قاچەكەى ڕەحمان غەریب
Sunday, 26/02/2012, 12:00
كەم شەو هەیە بینەرى كوردى قاچە بریندارەكەى ڕەحمان غەریبى ڕۆژنامەنوس و (ڕێكخەرى سەنتەرى میترۆ) لە كەناڵە كوردیەكان بەتایبەت كەناڵە ئەهلى و ئۆپۆزسیۆنەكانەوە نەبینێت , ڕەحمان غەریب ئەو ڕۆژنامەنوسەى كە بەردەوام گەرووى پڕە لە قسە و ڕەخنەى ڕاستەقینە , هەموو شەوێك بەفانیلەیەكى عەلاگەوە قاچە بریندارەكەیمان نیشان دەدات , كە هێزە ئەمنیەكانى بەردەركى سەرا چۆن بە بەرچاوى میدیا جیهانى و نێودەوڵەتیەكانەوە بێ گویدانە هیچ پرەنسیپێكى ئەخلاقى و ڕۆژنامەوانى هەڵیان كوتایە سەر ئەم گەنجە ڕۆژنامە نوسە , قسەى من لەم وتارەدا لەسەر چۆنیەتى ڕووداوەكە نیە هێندەى لەسەرئەوەیە قاچە بریندارەكەى ڕەحمان غەریب چى بەدەسەڵاتى كوردى دەڵێى , كە بەردەوام ئەم دەسەڵاتە لە هەوڵى شكاندنى قاچى نەوەكانى خۆیدایە , لە قاچەكەى ڕەحمان غەریبەوە مێژووى پێشمەرگەیەكى دێرینى ئەم دەسەڵاتەم بەبیردا هات , پێشمەرگەیەك جیاواز لە پێشمەرگەكانى ئێستا . چیرۆكى ئەو پێشمەرگەیە بەلاى منەوە هێندە كاریگەر بوو كە ساڵانێك لەگەڵ چەند هاوڕێیەكما ویستمان فلمێكى (مۆنۆدراما)ى لەسەر تۆماركەین تاوەك مرۆڤى كورد نرخى قاچەكان بزانێت , بەڵام بەداخەوە تەمەن فرسەتى ئەو كەڵە پێشمەرگەیەى نەدا تا ئەو فیلمە تۆمار بكەین و لەم ساڵانەى دوایدا كۆچى دوایى كرد , بەڵام دواجار بەهۆى برینداركردنى قاچى ڕەحمان غەریبەوە لەم وتارەدا سەرى ئێوە دەئێشێنم و ئەوەى بیستوومە بۆ تان دەگێڕمەوە , كە دڵنیام ئەو پێشمەرگەیە ئەگەر لەم هەرێمەدا نەژیایە لە هەر مەملەكەتێكى تردا بووایە چەندین پەیكەریان بۆ قاچەكانى دروست دەكرد , چیرۆكە كە بەم جۆرەیە" لەسەردەمى ڕژێمى بەعسداو لەكاتى خەباتى پێشمەرگایەتیدا (عەلە ڕەش) كە یەكێك بوو لە پێشمەرگە ڕاستەقینەكانى ئەم وڵاتە ڕۆژێك لە شاخ (سوێند بە نیشتیمان دەخوات) كە تا ڕژێمى بەعس لەسەر حكوم بێت ئەم پێ ناخاتە سەر ئەو شاقامانەى كە قیرتاو كراون , سوێندى ئەو پێشمەرگەیە وەك سوێندى وەزیرەكانى ئەم سەردەمە نەبووە , چیرۆكەكە چیرۆكێكى ڕاستەقینەیە سوێندەكەى بەجۆرێك بووە كە بڕیارى داوە تا ڕژێمى بەعس حوكمى كوردستان دەكات بەردەوام بەخاكى خۆڵدا بڕوات , هاوڕێكانى دەگێڕنەوە زۆركات لە شەڕدا پێ نەخستنە سەر شەقامى قیرى (عەلە ڕەش) یەكێ بووە لە گرفتە گەورەكانیان چونكە دەڵێن ئەگەر بش كوژرایە نەدەچووە سەر شەقامێكى قیرتاو كرابێت , بە جۆرێك هەركات ڕێیان لە شەقامێكى قیرتاو كراو بكەوتایە دەبوو هاوڕێكانى چەندین كاتژمێر ڕووبەڕووى دوژمن ببنەوە تاوەك لە شەقامەكەوە بەباوش بیپەڕێننەوە , دواتر خۆى بە پێیەكانى خۆى ڕایكردووە و ڕۆشتووە , ڕووداوەكە ڕەنگە كەمێك سەر سوڕهێنەر بێت بەڵام سوێندى ئەو پێشمەرگەیە سوێندێكى ڕاستەقینە مرۆڤێكى خەبات گێڕبووە كەبەڕاى من لێوان لێو بووە لە ڕۆحیەتێكى گەنجانە , بەهەرحاڵ تاڕاپەڕین مام عەلە ڕەش نەچووە سەر شەقامێك كە قیر كرا بوو بێت , كاتێ كە ڕاپەڕینەكەى بەهارى (1991)یش ڕوویدا لە گەڕانەوەیدا بۆ شار بۆ ئەوەى بچێتە سەر شەقامێكى قیر , بەر لەوەى بگاتە ئاوەدانى (لوغم)ێك پێیدا دەتەقێتەوە و هەردوو قاچى عەلە ڕەش دەپەڕێنێت , مخابن بۆ ئەبەد ئەو پیاوە ئاواتەكەى نەهاتە دى كە خۆى ببینێت بە قاچەكانى خۆى بەسەر شەقامە قیرتاوەكانى ئەم هەرێمەدا بەئازادى بسوڕێتەوە , تا ئەم ساڵانەى دوایش بەسەر عارەبانەكەیەوە بەردەوام وەك پیرە پیاوێك لەبەرزایى چەندین ساڵى تەمەنیەوە دەیڕوانیە مەهزەلەكانى دەسەڵاتى كوردى و دەیگوت (كێ كردى و كێ دەیخوات).
ئێستاش وەك دەبینین مخابن دەسەڵاتێك دەڕژێتە سەر شەقام و بەهەمان شێوەى ئەو دەسەڵاتى بەعس دەبینرێت . ڕژێمى بەعس لە دواى نەمانیشى بەو مین و تەقەمەنیانەى كە وەك دوژمنێك بۆ هەمیشە بۆى بەجێ هێشووین قاچەكانمان دەپەڕێنێت , وە ئەگەر بێت و بە (مین)یش قاچەكانمان لە دەست نەدەین دەبێ وەك ڕەحمان غەریب قاچەكەكانما ڕووبەڕووى هێرشە مێگەل ئاساكەى میلیشیاكان ببێتەوە.
بەداخەوە چەنسى ئەم هەرێمە بەجۆرێكە بەردەوام ئەو دەسەڵاتانەى كە حكوممان دەكەن دژى قاچەكانمانن , بەردەوام نەوەیەكیان خۆش دەوێ كە پێ نەگرێت تاوەك لێیان نزیك بێتەوە , نەوەیەكیشیان دەوێت كە هەرگیز فێرى دەنگ هەڵبڕین نەبێت نەبا (حەیرانەكە لەوان تێك با).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست