هەڵبژاردنى پەرلەمان و قەیرانى بوونایەتى تاكى كورد
Tuesday, 19/05/2009, 12:00
بۆ مرۆڤێكى خاوەن بونایەتى ئاساییە ئەگەر هەموو ئەو شتانەى خاوەنیەتى لەدەستى بدات و نەیمێنێت چونكە هەموو شتێكى لەدەستچوو ئەتوانرێت جارێكیتر بەدەست بهێنرێتەوە,بەڵام بونایەتى بۆ مرۆڤ شتێكە كە ئەگەر لەدەستیدا ناتوانرێت بەدەستى بخاتەوە بۆ هەتا هەتاییە,مرۆڤ دەتوانێت بە بوونایەتى ببێتە خاوەنى شتانێك كە بە هیچ خاوەندارێكى مەزن ناتوانرێت بكڕدرێت و بەدەست بخرێت ,بەڵام دۆڕاندى بونایەتى خۆى بۆ بوونە خاوەنداریەتى شتێك جارێكیتر ناتوانێت بگاتەوە ئەو بونایەتیەى كە پێشتر هەیبووە,ئەگەر چى هەموو ئەوەى بوویتەتە خاوەنى لەو پێناوەدا بیبەخشێت و سەرفى بكەیت , بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت كە هەوڵدان بۆ بوونە خاوەنى ماڵ و سامان و پلەو پایەو دەستەڵات كارێكى ئاساییە بەڵام نابێت و ناكرێت بۆ خاوەنداریەتى ئەو شتانە لەسەر ئەساسى دۆڕاندنى بوونایەتى بێت ,ناكرێت لە پێناوى دەستكەوتێكى مادى یان پلەو پایەكى نێو كایەى دەستەڵات بوونایەتى خۆت وەك مرۆڤێك لە بیر بكەیت .
ئەریك فرۆم دەڵێت" لە دونیاى ماددى ئەمڕۆدا مرۆڤەكان بوونەتە شت,مرۆڤەكان بەبوونى خاوەنداریەتى شتەكانیان دەپیورێن "هەندێك لە بەرپرسانى كورد سەردەمانێك خاوەنى هیچ شتێك نەبوون بەڵام گەورەترین سەرمایەیان هەبوو كە خۆى لە بوونایەتیاندا دەبینیەوە بەڵام لە دواى ڕاپەڕین هەندێك لەو بەرپرسان لە پێناوى بوونە خاوەنى شتانێك ماددى و ڕۆژانەیدا ئامادەبوون هەموو بوونایەتى خۆیانى لە پێناودا بدۆڕێنن ,ئەوەبوو ئەو سەرمایە گەورەیەى خۆیانیان لەدەستدا ,كەچى دواتر بیریان كردوە ئەگەرچى بوونەتە خاوەنى زۆر شت بەڵام هەست نا ئارامى دەكەن و هەست بەوەدەكەن كە شتێكیان دۆڕاندوە كاتێك بیریان كردوە و بەخۆیاندا چوونەوە زانیان كە بوونایەتی خۆیان لە نێو خەڵكدا لەدەستداوە ,بۆیە ئێستا دەبینین زۆر بەرپرس هەیە ڕۆژانە لە پێناوى بەدەست هێنانەوەى بوونایەتى خۆى ئامادەیە بەشێكى زۆر لەوەى بووتە خاوەنی بیبەخشێت و سەرفى بكات بۆ ئەوەى ئەو بوونایەتى و ئیعتیبارەى كە پێشتر هەیبوو بۆی بگەڕێتەوە ,بەڵام ئەوەتانێ دەبین و دەیبیستین ڕۆژانە خەڵك زیاتر لەو بەرپرسان دوور دەكەوێتەوە ئەمە لە كاتێكدا ئەوا لە جاران زیاتر شت دەبەخشنەوە بەسەر خەڵكدا.
پێویستە ئەوانەى ئێستا دەنگى ناڕەزایان بەرزكردووەتەوە و لەم دەستەڵاتە ناڕازین و دەیانەوێت گۆڕان بكەن باش تێبگەن لەوەى كە ئەو هەڵەى هەندێك بەرپرس كردیان ئەوان نەكەونە ئەو هەڵەیەوە و لەپێناوى ئیمتیازاتى مادى و بوونە خاوەنى شتانێكى كەم بوونایەتى و بیركردنەوەى خۆیان بدۆڕێنن ,ئەگەر كەسێك باوەڕى بە ڕیفۆرم و گۆڕانكارى هەبێت ناگرێت بەسادەى لەم مەسەلە بڕوانیت ,ناكرێت لە پێناوى دەستكەوتێك بیرى خۆت بخەوێنیت و هەستیش بەوە نەكەیت كە بۆچى بەبەختەوەریش ژیانى ڕۆژانەت ناگوزەرێت,ناكرێت دەنگى خۆت و بونایەتى خۆت بدۆڕێنیت و لە پێناوى دەستكەوتێكى ماددى كەمدا و بچیتە ڕیزى ئەوانەى ژیانى تۆیان كردووتە دۆزەخ و وەك ئەوان ڕەفتار بكەیت و وەك ئەوان هەڵوێست وەربگریت و كەچى گلەى لە وەزعوحاڵى ڕۆژانەى خۆت بكەیت و سەركۆنەى بەرپرسان بكەیت.
لە ئەمڕۆدا بوونە خاوەنداریەتى شتانێكى ڕۆژانەیی و ڕاگۆزەر لە نێو كایەى دەستەڵاتى حیزبى و حكومى ئێمەدا لەسەر حسابى دۆڕانى بوونایەتیە.ئەوەتانێ لە هەڵبژاردنى ئەم جارەى پەرلەمانى كوردستاندا حیزب و دەستەڵاتى كوردى بەهەمان شێوەى پێشوو لەكاركردندایەو دەیەوێت لە ڕێگەى دەمانچەو لاپتۆپ و پارەو پلەو پایەوە كۆمەڵێك لە دەنگى ناڕازى كوردستان بكڕێت و بێدەنگیان بكات و بیانهێنێتَـەوە ژێرچەترى خۆى و دەستەمۆیان بكاتەوە و و بیانكاتەوە بە كوڕە گوێڕایەلەكەى جاران.ئەوەشى بۆیان دەستەمۆ ناكرێت لە پۆستەكانیان وەلا دەنرێن و دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە.
حیزب و دەستەڵاتى كوردى لەماوەى چەند ساڵێكە ئامادەیە پێشوازى لە هەموو دەنگێكى ناڕازى بكات لەبەرامبەر دەستكەوت و خاوەنداریكردنى بە شتانێكى ماددى كەم بایەخ كە ئەو شتانە مافى سروشتى هەموو تاكێكى نێو كۆمەڵگاى كوردیە,دامەزراندن لە فەرمانگایەكى حكومى یان كۆمپانیایەك یان هەر شوێنێكیترى كار كردن مافى سروشتى هەموو خاوەن بڕوانامەیەكە نەك هەر ئەوەش بەڵكو پێویستى سەر شانى حكومەتە ڕێژەى بەتاڵە كەم بكاتەوە و كار بۆ خەڵك دابینبكات نەوەك لەسەر كار لاینببات تەنها لەبەر ئەوەى وەك ئەو بیر ناكەنەوە,.چ پێویست دەكات لە پێناوى وەرگرتنەوەىبەشێك لە حەق و مافى خۆت لە پێناوى وەرگرتنەوەى بەشێك لەمافە سەرەتایەكانى ژیانت كە لێت زەوت كراوە بونایەتى خۆتى لە پێناودا دابنێیت و ئیرادەت تەسلیمى كەسانێك بكەیت كە بوون و مانەوەیان بە بێئیرادەى تاكى كوردیەوە بەستراوەتەوە.
بۆیە لێرەوە دەمەوێـت قسەیەكى مەسیحتان بیر بخەمە كە دەڵێت "مرۆڤ چ سودێك وەردەگرێت ئەگەر هەموو جیهانى هەبێت بەڵام خودى خۆى دۆڕاندبێت"دەكرێت ئەم قسەیە وەك بەرچاو ڕونیەك بێت بۆ هەموو ئەوانەى كە لە پێناوى دەستكەوتێكى كەمى مادیدا ئامادەن دەستبەردارى بونایەتى و ئیرادەو بیركردنەوەى خۆیان بن,من دڵنیام هیچكام لەو كەسانەى لەپێناوى ئیمتیازێكى شەخسى دەستبەردارى گەورەترین سەرمایەى خۆیان دەبن كە ئەویش بیركردنەوەیانە هەرگیز ڕۆژێك لەڕۆژان خۆشى نابینن لەو بڕە دەستكەوتە مادییەى كە لە سەر حسابى دۆڕاندنى بونایەتى دەستیان كەوتووە.
هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست