خانمەکەی سەرۆک و خانمەکەی کلینتۆن!

Friday, 20/07/2012, 12:00


ئه‌و نووسینه‌ی که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌یان له‌ سه‌ری تیرۆر کرد (کوردستانپۆست).


(ھیرۆخان) خێزانی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و خانمی یەکەمی عێراقە.
زۆر جار لە میدیاکانەوە بەدەر دەکەوێت دەزانین کێیەو کَێ نیەو ئاستی ھۆشیاری و سیاسی و کۆمەڵایەتی چەندە و چەند نیە، ئەوەتا باس لەوە دەکریت کوتلە دروست دەکات و مونافەسەی مێردەکەی و سەرکردەکانی ناو حیزبەی دەکات.. ئەگەر بۆ ناویش بێت لە کارە خێرخوازی و مرۆییەکاندا بەدەر دەکەوێت باس لە بەھەدەردانی پارەی حیزبەکەی دەکەن لەلایەن ئەوەوە، باس لەسەفەرە بەردەوامەکانی بۆ دەرەوەی وڵات ھەرناکرێت، وەک زۆربەی زۆری بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی رۆژھەڵاتی ناوین، کورەکانی لە مەرحەمەتی دەسەڵاتی حیزب و حکومەتدا پشکی شێریان بەرکەوتووە و لەپێشەنگایەتیدان لە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکانی حیزب و حکومەت..
مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، ئەو و بەرپرسانی ھەرێمەکەی و سەرانی پارتەکەی و سەرۆکی حکومەت و ھەوادارنیان، ھەمیشەو بەردەوام باس لە مافەکانی ژن و ئازادی تاکە کەسی و ھینانە ناوەوەی ژنان دەکەن بۆنێو کایەی سیاسی کوردستان، ئەوان وەک دەلێن، دژی ڕێگریەکانی بەردەم ژنان و دەیانەویت شان بەشانی ئەوان (خەبات) بکەن، بەڵام پێتان وانییە ئەو ھوتافانە تەنھا قسەن و بۆ مەرامە تایبەتی و بەرژەوەندیە لاوەکیەکانی دەسەڵاتیان و پەردەپۆشکردنی ناشرینیەکانی حیزبن ؟!
ئەگینا تاکو ئیستا کچ و ژنی کامە بەرپرس چەن گەرەکێکی ھەژارنشین و کەمدەرامەتی بەسەر کردۆتەوە، کێ خێزانی سەرۆکی ھەرێمی دیوە؟ کێ دەزانیت چی لەبەردەکات؟ کێ دەزانێت چۆن ئەڕوات؟ کێ دەزانیت ڕەنگی ئەسمەرە؟ سپیە؟ ڕەشە؟ باڵای بەرزە؟ کورتەباڵایە؟ قەڵەوە؟ لاوازە؟ جوانە؟ ناشرینە؟ ئاستی خوێندەواری چەندە و تا چەندی خوێندوە؟ پێشینەی چیەو تائێستا ھەر لە ماڵەوە دادەنیشێت و تەماشای سەتەلایت دەکات و بەشداری لە ئاھەنگە زۆر تایبەتیەکانیان دەکات، یان بەدوای خەمی ژنانی ولاتەکەیەوەیەتی؟!! یان وەک و ھیلاری و دانیال میتەران و مێرکل و رایس و مارگریت و ئۆلبرایت رکەبەرێکی سەرسەختی پۆستە باڵاکانی دەوڵەتە، لەبەرامبەر بەرپرسە پیاو سالارەکانماندا و دەیەوێت موژدەی ژیانێکی نوێی پڕ لەدیموکراسی و یەکسانیمان بۆ بھێنێت.!!
لەم وتارەمدا ھیچ مەبەستیکم لە ناوڕزاندن یان کەمکردنەوە لە کەسایەتی بنەماڵەی مەسعود بارزانی نیە، بەڵکو لەبارەی شتێکەوە دەدوێم کە ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن.
((جەنابی سەرۆک)) کورەکەی تۆ گەیشتە ئاستی مەکتەبی سیاسی و بوو بەسەرۆکی ئاژانسی پاراستنی کوردستان، ئەدی نەدەکرا کچەکەت یان خێزانەکەت بەشداریەکیان لەو دەسەڵات و بەرێوەبردنەدا ھەبایە؟ بەڵکو کەس نایانبینێت و نازانێت چی کارەن، لەکام کایەی ژیاندا سەودا دەکەن، کەئەمە مافی ھەموو تاکێکی کوردە بزانێت سەرۆکەکەی و خێزان و بنەماڵەی سەرۆکەکەی چۆن دەژین.
((جەنابی سەرۆک)) ئەو ھەموو ژنە کوژران، سوتێندران، زیندەبەچاڵ کران، خنکێنران، پارچە پارچەکران، ئەتککران ...، خێزانەکەی تۆ لەکوێ بوو؟ دروستنەبوو بچێتە ماڵی کەسێکیان؟ نەدەکرا پرسەی ئاراستەی ماڵی کەسێکیان بکردایە؟ بۆ لەناو ئاھەنگێکی ژنانەدا بەدەرنەکەوت و پەیامی خۆی نەگەیاند و دژی پیاوسالاریی کۆمەڵگەی کوردەواری نەیوت؟((ئیدی بەسە))؟ بۆ ؟ بۆ ؟ بۆ ب. ...
بمبورە ((سەرۆک)) کەتۆم بەنمونە ھێنایەوە لەبەر ئەوەیە لەسەروی ھەڕەمی دەسەڵاتەوەی لەم ھەرێمەدا، خۆ لەنێو ھەموو بەرپرسان و پلەدار و دەسەلاتدارەکانی ئەم ولاتەدا ھەمان عەقلیبەت و ھەمان برین ھەیە، ئەمەش بۆئەوە دەگێڕمەوە، ھێشتا عەقڵییەتی خێڵ و فیوداڵی و دابونەریت و ئاین و کەلتوری پیاوسالاری و چەوساندنەوە لەنێو دەسەڵاتدارەکانماندا ھەر ماوەو دەمێنێت، لەسەر مینبەرەکانیشەوە داوای ئازادی ژن دەکەن.!!!
ئەوە دەسەڵات و بەرێوبەرانێتی کە ئازادی و ستراکتوری کۆمەڵگە دەستەمۆ دەکەن و ئیفلیجی دەکەن، ئەوە ((پیاوەکان))ن مافەکانی ژن بەپێوەری ویستەکانی خۆیان پێوانەدەکەن، ئەوە حکومەت و دەسەڵاتی پیاوەکانە مافەکان و دیموکراسی و چەمکە ئینسانیەکان بەدیدی خۆیان ماکیاژ دەکەن و دەیکەن بە دیاری و شانازی بۆمان ..
((سەرۆک)) ھەرچەندە لەسادەیی و زووباوەری تاکی کۆمەڵگای کوردی و ئەو مافپەروەرانەی لە فەرمانرەوایدان و بۆ خزمەتی دەسەڵات کاردەکەن، ھەموو ناشرینی و عەقڵە کۆنەکانی خێل و نەرێتسالاریتان لەگەڵ ئەم سەردەمەدا گونجاندو بەپێوەری مۆدێرنە بە میللەتی دەفرۆشنەوە، بەڵام ھێشتا درەنگ نیە بۆئەم قسانە، ئەم سوکایەتیپێکردنەش بە کەرامەتی ژنانی کوردو شاردنەوەی تاوانبارانیش لەلایەن حیزبەکانەوە کە زۆربەیان بەرپرسن، نمونەیەکی جوانە بۆ دیموکراسیەتی کوردستان..
لە کۆتایدا دەلێم: ھەرکەسێک بخوازێ گۆران و دیموکراسی و ئەو کۆمەڵەشتانەی دەسەڵاتە کوردیەکەمان بانگەشەیان بۆدەکات روبدات، دەبێت یەکەم کەس لە بەرپرسەکان و دەسەلاتدارەکانەوە چەکەرەبکات و پاشان بۆ نێو کۆمەڵگە، نەک ھەر بۆ کۆمەڵگەبێت.!

 سه‌ردانی په‌یجی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ له‌ فه‌یس بووک بکه‌ن
http://www.facebook.com/soranakaman

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە