لە پێناو گۆڕاندا،دوێنێ فیشەكێك بۆ راپەڕین، ئەمڕۆش سەدان قەڵەم بۆ هەڵدانەوەى گەندەڵى
Sunday, 03/05/2009, 12:00
زۆرجار باس لە شێوازى غەدر لێكردنى نووسینەوەى رووداوە مێژوویەكان دەكرێت، جا ئەو غەدرە لە رووى نووسینەوەى مێژووى گەلێك، یا خەبات و تێكۆشانى حیزبێك، یان توانا و داهێنانى تاكەكانى كۆمەڵگە بەردەوام بووە.
هەموو ئەو هەوڵدانە ناشرین و بەلا رێبردنەشدا، تەنها لە پێناو شاردنەوەى راستیەكاندا بووە، كە ئەویش لە ژێر سایەى دەسەڵاتێكى دیكتاتۆرىـ یاخود خێڵەكى لە ناو كۆمەڵگادا بۆ قۆرخكردنى ئازادیەكان هاتۆتە دى.
ئەوەى جێگاى سەرنج و تێڕامان بێت بۆ خوێنەر، ئەوەیە كە دەمەوێت لێرەدا تا رادەیەك سەرە قەڵەمێك بۆ (راپەڕین) باسى لێوە بكەین و بزانین داهێنان و هزرى راپەڕین، لە كوێوە سەرچاوەى گرت؟ ئایا نا ئومێدیەكانى دوێنێى ناو كۆمەڵگا كە لە بن دەسەڵاتى دیكتاتۆریەتدا دەیناڵاند، هەروا بە ئاسانى ئەم ئەزموون و هیوایەى لێهاتۆتە بەرهەم؟ نكوڵى لەوە ناكرێت كە یەكڕیزى كۆمەڵگا بە گشتى، بە تایبەت ئاشتبوونەوەى حیزبە كوردستانیەكان بۆ پێكهێنانى (بەرەى كوردستانى) لەوسەردەمەدا كە دیكتاتۆریەت تا دەهات بۆ چڕبوونەوەى سڕینەوەى مۆركى نەتەوایەتى هەنگاوى دەنا، ئیدى بوە هیوایەكى پرشنگدارتر بۆ نزیگبوونەوەى سەركەوتنى ئایندەى ئامانجى رزگارى ئەم میللەتە.
هەرچەندە تەمەنى راپەڕین هێشتا چارەكە تەمەنێكى لە پێوەرى مێژوو وەك خۆى بە رێ نەكردووە، بەڵام دەتوانرێت بگوترێت، راپەڕین توانیویەتى بچێتە ناو مەلەفى خۆناساندنى مێژووى شۆڕش و راپەڕینەكان و بە دەستپێكى نوێى مێژووى سەرهەڵدان و ئازادى باس لێوە بكرێت، كەچى لێرە و لەوێ زۆرجار دەبینین و دەبیستین، مێژووى سەروەرى ئەو داهێنان و دەسكەوتانە لە پێناو دەوڵەمەند بوونى كەلتوورى (كاریزما) بە لاڕێدا ببرێت و ببێتە بەشێك لە مێژووە چەواشەكاریەكانى دوێنێ، بۆیە زۆرجار وتراوە سەروەرى مێژوویەك بێناونیشانێك تۆمارى دەكات و پاشان گەندەڵەكان بەرهەمەكەى دەخۆن، گەر ئەم نموونەیە لێكدانەوە بێت بۆ تەواوى چەواشەكارى راستیەكان لە ئاست شۆڕش و راپەڕینى كۆمەڵگاكان لە جیهاندا بە گشتى، بە تایبەت ئەو نەخشە و داهێنانى راپەڕینەى بەهارى ساڵى 1991 كە لە كۆمەڵگاى كوردیدا روویدا، دەبێت بەشێك بێت لەو بەهارە دزراوەى كە دەمانەوێت بە دوایدا بگەڕێین و ئەمڕۆ كاتى ئەوە هاتووە، كە وەك خۆى قسە لەسەر ئەنجام و بەها و نرخى ماندوو بوونى تەواوى كۆمەڵگا بە گشتى وەك خۆى بكەین، نەهێڵین لە بۆتەى ئەقڵى دەسەڵاتى دیكتاتۆریەت و خێڵەكیدا بتوێتەوە و لە بۆنە و یادەكاندا لە پێناو بەرژوەندیەكانیاندا بە كارى بێنن.
چونكە بیرۆكەى راپەڕین هەروا بە ئاسانى سەرى هەڵنەداوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، راپەڕین بەرهەمى ئازار و مەینەتى لانى كەمى 30 ساڵ دەسەڵاتى چەوساندنەوەى دیكتاتۆرى بەعس بە سەر كۆمەڵگاى كوردیدا لە پێناو گۆڕانى رزگاریدا بوو، بۆیە لەم پێناوەشدا پێویستە هەڵوەستەیەك بكەین و بە ویژدانەوە قسەى لەسەر بكەین، هەروەك چۆن لە پێشەوە باس لە یەكریزى كۆمەڵگا بەگشتى، حیزبە كوردستانیەكان لە شار و شارۆچكەكاندا لەو سەردەمەدا بە تایبەتى، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە هەستیار و بوێرە بكرێت بە دەر لەم یەكڕیزییەى كە باسى لێوە كرا، دەبێت بڵێین: "بۆ دەستپێكى راپەڕین كێ داهێنەر و بزوێنەر بوو، كە راپەڕین گۆڕانى بنەڕەتى رەتكردنەوەى دەسەڵاتى دیكتاتۆر بوو؟"، كێ زاتى كرد یەكەم فیشەك ئاڕاستەى مۆڵگەكانى دوژمن بكات و ئەو كەسە سەر بە چ رێكخستنێك بوو؟ كێ سەرپەرشتى كارى ئەو سەردەمەى گۆڕانى راپەڕین بوو و لە پێناویدا شەونخونى دەكرد؟ كە لەو كاتەدا دەیان ئەندام سەركردایەتى ناو حیزبە كوردستانیەكان خەریكى ئەوەبوون كە بە یەكجارى خۆیان و ماڵ و منداڵیان، یا لە شارەكانى ئێران دابنیشن، یا هەندێكیان هەوڵی وەرگرتنى ڤیزەى ئەوروپایان دەدا! بۆچى لە سەردەمى راپەڕیندا (سلێمانى) هەم وەك پێشمەرگەى سنوورەكەى و دانیشتوانەكەشى لە دواى ئازادى شارۆچكەى دەروازەى راپەڕین، خۆى خستە ناو هاوكێشە نادیارەكانى ئەوكاتەى دەرەنجامى راپەڕینەوە؟ مەبەست لە باسكردنى شارى (سلێمانى) بە ماناى باسكردنى ناوچەگەرێتى نایەت و كەمكردنەوە نییە لە خەبات و تێكۆشانى دانیشتوانى هیچ شارێك، بەڵكو ئەمە هەقیقەتە، دەبێت پرسیار بكەین و بڵێین: بۆچى دەسپێكى (راپەڕین)، كە گەورەترین هەنگاوى گۆڕانى كۆمەڵگاى لێكەوتەوە، ئەوێ بوو؟ كێ داهێنەرى بوو؟ ئایا هەر كوڕانى سەردەمى رۆژانى سەخت و نا ئومێدى سەنگەر چۆڵبوونى شۆڕشى كورد نەبوو؟ یا ئەم گەندەڵانەى ئێستا بوون؟ بۆیە دەبێت لە ئاست گێڕانەوەى دەسپێكردن و سەرهەڵدانى گۆڕانەكان شەرم داماننەگرێت و بە ویژدانەوە وەك خۆى باسى لێوە بكەین، چونكە جیا لەم قۆناغەى ئێستا كە باس لە (گۆڕان) دەكەین، خودى (راپەڕین) گەورەترین نەخشەى گۆڕانى رزگارى بۆ ئەم كۆمەڵگایە هێنایە كایەوە و بزوێنەر و تواناكانى شانە چەكدارەكانى (بروسك) بوون، ئایا شانە چەكدارەكانى (بروسك) كێ بوون؟ سەر بە چ رێكخستنێك بوون؟ كێ داهێنەر و سەرپەرشتیكار بوو بۆ (راپەڕین) و هێنانەكایەى رزگار بوون و (گۆڕان)ى بنەڕەتى كۆمەڵگا؟ دەرخستنى ئەم راستیانە مجامەلەى رۆژگار نییە، بەڵكو هەقیقەتێكە هیچكات ناشاردرێتەوە، كە هەمیشە لە پێناو (گۆڕان)دا كەسى داهێنەر و پڕ ئەزموون و راستگۆى دەوێت، بۆ سەركەوتنى ئایندەى خۆشگوزەرانى كۆمەڵگا، چونكە ئەگەر (راپەڕین) بۆ تەواوى كۆمەڵگا نموونەى ئازادى و رزگارى بووبێت و، لە پێناو رزگار بوونى دەسەڵاتى دیكتاتۆریەت دەستپێكى هەرە گەورەى مەترسیدارى ئەو سەردەمەى (گۆڕان) بووبێت؟ ئەوا دەستپێكى ئەم كاروانەى ئێستاش كە بۆ (گۆڕان) لە پێناو رزگار بوونى دەسەڵاتى گەندەڵى و فەساد بەڕێوەیە، هەمان داهێنەر و بزوێنەرى سەردەمى نەخشە و كارەكانى بەڕێوەبردنى شانە چەكدارەكانى (بروسك)ە، بەڵام ئەمجارە لە جیاتى تەقاندنى (فیشەك) بۆ (گۆڕان)، سەدان (قەڵەم)ى بە ویژدان و بوێر لە گۆڕەپانەكەدان بۆ هەڵدانەوەى گەندەڵى و راستیەكان لە پێناو (گۆڕان).
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست