پارت و خواو ده‌وڵه‌ت

Saturday, 25/06/2011, 12:00


هه‌موو پارتێک له‌و په‌ڕی چه‌په‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ڕی ڕاست وه‌ک ئایدۆلۆژیاو پرنسیپ و ڕێکخراوه‌که‌ی بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌ و به‌شدار بوونه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا. هه‌ڵبه‌ته‌ سیاسه‌ت و پلان و ئامانجێک به‌کار ده‌هێنرێت ، تاکو بگاته‌ ئه‌و‌ مه‌به‌سته‌، هه‌ربه‌و پێیه‌ش پارتی به‌پێی قۆناغه‌کانی ژیانی و به‌پێی به‌هێزی و لاوازی ئایدیاو پلان و دروشمه‌کانی ده‌گۆڕێت و جیاواز ده‌بێت. ئه‌مانه‌ش هه‌مووی بۆ ته‌فره‌دانی زۆربه‌ی خه‌ڵک و خڕکردنه‌وه‌یان له‌ ده‌وری خۆی، ئه‌م پارتیه‌ش هه‌ر له‌سه‌ه‌تاوه‌ کۆمه‌ڵه‌ سیاسیه‌کی ئاره‌زوومه‌ندن‌ بۆ گه‌یشتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست.
ئا ئه‌مه به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خۆیانه‌ ‌که‌ پڕه‌ له‌ لافی به‌ده‌ستهێنانی داواکاریه‌کانی خه‌ڵک، ئه‌مان دواتر سوا‌ری شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی ده‌بن و به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و پاره‌و خوایه‌تی، ئاراسته‌ی ده‌که‌ن.
ئیدی که‌ هه‌ر گه‌یشتیشنه‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ئامێره‌ ده‌خه‌نه‌‌ گه‌ڕ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ته‌خت، بۆ ئه‌مه‌ش دروشمگه‌لێکی بێوێنه‌ له‌ درۆو ته‌ڵه‌که‌بازی بۆ گێلکردنی خه‌ڵکی و فریودانیان به‌کاردێنن تا به‌ خه‌ڵکی بڵێن به‌بێ بوونی پارت و سه‌رکرده‌و کادیره‌ کاریزماکان، ناتوانرێت هیچ داخوازیه‌ک به‌ده‌ست بهێنرێت. له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌ زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر ته‌واوی ئاره‌زوو خواسته‌کانی ئه‌ندامان و خه‌ڵکانی تری ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وی ئه‌و پارته‌ خۆی که‌ هه‌واداری ئه‌ون. هه‌ربه‌م شیوه‌یه‌ هه‌موو داهێنان و لێهاتوی و شیاوی ئه‌ندامه‌کانی، ده‌که‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارت و سه‌رکرده‌کانیه‌وه‌ . به‌مانایه‌کی تر ئه‌ندامه‌کان و خه‌ڵکانی ناو پارت، که‌سایه‌تی خۆیان له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌ لێزه‌وت ده‌کرێت له‌لایه‌ن پارته‌وه‌. له‌ناو پارتیشدا سه‌رۆکی پارت ده‌بێته‌ که‌سێکی پاڵه‌وان و لێهاتوو ڕێزێکی زۆری لێده‌گیرێت و ده‌سه‌ڵاتێکی زۆریشی پێده‌به‌خشرێت، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌ندامانی پارت و هه‌وادارانی ده‌بنه‌ کۆیله‌و ئامرازی به‌کار هێنان و جێجه‌جێکه‌ر و به‌ئه‌نجام ده‌ر و فێری ئه‌وه‌ ده‌کرێن چۆن هه‌م قایل و کڕنوش به‌ربن و هه‌م بکه‌رو به‌ئه‌نجام ده‌ریش بن.
ئایدۆلۆژیای پارت وه‌کو مه‌زهه‌ب و دین وایه، هه‌روه‌ک چۆن نابێت لێیان ده‌رچیت و چۆن سزاو پاداشت به‌شی سه‌ره‌کی و ته‌واوکه‌ری ئه‌و دین و مه‌زهه‌به‌یه‌، پارتیش هه‌مان جۆره‌. بۆیه‌ سه‌یر نیه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ نێو ڕیزه‌کانی پارته‌که‌یاندا ده‌مێننه‌وه‌، ده‌بێت وه‌لاو دڵسۆزی زیاتر بۆ سه‌رکرده ‌پیشان بدده‌ن و هه‌موو شتێک بێچه‌ندوچوون به‌ئه‌نجام ب‌گه‌یه‌نن. به‌م هۆیه‌وه‌ زووترو باشتر پێشده‌که‌ون و ده‌چنه‌ ڕیزی سه‌رکرده‌ بالاکان‌، هه‌ر به‌وشێوه‌ش ئه‌اونه‌ی به پێچه‌وانه‌ی به‌شی یه‌که‌مه‌وه‌ ڕه‌فتار ده‌که‌ن ئه‌وه‌ سزاده‌درێن: ڕه‌خنه‌یان لێده‌گیرێت، مافی ئه‌ندامێتیان هه‌ڵده‌سپێررێت، دوور‌ ده‌خرێنه‌وه، به‌یتو بالۆره‌ی پارتیش به‌ده‌وام سه‌رو گوێلاکیان ده کوتێته‌وه.
پارت که‌ڵه‌گای ناو نه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵگایه‌و چۆنی بوێت کۆمه‌ڵێک ده‌داته‌ پێش خۆیی و ده‌یانکاته‌ خاوه‌ن خه‌یاڵی بێمانا، وه‌کو نه‌ته‌وه‌ په‌رستی و نیشتمانپه‌رستی و دیمۆکراسیه‌ت و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت و پارێزگاری یاساکانی و به‌رزڕاگرتنی دروشم و ئاڵاکه‌ی. له‌و لاشه‌وه‌ هه‌موو دوژمنه‌کانی پارتت لێده‌کات‌ به‌ شه‌یتان و دوژمن، شه‌رعیه‌تی له‌ناوبردنی نه‌یارانت پێده‌به‌خشێت، که‌سایه‌تی خۆتت لێده‌سێنێته‌وه‌و له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵک هه‌ڵتده‌که‌نێت و ده‌تخاته‌ سه‌نگه‌رێکه‌وه‌ که دژایه‌تی هه‌موو نه‌یارانی پارتت پێده‌کات، ئیتر گرنگ نیه‌ ئه‌و که‌سانه‌ کێن، زۆر نزیکن له‌ تۆوه‌ یان دوور.
ئا ئه‌مه‌ خۆی بۆ خۆی کوولتوورێک درووستده‌کات، پێوه‌ره حیزبیه‌کان تیایا، به‌هایه‌کی ئاسمانی وه‌رده‌گرن، به‌هایه‌کی پیرۆز. وه‌ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یش‌ تۆ په‌روه‌رده ‌ده‌کات و عه‌قڵ و سه‌لیقه‌ی خۆتت لێده‌سێنێته‌وه‌، به‌ ئایدۆلۆژیایه‌کی به‌رته‌سکی داخراوی به‌سته‌ڵه‌ک بوو دونیابینیه‌کت بۆ درووستده‌کات هیچی تیا نیه‌ پیرۆزیی پارت و ئایدیۆلۆژیاکه‌ی نه‌بێت. وه‌ ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتکات به‌ تاوانبار، به‌ بکوژ، به‌ دڕنده‌یه‌ک که‌ لات ئاسایی بێت ته‌نانه‌ت گه‌ر گۆشتی هاورێیان و برده‌رانی خۆشت، له‌کاتی جه‌نگ و پێکدادانی نێوانتاندا، بکرۆژیت، ئه‌وه‌یش له‌ سه‌رکرده‌ بالاده‌سته‌کانه‌وه‌، به‌ پیاوه‌تی و شه‌هامه‌ت و دڵسۆزی بۆ گه‌ل و نیشتمان باس ده‌کرێت. وه‌ دواجاریش، هه‌ر ئه‌ندامێکی دڵسۆزی له‌و جۆره، به‌ مه‌دالیای ئاڵتوونی به‌ربه‌رۆکی ده‌رازێنرێته‌وه‌.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە