کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كە بەشداری لە تەعریبكردنەوەی كەركوك دەكەن، بۆ بەناوی كەلەپووری كوردییەوە دەیكەن؟!

Wednesday, 10/11/2010, 12:00


لە درێژەی كڵاو لەسەر نانەكەی كەركوكییەكان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی عێراقەوەو لە چوارچێوەی بڕیاری بە پایتەختكردنی رۆشنبیرییانەی كەركوك بۆ ساڵی 2010، رۆژی چوارشەممە 10/11/2010 لە دەشتێكی چۆڵایی لە نزیك دێی حەساری گەورە، پێنج تا شەش خێمەی دڕاوی عەرەبە مەڕدارەكان و ئۆتۆمبیلێكی فۆردی مۆدێل 1944 و هەندێ كەلوپەلی كۆنی كۆكراوەی ئەملاو ئەولاو چەند شتێكی زۆر كەم و پەڕپووتی دیكە كە هەندێكیان هەر سیماو خەسڵەتی كوردەواریانەیان پێوەدیار نەبوو، كۆكرابوونەوەو لە چەند مەترێكی چوار گۆشەی گەمارۆدراو بە پۆلیس و ئاساییش و حیمایەی بەرپرسان كە مرۆڤ هەترەشی دەچوو، چالاكییەك بەناوی "فیستیڤاڵی فۆلكلۆری و كەلتووری كوردی كەركوك" لەلایەن "سەنتەری ئارێز"ەوە لەچوارچێوەی گەمەی بە پایتەختكردنی كەركوك بۆ ساڵی 2010 بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی كردنەوەی ئەو بەناو فیستیڤاڵە زیاتر لە كاتژمێرێك لەكاتی دیاریكراوی خۆی دواكەوت، لەلایەن پارێزگاری كەركوك و ژمارەیەكی زۆر كەمی ئامادەبووان كرایەوە. هەرچەندە من خۆم یەكێك لەو رۆژنامەنووسانەی كەركوك بووم كە هەر لەسەرەتای بڕیارەكەوە دژی ئەنجامدانی ئەو گەمەی تەعریبكردنەوەیە بووم و لەچەندین وتارو دیمانەی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی و رۆژنامەوانیشدا بە راشكاوییەوە مەترسییەكانی ئەم پرسەم راگەیاندووە، كاتی خۆیشی لە خوێندنەوەیەكی وردی مەبەستی بڕیارەكەو هەڵسەنگاندنی گرووپ و تیپە كوردییەكانی شاری كەركوك، دڵنیابووم لەوەی كە عەرەب و توركمان گۆڵی خۆیان دەكەن و ئێمەی كوردیش بە دەستی خۆمان گۆڵ لە خۆمان تۆمار دەكەین، وەكو ئەوەی ئەمڕۆكە بەچاوی خۆمان بینیمان، تاكە سەنتەرێكی رۆشنبیریی بێ ئەزموون، دەڵێم بێ ئەزموون، چونكە بە كارەكانییەوە دیاربوو. من دڵنیام چ توركمان و چ عەرەبەكانیش كاتێ چالاكییەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەوپەڕی توانایانەوەو لەناو جەرگەی شاری كەركوكیش ئەنجامی دەدەن، نەك وەك ئەو بەناو فیستیڤاڵە فۆلكلۆرو كەلتوورە بەناو كوردییەی ئەمڕۆكەی دەشتە چۆلأ و هۆڵەكەی حەسار!!. ئاخر من لەو برادەرەی كە سەرپەرشتی ئەو بەناو فیستیڤاڵو بەشداریكردنە لە تەعریبكردنەوەی كەركوك دەپرسم: ئەرێ كوا دەهۆڵ و زوڕناو (نای)ە پڕ لە ئاوازەكەی داویدەییەكان؟ ئەی كوانێ ئای ئای و قەتارو ئەڵڵاوەیسی و خاوكەری مەقامبێژەكانی بەتواناكانی كەركوك؟ ئەی كوانێ ئەسپ و تاژی و رەواچییەكانی شارەكەی گڕو بڵێسە؟ ئەی كوانێ وێنەی كەڵەمێردانی شارەكە لە پێشمەرگە شەهیدەكان و لە خاوەن قەڵەمە بەبڕشتەكان؟ ئەی كوانێ قوتابییە دەفژەنەكانی تەكییەی خانەقاو تاڵەبانی و ێابری و بەهەشتییەكانی دیكەی شار؟ ئەی كوانێ جلوبەرگە رەسەنەكانی كورد هەر لە مرادخانی و بۆیمەی ژنانەو بەرانپیل و خشڵ و قاپووتی شوان و سەركەڵاو و داس و قەیناغ و بەردی هەسانی سەپان و شەغرەو جەنجەڕو رەشكەو هەگبەو جەواڵو كوندەو مەشكەو هیزەی رۆن و دەیان و دەیان كەلوپەلی كوردەوارییانەی دیكە؟
بەوەی باش بوو، میوانی غەیرە نەهاتبوون، تەنها چەند برایەكی عەرەبی چاوڕەشمان نەبێ، ئەویش وابزانم راگەیاندنكار بوون. ئاخر گەمەیەك (بەیتی سەقافی كەركوك) سەرپەرشتی بكات، دەبێ چ سوودێك بە كورد و كەلتووری كوردی بگەیەنێت؟. من لەلایەك بەختەوەربووم بەوەی تەنها ژمارەیەكی زۆر كەمی خەڵك ئامادەبوون، چونكە ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە خەڵكی كەركوك خاوەن هەستی كوردایەتین و ئامادەنین بەشداری لە تەعریبكردنەوەی شارەكەیاندا بكەن، لەلایەكی دیكەشەوە دڵم بەو برادەرە گەنجە خوێنگەرمە دەسووتا كە بۆ ساتێكیش راوەستانی نەبوو، تا من ئەوێشم بەجێهێشت ئەو هێشتا لە چاوەڕوانی ئەسپ سوارەكانیدابوو بگەنە ئەوێ كە كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆش هێشتا نەگەیشتبوونە جێ. بۆیە جارێكی دیكەش لێرەوە دەڵێم: تۆ خوێنی شەهیدانی كەركوك، با بەشداریكردن لە خیانەتی نەتەوەیی بەس بێت و با بەدەستی خۆمان ئەم كەركوكە هەمیشە كوردستانییە سووك و ریسوا نەكەین و نەبینە زووڕناژەن و دەهۆڵكوتی كۆنە بەعسییەكان، با كوردستانییەتی كەركوك بەدەستی خۆمان نەدۆڕێنین. ئەگەر هەر دەیشی كەن، با لەناو جەرگەی كەركوكدا بكرێت، هەرنا جلوبەرگە كوردییەكەی بەری سەرپەرشتیكاری ئەو بەناو فیستیڤاڵە ببێتە چقڵی چاوی ناحەزان و دوژمنانی گەلەكەمان. بۆ زانیاری خوێنەری بەڕێزیش وا لە ناوەڕاستی مانگی (11/2010)داین، كەچی ئەمە دووەمین چالاكیی ئەو گەمەی تەعریبكردنەوەیەی كەركوكە كە خودی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕی (150) ملیۆن دیناری بۆ تەرخان و خەرج كرد وەكو پاڵپشتییەك بۆ بڕە پارە خەیاڵییەكەی حكومەتی بەغدا كە (350) ملیۆن دینار بوو!!!. ئەرێ خەڵكینە شارێك بە (350) ملیۆن دیناری عێراقی دەكرێتە پایتەختی رۆشنبیری، ئەمە مەگەر تەنها لە لێكدانەوەی ئەوانەدا لۆژیكی بێت كە مەبەستیان تەعریبكردنەوەی كەركوكەو هیچیتر.. جارێكی دیكەش بە داخەوە كە رۆشنبیران و سەنتەرە رۆشنبیرییەكانمان بەشداری لەو تەعریبكردنەوەیەدا دەكەن.
كەركوك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە