سەردارستار : گەشبیننیم بە هەڵبژاردن چونكە لیستى هیواى لێ قەدەخەكراوە.
Wednesday, 22/07/2009, 12:00
سەردارستار : گەشبیننیم بە هەڵبژاردن چونكە لیستى هیواى لێ قەدەخەكراوە. ئامادەكردنى ـ ئا/
عبدالرحمن رسول
(لە پێناو زیاتر ئاشنابوونى هەڵبژاردن و ئاستەنگەكانى هەڵبژاردن بۆ بەشدارى لیستى هیواو بە گشتى و پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان بە تایبەتى ئەم دیدارە ڕۆژنامەوانێمان لەگەڵ (سەردار ستار) ئەندامى دەستەى كارگێڕى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان ئەنجامدا .لە بەروارى (8/7/2009) بۆ رۆژنامەى (پاڵە) بەڵام بە یانوى ئەوەى لە ژمارەكانى داهاتودا بڵاو دەكرێتەوە,بڵاوكردنەوەى ئەم چاوپێكەوتنە
دوادەكەوێت .بە پێویست زاندرا لە رۆژنامەى (رۆژى وڵات) بڵاو بكرێتەوە بۆ ئەوەى لە وەى زیاتر لە بڵاوكردنەوە دوانەكەوێت چونكە بابەتەكە تایبەتە بە بارودۆخى ئەمرۆى هەڵبژاردنى باشوورى كوردستان)
پ/ قۆناغى ئەمرۆ كە بەرەو هەڵبژاردنى كوردستان دەچین چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
سەردار ستار: ئیمساڵ لەناوچەكە ساڵی هەڵبژاردن بوون بەشێوەیەكی گشتی هەندێك گۆڕان دروست بووە، لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە گشتیش مرۆڤ دەتوانێت بڵێت پۆزەتیڤ بووە، بەتایبەتی ئەوەی توركیا بۆ كورد سەدی سەد گۆڕانێكی تەواوی دروست كرد لەهاوسەنگی سیاسی ناوچەكەدا. ئەوەی ئێرانیش روحێكی نوێ دەداتەوەو بەناوچەكە، چونكە كۆمەڵگای ئێران كۆمەڵگایەكی زیاتر مەدەنی و دیموكراتە، ئەوەی دوای هەڵبژاردنەكانیش لەئێران نیشانەی ئەو روحە زیندووە دیموكراتیەیە كە لەئێراندا هەیە. ئێمەش لەهەرێمی كوردستان تۆزێك نامۆین بەپرۆسەی دیموكراتی، بۆیە پێمان وایە رووداوێكی زۆر گەورەیە بەڵام لەراستیدا كردارێكی دیموكراتی نۆڕماڵە.
واتە هەڵبژاردن دیموكراتیەت هەمووی نی یە یان دیموكراتی تەنها هەڵبژاردن نییە، بەشێك لەسیستەمی دیموكراتی هەڵبژاردنە، دیموكراتیەتی نوێنەرایەتیش سەد دەرسەد ناوەڕۆكی دیموكراتی نییە، بەڵكو بەشێكە لەو دیموكراتیە بورژوازییەی كە لە ئەوروپا
پێشكەوتووە. لەبەر ئەوەی هاوڵاتی تەنها چوار ساڵ جارێك مافی دەنگ دانی هەیە، ئەمەش ئیرادەی هاوڵاتی بۆ چوار ساڵ سنوردار دەكات.
رەوشەكە ئەمڕۆكە زۆر بەترسەوە بەڕێوەدەچێت، دەسەڵات نایەوێت جەڵەوەی گۆڕانكاریەكانی لەدەستی دەركەوێت، هێشتا ئەو نزیك بوونە لای دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامە؛ ئەگەر ئێمە نەبین نابێ. بۆیە لەو دەرفەتە دیموكراتیەی هەیە دەسەڵات بەمیسقاڵ هەڵسوكەوت دەكات.
پ/جیاوازى جەوهەرى و ناوەرۆكى ئەم هەڵبژاردنە كە تەعبیر لە گەشەى دیموكراسى بوون بكات لە گەڵ هەڵبژاردنەكانى رابردووى
كوردستاندا چۆن دەبینیت؟
سەردار ستار: جیاوازیەكی ئەوتۆ لەنێوان ئەم هەڵبژاردنە وهەڵبژاردنەكانی تر نییە، چونكە هێشتا كاروبارەكانی هەڵبژاردن لەژێر دەستی دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوە دەچن. هەمانكات ترس لە دیموكراتیزە بوون هەیە، لەگەڵ ئەوەی گەرمایەك لەخەڵكدا دروست بووە بۆ گۆڕان و وەرچەرخان، بۆ ئەمەش جموجۆلێك هەیە بەڵام دەسەڵات وای خۆ ئیقناع كردووە كە دەرەوەی ئەوەی ئەوان نەیانەوێت نەچێتە پەرلەمان، چونكە
هێشتا دەسەڵات بەپسكۆلۆژی پێشبركێ كردن نا بەڵكو بەپسكۆلۆژی دەسەڵاتداریەتی هەڵسوكەوت دەكات، ئەمەش مەترسیە بۆ سەر دیموكراسی. هەڵومەرج رەخساوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاریەك بكرێت بەڵام دەسەڵات كۆسپ دروست دەكات. لەوانەیە شتێكی ئەوتۆ نەهێلن دروست ببێت.
پ/هۆكارى بایكۆت كردنى لیستى هیوا بۆچى دەگەڕێتەوە كە لە هەڵبژاردنى (2005) ڕێگاى پێدرابوو ؟
سەردار ستار :ئەو بڕیارە ناڕەوایەی كە بەسەر لیستی هیوا دا سەپێنرا، بڕیارێكی ناڕەوا سیاسییەو هیچ پەیوەندیكی بە یاساوە نییە،
ئەوە رێكەوتنێك بوو لەنێوان دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بەهاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان. ساڵی 2005 پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دووجار بەشداری كردبوو لەهەڵبژاردنەكان، هەمان ئەو یاسایانەی كە لە 2009 لیستی هیوای پێ قەدەخە كراوە ساڵی 2005 پارتی چارەسەری پەسند كردوە. بۆیە دەبێ بڵێیین بانێكەو دوو هەوایە.
پ/ پێتوانى یە دەستى دەرەكى دەورى كاریگەرى هەبووە لە بایكۆت كردنى لیستى هیوا دا؟
سەردار ستار: بڕیاری قەدەخە كردنی لیستی هیوا لەراستیدا پیلانگێرێك بوو لەدژی ئازادی ودیموكراسی كرا لەهەرێمی كوردستان، تەنها ئەگەر بڵێین دەستی دەرەكی راست نابێت بەڵكو بەهاوبەشی لەنێوان(ئەمریكا، توركیا ، ئێراق، هەرێمی كوردستان)
بەڕێوەچووە. ئەو بڕیارەشیان لەمانگی نیسانی ئیمساڵ لەدژی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وەرگرت و بەسەرلیستی هیوایان دا سەپاند، بۆیەش دەڵێم پیلانگێڕی چونكە خودی كۆمیسیۆن سەرەتا ئەو لیستەی بەژمارەی 895 پەسند كرد، بەڵام هەمان كۆمیسیۆن لە رۆژی 28-5-2009 بڕیاری قەدەخەكردنی دەدات، هەڵبەتە رۆڵی كۆمیسیۆنیش لەو پیلانگێڕییە هەیە وەك جێبەجێكاری پراكتیكی، دەركەوت سەرۆكی كۆمیسیۆن كەسێكی بێ ئیرادەو حزبیە و بەقسەی حزب هەڵسوكەوت دەكات، بۆیە دەسەڵات لەگەل دۆستەكانی بڕیاریدا، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش پێكیهێنا. بۆیە ئێمە دڵنیاین كە بەئاگاداری ودەستپێشخەری دەسەڵاتدارییەتی هەرێم بەتایبەتیش بەدەستی وەزارەتی ناوخۆ ئەمە كراوە. ئەوەی تر قسەی دەسەڵاتە كە دەڵێت دەستی دەرەكی وتوركیا وای كردوە، ئێمە قەدەخەبكرێین، رۆڵی سەرەكی رۆڵی دەسەڵاتەدارانی هەرێمی كوردستانە، لەبەر ئەوەش تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان نەداوە، كوردیش دەڵێت دار كرمی لەخۆی نەبێت، تەمەنی هەزار ساڵە.
پ/ئایا دواهەنگاوتان بە كوێ گەیشت بۆ بەشدارى كردنى لیستى هیوا لە هەڵبژاردندا؟
(1)
سەردار ستار: مافە یاسایەكانمان لەهەرێم بەكار هێنا بەڵام بەداخەوە یاسا و دادگاش بوونەتە پاشكۆی دەسەڵات و ئەوانیش بەبێ دەسەڵات ناتوانن بڕیار بدەن، مافی ئەوەمان هەیە كە دادگای فیدراڵ لە بەغدا بەسەر بكەینەوە، لەبەرنامەماندا هەیە بەڵام تازە ناگەینە هەڵبژاردنەكان بەڵام ئێمە هەروا بەئاسانی لەو مەسەلەیە خۆش نابین و هەموو داموودەزگا نێو دەوڵەتیەكانیش بەسەر دەكەینەوە.
پ/ سەرجەم حیزبەكان و لیستەكان و رێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى هەڵوێستیان چى بوو لە بایكۆت كردنى لیستى هیوا؟ كە دروشم و نوسین لە سەر چاكسازى و ریفۆرم و گۆڕان و ئازادى و مافى مرۆڤ و دیموكراسى بۆ ئەندام و دۆستانیان و خەڵكى كوردستان بەرز دەكەنەوە؟
سەردار ستار: بەداخەوە بەگشتی هەڵویستەكان لاوازبوون، بەتایبەت هەڵویستی پارت و لیستەكانی هەڵبژاردن، هەمانكات رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وەك پێویست نەبوون، دەركەوت كە هێشتا لۆژیكی حیزبگەرایی زۆر بەهێزە، یان ئەگەر لەمن نەقەومێ ئیشم بەتۆ نییە، بۆیە دەركەوت خەمخۆری بۆ دیموكراتی لاوازە، هەڵوێست تەنها لێدوان داین نییە، یان بڵاو كردنەوەی نووسێنێك لە رۆژنامەكەت. دەرەوەی لایەنگرانی لیستی هیوا هیچ لیست و پارتیەك لەناڕەزاییەكانی ئێمەدا بەشدار نەبوو، هەر لیست و پارتیەك لەوانەیە بیانووێكیان هەبێت بەڵام بەلای من ترس لەدەسەڵات و بەرژەوەندیخوازی و تەسك بیركردنەوەیە. بۆیە هەموویان یەكسان بوون بەیەك ئەویش بابێ دەنگ بم تاكو سەلامەت بم.
پ/ئەوانەى هەڵوێستیان هەبووە كامە لیست و حیزب و رێكخراوە مەدەنى یە بەتایبەت ناوخۆى كوردستانى باشوور؟
سەردار ستار: كاتێك كە كۆمیسیۆن بڕیارەكەی دا بەداخەوە ئەوانەی هەڵوێستیان وەرگرت زۆر كەم بوون وەكو لیست تەنها لیستی ئازادی وعەدالەت، بوو وەكو كاندیدای سەرۆكایەتی هەرێم تەنها كاك هەڵو ئیبراهیم ئەحمەد بوو، وەكو رێكخراویش تەنها رێكخراوی چاك بوو. دوای ئەوەی دادگا بڕیاری قەدەخەكردنی دا ئیتر هەموو لاێك بوونە خاوەن هەڵوێست، هەندێكیان راستەوخۆ هەندێكیشیان لە رێگای راگەیاندنەكانیانەوە هەڵوێستیان نیشاندا، دەرەوەی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار. وەكو كەسایەتیش بەشێوەیەكی فەرمی زیاتر لە 30 كەسایەتی بێ لایەن لەدەڤەری رانیە لەگەل زیاتر لە سەد كەسایەتی لەهەڵمەتی ئیمزا لەماڵپەڕی دەنگی سەربەخۆ هەڵوێستیان نیشانداوە، هێشتاش بەردەوامە. بەداخەوە خاوەندەركەوتنێكی وەك پێویست لەدیموكراتی نەكرا، چونكە قەدەخە كردنی خەڵك لەبەشداری كردن لەمافی خۆكاندید كردن ولیستی جیا نیشاندان، بە پلەی یەكەم پێشێلكاریە لە بەندەكانی مافی مرۆڤ و ئازادی ودیموكراتی.
پ/ر ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەكان بە حیزبى و ئەهلى یەكانەوە لە كوردستاندا كامانە هەڵوێستیان هەبوە؟
سەردار ستار: دەتوانرێت بگوترێت لەدەرەوەی راگەیاندنی دەسەڵات بەهەموو بەشەكانیەوە ئەوانی تر هەموویان هەڵوێستیان هەبوو، بەڵام لاواز بوو. ئێمە گلەییمان لەراگەیاندنی دەسەڵات نییە، چونكە ئەوان بەشێك بوون لەپیلانگێڕیكە و دەسەڵاتدارەكانیان كاریان كرد بۆ قەدەخە كردنی لیستی هیوا، وەكو تریش راگەیاندنی دەسەڵات لەباشوور راگەیاندنێكی دەسپۆتەو بێ پرەنسیپە، تەنها ئەركی بچووك كردن و رەش كردنی لایەنی بەرامبەرە نیشاندانی هەژمونگەرایی حزبیە.
پ /ئایا لە بەرامبەر ڕێگا نەدانى لیستى هیوا, كە پارتى چارەسەرى دیموكراسى كوردستانیش بە شێك بووە لە لیستەكە,بە شدارى هەڵبژاردن دەكەن یاخود ئێوەش بایكۆتى هەڵبژاردن دەكەن؟
سەردار ستار: هەڵبەتە لای ئێمە رەوایەتی ئەو هەڵبژاردنە لەژێر پرسیاردایەو هەڵبژاردنیش لەكەیەكی رەشی بەركەوتووە، دوای ئەوەی مەسەلەی راپرسی دەستووریش دەركەوتە پێش، دەركەوت دەسەڵات دەیەوێت نەگۆڕێت، ئەگەر لەپەرلەمانیش بگۆڕێت ئەوا سەرۆكی هەرێمی لەدەستدا بێت، ئەویش بەو رێككەوتنەی نێوان خۆیاندا كە لەدەستووردا چڕیان كردۆتەوە دەیانەوێت دیسان حاكمی موتلەق بەخۆیان بن. تا ئێستا بڕیاری كۆتایی مان نەداوە، كە ئایا بایكۆتی دەكەین یان دەنگ دەدەین، بەڵام بایكۆت كردنیش هەڵوێستە لەبەرامبەر ئەو كردەوە نادیموكراتیەی كە لەبەرامبەر ئێمە نیشان دراوە، بۆیە حەقی خۆمانە ئەگەر هەڵبژاردنەكان بایكۆت
بكەین، چونكە ئێمە تا ئێستاش هیچ لیستێك بەلیستی خۆمان نازانین وهەموویان بۆ ئێمە وەك یەكن بەڵام دەبێ ئەوەش بزانرێت ئەگەر ئێمە بایكۆتی هەڵبژاردنیش بكەین ئەوا بایكۆتی دەسەڵاتدارن و لیستی دەسەڵات و كاندیی سەرۆكایەتی دەسەڵات دەكەین، دواتر ئەوانی تر.
لەوانەیە بڵێن ئەمە كاردانەەیەكی سۆزاویە بەڵام لەوەش مافی خۆمانە، چونكە گەورەترین بێ مافی ناعەدالەتی لەئێمە كراوە، بۆیە هەموو كاردانەوێك بۆ ئێمە رەوایە.
پ/پێتوایە ئەم هەڵبژاردنەى كوردستان بەبێ توندوتیژى كۆتایى دێ؟
سەردار ستار: دەسەڵاتدارو داموودەزگا پەیوەندی دارەكانیان، تەحمولی دیموكراسی، رای جیاوازیان نی یە، لەبەر ئەوەش زەحمەتە، ئێمە هێشتا بانگێشتی هەڵبژاردنیش نەبوو لەرۆژی یەكی ئایاری ئیمساڵ ئاهەنگمان دەگێڕا لەسەیرانگای دڵۆپە، ئاسایشی كەسنەزان بەفەرمانی ئاسایشی گشتی هاتن تەقەیان لێ كردین، لەرۆژی 13 شوباتیش رێپێوانمان ئەنجامدا بەهەمان شێوە ئاسایش ەقەی لێ كردین، كەسیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكردن. یەكێتی و پارتی وكادیر و ئەندامەكانیان هیچ پەروەردەی دیموكراتیان نەبینیوە بۆیە كەس ناتوانێت گرەنتی ئەوە بدات كە هەڵبژاردن بێ كێشە تەواو دەبێت، چونكە حكومەت بێ لایەن نی یە.
پ/دەرئەنجامەكانى هەڵبژاردن چۆن دەبینى واتە گە شبینى بۆ باشتر كردنى كۆمەڵگا پێى؟
سەردار ستار: گەشبیننیم بەهەڵبژاردن، چونكە لیستی هیوای لێ قەدەخە كراوە، دەسەڵاتیش رۆژ دوای رۆژ فێلی نوێ دەكات،
(2)
نموونەی دەستووریش فێلێكی تری دەسەڵاتە. هەمانكات كۆنترۆڵ كردنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتەوە بەتایبەت پارتی، ئێستا دەتوانین بڵێین هەڵبژاردن لەژێر ئەمری پارتی بەڕێوە دەچن. هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی نەدۆڕین، ئەگەر
لیستی كوردستانی بدۆڕێ گەشبینم كە گۆڕانێكی نوێ لەكوردستان دروست دەبێت بەڵام بەسەركەوتنی ئەوان فلیمەكە دووبارەیە. بۆیە بۆ گۆڕانكاری لەباشووری كوردستان پێویستە یەكێتی و پارتی ولیست وكاندیدەكەیان بدۆڕێت ئەگەرنا وڵات بەو دەستوور یاسانەی كە هەر رۆژ پەرلەمانە بەسەرچووەكەیان دەریدەخات بەرەو دیكتاتۆریەت دەبن. ئەو هەموو دەسەڵاتەی سەرۆكی هەرێمیش لەدەستوور بۆنی ئەوەی لێ دێت.
پ/ كام وڵاتە هاو شێوەى قۆناغى كوردستانى باشووریان تێ پەڕاندووە كە بەرە و كۆمەڵگایەكى ئازاد و دادى كۆمەڵایەتى رۆشتون بۆ ئەوەى ئێمەى كورد سوود لە تێكۆشانیان ببینین؟
سەردار ستار: كۆمەڵگای كوردستان وەكو كۆمەڵگەكانی تری جیهانی نی یە، خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی، بەڵام هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئەمڕۆ كەنموونەیەكیان لەدیموكراتی جێبەجێ كردووە، سەردەمێك وەك ئێمە بوونە، ئێمە ئەگەر تێكۆشانی دیموكراتی قووڵتر بكەینەوە بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵات بخەینە سەروی بەرژەوەندی شەخسی وخێزانی وبنەماڵەیی و عەشیرەتی، ئێمە لە هەموو كۆمەڵگایەكی تر گونجاو ترین بۆ ئەوەی سیستەمی دیموكراتی جێبەجێ بكەین، چونكە ئێمە میللەتێكی بێ دەوڵەتبووینە.
كۆتایى هات
لەگەڵ ڕێزم دا
ئامادەكردنى : عبد الرحمن رسول
17/7/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست