دەنگ
Tuesday, 24/12/2013, 12:00
2061 بینراوە
پێنووسەکانت ووشە هەڵئەڕێژن
ووشەکانت دەنگ ئەبێژن
دەنگەکانت لاشەی گەندەڵیی
لە گۆڕی بێشەرمیدا ئەنێژن
لە گەرمیان گەرمەسێرە و
گڕی بیرت مێردەزمەکان ئەترسێنێت
بێسۆزی لە دەروونیاندا ئەهروژێنێت
ڕیسوایی و بێڕەوشتی
لە ناخیاندا هەڵئەقوڵێنێت،
لە سەنگی ئاو خولێک پڕ لە کینە هەڵچوو
کینە بوو بە گووللە و لە دڵی تۆ ڕۆچوو
خوێنی لاوت بەفیڕۆچوو
لە ئامێزی پڕ سۆزی دایکتدا سەرت نایەوە
هاودەنگ لە گەڵ گریەی خوشک و زامی دڵی براتدا
پێلووی چاوانت وەک پەردەی شەو
بەسەر ژیاندا دادایەوە
لە توێی ژانی زایینی هاوسەرتدا
تروسکەی ووزەت کوژایەوە
بەڵام گڕی ژیانێکی نوێت هەڵگیرساند و
لە "ئامەد" دا گەشایەوە
پێنووسەکەت لەودا زیندووە
تیژە وەک برژانگی شەو
دەنگی نەترست
ڤولکانێکی شێتبگیری قەت نەنوستووە
بانگهێژە وەک قاسپەی کەو
بزوێنە، ڕاپەڕێنە، هەژێنە
کڵپەی گوڕگوڕە، ببڕە وەک داسی درەو
درەوی گەندەڵکاری و گیاکەڵەی ژینمژ
بیردژ
خوێنڕژ.
د. لەتیف هەڤرێست
سلێمانی - ٢٤/١٢/٢٠١٣