بەڵێ بۆ گەڕاندنەوەى ئاشتى و ئارامى دوور لە توندوتیژى و بەكارهێنانى هێز
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
ئەندازیارانى سەر بە یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان
سەرەتا گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایى ئاڕاستەى سەرجەم ئەندازیارانى ئازیز دەكەین بەبۆنەى یادى 19 ساڵەى دامەزراندنیەوە وەك یەكەمین ڕێكخراوى پیشەیى ئەندازیارى و سەربەخۆ لە كوردستاندا لە 27/4/1992دا و . خوازیارین كە ساڵى دادێ لەسایەى ئازادى و ئاشتى و ئارامى زیاتردا ئەم یادە بەجوانترین شێوە بكەینەوە دوور لەسایەى ئاڵۆزى و بارگرژى و نائارامى لەكوردستاندا..
ئاشكرایە لە ئەنجامى كەڵەكەبون و پەنگواخواردنەوەى دیاردەكانى گەندەڵى و ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و بەهەدەردانى توانا مادى و مرۆییەكانى گەلەكەمان لەساڵانى ڕابووردوودا و گوێنەگرتن لەداوا و داخوازیە ڕەواكانى سەرجەم چین و توێژەكانى كۆمەڵگاكەمان.
ئەوەبوو لە 17/2/2011 دا خۆپیشاندان و ناڕەزایى جەماوەر شاروشارۆچكەكانى كوردستانى گرتەوە, بەشێوەیەكى هێمنانە و ئاشتیخوازانە. و ماوەى 2 مانگ زیاترى خایاند, بەڵام بەداخەوە لەلایەن حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە لەجیاتى ئەوەى لە ڕێگەى گوێگرتن و گفتوگۆكردن و ئاشتیانەوە بۆ داخوازیەكانى جەماوەر , خەم ساردى و پەراوێزخستن و گوێنەگرتن و خۆدوورخستنەوەى هەڵبژارد. كەئەمەش هێندەى تر جەماوەرى زویر و توڕە كرد و بە داخێكى گەورەتریشەوە حكومەت لە ڕێگەى بەكارهێنانى هێزى سەربازى و ئەمنى زۆر لە شاروشارۆچكەكاندا و بەكارهێنانى توندوتیژى و سیاسەتى ڕەشبەگیركردنى سەرجەم چین و توێژەكان بەبێ ڕێزگرتن لە مافەكانى مرۆڤ وسەروەرى یاسا بارودۆخەكەى هێندەى تر بەرەو ئاڵۆزبوون برد لە ڕۆژانى 18 و 19 /4/2011دا.. كە تائێستا 10 شەهید و زیاتر لە 150 بریندار و ژمارەیەكى زیاترى گیراوى لێكەوتۆتەوە.
لە ئێستاشدا وابۆماوەى هەفتەیەكە هێزێكى گەورەى سەربازى زۆرى جێگیركردوە لەشارى سلێمانى و شاروشارۆچكەكانى تردا كە بۆتە مایەى زیاتر دروستكردنى دڵەڕاوكێ و نائارامى و پەكخستنى بازاڕ و بڵاوبونەوەى ترس و تۆقاندن لەجیاتى ئارامبونەوە و ئاسایكردنەوەى بارودۆخەكە.
هەربۆیەش ئێمە وەكو ئەندامانى یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان كە ڕێكخراوێكى پیشەیى سەربەخۆ و بێلانە و نوێنەرى زیاتر لە 10 هەزار ئەندازیارە . داواكارین لەحكومەتى هەرێمى كوردستان بەمەبەستى هێور و ئارامكردنەوەى بارودۆخەكە, هەستێت بە پیادەكردنى ئەم هەنگاوانە:-
1. چۆڵكردنى شارى سلێمانى و شارۆشارۆچكەكانى تریش لە هێزى سەربازى و گەڕاندنەوەى سیماى شارستانى بۆ شارەكان و گەڕاندنەوەى ئەو هێزانە بۆ جێگەكانى خۆیان.
2. ڕێزگرتن لەمافەكانى مرۆڤ و سەروەرى یاسا و مامەڵەكردن لەگەڵ گیرواكاندا بەپێى ڕێوشیوێنە یاساییەكان و بەئاگادارى دادوەر نەك پیادەكردنى ڕەشبەگیرى و لێدان و ئەشكەنجەدان.
3. دەستهەڵگرتن لە ڕاوەدونان و هەڵكوتانە سەر ماڵانى چالاكوانى كۆمەڵگەى مەدەنى و ڕۆشنبیر و ڕوناكبیرو ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانى ڕاگەیاندن و میدیاكان بەشەو.
4. ڕێزگرتن لە پیرۆزى زانكۆ و پەیمانگا و خوێندنگا و مزگەوت و پیاوانى ئاینى و نەشكاندنى حەرەمى ئەو جێگەیانە.
5. گرتنە بەرى ڕێگەچارەى ئاشتیانە و گفتوگۆو لێكتێگەیشتن لەگەڵ جەماوەر و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندا بۆ چارەسەرى سەرجەم كێشە و خاڵە ناكۆكەكان و دەسكردن و هەنگاونانى عەمەلى بە پڕۆسەیەكى گشتگیرى چاكسازى و نەهێشتنى ناعەدالەتى گەندەڵى و ناشەفافیەت لەسەرجەم جومگە و دام و دەزگاكانى سیستەمى حوكمڕانى لە كوردستاندا .چونەكە هەر لە سایەى ئاشتى و ئارامیشدا دەتوانرێت كاروانى ئاوەدانى و جێبەجێكردنى پڕۆژە ئەندازیاریەكان ئەنجام بدرێت.
لەكۆتاییدا بەهیواى ئەوەى حكومەت مامەڵەیەكى هاوسەنگانەو لێپرسراوانە بكات لەگەڵ ڕەوشەكەدا دوور لە گیانى توندوتیژى و تۆڵەسەندنەوە.ئێمەش چاوەڕوانی هەڵوێستى حكومەتین و بەپێچەوانەوە هەڵوێستى ترمان دەبێت.
سەرى ڕێز ونەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانى سەرجەم شەهید و بریندارەكانى ڕێگاى ئازادى و چاكسازى لەكوردستاندا...
سلێمانى
27/4/2011
ئەندازیارانى سەر بە یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست