کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حاجی ئەحمەدی بۆ وارڤین: ئەو گوندانەی ئێران تۆپبارانیان دەكات یەك چەكداری پژاكی تێدا نییە .

Wednesday, 23/06/2010, 12:00


سەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان رایگەیاند كە ئەو
گوندانەی كە ئێران تۆپبارانیان دەكات بەشاهیدی هەموو خەڵكانی گوند هەرگیز
یەك چەكداری پژاكی لێ نەبووە. عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی لەهەڤپەیڤینێك
لەگەڵ وارڤین گوتی كە ئەمریكاو حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی
كوردستان لەپاراستنی گوندییەكاندا بەرپرسیارن و هەروەها جەختی لەوە
كردەوە كە گۆڕەپانی خەباتی ئەوان رۆژهەڵاتی كوردستانەو لە شاری ماكۆ وە
تا ئیلام هێزیان هەیەو چالاكن. ئەحمەدی، گوتی كە ئەوان لەگەڵ بەكارهێنانی
میتۆدی توندوتیژیدا نین و خوازیاری ئەوەن كە لەگەڵ ئێران كێشەكانیان
لەرێگەی ئاشتییانەو دیموكراتیكەوە چارەسەر بكەن.

وارڤین: ماوەیەكە سوپای ئێران بەبیانووی چەكدارانی پارتی ژیانی ئازادی
كوردستان، دەڤەرە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكات و
هەفتەیەك لەمەوپێش نزیكەی 3 كیلۆمەتر لەخاكی هەرێمی بەزاند. ئێوە لەكوێ
چالاكی دەكەن و گۆڕەپانی خەباتتان كوێیە؟
حاجی ئەحمەدی: وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، ئێمە لەناو گەلی
خۆمانداین و لەرۆژهەڵاتی كوردستان كار و خەبات دەكەین. خەباتگێرانی پارتی
ژیانی ئازادی كوردستان لەسنووری ماكۆوە هەتا ئیلام و مێهران بوونیان
هەیەو كارو خەباتی خۆیان دەكەن. هێزێكی كەممان بۆ پاراستنی قەندیل لەو
مەڵبەندە ماوەتەوە. بەڵام وەك دیارە كۆماری ئیسلامی ئێران چەند مەبەستێكی
سیاسی هەیە لەم تۆپبارانكردنانە، یەك لەو مەبەستانە، نیشاندانی هێزی
خۆیەتی بەرانبەر بەدەسەڵاتی هەرێم كە بەرەو لیستی ئەلعراقییە، كەلە
ئەمریكاوە نزیكە نەڕوات، و لەگەڵ نوری مالكی بمێنێتەوە. خاڵێكیتر
راكێشانی توركیایە بۆ بەرەی خۆی، واتە دژ بەرۆژئاوا. سەرەڕای ئەوەی كە
توركیاو ئێران هەمیشە ناكۆكی سیاسی بەردەوامیان هەبووە، بەڵام هەموو كات
لەسەر كێشەی كورد یەكبوون و هاوكاری یەكتریان كردووە. بەم تۆپبارانانە،
ئێران دەیەوێ بە توركیا بڵێ، كە منیش لەكۆمەڵكوژی كورد لەگەڵتدام. بەو
شێوەیە هەوڵدەدات كە ئالیانسی توركیا و ئێران و سوریا بپارێزی و تەمەنی
مانەوەی خۆی درێژتر بكات. ئەو گوندانەی ئێران تۆپبارانیان دەكات،
بەشاهیدی خەڵكی گوندەكان قەت پژاكی لێ نەبووە.


وارڤین: لەئەنجامی هێرشەكانی ئێراندا كچێكی 14 ساڵان بەناوی بەسۆز گیانی
لەدەستداو هەروەها چەندین گوندی دەڤەرە سنوورییەكان چۆڵ بوون. ئێوە چ
وەڵامێكتان بۆ خەڵكی دەڤەرە سنوورییەكان هەیە؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە لەو گوندانە نین تا وەڵامێكمان بۆیان هەبێ. ئەوە
ئەمریكاو حكوومەتی ناوەندی عێراق و حكوومەتی هەریم دەبێ وەڵامیان بۆ
ئێران هەبێ و بەهاواری ئەو گوندانە بگەن.


وارڤین: پێشتر كونسولی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر رایگەیاندبوو كە
بەحزبەكانی دیكەی كوردستانیان گوتووە لەگەڵ پژاك و پەكەكە قسە بكەن، بۆ
ئەوەی هێرشەكان رابگیرێن. تائێستا كەس لەگەڵ ئێوە قسەی كردووە؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە یەك ساڵ بوو بێچالاكیمان راگەیاندبوو. ئەوە ئێران بوو
دەستی كرد بەهێرش كردن و ئێمەش ناچار بووین وەڵامی بدەینەوە. دیارە ئەو
هێرشانەش لەچوارچێوەی ئەو پەیمانەدان كە لە ئانكارا، لەنێوان توركیا
وئێران و سوریا لەدژی كورد لەسەری پێكهاتوون. ئەو پەیمانە بۆپاكتاوكردنی
كورد پێكهاتووە، لەپێشدا قەندیل، ئەگەر لەقەندیل سەركەوتن، پاشان
دەستكەوتی باشووری كوردوستان. ئەو بێحورمەتیەی كەلە سەفەری سەرۆكی هەریم
بەڕێز مەسعود بارزانی لە ئانكارا حكوومەتی تورك كردی،(دانەنانی ئاڵای
كوردستان و عێراق لەكاتی كۆنفرانسە رۆنامەوانییەكەی لەگەڵ ئەحمەد
داودئۆغلۆ- وارڤین) بێحورمەتی بوو بەهەموو گەلی كورد.

وارڤین: ئێستا كورد ئەم بەشەی كوردستان رەوشێكی سەقامگیری هەیە. ئایا
پێویست بەوە ناكات كە ئێوە رەوشی باشووری كوردستان لەبەرچاو بگرن و
میتۆدی دیكە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە ئێران بەكاربێنن؟
حاجی ئەحمەدی: كۆماری ئیسلامی نەتەوەیەكی بەنێوی نەتەوەی كورد قبووڵ
نییەو هەروەها كێشەیەكیشی بەنێوی كێشەی كورد قبووڵ نییە. گەلی كورد
لەرۆژهەڵاتی كوردوستان تەنیا دوو رێگەی لەبەرە، یان دەبێ ئاشبەتاڵێ بكاو
تەسلیم بێ یان دەبێ لەپێناوی وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی خۆی خەبات و
بەرخۆدان بكات. گەلی كورد رێگەی دووهەمی هەڵبژاردوە. گەلی كورد
لەرۆژهەڵاتی كوردوستان قارەمانانە خەبات و تێكشان و بەرخۆدان دەكات و
ئامادەیە بۆ هەرفیداكارییەك، گەلی كورد بۆ گەیشتن بەمافی رەوای خۆی
پشتیوانی لەهەموو مێتۆدێكی ئاشتیخوازانەو دوور لەتوندوتیژی دەكات.
بەدەیانجار ئەوەشمان بەكۆماری ئیسلامی راگەیاندووە. لەلایەكیترەوە هەركەس
پێیوابێ كە كۆماری ئیسلامی دۆستی گەلی كورد و حكوومەتی هەریمی
كوردوستانەو تەنیا لەبەر خاتری پژاك ئەو هێرش و تۆپبارانانە دەكات،
بەهەڵەدا چووە. ئەو گوندانەی كۆماری ئیسلامی ماوەی دووساڵە تۆپبارانی
دەكات تائێستا یەك گەریلای پژاكی وەبەرنەكەوتووە. تەنیا گوندەكان و
گوندییەكان لەباری ماڵی و گیانییەوە زیانیان پێگەیشتووە.

وارڤین: ماوەیەك لەمەوپێش ئێران 5 زیندانی سیاسی بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ
پارتەكەی ئێوە لەسێدارەدا. ئێوە لەوتووێژێك لەگەڵ تەلەفزیۆنی بی بی سی
رەتتان كردەوە كە ئەو 5 كەسە ئەندامی پژاك بن. ئایا بەراستی ئەوان
ئەندامی پژاك بوون یان نا؟
حاجی ئەحمەدی: ئەڵبەتە چوار لەو لەسێدارەدراوانە، پژاكی بوون، و بێگوومان
لەوكاتەدا ئیمە ویستمان وەك شەهیدانی گەلی كورد و گەلانی ئێرانیان
بناسێنین كە بەڕاستیش هەر وابوو. هەر بۆیەش هەموو گەلی كورد و تێكڕا
گەلانی ئێرانێ خاوەندارییان لێ كردن و ئەوەش دەرئەنجامێكی زۆرباشی هەبوو.
توانیمان هەموو گەلانی ئێرانێ و هەموو حزبە كوردییەكان و هەروەها ئەحزابی
ئۆپۆزیسیونی ئێرانی لەدژی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بۆ جاری یەكەم
بەشێوەیكی چاوەرواننەكراو لێك نزیك بكەینەوە.


وارڤین: كۆما جڤاكێن كوردستان داوای راگرتنی پێكدادانی گەریلاكانی پژاك و
سوپای ئێرانی كرد. ئێوە چۆن وەڵامی ئەو داخوازییە دەدەنەوە؟
حاجی ئەحمەدی: پێشگرتن لەتوندوتیژی و خوێنڕشتن لەلایەن هەر كەس و
لایەنێكەوە بێ جێگای رێز و پێزانینە. بەتایبەتی لەلایەن (ك ج ك) وە،
چونكە ئەوان پێیانوایە كە پرسی كورد بە شەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر نابێت.
هەر وەك رامانگەیاندووە بەو زووانە وەڵامی پێشنیارەكەیان دەدەینەوە،
دیارە بەلەبەرچاوگرتنی هەڵسووكەوتی كۆماری ئیسلامی و هێرشەكانی لەسەر
گەلەكەمان.

وارڤین: ئایا میتۆدی سەربازی دەتوانێت كێشەی كورد لەئێران چارەسەر بكات.
ئەگەر نا ئێوە چ میتۆدێكیترتان بۆ چارەسەری هەیە؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە هیچكات لەگەڵ شەڕدا نین و پاڵپشتیشی لێ ناكەین.
بێگومان هیچكات بەشەڕ كێشەكان چارەسەر ناكرێن. بۆ نموونە، شەری عێراق و
ئێران كە 8 ساڵ درێژەی هەبوو و نزیكەی یەك ملیون و نیو مرۆڤ لە هەردوو لا
كوژران، بەڵام ئاخیرەكەی هەر لەرێگەی سیاسییەوە كێشەكەیان چارەسەر كرد،
بەدانیشتن و دیالۆگ. هەر وەك چۆن پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئیمە خوازیاری
چارەسەرییەكی ئاشتییانەو دیموكراتیكین. بەڵام گەلی كورد ناتوانێ مێتۆدەكە
دیاری بكات، ئەوە كۆماری ئیسلامییە كە دەتوانێ مێتۆد و شێوەی
چارەسەرییەكە‌ دیاری بكات. ئەگەر كۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری كێشەی كورد
رێگەی سیاسی و دیالۆگ و ئاشتیخوازانە دیاری بكات، ئێمە پێشوازی لێدەكەین
و ئامادەین. ئەگەرنا ئێمە تەنیا ئەو مێتۆدو ئەو رێگەیەمان لەبەرە كە
گرتوومانەتە بەر. گەلی كورد هەموو شتێك پەسەند بكات، زوڵم و زۆری و
ئاسیمیلاسیۆن قبووڵ ناكات.
وارڤین: چەند مانگ لەمەوپێش لەئەڵمانیا دەستگیركرای و ئێرانیش داوای
ئەوەی دەكرد كە جەنابت رادەست بكرێیتەوە. هۆكاری دەستگیركردنەت چی بوو؟
حاجی ئەحمەدی: هۆكاری دەستگیركردنی من لەئەڵمانیا لەسەر داواكاری دۆزگەری
بەلژیكا بوو، ئەویش بەداخوازی توركیاو هەندێ وڵاتی تر. بەڵام ئەو
تۆمەتانەی كە خرابوونە پاڵم دادگای باڵای ئەڵمانیا رەتیكردنەوە. چونكە
چەندساڵ پێش لە دادگاییەكدا لەسەر هەمان تۆمەت پژاك سەركەوتبوو. بۆیە
ئەڵمان ئەو بڕیارەی دۆزگەری بەلژیكی رەتكردەوە.

وارڤین: پەیوەندی نێوان پژاك و حزبەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە؟
وەك پێشترە یان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
حاجی ئەحمەدی: پژاك لەدەستپێكەوە تا ئەمڕۆ لەهەموو راگەیاندنەكانی خۆیدا
داوای لێكنزیكبوونەوەی لەپارتەكان كردووە. ئێستاش لەسەر هەمان داواكاری
خۆمان ماوین و چەند هەفتە لەمەوپێش پژاك لە كۆنفرانسی یەكەمی خۆیدا دیسان
ئەو داواكارییەی ئاراستەی هەموو حزبەكان كردەوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا
وەڵامێكی ئەوتۆمان وەرنەگرتۆتەوە.

وارڤین: حزبەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان پژاك بەوە تۆمەتبار دەكەن كە
ئەو میتۆدەی بەكاری دێنێت هەڵەیەو كێشەی كورد لەئێراندا بەو میتۆدە
چارەسەر نابێت. بۆ نموونە كەسایەتی ناسراوی حزبی دیموكراتی كوردستان
عەبدوڵڵا حەسەنزادە رەخنە لە پژاك دەگرێت و دەڵێت رێگاكەی هەڵەیە. ئێوە چ
وەڵامێكتان بۆ ئەو رەخنانە هەیە؟
حاجی ئەحمەدی: هەر حزبێك خۆی مێتۆدو شێوەی خەباتی خۆی دیاری دەكات. بەرێز
مەلا عەبدوڵڵا، مافی خۆیەتی كە مێتۆدی ئێمەی پێ دروست نەبێ، چونكە ئەو
مێتۆدەی ئێمە كاری هەر كەسێك نییە. دیارە ئێمەش مێتۆدی ئەو بەڕێزەمان لا
پەسەند نییە، واباشە گەلی كورد دادوەر بێت كە ئایا مێتۆدی پژاك دروستە،
یان مێتۆدی بەرێز مەلا عەبدوڵڵاو ئەوانەی وەك مەلا عەبدوڵڵا بیردەكەنەوە؟

وارڤین: وەك دەبینین ژمارەیەكی بەرچاوی ژن لەریزەكانی پژاكدا هەن. لە
حزبەكەتاندا تا چ رادەیەك رەچاوی مافی ژنان دەكرێت. گەلۆ ژن هەیە
لەئاستێكی باڵادا بەرپرسیاری پێ سپێردرابێت؟
حاجی ئەحمەدی: فەلسەفەی ئێمە لەسەر فەلسەفەی رزگاری ژنە، واتە تا ژن كە
نیوەی زۆری كۆمەڵگا پێكدێنێ رزگاری نەبێت لەو سیستەمەی كە ماوەی 5 هەزار
ساڵە لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە بەسەریدا سەپاوە، گەلی كورد مەحاڵە
بەتەواوەتی رزگاری بێت. چونكە كۆمەڵگایەك كە نیوەی كۆیلە، ژێردەستە،
خاوەن ماف، دەنگ و بڕیار نەبێ، هەرگیز ئازاد نابێت. پژاك بەپێی ئەو
ئایدیۆلۆژێیەی كە هەیەتی بەردی بناغەی خۆی لەسەر یەكسانی مافی ژن و پیاو
لەهەموو بوارەكانی ژیاندا دارشتووە. لەناو پژاكدا رەگەزی نێرینەو مێینە،
هەم لەبواری ئەرك و دەسەڵاتدا و هەمیش لەبواری مافدا یەكسانن. لەناو
پژاكدا ژنان خاوەنی رێكخراوی خۆیانن.(یەكیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان).
هەروەها لەهەموو ئۆرگانەكانی پژاكدا رێژەی40% بۆ رەگەزی مێ، و هەروەها
40% بۆ رەگەزی نێر پارێزراوە، واتە دەبێ ئەم سیستەمە جێبەجێ بكرێت، و ئەو
20% دیكەش دەكەوێتەسەر ئەوەی كە كام رەگەز زۆرتری لێهەڵدەبژێردرێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە