ترس و نیگەرانیم لەم شەڕە
Sunday, 17/08/2014, 12:00
وڵات بۆنى باروت و خوێنى لێدێت،، میللەت لێو بەبارو دڵتەنگە،خۆشى و قاقاو شادى و زەماوند خۆى شاردۆتەوە، كەس بەتەماى ژیانى خۆى نى یە، زۆرى خەڵك بارگەو بنەى پێچاوەتەوە، خۆى بۆ هەڵهاتن و رەو ئامادە كردوە، حكومەت و لایەنى بەرپرس تەواو بێخەمن، لەهەمبەر ئەو ئاڵۆزى ترس و دڵەراوكێ یە، مێش میوانیان نى یە. حزبەكان هێندەى لەخەمى ئاڵاى رەنگاو رەنگى خۆیانن، هێندە پەرۆشى ناو و ناو بانگن. نیوەى ئەوە لەخەمى وڵات و خەڵكەكەیدا نین.میللەت باوەڕ و متمانەى بەپێشمەرگە وهێزى چەكدار نەماوە، هەرچى هەڵدەستێت بۆخۆى بەپرسە و فەرماندەى سەربازى یە، خۆى بەرۆمل و ناپلیۆن ناگۆڕێتەوە، لەولاشەوە وەزیرى پێشمەرگە كە كەسى یەكەم و بەرپرسى ئەوەڵ وئەخیرى ئەو شەڕەیە، محەلى لەئیعرابا نى یە. شار سیخناخ بووە لەئاوارەى عەرەب و تورك و ئێزدى و مەسیحى، گرانى و قەیرانى خۆراك وسوتەمەنى و نیشتەجێ بوون بۆتە گەورەترین كێشە، ئەوە گیرفان بەتاڵى و بێ مەعاشى و نەبوونى موچە هەر مەپرسە.
مرۆڤ كاتێك دەچێتە كەمپى ئاوارەكان و ئەو دیمەنە تراژیدى و جەرگبڕانە دەبینێت ، ئەو چیرۆك وبەسەرهاتە كاریگەرانەى گوێ لێدەبێت، وەختە شێت بێت،كەچۆن مرۆڤى زاڵم ،مرۆڤى دڕندە ،لەژێر ناو و پەردەى ئیسلامدا بەربونەتە گیانى ئەو خەڵكەو، كوشتن ، تاڵان ،ئەتكردن ، دەسترێژى ناموس ،ماڵ سوتان، راوە رووت ،دزى و دەیان نەهامەتى تر بوونەتە بەشێكى ژیانى رۆژانە؟!
خودایە بۆ ئەبێت بەشى كورد هەر شەڕ و كوشتار و راكردن و ماڵ وسوتان بێت،؟ بۆ دەبێت مناڵانمان گوێیان بەدەنگى گوللە بكرێتەوە و، چاویان بەدیمەنى خوێن و كۆڕەو تۆقین بپشكوێت،!زمانیان بەوشەى كوشتن و هەڕەشە بپژێت؟.
ئێمە لێقەوماوین و پێویستمان بەكۆمەك و هاریكارى و موچە و خۆراك و پێداویستى پزیشكى و مرۆییە، چاو لەڕێین زلهێزەكان وڵاتە دەوڵەمەندەكان بەهانامانەوە بێن و، ئەو ترس و دڵەراوكێ یەمان بڕەوێننەوە و لەدەست چەتەو پیاو كوژەكانى داعش و عەرەبە هۆڤەكان بمانپارێزن،كەچى بەداخەوە قوڕەكەمان بۆخەستر دەكەنەوە، لەبرى فریاد رەسى و قوتاركردنمان لەو رەوش و بارە ترسناكە، بەچەك و جبەخانەو فیشەكى جۆراو جۆر هاوكاریمان دەكەن. كە ترسەكەى من ئەمەیە، سەر لەمە دەرناكەم، شەڕى ئەورۆ شەڕێكە لەگەڵ كۆمەڵێك چەكدارى كەللە پوتى سەلەفى ،كە چەك و تفەنگ و تەقەمەنیان لەئاستى سیلاحى پێشمەرگەدایە، كەچى وڵاتانى رۆژئاوا زۆر سەخى تەبیعەت و دەست كراوانە، جۆرەها چەك وتفاقمان بۆدەنێرن،بەجۆرێك كە لەشەڕى دوو دەوڵەتى زلهێزیشدا چەكى وا بەكار نایەت، ئەمەش گومانەكەیە كە من وەها پێشبینى دەكەم هێنانى ئەو چەكانە مەبەست و مەرامى دیكەى لەپشت بێت و، بخوازێت لەژێر ناو و پاساوى هاریكارى كورد و پێشمەرگەدا لە كوردستان بیان چەسپێنێت، بۆ لێدان و پەشێوى نانەوە لەناوچەكە سودیان لێوەربگرێت، یان من زۆر ترسم هەیە هاوشێوەى چەك و جبەخانە قورس گرانەكانى موسڵ، بەپیلان و نەخشە و تاكتیكى لابەلا،بەبێ تەقە بكەوێتە دەست داعش و، لەرێگەیەوە مەبەست ومەرامى خۆیانى پێ بپێكن! چونكە وەك باس دەكرێت داعش دەسكەلاى ئەمریكایە.لەوەش سەیرتر ،كە زۆر جێگەى گومان و تێڕامانە، هاتنى سەدان شارەزاو پسپۆرى سەربازى ئەمریكى و وڵاتانى دیكە بۆ ناوچەكە، تا پلان و نەخشەى لەناوبردنى داعش داڕێژن جێگەى سەرسوڕمانێكى بێ وێنەیە. كە رەنگبێت لەشەرى جیهانیشدا هێندە خەبیر و پسپۆرى سەربازى بۆ هیچ وڵاتێك نەنێردرابێت. بەدەر لەوانەش ئەوەى جێگەى عاجباتیە،تەواوى جیهان لەسەرو هەمووشیانەوە،ئەمریكا، تا نها رازى نى یە كە كورد هەوڵى جودا خوازى و سەركێشى بدات و، لەسنورى عێراق خۆى دەرباز بكات و،هەمیشەو بەردەوام بەبەشێك لە عێراق دەیناسن و پێوەى دەلكێنێت . بەردەوام پێمان دەڵێت كە چارەسەرى كێشەو قەیرانەكانى كورد و رزگاربوون لەو تەنگژیە گەڕانەوەیە بۆ پایتەخت وسازشكردن و دانوسانە، لەولاشەوە پێچەوانەكەى دەبینین،رەوشى بەغدا و ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى حكومەتى بەغدا تەواو خراپ و پەشێوە،موسڵ وتكریت و ئەنبار و دیالە زۆرناوچەى تر بەدەست تیرۆرستان و داعشەوە شپرزە و پەرێشان بوون، كەچى هیچ كام لەو وڵاتانە سوكە هەڵوێست و كاردانەوەیان نى یە ،كەچى كاتێك دەبینین داعش و چەتەكانى نزیكى سنورى هەرێم دەبنەوە،هەمویان دێنە سەرخەت و ئامادەگى خۆیان بۆ هاوكارى و پشتیگیرى كورد دەردەبڕن،كە ئەمەش مەتەڵێكى قورسە،زانین و ئاشكرا كردنى هێندەى دیكە دەمانخاتە دڵەراوكێ وە! لەسەرو ئەوانەشەوە داعش و هێزەكەى ئەوەندە كاریگەر و ترسناك نین تا تەواوى وڵاتانى ناتۆ و ئەوروپا و ئەمریكا بكەونە ئامادە باشییەوە، ئەو هەموو گرنگى و تەدبیرەى بۆ بگیرنە بەر.
خوا بكات من هەڵە بم،بۆچونەكەم راست نەبێت. ئیدى كوردستان لەپاش ئەوەى نەوت و سامانى سروشتى لێدەرهێنراو ،پاش ئەوەى بێ هێزى و لاوازى هێزى پێشمەرگەو چەكدارانى دەركەوت،لەپاش ئەوەى زانرا كە حكومەتى مەركەزى هیچ لەخەمیدا نى یە، تەواو بێ خاوەنە و لەمەسعود وكۆمەڵێك هەرزە سیاسى بترازێت كەس گەورەى نى یە، پاش ئەوەشى كە ئیسرائیل عەقڵ و هەڵسوڕێنەرى ئەمریكا مەسەلەى سەربەخۆى كوردستانى كردە باس و خواس، ئیدى نائارامى و شەڕ و كوشتار و ماڵوێرانى ئەبنە بەشێكى ئەم هەرێمە و، ئۆقرە وئاسایش ئەبنە سەراب.پاوان خوازى و سەپاندنى دەسەڵاتى ئەمریكا وزلهێزەكان پەلكێشان بۆ ناوچەكانى ئاسیاى ناوین و رێگریكردن لە سەركێشى زلهێزانى وەكو روسیا و چین و ،سنورداركردنى تواناو هێزى ئێران .لەكارو سیاسەتە لەپێشینەكانى ئەمریكا دەبێت.كوردستانیش باشترین و چاكترین پێگەدەبێت بۆى؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست