کەرکوک و کابینەى نوێى حکومەتى هەریم
Thursday, 07/11/2013, 12:00
1874 بینراوە
کەرکوک ئەو شارەیە کە هەمیشە بزوتنەوەى ڕزگارى خوازى کورد و سەرکردایەتى کورد,جەختیان لە ناسنامە و کوردستانى بوونى کردووەتەوە.
هەموو کات کەرکوک لەچەقى سیاسەتى بزوتنەوەى ڕزگارى خوازى کورد بووە و هەمیشە پێداگریان لەسەر ناسنامەى کوردستانى بوونى ئەم شارە کردوەتەوە,هیچ کات سازشیان نەکردوە لەسەر ئایندەى ئەم شارە.
لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەى کە لەڕابردوو کراوە لەنێوان سەرکردایەتى کوردى و دەولەتى عێراق,هەمیشە ئەم شارە وبڕیاردان لەسەر ئایندەى ئەم شارە, دەبوە خاڵى ناکۆک و دانیشتن و دانوستانەکانى نێوان هەردولاى دەگەیاندە بنبەست.ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە کەرکوک هێڵى سورى وەفدى دانوستکارانى کورد بووە.
ئەوەى ئێستا گرنگە قسەى لەسەر بکەین ئەوەیە,ئایا دیدو و تێڕوانینى سەرکردایەتى کوردى و حکومەتى هەریمى کوردستان هەمان دیدو و بۆچونى سەرکردایەتى کوردى سەدەى ڕابردووبووە بۆ ئەم شارە؟
ئایا کەرکوک لە کوێى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانە؟یان ستراتیج و پلانى حکومەتى هەریمى کوردستان چییە بۆ ئایندەى کەرکوک؟ئەمانەوە و چەندین پرسیارى تر هەن کە کوردانى ئەم شارە ڕۆژانە ڕووبەڕوى سەرکردایەتى کوردى دەکەنەوە.
لەدواى ساڵى ٢٠٠٣وە ودواى ڕوخانى ڕژێمى بەعس,کوردانى ئەم شارە بە هیواوە دەیان ڕوانییە ئایندەى شارەکەیان و ئاواتى سەرەکییان ئەوە بو کە کەرکوک بگەڕیتەوە سەر هەرێمى کوردستان.بەڵام ئێستا و لەدواى ١٠ ساڵ دەبینین کێشەى ئەم شارە چارەسەر نەکراوە و ڕۆژ لەدواى ڕۆژ بارودۆۆخى شارەکە بەرەو خراپتر دەچێت بەتایبەتیش لەبوارى ئەمنى.ئەمەش واى کردوە کوردانى شارەکە توشى شۆک بونە و ترسیان هەبێت لەسەر ئایندەى شارەکەیان.
ئەگەر سەرکردایەتى کورد چارەنوس و قەدەرى ئەم شارە ببستێتەوە بەو مادەە دەستورییەى کە ماددەى ١٤٠ى دەستورى عێراقییە ,ئەوە بێگومان چارەنوسى شارەکە بەرەو ئایندەیەکى نادیار و تەمومژاوى دەڕوات.هەروەها هیچ گرنتییەک نییە بۆ جێبەجى کردنى ئەو ماددەیە,هاوکات حکومەتى عێراق بەمەبەست کار بۆ ئەوە دەکات کە لەمپەر دروست بکات لەبەرامبەر ئەو لیجنەیەى کە ئەرکى جێبەجى کردنى ئەو ماددەیەیە.
پێویستە سەرکردایەتى کورد و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاور لەکەرکوک بدەنەوە وچارەسەرکردنى کێشەکانى ئەم شارە بکەنە ئەولەویەتی کارکردنیان لە داهاتو,لەهەمان کاتدا دەبێت پلان و ستراتیجیان هەبیت بۆ شارەکە و چەند هەنگاوێک بگرنە بەر وەک دەسپێکێک بۆ چۆنێتى چارەسەرکردنى ئەم کێشە نیشتمانییە وەک..
١- کێشەى کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەریم بکرێتە کێشەیەکى نیشتمانى وگوتارێکى نیشتمانى رەنگ بداتەوە لە سیاسەتى هەریمى کوردستان سەبارەت بەم ناوچانە.
٢-لە بەرنامەى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لەداهاتوو پێک دەهێنرێت, کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەریمى کوردستان بایەخى پێبدریت.
٣-پێکهێنانى وزارەتێک لە کابینەى نوێى حکومەتى هەریم بەناوى وزارەتى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەریم یان هەر ناوێکى تر.بەوەش لە ٥٠% ى خاکى هەرێمى کوردستان یەک وزارەتێکى دەبێت.
٤-کردنەوەى نوسینگەیەک بۆ پەرلەمانى کوردستان لە کەرکوک.
٥-دابینکردنى بودجەیەکى تایبەت بەمەبەستى جێبەجى کردنى ماددەى ١٤٠ لەپال ئەو بودجەیەى کە حکومەتى عێراق دابینى دەکات.
بێگومان یەکڕیزى و یەک هەڵویستى لایەنە کوردستانییەکان دەبەنە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنى کێشەى کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەریمى کوردستان.