گۆڕان لە نێوان دروشم و خواستە ئیسلامیەکاندا..!
Saturday, 02/11/2013, 12:00
1681 بینراوە
یەکێک لە ڕەخنەو ناڕەزایەتیە دیارو بەرچاوەکانی خەڵکی ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی عەلمانی و هەڵسوراوان و بەرگریکارانی ماف و ئازادیە مەدەنیە فەردیەکان و مافەکانی ژنان و لاوان، لەپارتی و یەکێتی لەماوەی دەسەڵاتی دوو دەیەیان ئەوەبوو کەبە پێچەوانەی بانگشەکانیان بەوەی خۆیان وەک حزبی عەلمانی، کەپایەکەی جیایی ئاییەنە لەدەسەڵاتی سیاسی وخوێندن و پەروەردە،خۆیان ههڵخستووه کهچی ڕێک بەپێچەوانەوە چ بۆ پاشەکشە کردن بە ڕەوتە کۆنەپەرستە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان، چ وەک پێویستی و ئامرازێکی سەرکوت سودیان لەئیسلام وەرگرتوە و زیاتر خۆیان هەڵواسیوە بە سەوابتەکانی ئیسلامەوەو بەردەوام کاریان لەسەر ئەوە کردوە کە هەرچی زیاتر پارێزەری سەوابتەکانی ئیسلام و تێکەڵکردنی شەریعەت بن بە دەسەڵاتی سیاسی و خوێندن و فێرکردن. ئەمە لەکاتێکدا گەر هەر حزب و لایەنێکی سیاسی چ لە دەسەڵاتدا بێت یان موعارەزە مەبدەئیەن وا پێویستە کە بۆ پاشەکشە کردن بە ئیسلامیەکان جەخت لەسەر سەوابتە عەلمانییەکان بکاتهوه کە بریتیە لەجیا کردنەوەی ئیسلام لە دەسەڵات.
هەڵبەت ئەم تایبەتمەندیەی ئەم حزبە بەناو عەلمانیانە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەلە جیهانی ئەمڕۆدا بەتایبەتی لە نیو سەدەی رابردوەوە ئیتر هیچچ حزبێکی سیاسی قەومی ڕۆژههڵاتی نەیتوانیوەو ناتوانێ بەتەواوی عەلمانی بێت و بەرژەوەندی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی وای لێدەخوازی کەزیاتر دیاردەی ئایین و خێڵ ببێت بە بەشێکی سەرەکی بەرنامەو سیاسەت و کەلتوری و سەوابتەکانی.
بەڵام ڕیسوا تر لەم کارانەی پارتی و یەکێتی بانگشەو هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆرانە کە گوایە خوازیاری گۆڕانە لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسی پارتی و یەکێتی و بەدروشمی دژی گەندەڵی و جیایی حزب لەحکومەت کەوتۆتە ململانێی پارتی و یەکێتیەوە و بۆتە مایەی پێکهێنانی بەرەیەک لەگەڵ دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان، کەهەر لایەن و کەسێک پابەندی جدیان هەبێت بەسەوابتەکانی عەلمانییەتەوە ئەوە دەزانن کە ئەم دەستەو تاقمانە چەندە دژی عەلمانیەت و مافو ئازادیە فەردی و مەدەنیەکانن. هەڵبەت ئەم ڕیسواییەی گۆڕان و خۆ هەڵواسینی بە ئیسلامەوە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەمجارەیان زیاتر لەهەر کاتێکی تر وەدەرکەوت بەوەی هەر لەسەرەتاوە چ ڕێکخەری گشتییان و چ کاندیدەکانیو هەڵسوراوەکانیان و میدیاکانیان دەسپێکی بانگشەی هەڵبژاردنیان بەدروشمی پشت بەخوا دەیگۆڕین ومهسهلهی پاراستن و سەپاندنی زیاتری سەوابتە ئیسلامیەکانیان بهدەستهوه گرت. لەمبارەیەوە چەندین کاندیدیان کە دەریش چونە بۆ ئەندامێتی پەرلەمان بە ئاشکرا پێداگری لەسەر ئەو دروشمو خواستانە دەکەنەوەو ڕایانگەیاند کە هەر پرۆژە یاسایەک بێتە پەرلەمانو دژی سەوابتەکانی ئیسلام بن ئەوان بە دڵنیایی یەوە ڕەتی دەکەنەوەو دژایەتی دەکەن.
هەڵبەت ڕاگەیاندنی ئەم دروشمو خواستە لەلایەن سەرانی گۆڕانەوە بوە مایەی شۆک بۆ هەندێک لە ئەندامان و لایەنگرانیان بە تایبەتی ئەوانەیان کەخۆیان بە کەسانی ڕۆشنبیری عەلمانی و هەڵسوڕاوی مافەکان ژنان و مافو ئازادییە فەردیەکان ناساندبوو. وە لەم چەند ساڵە توشی خۆشباوەری هاتبون بە گۆڕان و پییان وابوو ئەم جوڵانەوەیە دەتوانێت بە قازانجی ئەو ئامانجانەی ئەوان بەرامبەر پارتی و یەکێتی و ئیسلامیەکان گۆڕانێکی پۆزەتیەڤ بکات. بەڵام وەک پەرچەکردارێک و دڵنەوایی خۆیان بەشۆکبونەکەیان کەسانێکیان کەوتنە ناڕەزایەتیو ڕەخنەی لاوەکی لە گۆڕان کە چۆن دەبێت گۆڕان لەبەر خاتری چاوی کاڵی ئیسلامیەکان بەم دروشمو خواستانەوە بێتە گۆڕەپانی سیاسی وململانێی هەڵبژاردنەوە لە کاتێکدا ئەوان ئەوە دوو دەیەیە دژی پارتی و یەکێتین چونکە بۆ پاشەکشە بە ئیسلامیەکان خۆیان بەئیسلام وسەوابتەکانی ئیسلامەوە هەڵسواسیوە. وە کەسانێکی تریشیان لەسەر هەمان ئاوازی خۆ بە عەلمانی و ڕۆشنبیرە ئازادەکانیان لایەنگری لەو دروشمو خواستانەی گۆڕان دەکەنەوە لەسەر بنەمای ئەو تێزە ناڕاستو سەرلێشێوێنەرەی کە دەڵێت بەڵێ مادام کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی ئیسلامیەو لەسەدا نەوەدی پێنجی موسوڵمانەو ئیسلامی یەکانیش لەبەرەی موعارەزەیەو هەردوو حزبی دەسەڵاتداریش بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان کەڵک لە ئیسلام وەردەگرن ئەوە پێویستە گۆڕانیش بۆ بەدەسهێنانی کورسی زیاترو بەدی هێنانی بەرنامەکانی زایاتر خۆی بەئیسلامەوە هەڵواسێ تابتوانی هەرچی زیاتر جەماوەری پارتی و یەکێتی و تەنانەت ئیسلامی یەکانیش بۆ خۆی ڕاکێشێت. هەڵبەت هەمو ئەم خۆ قەناعەت پێکردن و بەڵگە هێنانەوانە لە ڕوانگەی ئەو مەبدەئە بۆرژوا ناسیونالیستیەوە کەئیتر سیاسەت وایە هونەری ممکنە و کڵاو لەسەرنانو درۆودەسەلەو خەڵک هەڵخەڵەتاندنە ودەبێت لەسەر هەمو ئاوازیک هەڵپەڕن، کە بێگومانە ئەم بەڵگەو لێکدانەوانە بۆ حزبگەلی بۆرژوایی هەر وایە بۆ گەییشن بە دەسەڵات و چ بۆ مانەوەی و پاراستنی قازانجو بەرژەوەندی یە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکانیان .بەڵام لە ڕوانگەی خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازو هەمو ئەوانەی کە بەڕاستی لایەنگری ئازادی و یەکسانی و عەلمانیەتی دەسەڵات ومافو ئازادیەکانی مرۆڤەکانن پارتی و یەکێتی و ئیستاش بزوتنەوەی گۆران کە خۆیان هەڵدەواسن بە ئیسلام و دروشمو خواستەکانیان دەکەنە ئاڵای کاریان بۆ بەدیهێنانی دەسەڵات و ئامانجەکانیان هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەمانە خەباتکاری جدی عەلمانیەت نین و ئیسلامی بون بەشێکی سەرەکیە لە ناوەڕۆک و کرۆکی ئامانجە سیاسی وفکریەکانیان. جا ئێستا کە بزوتنەوەی گۆڕان دروشمی پشت بە خواو خواستی بەدی هێنانی زیاتری سەوابتە ئیسلامیەکان بەرز دەکاتەوە ئەوە تەنها دروشم و خواستێکی تاکتیکی نییە بەڵکو لە دروشمو سەوابتە ڕەسەنەکانی ئەم بزوتنەوە قەومی ئیسلامیەیە هەروەک پارتی و یەکێتی و بگرە لەوانیش زیاتر دژی عەلمانیەت وماف وئازادیە فەردی و مەدەنیەکانن. وە هەر کەسێکی بە ئاگا کە لایەنگری ئەو مافانە بێت دەزانێت کە بەبێ جیایی ئاین لە دەسەڵات و خوێندن وفێرکردن هەرگیز ئەو مافانە بەدی نایەت بۆیە نابێت هیچ خۆشباوەڕی یەکیان بە بزوتنەوەی گۆڕان هەبێت.
[email protected]