سەرنوسەری خەبات لە یەک ووتاردا دژی خۆی ئەنووسێت!
Wednesday, 10/04/2013, 12:00
مادام لۆگۆی خەباتی لەسەر دانراوە، مانای وایە سەرنوسەری ڕۆژنامەی خەبات ئەم ووتارەی نووسیوە. منیش حەزمکرد ناکۆکییەکی نێو ئەم ووتارە گرنگە بخەمەڕوو؛ تیتڵی ووتارەکە: (لەساڵیادى رووخانى عەقلیەتێكى شۆڤینیدا)یە. کە بەبۆنەی ١٠مین ساڵیادی ڕوخانی ڕژێم سەددامەوە نووسراوە!
لە پاراگرافی ٢ دا ئەم ڕستەیە هەیە: "بە رووخانی سەددام، دیموكراتخواز و نیشتمانپەروەرانی عێراق بە كورد و عەرەب و نەتەوەكانی دیكەوە دەروازەیەكی گەورەیان لەبەردەم كرایەوە تا سەرلەنوێ عێراق بە شێوەیەك پێناسە بكەنەوە، كە عێراقی هەموو پێكهاتەكان بێت، هەموو لە بەڕێوەبردن و بڕیاردا شەریك بن. واتە لە تێڕوانینی ئەوانەوە 9ی نیسانی2003 تەنها رووخانی كەسێك نەبوو، بەڵكو توڕهەڵدان و لەگۆڕنانی ئەو میتۆد و رێبازەش بوو، كە چەندین ساڵ بوو گەلانی عێراقی پێی تەپەسەر دەكرا و دەچەوسێنرایەوە.". کە لەگەڵ تیتڵەکەیدا یەکدەگرێتەوەو باسی ڕووخانی عەقڵیەتی شۆڤێنیی بەعسی ئەکات!! ١٠ نیسانی ٢٠٠٣ بە هاوکاری هێزی سەربازی ئەمریکا.
لە پاراگرافی ٤دا ئەم دەقە هاتووە:"ئەوەی لە پاش دە ساڵ لە رووخانی سەددام لە رەفتار و هەڵسوكەوتەكانی مالیكی دەیبینین چ بەرامبەر هەرێمی كوردستان و چ بەرامبەر پێكهاتەكانی دیكە بەڵگەن، ئەوەی لە 9ی نیسان لە بەغدا رووخا تەنها سەددام بوو، دەنا عەقلیەتەكە نەك نە رووخاوە، بەڵكو تۆختر بۆتەوە." لێرەدا سەرنووسەری خەبات باس لەوە ئەکات کە عەقڵیەتەکە نەک نەڕوخاوە، بەڵکو تۆختریش بۆتەوە!
سەرنوسەری سەرەکیترین ڕۆژنامەی گەورەترین حزبی دەسەڵاتدار لە تەنیا ووتارێکدا بکەوێتە ناکۆکی ئاوهاوە، لە ساڵیادێکی هەرەگرنگدا کە زۆر لەڕادەبەدەر بۆ ڕۆژنامەی خەباتو بۆ سەرنووسەرەکەشی، وە بۆ پارتیش چەند بارە گرنگترە، بێتو دژی لێکدانەوەی ٢دوهەمین پاراگرافی نێو ووتارەکەی خۆی بنووسێت، لە پاراگرافی ٤ چوارەمیدا، چی ناوێکی بۆ دابنرێت بەڕای ئێوە باشە، جگە لەوەی کە ئەم خاوەن بڵنگۆو دەزگا ڕۆژنامەوانییە پانو پۆڕانە چەندە لەڕووی مەعریفیو شیکاریو گرنگیدان بە پرسەکان داغانو لەدواوەن! دەبێ چۆن حاڵو وەزعی، میدیاو کایەکانی ڕۆژنامەوانیو سیاسەت، مافی خەڵكو پرسە گرنگەکانی تری وەکو ئازادی بەیانو ئازدی بیروڕا لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی پشتی ئەم ڕۆژنامەی خەباتە داغانو نەخۆش نەبێت!!
هاوڕێیەک لەسەر کۆمێنتێکی من لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەربارەی چاوسوورکردنەوەیەکی نەوشیروان مستەفا لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی کە پێی ووتبوون بە سەرخۆشی لەسەر من نووسیوتانە، نووسیبووی؛ سەرۆکەکانو ڕۆشنبیرانو وەزیرەکانو بەرپرسەکان هەموو بەسەرخۆشی بیرئەکەنەوە!! لێرەوە بەو هاوڕێیە ئەڵێم؛ لێکدانەوەکەت ڕاست دەرچوو، بەم هەواڵەس ڕەنگە زۆرتر لە یەقینەوە نزیک بێت لێکدانەوەکەمان! ئەم هەڵە گەورەیە، یان ڕەنگە باشتر بێت هەر ناکۆکو دژ بە ڕای خۆ نووسینەی سەرنووسەری خەبات باشتر بێت بەکاریبێنم، بەڵگەیەکی دیکە بێت کە سەرنوسەری خەباتیش بەسەرخۆشی ئەو ووتارەی ئامادەکردبێت! دەنا بۆچی لە ووتارێکی ڕۆژنامەیەکی گرنگدا، کێش تۆ بڵێ، سەرنووسەر بکەوێتە ناکۆکییەکی گەورەو ئاشراوەو بۆ یەک جاریش دیقەتی ووتارەکەی خۆی نەداتو ئەو ناکۆکییە زەقەی بەسەردا تێپەڕێت!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست