کۆسرەت رەسوڵ وا دەزانێت خەڵکی سلێمانی لە بیریان چۆتەوە کە چۆن هاتە سلێمانیی و خانوی پارێزگای داگیرکرد!
Wednesday, 02/10/2013, 12:00
بابەتێکم خوێندەوە، کە بەڕێز کاک هێمن گردەبۆری نووسیبوی، هەندێ هۆی ئاشکرا کردبوو، کە بۆچی یەکێتی هەرەسی هێنا و ئیستا جەماوەری لە سلێمانییدا نەماوە، بەرەو کزبوون رۆیشتووە و دەشڕوات.
منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو بەڕێزە، تەنانەت ئەوەش دەڵێم، کە ئیستا زۆر درەنگە بۆ شیکردنەوەی هۆکار و چارەسەر، چونکە دەبوو ئەم چەتە و پیاوکوژانەی شاخ هەر زوو بڕوخانایە و نەمانایە، لەلایەکی تریشەوە سوپاس بۆ یەزدان، کە تا رادەیەک خەڵکەکەی بە ئاگا هاتوون، ئەمەش ئاستی ئەو وشیارییە دەردەخات، کە لەمەولا بۆ ئەم چەتانەی شاخ ناچێتە سەر، بە ئارەزووی خۆیان چیان کرد، بۆیان بچێتە سەر و هەتکی میللەتێک بکەن، ئابڕووی ژن و کچانی گەلەکەیان بەرن، ئیتر کەس نەتوانێت قسە بکات! یان بە ئارەزووی خۆیان بدزن و ببڕن، یاری بە چارەنووسمان بکەن، لێیان بێدەنگ بین. کۆسرەت رەسوڵ یەکێکە لەو تاوانبارانەی کە لە دوای راپەڕینەوە هەموو ئەو تاوانانەی ئەنجام داوە زۆربەی تاوانەکانی یەکێتی تەوێڵی ئەمیش دەگرێتەوە، نابێت نە مێژوو، نە خەڵکی لێی خۆش ببێت، بەڵام مخابن ئەبوایە بەڕێزانی کوردستانپۆست ئەو بابەتەیان نە خستایەتە پەراوێزەوە .وەکو بابەتێکی سەرەکی دایان بنایە ، بازۆرترین.خوێنەر بیخوێندایەتەوە.هیوادارم ئەم بابەتەی منیش پەراوێز نەخەن، چونکە تا رادەیێک تەواو کەری ئەو بابەتەیە.
وەک لەو چەند دێڕەی سەرەوەدا ئاماژەم پێدا، بوونی کۆسرەت رەسوڵ لە ناو یەکێتی هێندەی دیکە یەکێتی لە خراپە پڕتر کرد. کۆسرەت رەسوڵ لە دەرەوە وەکو باس دەکرا پێشمەرگەیەکی ئازابووە، شەڕی زۆری کردووە، بەڵام دوایی دەرکەوت، کە ئازایەتییەکەی هئ خۆی نەبوو، بەڵکو هی ئەو پێشمەرگە و رۆڵە قارەمانانەی دەشتی هەولێر بووە، کە زۆر ئازایانە شەڕیان کردووە و گیانی خۆیان کردە قوربانی، دوایی بووە بە خەبات و ئازایەتیی کاک کۆسرەت، ئاخر ئەگەر وا نییە چۆن ئەمڕۆ ئەو کەسە ئەم کۆسرەتەی لێدەردەچێت، کاک کۆسرەت دەڵێن کاتی خۆی بە فەرمانی دەرەوە پارەی لە دائیرەکەی دزی و چووە دەرێ. دزیی هەر دزییە، لە خۆتی بکەیت یان لە دراوسێ، دزیی هەر دزییە لە میللەتی بکەیت، یان لە حکومەت، کەسێک کە فێرکرا دزی بکات، ئیتر فێر دەبێت لە کاتی پێویستدا دزی گەورەتر بکات و بە رەوای بزانێت و شەرمیش نەکات. لە دەرەوە زۆربەی مەسئولەکان دز و داوێنپیس بوون و شەرمیان لە خیانەتکردنیش نەکردۆتەوە، ئەوەی کە ئێمە ناومان نابوو شۆڕش، وا نەبوو، شۆڕش بەرنامە و پرەنسیبی کارکردنی خۆی هەیە، چونکە یەکێتی بەرنامەیەکی نەبوو بۆ جوانکردنی مرۆڤەکان، هەموو شتێک رێگاپێدراو بووە، شۆڕشێک یەکێکی وەک جەلال تالەبانی رابەرایەتی بکات دیارە هەر ئاوای لێدەردەچێت. ئەو شۆڕشە قوتابخانەی فەسادیی و خیانەت و دزیی و پیاوکوژیی بووە.
کۆسرەت رەسوڵ یەکێک بووە لەو بەرپرس و سەرکردانەی ناو شۆڕش، چونکە بەو شێوەیە چووە دەرێ و لە ناو شۆڕشدا پەروەردە کرا، کە ئاساییە پارەی دائیرەکەی بەرێت، ئیتر ئەو پەیامەیان پێێ دا کە دزیکردن لە ناو شۆڕشدا و کوردکوشتن نەک چاککردنی تاکەکانی کۆمەڵ، کارێکی ئاسایی و رێگاپێدراوە.
لە دوای راپەڕین کاتێک کۆسرەت هاتە سلێمانیی و بە ڕێزەوە ئەو میواندارییەی لێکراو خەڵکی بە باوەش و قەڵادۆشکان بەرزیان دەکردەوە، چونکە ئەم کابرایە رێزگرتنی بە خۆیەوە نەدیبوو، بۆیە پێی وابوو ئەوەی لە دەرەوە کردوویەتی، کارێکی جوان و پیرۆزە، بۆیە وا خەڵکی رێزی لێدەگرن، ئیتر درێژەی پێدا و یەکەم کار کە کردی داگیرکردنی ماڵی پارێزگای سلێمانی بوو. لەو سەردەمەدا ماڵی پارێزگای سلێمانی یەکێک بوو لە هەرە خانووە قەشەنگەکانی ئەو شارە، کۆسرەت یەکەم کاری و دەستدرێژیکردنی بۆ سەر شاری سلێمانی لە شتە گەورەکانەوە دەستی پێکرد، داگیرکردنی گردی عەلی ناجی بوو، تاوانێکی تر کە کردی هەرچی موڵک و ماڵی خەڵکی شارەکە هەیە، هی ئەوانەی کە لەبەر هەر هۆیەک بێت لە شاردا نەمابوون، ئەو کاتەی کۆسرەت سەرۆکی وەزیرانی یەکێتیی بوو، ئەم بە فەرمانێک هەمووی داگیرکرد و بە ئارەزووی خۆی دەیبەخشی بەم و بەو، زۆربەی ئەو هەولێریانەی کە لەدەست پارتی رایان کردبوو، لەو زەوییانەیان پێدان و نیشتەجێ بوون. واتە کێشەی هەولێرییەکانی لە سلێمانی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی چارەسەر کرد. فەلەستینییەکان کە ئەوە بۆ شەست ساڵ دەچێت و لە فەلەستین نەماوون، تا ئیستا ماڵیان نییە و زۆربەیان لە ژێر خەیمەدا دەژین، مەبەست لەمە ئەوەیە کە فەلەستینییەکان بێ هیوانەبن و بەو هیوایەوە بژین، تا خەبات بۆ گەڕانەوەیان بکەن، عەقڵی سەرکردە و بەرپرسەکانی ئێمە زۆر لەوە بچوکترە کە بیر لە پاشەرۆژ بکەنەوە. بۆیە کۆسرەت بۆ خۆشی ئەو خانووەی لە سلێمانی داگیرکرد، تا خۆی لە هەولێربوونەکەی پاک بکاتەوە، چونکە وەکو خۆی هەندێک جار نوکتەشی لەسەر هەولێری گێڕاوەتەوە، پێی وابووە بەمە دەبێتە خەڵکی سلێمانی، بۆ خۆشی ئەوەی نەشاردۆتەوە کە ئەو ئیستا خەڵکی سلێمانییە، چونکە ئیستا ماڵ و خانووی لە سلێمانی هەیە، واتە بۆی هەیە نوکتە لەسەر هەولێری بکات، بەبێ ئەوەی بزانێت نوکتەی ناوچەگەرێتی کارێکی ناشرینە ئەرکی حیزبە دەبێت خەڵکی لەوە وشیاربکرێتەوە کە هەموو خەڵکی وڵات و نیشتیمانێکین رێزگرتن لە یەکتر ئەرکی پیرۆزی هەموومانە.
ئەو خانووەی کە ئیستا کۆسرەت رەسوڵ داگیر کردووە، سیمبوڵی سلێمانییە، داگیرکردنی کەرامەتی خەڵکی سلێمانیە، دوای ئەمنە سوورەکە رەمزی رووخانی دەسەلاتی بەعسە کۆسرەت کە ئیستا لە گردی عەلی ناجی دانیشتووە و پاڵی لێداوەتەوە، وا نەزانێت کە جەلال تالەبانی رێگای پێدا تاپۆی ئەو ماڵە بکات و بیکات بە موڵکی خۆی ئیتر تەواو و خەڵکی لێی خۆش دەبێت!
ئیستا ئەو دوو کوڕەی کۆسرەت کە یەکێکیان لە مەکتەبی سیاسیی ئەندامە و ئەویتریانی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێ دەکات، لە پاڵیشدا خۆی لەسەر ئەو سامانەی کوردستانە دەوڵەمەند کردووە، و دزیی دەکات و داودەرمانی ئێکسپایەر دەهێنێت و خەڵکی نیشتیمانەکەمی پێ نەخۆش و کەنەفت دەکات، پێی وایە کوڕدەبێت کەمێک بیربکاتەوە، کە ئەمیش وەکو بنەمالەی بارزانی بەر نەفرەتی ەکانی مێژوویەکی جوانی بۆ دەنووسنەوە، نازانێت بە خۆی و کوڕەکانیشییەوە بەر نەفرەتی مێژوو دەکەون، وا نەزانێت کە هەر وەک چۆن لەسەر گردێکی داگیر کراو ژیانی بردە سەر، ئاواش بە ئیسراحەت لەسەر گردێک دەنێژرێت و دەچیتە لای کوڕە شەهیدە خنکاوەکەی نێو ئاوی دوکانی.
ئێوە ئەی بەرپرس و مەسئول و سەرکردەکانی کورد هەموو نەفرەت لێکراون، ئیسک و پرسوکیشتان بمێنێت نەوەکانی پاشەڕۆژ دەیخەنە بەردەم ئاژەڵەکان، چاکترە هەروەک چۆن لە دەرەوەی کوردستان و ئەوروپا چارەسەری نەخۆشییەکانتان دەکەن، ئاوا کە مردیشن هەر لەوێ بمێننەوە نەتانهێننەوە، چونکە هەرچییەکتان لێ بگەڕێتەوە خاکی نیشتیمانەکەم پیس و گڵاوی دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست