گۆڕانکاری له وهزارهتی ناوخۆ
Tuesday, 07/04/2009, 12:00
1994 بینراوە
دواى تێپەڕبوونى ماوەیەكى دورودرێژ بەسەر یەكنەگرتنەوەى وەزارەتى ناوخۆ و دارایی و پێشمەرگە، ئەمڕۆ هەواڵێك گەیشتە وەزارەتى ناوخۆى سلێمانى كە هەردوو وەزارەتەكەى ناوخۆى هەولێر و سلێمانى یەكى گرتۆتەوە و وەزیرى ناوخۆ لە لیستى پارتییە و چەند پیشنیارێك هەیە بۆ باقى پۆستەكانى ترى ئەم وەزارەتە لەوانە:
1- عەمید ئاراس، كە ئێستا بەڕێوەبەریی بەڕێوەبەرایەتى ڕەگەزنامەى سلێمانییە، بڕیارە ببێت بە بەڕێوەبەرى پۆلیسى سلێمانى، لە كاتێكدا لەناو ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدا سێ (لیوا) هەیە كە دەرچووى كۆلێجى پۆلیسن و ژمارەیەكى زۆریش ئەفسەرى پلەبەرز (عەمید) هەیە كە هەموویان لە ناوبراو شارەزاتر و (أقدم) ترن و خزمەتیان زیاترە، ئەمەش لە پلەى سەربازیدا نەگونجاوە چونكە ئەو بۆى نییە ئەمر بەسەر ئەوانەدا بكات كە (أقدم) ترن! هەرچەندە عەمید ئاراس پێشمەرگەى دێرین بووە بەڵام دەرچووى كۆلێجى پۆلیس و هیچ كۆلێجێكى تر نییە، ئەفسەرێكە لە دواى ڕاپەڕینەوە بە ماوەیەكى زۆر خولى ئەفسەرانى ئاسایشى تەواو كردووە ، ئەمەش بە هیچ جۆرێك ناگونجێت كە دەرچووى كۆلێج نەبێت و بكرێت بە بەڕێوەبەرى پۆلیس بەڵام لەبەرئەوەى لێپرسراوەكان ئەڵێن مەكتەبى سیاسى دەستننیشانیان كردووە لە ڕێى مەڵبەندى سلێمانییەوە و فەرزى ئەكەن بەسەر ئەو هەموو ئەفسەرە پلە بەرزانەى پۆلیسى سلێمانی ئەمەش ناڕەزاییەكى زۆرى لێ كەوتۆتەوە لە نێوان ئەفسەرەكانى پۆلیسى سلێمانى دا.
2- عەمید فەرەیدون دانراوە بۆ بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتووچۆ ئەمیش بەهەمان شێوە پلەكەى لە پلەى هاوەڵەكانى نزمترە و خەڵكى موستەحەقتر هەیە بۆ ئەم شوێنەش.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەى هەواڵەكە لە بەشەكانى وەزارتدا هەموو دەنگى ناڕەزاییان بەرز كردەوە و دەیانگوت ئەمەیە ئەو ڕێگایەى چارەسەر و چاكسازیی كە گرتویانەتەبەر و كارى پێ دەكەن!