتایدا هه‌موو له‌سه‌ر له‌یه‌ک ووته‌ کۆک بوون ده‌یان ووت (ئه‌وه‌ هه‌ر که‌سانی ناو فڕۆکه‌خانه‌ و به‌ یارمه‌تیی ده‌زگای زانیاریی ئه‌و کاره‌ ئه‌نجامدراوه‌) واته‌ ده‌سه‌ڵات خۆیان هه‌ستاون به‌و کاره‌.

(2)
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌یه‌کێک له‌ بنکه‌کانی پۆلیسی سلێمانی به‌هه‌مان دووباره‌کردنه‌وه‌ی سیناریۆی پاره‌نه‌مان، (116 ملێون) دیناری تر دیارنامێنێت به‌ڵام ئه‌م بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ به‌قاسه‌که‌وه‌ بزر ده‌کرێت. 4 ئه‌فسه‌ری ده‌ره‌جه‌دار به‌پله‌ جیا جیاکان له‌سه‌ری ده‌گیرێت و هه‌ربه‌زویی به‌ تومه‌تی ئیهمال له‌ کاره‌کانیاندا به‌یاسای عه‌سکه‌ری سزا ده‌درێن، یه‌کێکیان به‌ ماوه ساڵێک و 3 سێ مانگ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریی دیارنه‌مانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌بن، له‌ناو ئه‌و چوار که‌سه‌ یه‌کێکیان ناوی (ڕائید سیروانه‌) خوشکه‌زای کاێ خانی خێزانی عومه‌ر فه‌تاحی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی کابینه‌ی حکومه‌تی پێشوی یه‌کێتی و ئێستا له‌ ده‌رکراوه‌کانی ناو یه‌کێتیه‌.

(3)
ماوه‌ی چوار ڕۆژ له‌مه‌و پێش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی نزیکه‌ی (100 ملێون) دیناری تر بزر ده‌کرێت ئه‌ویش له‌یه‌کێک له‌ بنکه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ له‌ لایه‌ن که‌سێکه‌وه‌ برابێت که‌ ناوی (ڕوشدیه) مفه‌وه‌زی کارمه‌نده‌ به‌ پله‌ی ئه‌مین سندوق، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ ئێستا بزره‌ و له‌ هیچ شوێنێکه‌وه‌ هه‌واڵی نییه‌. لێره‌دا دوو گوومان هه‌یه‌:
گومانی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڕووشدی ناوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بردبێت و خۆشی بزر کردبێت.
دووه‌م گوومان پێده‌چێت ئه‌و کاره‌ی پێئه‌نجام درابێت و له‌گه‌ڵ بڕه‌ پاره‌که‌دا خۆشییان بزر کرابێت.
به‌ڵام سه‌رجه‌م خوێندنه‌وه‌کان وا نیشان ده‌ده‌ن که‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م کارانه‌ له‌ لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ بن که‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌نجام دانی ئه‌م کارانه‌ ڕاهێنرابن و سه‌ربه‌ده‌زگایه‌کی نهێنی تایبه‌ت بن، پێده‌چێت ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ له‌ وڵاتێکیشدا ڕاهێنرابن.. تۆڕێکی ته‌واویشیان دروست کردوه‌ له‌ که‌سه‌ پایه‌ به‌رزه‌ سیاسی و حکومی و حزبیه‌کانیش تێیدا هاوبه‌شن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و کارانه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک بۆچوون هه‌یه‌ که‌ له‌ناو دادگاشدا ڕۆڵی ته‌واویان هه‌بێت و تا ڕاده‌ی داد وه‌ریشان واته‌ (حاکم) له‌گه‌ڵدا بێت. جا ئیتر مه‌به‌سته‌کانی پشته‌وه‌ چین و چۆنه‌ ؟ ئه‌وه‌ ورده‌کاری تری ده‌وێت و ئێمه‌ش له‌به‌دواچوندا به‌رده‌وامین و کون به‌کون دوایان ده‌که‌وین و هه‌تا ئه‌و کاته‌ی پیشانی جه‌ماوه‌ریان ئه‌ده‌ین
هیوادارین کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانیش هاوکاریمان بکه‌ن.

کوردستانپۆست سوپاسی کاک ڕۆشار ده‌کات، که‌ له‌ بری ئێمه‌ به‌دواداچوونی له‌ سه‌ر ئه‌و زنیارییانه‌ کرد و په‌یوه‌ندیی به‌ چه‌ند که‌سێکی نزیک له‌ ڕووداوه‌کان کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە