کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان بە دەستور كارناكات؟

Monday, 06/05/2013, 12:00







-(ئەگەر پەرلەمان هەڵوەشایەوە یان خولى هەڵبژاردنى تەواو بو، مەرسومێك دەردەچێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكان و دیاریكردنى رۆژى ئەنجامدانى لەماوەى پازدە ڕۆژلە هەڵوەشاندنەوەیدا، یان بەلاى كەمى نەوەد رۆژ پێش كۆتایى خولى هەڵبژاردن، بەمەرجێك ئەنجامى كاتى هەڵبژاردن لە نەوەد رۆژ دواى هەڵوەشاندنەوە تێپەر نەكات، یان دەبێ لەماوەى نەوەد رۆژ پێش كۆتایى خولى هەڵبژاردن بێت). ماددەى (57) ى پرۆژە دەستورى هەرێمى كوردستان.
-(عەلى قادر، بەرپرسى دەستەى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستان لە كۆمسیۆن ڕایگەیاند: پێویستە لەماوەى ئەم هەفتەیەدا حكومەتى هەرێم بەفەرمى داوا لەكۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكان بكات ئامادەكارى بكەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان، ئەگەرنا كۆمسیۆن ناتوانێت لەمانگى ئەیلولدا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان ئەنجام بدات)
سەرچاوە: ئاژانسى كۆمەڵنیوز 26\4\2013

با لێرەدا باس لە كارا و چالاكى كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكانى وڵاتى میسر نەكەین كە توانى لە ماوەى پازدە رۆژدا و بە دوو گەڕ و بۆ پەنجا ملیۆن كەس ئامادە سازى بۆ ڕاپرسى لەسەر دەستوربكات، لەگەڵ ناسەقامگیرى ناوخۆى ئەو وڵاتەشدا، توانیان كارەكەشیان بەسەركەوتویى ئەنجام بدەن.
لە پرۆژە دەستورى هەرێمى كوردستان و لەبەشى یەكەم و لە پەرلەمانى كوردستان، باس لەتەنها نەوەد ڕۆژ دەكات بۆ ئامادەسازى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان، وەك نوسراوە نابێت لە نەوەد ڕۆژى دواى هەڵوەشاندنەوە تێپەر بكات، لێرەدا حەقى خۆیەتى لە كۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەكان بپرسین هۆكارى چییە كە ناتوانن لە ماوەى 150 ڕۆژدا ئامادە سازى بكەن بۆ هەڵبژاردن؟ ئایا ئەنجامدانى یەك پرۆسە و سێ پرۆسە لەیەككاتدا چ جیاوازیەكیان هەیە؟ ئەركە قورسەكە دەكەوێتە سەر هاوڵاتیان لەلایەك و لەلایەكیتریش جیاكردنەوەى دەنگەكان پاش هەڵبژاردن، نەك پێش هەڵبژاردن!
بەم لێدوانەى بەرێز بەرپرسى دەستەى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستان دەگەینە ئەو ڕاستیەى، یان ئاگایان لە دەستور و ماددەكانى دەستور نیە، یان باوەڕیان بە دەستور نیە، ئەگەر ئاگایان لێى نەبێت ئەوە تا ڕاددەیەك ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئاگایان لێبێت و باوەڕیان پێى نەبێت و كارى پێ نەكەن، ئەوە جێگاى نیگەرانیە، ئەمەش وامان لێ دەكات كە بڵێیین هەمواركردنەوەى دەستور ئیتر دیفاكتۆیە، كاتێك دەستەیەكى ئاوا كە بنەماى ئەنجاندان وراستى و دروستى هەڵبژاردنەكانە باوەڕیان بەو دەستورە نەبێت یان كارى پێنەكەن.
ئیتردەبێت ئەوانیش كاربكەن بۆ هەمواركردنەوەى دەستور، ئەگینا لێدوان و ئامادەكاریەكانیان دەستور نییە!
با جارێكیتریش لێیان بپرسین ئایا هەڵبژاردن بۆ نزیكەى دوو ملێۆن و حەوت سەد هەزاركەس و تەنها سێ پارێزگا پێویستى بە نەوەد ڕۆژ زیاتر هەیە؟ ناحەقیان نییە خۆهەر ئەوان نیین كە ماددە و بڕگەكانى دەستور پێشێل دەكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە