یاداشتەکەی نەوشیروان مستەفا حیزبی شیوعی فێری عەدالەتی کۆمەڵایەتی کرد
Tuesday, 14/02/2012, 12:00
ئەو یاداشتەکەی نەوشیروان مستەفا پێشکەش بە نوێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد لە پەرلەمانی کوردستاندا، سەبارەت بە تاپۆکردنی ئەو شوقانەی تێیدا نیشتەجێن، بەهەر پێوانەیەک بێت ساتەوەختێکی گەش و هەنگاوێکی پیرۆزبوو، بگرە زۆرێنەی کۆمەڵانی خەڵک بە هەموو جیاوازی ئینتمای سیاسی و حزبیانەوە، لایان وەک ماکێکی تری گەشەسەندنی هزری دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی هاتە پێش چاو، هەموو کەس خوازیاری ئەم جۆرە کردەوانە ئەکەن کە سەرکردەیەک، ڕەوایەتی بە ویستی خەڵک و بیری یەکسانی بدات و مافی زۆرینەی خەڵکیان لەلا پێشتربێت وەک لە ویست و داخوازیەکانی ئەندامەکانیان ، لە هەرئاستێکابن،.لەڕاستیشدا، ئەمە خاڵی وجودی گروپ و پارتەکانە بۆ ناومەیدانی سیاسی، نەک خۆگێل کردن و دروستکردنی ژمارەیەکی تر لە گەندەڵ.
ئەوەی من خوازیارم لێرەدا لە سەری بدوێم داواکاری خانمە ئەندام پەرلەمانەکەی حزبی شیوعیە (هاژە سڵێمان) کە لە دوا ساتدا، بەئاگا هات و (
داوا له سهرۆكایهتی پهرلهمان دهكات، ناو و واژۆكهی له سهر یاداشتی تاپۆكردنی شوقهكانی پهرلهمان بسڕێتهوه.*) کورد ئەڵێ: تازە لە پاش چی؟! ئەوەندەی ئێمە شارەزای کردەوە و پیێودانگەکانی حیزبی شیوعی ئەزانین خۆیان ووتەنی دووربین و درێژخایەنن! بەڵام ئەو هەڵوێستە خوازراوەی خاتوو هاژە سڵێمان و بەهانە نادروستەکەی هەم کۆمێدیایە هەم تراژیدیا، کۆمێدیای کەسێک کە خۆی ئەندامی کۆمسیونی عەدالەتی ئیجتماعیە لە پەرلەماندا و نوێنەری حزبێکە کە تراژیدیای چیرۆکی کۆنە حزبێکی وەک شیوعییەکانە لە عێراقدا، کە لە ئاست ڕووداوەکانی ڕابردودا وەجاغ کوێربوون و لەدوایشدا خۆیان بە شێلگر و مەنتیقی نیشانداوە. ئەبێ حیکمەت لەوەدا چی بێت ئەگەر ئەم خانمە ئازایانەتر و خۆنەویستانە تر پێش ئەوەی ، خۆیان وتەنی، ناسیونالستێکی وەک نەوشیروان مستەفا، پێش دەست بووایە لەم مەسەلەیەدا ئەمان ئەم داهێنەری ئەم داوکاریە بوونایە؟ یان هەر هیچ نەبووایە ژیرانەتر لەهەمان ساتا ئەمیش هاو ویستی ئەو داواکارییە بووایە، کە بە ڕای من سەنگی زیاتر ئەبوو، بگرە ویستی نیشتمانی و گشتی فەڕتر ئەکرد و بەرژەوەندی و بیری تەسکی حزبایەتی توڕ پێئەدا و سەداو بزوێنەری کردەوەی عادیلانەی تری لێ بەرهەم ئەهات، وەلێ مەخابن، نەک لەمەشا وەجاخ کوێربوون بگرە، پاساوە ناقۆڵاکەی خاتوو هاژەسڵێمان کە باسی لێ ئەکات جێگەی ئەفسوسە بۆ هەموومان، کەچۆن ویستی حیزبی و شەخسی ماڵی کورد داماڵراوتر ئەکات و مایەی پێکەنینە کە بەهانەی لەرزۆک بکرێ بە هۆکار.
هاژەخان ئەڵێ (داوامان نهكردبوو بهبێ بهرامبهر بێت، بهڵام دوای ئهوهی له رایگشتیهوه نارهزایهتیهكی زۆر ههبوو لهسهر ئهو یاداشته، به داواكاری رهسمی داوام له سهرۆكایهتی پهرلهمان كردووه، كه واژۆكهم بسڕێتهوه.**).
منیش وەکو پەندە کوردییەکە دەڵێت: ئەگەر زانیت ئەزم، نەتزانی دزم. تۆش ئەگەر نەتزانی بڵێ ئەزم، زانیشمان بڵێ ئەندامی فراکسیونی عەدالەتی ئیجتماعی و نوێنەری شیوعیم لە پەرلەمانی کوردستاندا.
*
**بڕوانە ئەم لینکە، وتوێزی هاژە سڵیمان بۆ ڕادیۆی نەوا
http://ku.radionawa.com/Detail.aspx?id=13263&LinkID=63
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست