گۆڵمه‌زی خاتوو چنار: بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان ڕێگای یاساییمان گرتۆته به‌ر
Saturday, 02/05/2009, 12:00
سایتی چاوخێل- تایبه‌ت: له‌ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی جاش و ئه‌نفالچییه‌کان كرا، وه‌زاره‌تیش ڕێوشوێنی یاسایی سه‌باره‌ت به‌و كێشه و بوختانانه ده‌گرێته به‌ر. خاتوو چنار سه‌عد عبدوڵڵا وه‌زیری جاش و ئه‌نفالچییه‌کان تایبه‌ت بۆ سایتی چاوخێل ووتی:ئێمه ئه‌وه‌ی تا ئێستا کارمان بۆی کردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه هه‌وڵمانداوه خراپ و باش، جاش و پێشمه‌رگه، هه‌موو ئه‌مانه وه‌کو یه‌ک سه‌یربکه‌ین ئه‌و هه‌له زێڕینه و ئه‌و هه‌ڵه مێژووه‌یه‌ی که خه‌ریک بوو ئه‌مانه له یه‌کتر دووربخاته‌وه، ڕێیان لێبگرین هه‌موو وه‌ک یه‌ک ته‌ماشابکرێن و ئێمه تێکه‌ڵمان کردن. حکومه‌تی هه‌رێم کار بۆ ئه‌وه ده‌کات که هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان ئه‌مانه‌دا نه‌مێنێ، ئه‌و جیاوازییه‌ی که پێویسته ببێت، جیاوازی توانای ئێمه‌یه له ده‌سه‌ڵات و له پاره و له کۆشک و ته‌لار، بۆ ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی كه ده‌كرێت ڕێگای یاساییمان گرتۆته‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تۆمه‌ت ده‌خه‌نه پاڵ ئێمه، هیوادارین یاسا بتوانێت ئه‌و ڕاستیانه وه‌كو خۆی ده‌ربخات بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌ڵه ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌كه‌سانی تر به‌رامبه‌ر به به‌پرسان به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر لایه‌ن و كه‌سانێك كه ئه‌یانه‌وێت خه‌ڵك چه‌واشه بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی خراپ ئه‌و بابه‌تانه ئه‌وروژێنن، یاسا به سزای خۆیان بگه‌یه‌نێت. مادام جیاوازیی هه‌یه له ناو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا، ده‌بێت له یاساشدا ئه‌و جیاوازیانه هه‌بێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێمه ملیۆنێک دۆلار بدزین، که ناشیدزین، هه‌روه‌ها هاوڵاتییه‌ک ده دینار ده‌دزێ، ده‌بێت جیاوازی هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتداره‌که ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌کرێ، به‌ڵام هاوڵاتییه‌که ده‌بێت به پێی یاسای ئیسلام ده‌ستی ببڕدرێت.
سه‌باره‌ت به گله‌ییه‌كانی خه‌ڵكی گه‌رمیان له وه‌زاره‌تی جاش و ئه‌نفالچییه‌کان، چنار سه‌عد ووتی: ئێمه به دزییه‌وه سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵمان كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چاومان به چه‌ند خێزانێکی شه‌هید که‌وت، به‌ڵام له هه‌فته‌ی ڕابردوودا چاومان به زۆرینه‌ی ئه‌نفالچیی و بنه‌ماڵه‌ی جاشه شه‌هیده‌کان که‌وت، له‌وێ له‌نزیكه‌وه له‌گه‌ڵیاندا دانیشتنمان كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وان قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌و هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی من كرد كه دیاره هۆكاره‌كه ته‌نها ته‌ندروستی بووه و خوانه‌خواسته عه‌مدی نه‌بووه‌و ڕاكردن نه‌بووه له لێپرسراوێتی، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێویستیی به وه‌زیری ژن هه‌یه، ژن به‌و مانایه‌ی ده‌بێت شۆخ و شه‌نگ بێت، خۆی جوان بکات، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر لووتی زل بێت، ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ بکات و بچوکی بکاته‌وه، ئه‌گه‌ر زیبکه‌یه‌ت له ڕوومه‌ت و ده‌موچاوی هاتبیت له به‌ریتانیا و ئه‌وروپا سه‌ردانی ده‌یان پزیشکی پێست بکات، ئه‌گه‌ر چاوی به قووڵاچووبوو نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ بکات و زه‌قی بکاته‌وه، نهێنی ئه‌مه له‌وه‌دایه که وه‌زیری جوان باشتر سه‌رنجڕاکێشتر ده‌بێت و گوێگری زۆرتر و کاریگه‌ریی قسه‌کانی زوو مه‌به‌سته‌کان ده‌پێکێت. من له‌م سه‌ردانه‌ی چه‌مچه‌ماڵدا هه‌ستم به‌و هه‌موو شتانه ده‌کرد. پاشان ئه‌و گله‌ییانه‌ی كه هه‌بوون ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی كه له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكانێك بیسترابوو، خه‌ڵكه‌كه ڕاستیه‌كه‌یان بۆ ڕوون بۆوه زۆر په‌شیمان بوون له‌و هه‌ڵوێسته و له‌و مۆقیفه‌ی وایان زانی بوو كه من به عه‌مدی نه‌چووم. بڕوا بکه‌ن، من دوو ڕۆژ پێش یادکردنه‌وه‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان هاتمه‌وه، له ماڵه‌وه نه‌هاتمه ده‌رێ، خۆتان ده‌زانن یه‌کێک که له سه‌فه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌شی داهێزراوده‌بێت تاقه‌تی جووڵه‌یه‌کی نابێت، خۆ من خۆم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، به‌و قرچه‌ی گه‌رمایه له سه‌فه‌ره‌که بێمه‌وه بچم ئه‌و پێسته جوانه‌ی خۆم له‌و گه‌رمایه هه‌ڵقرچینم.
ووتیشی: خه‌ڵكی زۆر دڵخۆش بوون له‌وه‌ی كه من گه‌ڕامه‌وه و دڵنیاشیان كردمه‌وه، كه ئه‌وان هیچ كاتێكی تر باوه‌ڕ به‌و چه‌واشه‌كاریانه ناكه‌ن، چونكه ئێمه واده‌ی ئه‌وه‌مان پێدان، كه ئێمه كار ده‌كه‌ین بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌وان، ئێمه كوڕ و كچی ئه‌م میلله‌ته‌ین منداڵی پێشمه‌رگه و منداڵی شه‌هیدی ئه‌م وڵاته‌ین، بۆیه هه‌ر ئێمه‌ین دڵسۆزین كار بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ین نه‌ك خه‌ڵكانێكی تر كه ئه‌مڕۆ ڕیكلامی دڵسۆزی ده‌كات.
خاتوو چنار ووتی: وه‌ك خانه‌واده‌یه‌ك یه‌كترمان له‌باوه‌ش گرتوو، من هیچ جیاوازییه‌کم نه‌کردووه له نێوان بنه‌ماڵه‌یه‌کی جاش و بنه‌ماڵه‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌دا، هه‌رچه‌نده پێشنیاری ئه‌وه‌شم بۆ کرا که بچم سه‌ردانی بێوه‌ژنه‌که‌ی مامه ڕیشه بکه‌م، له ڕاستییدا له‌به‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم نه‌موێرا ئه‌و کاره بکه‌م، خۆشم کاتم که‌م بوو. ئیتر هیوادارین بتوانین له ئاینده‌یه‌كی نزیك ڕووفاتی پیرۆزی قوربانیانی تر بگه‌ڕێنینه‌وه كوردستان و ئێمه‌ش ئه‌و چانسه‌مان هه‌بێت كه له‌وێ ئاماده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی بیان نێژین.
http://www.chawxl.org
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست