کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رێککه‌وتننامه‌ نهێنییه‌که‌ی نێوان ده‌زگای زانیاریی و وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات

Tuesday, 26/10/2010, 12:00


که‌ ده‌گووترێت ده‌زگای زانیاریی واته‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، یه‌کێتییش واته‌ جه‌لال تاڵه‌بانی.
به‌ر له ‌ماوه‌یه‌‌ک نامه‌یه‌کی تاڵه‌بانییمان بڵاوکرده‌وه،‌ که‌ له‌ تارانه‌وه‌ بۆ جه‌بار فه‌رمانی ناردبوو، باس له‌ سه‌فه‌ره‌ سه‌رکه‌وتووه‌که‌ی خۆی بۆ ده‌کات و ‌بۆ ‌جه‌بار فه‌رمان ده‌نووسێت، که‌ به‌خشکه‌یی، به‌هێواشی و به ‌ئارامی خاڵی رێکه‌وتننامه‌که‌ جێ به‌جێ بکه. باش بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌که‌، ئێمه‌ په‌یمانمان به‌خوێنه‌رانی کوردستانپۆست دا که‌ له‌هه‌وڵی په‌یدا کردنی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ پڕ له‌خیانه‌ت کاره‌ی تاڵه‌بانیداین له‌گه‌ڵ ئیتیڵاعات ، خۆشبه‌ختانه‌ له ‌ڕێگه‌ی دۆستی خۆشه‌ویستمانه‌وه‌ کاک (ڕۆژین کوردستانی)ی‌ به‌ده‌ستمان گه‌یشت‌.
به‌ر له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م نامه‌ پڕ خیانه‌ته‌ داوامان له ‌کاک (ڕۆژین)، ئه‌وه‌یه‌ جدی تر خۆی بپارێزێت و به ‌هیچ شێوه‌یه‌ک لای که‌س خۆی ئاشکرا نه‌کات، چونکه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ناو یه‌کێتیی پێی ڕاگه‌یاندین، له‌ سلێمانیی به‌دوای ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێن، که‌ ئه‌م نامه‌و به‌ڵگانه‌ی لایه ‌و بڵاوی ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر تاڵه‌بانی، چونکه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ جارێکی تر ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆک کۆماری ووڵاته‌ خوێناویه‌که‌ی عێراقی عه‌ره‌بی، کاتێک ‌مرۆڤ له‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌ڕوانێت قێز له ‌هه‌موو ئه‌و کارمه‌ند و به‌رپرسه‌ ترسنۆکانه‌ ده‌کات، که ‌له‌سه‌ر خوێنی براکانمان ژیان و گوزه‌ران ده‌که‌ن، ناویشی ده‌نێن کاری دیبلۆماسی، له ‌کاتێکدا باوه‌ڕمان نییه‌ له‌ هیچ جێگه‌یه‌کی دنیادا گه‌لێک هه‌بێت ئاوا سه‌رکرده‌ و سه‌ره‌ درۆزنه‌کانی هێنده‌ بێویژدان بێت، له‌سه‌ر خوێن و خه‌ڵکی نه‌ته‌وه‌که‌ی ئاوا سوکایه‌تی به‌خۆی بکات و ببێته‌ مه‌قاشی داگیرکه‌ران. له‌شه‌ڕی دووهه‌می جیهاندا ئه‌و نه‌رویجیانه‌ی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران و سوپای ئه‌ڵماندا بوون دوای شه‌ڕ بۆ ڕیسوابوون سه‌ری هه‌موویانیان پاک تاشی، ئیستاش نه‌وه‌ی دوای نه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ به ‌بێڕێزی سه‌یر ده‌کرێن.
خوێنه‌ر ده‌توانێ (نهێنی یاری کاغه‌ز) که ‌ڕۆمانێکه‌ نووسه‌ری نه‌رویجی (یۆستاین گارده‌ر) نووسیوێتی بخوێنێته‌وه‌ و ڕاستی ئه‌م باسه‌ی تێدا ببینێت.
به‌ڵێ ئێمه‌ ده‌بێ چی له‌م هه‌موو قه‌زمه‌ خائینانه‌ بکه‌ین؟ داخۆ که‌ی گه‌لی کورد به ‌ئاگادێت؟ جاران ده‌مان ووت ده‌ڵێن ڕێکه‌وتن هه‌یه،‌ به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه‌ و ته‌نها قسی ڕووته‌. خه‌ڵکینه‌ فه‌رمو ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌! ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ باشترین شتێکه،‌ که ‌ئێمه‌ ته‌خت و تاراجی ئه‌م جاشانه‌ تێک بده‌ین و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌م چه‌ند بنه‌ماڵه‌ خائینه‌ ڕزگارمان بێت.
ئه‌و کاته‌ی ئێمه‌ له‌دوای ئه‌نفال روومان له‌و به‌شه‌داگیر کراوه‌ی کوردستانی رۆژهه‌ڵات کرد ‌کورده‌کانی ئه‌ودیو ڕێز و خۆشه‌ویستییان پێده‌داین، ئه‌وه‌ی توشی گیران و گرفت ده‌بوو ته‌نها به‌ده‌ستی خۆمان بوو، هیچی تر ، له‌کاتی کۆچ و ڕه‌وه‌که‌شدا ، خه‌ڵکی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات ماڵ و حاڵی خۆیان پێشکه‌ش ده‌کرین. ئه‌وان له‌گه‌ڵماندا فرمێسکیان ده‌ڕشت و لوقمه‌ نانی خۆیان له‌گه‌ڵدا ده‌کردین به‌دوو به‌شه‌وه‌.
ساڵانی گرانیش ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ر ئه‌وان پشت و په‌نامان بوون و داڵده‌ی سه‌دان خێزانی کوردیان دا و ده‌یانیان لێکردن به‌ ‌شوان و گاوان و جوتیار، به‌داخه‌وه‌ ده‌زگا به‌دڕه‌وشته‌که‌ی زانیاریی و ئاسایشه‌ پڕگومانه‌که‌ی، که‌ ده‌یان زیندانیی شاراوه‌یان هه‌یه‌ و راوی کوڕانی کوردی رۆژهه‌ڵات ده‌که‌ن بۆ خاتری دوژمن و داگیرکه‌ران، ئه‌م به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌ هێنده‌ شتی سه‌یری تێدایه‌ مرۆڤ باوه‌ڕ ناکات، له‌کاتێکدا یه‌کێتی پاڕاونه‌ته‌وه‌ تا جمهوری ئیسلامی ئێران بنکه‌یه‌ک له‌ سلێمانی بۆ ئیتڵاعات بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ داڕمانی ئه‌خلاقه‌ له‌م حیزبه‌دا و له‌سه‌ر ده‌ستی که‌سێکی وه‌ک تاڵه‌بانی.
پاشان ئه‌وان هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی حدکایان لێره‌و له‌وێ چه‌ک کردوه‌ و له‌م نامه‌یه‌دا هێنده‌ بێ ئابڕوون به‌ ‌پیشمه‌رگه‌کانیان ده‌ڵێن چه‌کدار. له‌کاتێکدا حه‌ده‌کا و کۆمه‌ڵه‌ ناوێرن و ناتوانن بچوکترین لێدوان له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ بده‌ن و بۆ ئه‌و هه‌موو کاره‌قێزه‌ونه‌ی به‌رامبه‌ریان کراوه‌ ، هه‌ر هه‌فته‌ی ڕابردوو سیخوڕێکی ئیتڵاعات له‌ناو ئۆردوگای کۆمه‌ڵه‌ له‌زڕگوێز به‌ره‌ڵاکرا و ناویان نا هه‌ڵهاتوو، پاشان له ‌هه‌مووی ئابڕوو به‌رانه‌تر که‌ ده‌بێ هه‌موو دنیا بێته‌ ده‌نگ نووسه‌ری ئێرانی (که‌ریمی جه‌وادیان) هه‌ڵهاتوو له‌ده‌ست سته‌می کۆماره‌ ئیسلامێکه‌ی ئێران بۆ مه‌مله‌که‌تی دیموکراسی و پاشان ئاسایش و زانیاری ده‌یگرن و ته‌سلیم به‌ ڕژێمی ئیران ده‌که‌نه‌وه‌ ، تا ئیستا نازانین چاره‌نووسی ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌چی گه‌یشتووه‌؟!
ئه‌ی تاڵه‌بانی و ده‌زگا به‌دڕه‌وشت و ئاسایشه‌که‌ی یه‌کێتی چی وه‌ڵامی مێژوو ده‌داته‌وه‌؟
ئه‌مان ئاسانانه‌ راوی حه‌دکا و کۆمه‌ڵه ‌و کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیان کردووه‌ و خۆیان ووته‌نی له‌ته‌لیسیان ناون و به ‌ڕژێمی ئیسلامیان فرۆشتوون، به‌ڵام هه‌رگیز پێیان نه‌کراوه‌ ناتوانن په‌ژاک به‌و ده‌رده‌ به‌رن، کاتێکیش حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆکی په‌ژاک ووتی ئێمه‌ له‌کۆیه ‌و سلێمانی له‌ئۆردوگا دانانیشین ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌م کۆمه‌ڵه ‌و حه‌دکا ده‌ستیان کرده‌ ڕه‌خنه‌ گرتن له‌حاجی ئه‌حمه‌دی، به‌ڵام دوای ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ و ده‌یان به‌ڵگه‌ی تر، که‌ له‌ داهاتوودا ده‌ر ده‌که‌وێت، چی ده‌ڵێن. په‌ژاک ده‌زانێ له‌گه‌ڵ کێدا مامه‌ڵه‌ ده‌کات و خۆی ناداته‌ ده‌ست قه‌ده‌ری ئه‌و سه‌رکرده‌ بێ موڕاڵانه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی‌.
به‌ر له ‌ماوه‌یه‌ک مه‌حمود سه‌نگاوی له ‌روونکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزدا ووتی: رێگه‌ ناده‌ین په‌ژاک به‌ ئاره‌زووی خۆی له‌ سنوره‌کان ته‌راتێن بکات، هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕێکی ده‌کرد له‌گه‌ڵیان، به‌ڕاستی ئێمه‌ وه‌ک کوردستانپۆست به‌هه‌موو گه‌لی کوردیی ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئێمه‌ حاشا له‌وانه ‌نین که‌ له‌ژێر ناوی هاوکاریدا داگیرکه‌ر و دوژمنانی کورد کۆمه‌ک ده‌که‌ن! ئێمه‌ سه‌یرمان لێ دێت له‌کاتێکدا حه‌دکا ده‌رگای دادگای له‌ کوردستانپۆست گرت به‌ناوی ته‌شهیره‌وه‌ و خۆیان به ‌براوه‌ ده‌زانی، که‌چی له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی یه‌کێتی و پارتی بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌ و قسه‌ناکه‌ن، ئاخر ئه‌گه‌ر نامه‌که‌ی تاڵه‌بانی بۆ جه‌بار فه‌رمان به‌وردی بخوێننه‌وه‌ که ‌باسی عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ ده‌کات نهێنی بێده‌نگی حه‌ده‌کاتان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه.
 به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک ڕۆژنامه‌ی پی یو که‌ی مێدیای یه‌کێتی باسی له‌ گه‌شتێکی تاڵه‌بانی کرد بۆ ئێران و ڕاوه‌ستانی له‌داردانی دوو گه‌نجی کورد به‌ته‌کلیفی تاڵه‌بانی و سه‌لاحی مهته‌دی کۆنه‌ ساواک خۆی پێنه‌گیرا و ووتی تاڵه‌بانی هه‌میشه‌ له‌خه‌می کوردی هه‌ر چوار پارچه‌که‌دایه ‌و شایسته‌ی نۆبڵی ئاشتییه‌ ، ئیستا سه‌لاحی تازه‌ ئیتڵاعات چی ده‌ڵێیت بۆ ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، که‌ هه‌موو که‌سایه‌تی تاڵه‌بانی و یه‌کێتیش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ .
بۆ خوێندنه‌وه‌ی رێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان ده‌زگای زانیاریی و ئیتیڵاعات کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
تیبینی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نامه‌یه‌دا بووه‌، که‌ تاڵه‌بانی بۆ جه‌بار فه‌رمانی ناردبوو (نامه‌که‌)
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/Talebani/Zaniyari_itla3t.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە